بۆ بەڕێز پرۆفیسۆر دلاوەر، سەرۆکی پەیمانگای میری بۆ توێژینەوەی زانستی و سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست…
پێم خۆشە وەک ڕەخنەیەکی زانستی و سیاسی لە میوانداریی میوانەکانت، وەک بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، بۆ پێشکەشکردنی ئایدیا و ستراتیژیی ئەو دوو برایە لە پەیمانگای میری بۆ توێژینەوەی زانستی و سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڵێم کە بە دیدی من، ئەم کارە زۆر کورتبینانەیە، بەهۆی چەند هۆکارێکەوە.
یەکەم: بافڵ تاڵەبانی و قوبادی برایی سیاسی نین، تاوەکو گفتوگۆیەکی سیاسییان لەگەڵدا بکرێت؛ ئەوان تەنها میراتگرانی سیاسیی باوکیانن.
دووەم: زانا نین، تاوەکو زانیارییان لەسەر زانستی سەردەم هەبێت و بتوانرێت شرۆڤەی زانستییان لەگەڵدا بکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، جەنابی پرۆفیسۆر دلاوەر، بە دیدی من، بافڵ تاڵەبانی و قوبادی براکەی لە بنەڕەتدا بەشێکن لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان ؛ کێشەیەک کە لە نەزانیی ئەم دوو کەسەوە سەری هەڵداوە و قووڵتر بووەتەوە قوڵتریش دەبێت هەتادێت.
بەڕێزتان دەزانن کە بافڵ تاڵەبانی دەیان دۆسیەی تیرۆر و ڕفاندنی خەڵکی بێتاوانی لەسەرە، کە بە سکاڵای فەرمی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا تۆمار کراون. لەوانەش ڕفاندنی خێزان و پاسەوانەکەم، شەش مانگ لەمەوبەر، کە تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە بەفەرمانی بافڵ لەسلێمانی .
لەوانەش کەیسی لاهوری شێخ جەنگی و براکەی، کە جارێکی دیکە شەڕی براکوژییان هێنایەوە یادمان؛ هەروەها شەهیدکردنی هاوکار جاف، ئەفسەری پلەباڵەی دەزگای زانیاریی یەکێتی، کە تاوانباریی سەرەکیی ئەو ڕووداوە لەلایەن بافڵەوە داڵدە دراوە.
نازانم چی دیکە باس بکەم لەوەی ئەم کوڕانەی جەنابی مام جەلال چۆن مامەڵەیان لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووە.
لە کۆتاییدا، پێم خۆشە پێتان بڵێم، پرۆفیسۆر دلاوەر، مێژوو ئازادیخوازان دەینووستەوە؛ چونکە هیچ کۆتوبەندێکی فکری و ئایدیۆلۆژییان لەسەر نییە، بە پێچەوانەی ئەوەی ئێستا بافڵ و قوبادی برای بە فشاری دەرو دراوسێکان ئەم کارانە دەکەن کە دژ بە مانەوەی ئێمەیە…
کارۆخ سەید ڕزگار