خوێندنەوەیەک بۆ پەیوەندییەکانی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا: لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە تا دۆخی ئێستا…نووسین و ئامادەکردنی: توانا محەمەد نوری
بۆ تێگەیشتن لە فاکتەرە سەرەکییەکانی تەقینەوەی ٧ی ئۆکتۆبەر، پێویستە ئاوڕێک لەو کەشە سیاسییە بدرێتەوە کە پێشتر لە ناوچەکەدا باڵادەست بوو. لە ساڵانی پێش ئەو ڕووداوەدا، دۆزی فەلەستین بە شێوەیەکی سیستماتیک بەرەو پەراوێزخستن دەبرا؛ پڕۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە چوارچێوەی “ڕێککەوتننامەکانی ئیبراهیم”دا فراوان دەبوو و لێکتێگەیشتنەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی (بە تایبەت هەوڵەکان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ عەرەبستانی سعوودیە) بێ گوێدانە مافە ڕەوا و مێژووییەکانی گەلی فەلەستین هەنگاوی خێرای دەنا. هاوکات کەرتی غەززە لەژێر گەمارۆیەکی ١٧ ساڵەی خنکێنەردا دەیناڵاند و بزووتنەوەی حەماس هەستی دەکرد پێگەی سیاسی بەرەو پەراوێزخرانی یەکجارەکی دەچێت. لە وەڵامی ئەم دۆخەدا و بۆ تێکدانی هاوکێشە باوەکان و سەپاندنەوەی دۆزەکە بەسەر گۆڕەپانی ناوچەکەدا، حەماس پەنای بۆ هێرشێکی چەکداریی بەرفراوان برد؛ هەنگاوێک کە لەلایەن ئیسرائیلەوە وەک دەرفەتێک بۆ دەستپێکردنی جەنگێکی وێرانکەر و سزای بەکۆمەڵ قۆزرایەوە و چارەنووسی زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتیی مەدەنی و بێتاوانی لە غەززە ڕووبەڕووی کارەساتێکی گەورە کردەوە.
ئەم دۆخە تەنها بەرهەمی ململانێیەکی لەناکاو نەبوو، بەڵکو دەرەنجامی ستراتیژێکی مێژوویی خودی دەوڵەتی ئیسرائیلیش بوو؛ ئیسرائیل لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکاندا بۆ لێدانی هێزە چەپ و عەلمانییەکانی بزووتنەوەی فەلەستین، زەمینەی بۆ گەشەکردنی بزووتنەوە ئیسلامییەکان (کە دواتر حەماسی لێ کەوتەوە) خۆش کرد. لە قۆناغی دواتریشدا، تەلئەبیب لە چوارچێوەی سیاسەتی “پەرتکە و زاڵبە”دا، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دروستبوونی دەوڵەتێکی یەکگرتووی فەلەستینی و پەراوێزخستنی دەسەڵاتی فەلەستینی لە کەناری ڕۆژئاوا، بەردەوامیی دەسەڵاتی حەماسی لە غەززە وەک کارتێکی دابەشکاری بەکارهێنا. لەم نێوەندەدا، دەوڵەتی قەتەر بە هەماهەنگیی تەواوی ئیسرائیل و واشنتۆن ڕۆڵێکی سەرەکیی لە بەڕێوەبردنی ئەم دۆخەدا دەبینی؛ لە لایەکەوە لە ڕێگەی گواستنەوەی مانگانەی ملیۆنان دۆلاری نەختینە بە چاودێریی دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل بۆ ناو غەززە بە مەبەستی کڕینی “ئارامییەکی کاتی”، و لە لایەکی تریشەوە بە میوانداریکردنی سەرکردایەتیی سیاسیی حەماس لە دەوحە وەک کەناڵێکی پەیوەندی و نێوەندگیری. ئەم هاوکێشە سێقۆڵییە بۆ ساڵانێکی زۆر دۆخی غەززەی لە نێوان مانەوە و داڕماندا ڕاگرت بێ ئەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ قەیرانەکە دابین بکات، تا ئەو کاتەی لە ٧ی ئۆکتۆبەردا تەقینەوە گەورەکەی لێکەوتەوە.
لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا، هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر بنکە سەربازییەکان و ناوچە و کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکانی دەوروبەری غەززە، سیستەمی ئەمنی و هەواڵگریی ئیسرائیلی هەژاند؛ لەو ڕۆژەدا نزیکەی ١,٢٠٠ کەس لە ئیسرائیل کوژران کە زۆربەیان هاووڵاتیی مەدەنی بوون، و ٢٥١ کەسیش بە بارمتە گیران، کە گەورەترین زەبری ئەمنی و دەروونی بوو لە مێژووی ئەو دەوڵەتەدا.
لە بەرانبەردا، ئیسرائیل جەنگێکی وێرانکەری بێبەزەییانەی دژی کەرتی غەززە دەستپێکرد کە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان چووە خانەی تاوانی جەنگ و سزای بەکۆمەڵ و بووە گەورەترین کارەساتی مرۆیی سەردەم:
- قوربانیان و قەبارەی ڕاستەقینەی کارەساتەکە: سەرەڕای ئەوەی داتاکانی نەخۆشخانەکان لەسەرەتادا باسی زیاتر لە ٤٥ هەزار کوژراوی فەرمیان دەکرد، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی مەیدانی و توێژینەوە پزیشکییە نێودەوڵەتییەکان (لەوانەش توێژینەوەکانی گۆڤاری پزیشکیی Lancet)، ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانیان ٧٥ هەزار کەسی تێپەڕاندووە. ئەمەش بەهۆی مانەوەی هەزاران تەرم لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا، لەگەڵ ئەو هەزاران کەسەی بەهۆی برسییەتی، بێدەرمانی و وێرانبوونی تەواوی سیستەمی تەندروستی گیانیان لەدەستداوە.
- زیانی خەڵکی مەدەنی: زیاتر لە ٧٠٪ی ئەم قوربانیانە ژنان و منداڵانن، زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس بریندار بوون و نزیکەی ١.٩ ملیۆن کەس (نزیکەی ٩٠٪ی دانیشتووان) ناچار بە ئاوارەیی بەردەوام و زۆرەملێ کران.
- وێرانکاریی شارستانی: زیاتر لە ٧٠٪ی خانووبەرە، نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان و تۆڕەکانی ژێرخان بە تەواوی خاپوور کران.
ئەم ململانێیە لە سنووری غەززەدا نەمایەوە؛ لێدانی چڕی حزبوڵڵا، تیرۆرکردن و کوشتنی سەرکردە باڵاکانی بەرەی ئێران (وەک حەسەن نەسروڵڵا، ئیسماعیل هەنییە و یەحیا سنوار) و لە هەمووشی یەکلاکەرەوەتر، ڕووخانی لەناکاوی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، شادەماری پەیوەندییەکانی تاران بەرەو دەریای ناوەڕاستی پچڕاند و گەورەترین بنکەی ستراتیژیی تارانی لە ناوچەکەدا لەناوبرد.
یەکێکی تر لە وەرچەرخانە گرنگەکان، کۆتاییهاتنی قۆناغی “شەڕی سێبەر” و دەستپێکردنی پێکدادانی ڕاستەوخۆی سەربازی بوو لە نێوان تاران و تەلئەبیب لە ڕێگەی مووشەکی باڵستیک و هێرشی ئاسمانییەوە. لەم هاوکێشەیەدا، ڕۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یەکلاکەرەوە بوو؛ نەک تەنها وەک پشتیوانێکی سیاسی، بەڵکو وەک بەشدارێکی ڕاستەوخۆی جەنگەکە لە ڕێگەی خستنەخوارەوەی مووشەکەکانی ئێران، جێگیرکردنی سیستەمە بەرگرییە پێشکەوتووەکانی وەک (THAAD) لە ناو ئیسرائیل، و لێدانی بنکەکانی گرووپەکانی نزیک لە تاران لە عێراق، سووریا و یەمەن. ئەم پەرەسەندنانە دەریخست کە هاوکێشەی “بەرپەرچدانەوە”ی ئێران تووشی داڕمانێکی گەورە بووە؛ ئیسرائیل بە چەتری ئەمنیی ئەمریکاوە توانی قووڵایی خاکی ئێرانیش بکاتە ئامانج و تاران لە پێگەی دەستپێشخەریی هێرشبەرییەوە بگۆڕێت بۆ دۆخێکی بەرگریی سەخت لە پێناو پاراستنی خودی سیستەمەکەیدا.
ڕاستە لەم بۆشاییە گەورەیەدا ئیسرائیل و تورکیا هەوڵیاندا دەستکەوتی مەیدانی بەدەستبهێنن، بەڵام هیچ کامیان نەیانتوانیوە ببنە خاوەنی هەژموونی ڕەهای ناوچەکە:
١. ئیسرائیل؛ باڵادەستیی سەربازی بەبێ ئاسایشی ستراتیژی:
ئیسرائیل لەڕووی تەکنەلۆژیا و بەکارهێنانی هێزی سەربازییەوە گورزی قورسی وەشاندووە، بەڵام ئەم باڵادەستییە نەبووەتە هۆی بەدیهێنانی ئاسایشێکی سەقامگیر. لە ناوخۆدا دووچاری دابەشبوونی قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتییە و لەسەر ئاستی جیهانیش ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بێوێنەی گۆشەگیری، ڕەخنەی توندی مافپەروەرانە و دۆسیەی یاسایی قورس لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا بووەتەوە بە تۆمەتی ئەنجامدانی جینۆساید. بەکارهێنانی چەک ناتوانێت بنەمای کێشەی نەتەوەیی فەلەستین چارەسەر بکات، هەروەها تەلئەبیب بەبێ هاوکاری و پشتیوانیی ڕاستەوخۆی ئەمریکا توانای پاراستنی تەواوەتیی ئاسمانی خۆی نییە.
٢. تورکیا؛ دەرفەتی فراوانبوون لە سایەی بەربەستی قورسدا:
پاشەکشەی ئێران و ڕووخانی ئەسەد دەرفەتێکی لەباری بەخشییە ئەنکەرە تا پێگەی خۆی لە باکوور و ناوەڕاستی سووریادا بەهێز بکات، بەڵام ئەنکەرەش بە دەست کۆمەڵێک کۆتوبەندی قورسەوە دەناڵێنێت:
- قەیرانی سەختی ئابووری و هەڵاوسانی ناوخۆیی ڕێگە نادات دەوڵەتی تورکیا بارگرانیی دارایی و سەربازیی زیاتر لە ئەستۆ بگرێت.
- ئاڵۆزیی گۆڕەپانی سووریا، پرسی کورد، و پێکدادانی بەرژەوەندیی نێوان گرووپە چەکدارەکان وەک گرێکوێرەیەکی ئەمنی ماونەتەوە.
- ڕکابەریی وڵاتانی عەرەبی و سنوردارکردنی ڕۆڵی تورکیا لەلایەن هاوسەنگیی هێزی زلهێزە نێودەوڵەتییەکانەوە، ڕێگرن لەوەی تورکیا بتوانێت ئیرادەی خۆی بەسەر تەواوی ناوچەکەدا بسەپێنێت.
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبووەتە گۆڕەپانی هیچ دەسەڵاتێکی ڕەها. ئێران گەورەترین گورزی لە تۆڕی هەژموونەکەی بەرکەوتووە و لە قۆناغی بەرگریی دژواردایە؛ لە بەرانبەریشدا ئیسرائیل و تورکیا سەرەڕای هەوڵەکانیان بۆ قۆستنەوەی هەلەکان، بە دەست قەیرانی ناوخۆیی، سنوورداریی ئابووری و کۆسپە جیۆپۆلەتیکییەکانەوە دەناڵێنن. بۆیە ئەم وەرچەرخانە گەورەیە نەبووەتە هۆی سەقامگیری، بەڵکو دەرگای بەڕووی قۆناغێکی نوێی پڕ لە بۆشایی و ململانێی نادیاردا کردووەتەوە کە تێیدا ئاشتی و دادپەروەرییەکی بەردەوام هێشتا لە هەموو کاتێک دوورترە.