ئاشتی ئەنكەرە – قەندیل… لەناو گێژاوی ڕووداوەكانی ناوچەكەدا… نووسینی: ئەنوەر (بازگر)

0

  ئێستا دەبێ بپرسین دوای پاشەكشە و ڕووداوەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و ئاڵوگۆڕەكان، شەڕی ئێران- ئەمەریكا و ئیسرائیل و هەڵكشانی كێرڤی توركیا لە ناو ڕووداوەكان، گۆڕینی هاوكێشەكان، پرۆسەی ئاشتی تورکیای نێوان ئەنکەرە و (پ.ک.ک) یان ڕاستتر بڵێین (ئەنكەرە – ئیمراڵی) چی بەسەر دێت؟ لە كاتێكدا کە ئەنکەرە، ئاردۆگان و باخچەلی ناویان ناوە (پڕۆسەی کۆتایی تیرۆر لە تورکیا) و ئۆجەلان-یش پێی دەڵێ؛ (پڕۆسەی چارەسەری). پاش ڕێكکەوتنی پاریس لە (6)ی ژانویەی (2026)، سازشی شەرع بۆ ئیسرائل بە دەستهەڵگرتن لە باشور و شارەکانی قۆنیتەرە، سویدا، دەرعای دروزنشین، جەبەل شێخ و موڵیکیەتی جۆلان، بە فشاری ئەمەریکا و ئۆکەی ئەنکەرە، هاوكێشەكان گۆڕان، تەلئەڤیڤ ئیتر، کوردەکان و عەلەویەکانی بۆ گرنگ نیە، بەتایبەتی كوردەكان. ئەوكات واشنتۆن بە تورکەکانی وت؛ گەر دەتانەوێت ئامانجەکانتان وەدیبهێنن و بگەن بە کۆتاییهاتنی مەترسی (هەسەدە)، دەبێ ئیسرائییلیەکان ڕازی بکەن؟ چونکە ئێمە لەنێوانتاندا ئیسرائیل هەڵدەبژێرێن، دواتر ئێوە بۆ ئێمە گرنگترن لە (هەسەدە)، ئەمە پەیامێكی گرنگ بوو، توركەكان زوو تێگەیشتن هەر بە فشاری توركیا، لە دواین كۆبوونەوەی سێ وەزیری دەرەوەی (ئەنكەرە، ئیسلام ئاباد، ریازز) لە (24)ی سێپتێمبەری (2026) لە نییۆرك، جیا لە مەلەفی هێرشی حوسییەكان، باسیان لەوە كردوە كە هەرسێ لایەن فشار لە ئەمەریكا دەكەن لە ئاڵوگۆڕی داهاتووی ئیراندا، نابی هیچ هەرێم و زۆن و ناوچەیەكی تایبەت بە (كوردەكان، بلوچەكان، ئازەرییەكان و عەرەبەكان…) هەبێت و دەبێ هەموویان لە چوارچێوەی ناوەندی داهاتووی تاراندا بەشدار بن. لە كاتێكدا تا ئێستا (پاكستانییەكان پشتیوانی بلوچەكان، سعودییەكان پشتیوانی عەرەبەكانی ئەهواز و توركەكان هی ئازەرییەكان و تەنانەت باس لە بوونی پەیوەندی نێوان توركیا و پژاك دەكرێ) بەڵام بەپێی ڕێككەوتنی مەككە ئەو سێ دەوڵەتە یەكێك لە ئەجێنداكانیان، ڕێگانەدانە بە دووبارەبوونەوەی سیناریۆكانی (عێراق – هەرێمی كوردستان، سوریا – ڕۆژئاوای كوردستان، یەمەن – حوسییەكان…). ئێستاش؛ توركیا كە ڕۆڵ و چانسی هێزە كوردییەكانی لە پڕۆسەی داخڵبوونی ڕۆژهەڵات شكستپێهێنا، بە مەرجی بەشداری شەڕی ئێران، هێزە كوردییەكان بەشدار نەبن و هەرێمی ڕۆژهەڵات دانەمەزرێ. ئێستا تورکەکان ئەو مەترسییان تا ڕادەیەكی زۆر تێپەڕاند، کە لە دوای (7) ئۆکتۆبەری (2024) و ( دیسمبەری (2024)، ناچار بوون بکەونە گفتووگۆ لەگەڵ (پ.ک.ک)، تا هەم ئەوان ڕاکێشن بۆ ناو، بەناو (پرۆسەی کۆتایی تیرۆر)، هەم (هەسەدە) شکستپێبهێنن -كە ئامانجی پێكا-، چونکە ئەنکەرە دەیزانی، (هەسەدە) یان بە سازش بۆ ئیسرائیل یان لە ڕێگای ئوجەلانەوە دەبێ زەعیف بکرێ، چونكە لە ماوەی چواردە ساڵی ڕابردوو (بەشەڕ بۆی یەكلا نەكرایەوە). ئەحمەد شەرع، لەگەڵ مەسعود بارزانی وتویەتی؛ “هەرکات دانیشتنمان بوە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، ژنێکی لە گەڵدا بوە (کە مەبەستی رۆهەت عەفرینی هاوسەرۆکی ی.پ.ژ – یە،) بەبێ ئۆکەیی و سەرلاقاندنی ئەو، ئۆکەی نەداوە بە هیچ”، لە دواین دیداری جەمیل بایك، هاوسەرۆكی (KCK)، لە ئەیلولی (2026) ڕایگەیاند؛ ئەو هەنگاوانەی عەبدی باش نەبوون، ناتوانێ نوێنەرایەتی كورد بكات. شەرع لەم توزیحە مەبەستی ئەوە بوە بڵێ؛ ژەنەڕاڵ عەبدی، لە ژێر هەژموونی (پ.ک.ک) دا بوە، خاوەنی سەڵاحیەتی خۆی نەبوو، بێگومان ئەم مسجە دەگاتە هاکان فیدان، تا دەبێ چی بکەن؟ بۆیە لەلایەكەوە (پرۆسەی ئاشتیان بە ڤێرژنی ئەنکەرە) درێژە پێدا، لەولاوە کەوتنە شازش لە گەڵ تەلئەڤیڤ، پاریس، واشنتۆن، و هەردوو سیناریۆکەشیان سەرکەوتوو بوو. ئێستا حاڵی حازر (هەسەدە) – بە قەولی توركیا، پ. ک.ک – هیچ سنورێکی بە تورکیاوە نەماوە، پێشی وایە (پ.ک.ک)ش ئەو هەژمون و ئۆتۆریتەی نەماوە و دروشمی هەمیشیەیی (بژی سەرۆک ئاپۆ …. گۆڕاوە بۆ بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاڤا و وێنەكانی ئۆجەلان-یش لادراون) لە ژێر فشاری گۆڕینی هاوکێشە سیاسیەکاندا. لە دوای ڕووداوەكانی بەهاری عەرەبی و دروستبوونی كانتۆنەكان، جارێك قاسم سولەیمانی لەگەڵ بەرپرسانی خۆرئاوا كۆ دەبێتەوە، بەڵام داوای لێكردبوون، كە وێنەكانی ئۆجەلان لە هەموو شوێن هەڵمەواسن، هێندە توركیا و ئەمەریكای پێ ئیستفزاز نەكەن، بەڵام بە قسەیان نەكردبوو، ئێستا دەركەوت ئەویش بەدیقەت بوە. دوا بە دوای ئەو ڕووداوانەی (17/6/2026) هاکان فیدان وتی، پاش تێکەڵبونی (هەسەدە) بە سوپای سوریا، گرفتەكە كۆتایی نەهاتوە، بەڵكو هێشتا بە هەزاران چەکداری تیرۆریست ماون. ئێستا ئەنکەرە سەرقاڵی سیناریۆی دوهەمە، چۆن مەرجی زۆرتر بە سەر (پ.ک.ک) دا بسەپێنێ، لە پاش هەنگاوەكانی (پ.ک.ک)؛ (خۆهەڵوەشانەوەی، کۆتایی بە خەباتی چەکداری، گۆڕینی ناوی پەكەكە بۆ تەڤگەری ئازادی كوردستان و تەڤگەری ئاپۆیی، سوتاندنی چەکەکان لە جاسەنە، پاشەکشەی تەواوەتی گەریلا لە باکور، کشانەوەی هێزەکانی لە مەیدانی شەڕ لە گارا، خواکورک، ئاڤاشین) ئەنكەرە پاش ڕووداوەكانی ڕۆژئاوا؛ داوای لە عێراق كردوە (یەكینەكانی پاراشتی شەنگال-یەبەشە) لە شەنگال دەربكات؛ لە كوردستانی عێراقیش تەواو جموجۆڵیان كۆنتڕۆڵبكرێت و باشبوونی پەیوەندییەكانیش لەگەڵ (ی.ن.ك) ئاماژەیەكە فشاری زۆرتر لەسەر (پ.ك.ك+ پژاك) دروستدەكات، بە بێ ئەوەی توركیا هیچ هەنگاوێک بنێ لە بابەتی (ئازادکردنی ئوجەلان، هێنانی بۆ پەرلەمان، پێدانی مافی هیوا، یان ئازادکردنی دەمیرتاش و سەرکردە زیندانیکرواکانی (هـ.د.پ) و سەرۆك شارەوانیەکان یان لێبوردن بۆ گەریلا، گەڕانەوەی قەیومەکان، لەپاڵ شکستیی لیژنەی ئاشتی فراکسيۆنەکانی پەرلەمان، ڕێگا نەدان بە تەماسی نێوان قە ندیل و ئیمراڵی، نەبونی تەرەفی سێهەم… ) بە كوردی؛ ئەنكەرە تا ئیستا هیچی نەکردوە، جگە لە وتاری عاتفی و هەڵخەڵتێنەرەی ئاردۆگان و بەتایبەتی پاش ئەوەی (CHP)ی كردە دوو بەش، گوللەنییەكانی بنەبڕكردوو، مەترسی كودەتا نەماوە، دووپاتكردنەوەی قسەكانی فیدان، كاڵن، كە؛ پڕۆسەی تیرۆر كۆتایی پێ دێنین. ئێستا چارەنوسی پرۆسەی ئاشتی، دوای ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا و سوریا، شەڕی ئەمەریكا – ئیسرائیل و ئێران، پاشەكشەی هەسەدە. کەوتۆتە بەردەم پلانی داهاتووی توركیا بەدوای چارەنووسی ئێران. لەم قۆناغەدا، ئەنکەرە لە بیانوو دەگەڕێ، بەڵام دەیەوێت شکستی پڕۆسەكە وا دیزاین بکات، کە بیخاتە ملی (پ.ک.ک). تورکیا لە ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی (2011) سەلامەت دەرچوو، هەرچەندە باجی زۆردا بۆ شكستی (هەسەدە)، مەترسی ڕووداوەکانی (7)ی ئۆکتۆبەری (2023) و ڕووداوەکانی (8)ی دیسمبەری (2024)ی تێپەراند و لە گۆڕانکاریە تازەکانی شەڕ و ئەگەری گۆڕانكاری لە تاران، هەرچەندە زۆر دژە، بەڵام گەر ڕووش بدات لە هەر کام لە وڵاتانی ناوچەکە سازترە -و سیناریۆی ئامادەکراوی هەیە. بە کورتی و کوردی تورکەکان، هەرچی بۆیان بکرێت وەکو خۆیان دەڵيێن جارێکی تر ڕێگا بە دروستکردنی حکومەتیێکی تری هەرێمی كوردستان وەک باشوری کوردستان نادەن، چ خۆرئاوا یان ڕۆژهەڵات و ئامادەشن باج و سازشی زۆرتر بكەن بۆ (ئیسرائیل، ئەمەریكا، ڕووسیا وڵاتانی كەنداو و عێراق…) بەڵام كورد بە هیچ نەگات، دەخالەتی لە فایلی شەڕی ئێران و ئەمەریكا زەرەری كورد و ئەوەی سەلماند. توركیا لەم دوو ساڵەدا، كە هیچ هەنگاوی نەناوە ئێستاش لەژێر ناوی (یاسای چوارچێوە)، (یاسای بەهێزكردنی پاڵپشتی نیشتیمانی و یەكڕیزی كۆمەڵایەتی كە لە 12 ماددە پێكهاتوە). ئەم یاسایە هیچ نییە جگە لە چاوبەستەگی كورد، چونكە نە لێبوردنی گشتییە بۆ پەكەكە نە ئامادەشە دەستور هەموار بكاتەوە، تەنها یەكجارە و كاتییە و هیچ گەرەنتییەكی تێدا نییە، نە بۆ كورد، نە بۆ پەكەكە نە بۆ ئۆجەلان و گەڕانەوەی چەكدارانی پەكەكەش. یاساكە دەڵێ؛ – كۆتایهاتن بە بوون و مانەوەی (PKK، KCK، KCD، KNK، EBSH، YPG، HPG،…) تەواوی گروپ و ڕێكخراوەكانی سەر بە PKK كە (32) ڕێكخراون. – ڕادەستكردنی هەموو چەكەكانی ئەو گروپانە، بێ قەید و شەرت. – (5000) زیندانی، بڕیاری ئازادبوون نایانگرێتەوە. – زیاتر لە (300) سەركردە و كادیری باڵای (PKK) لە شاخ ناتوانن بگەڕێنەوە. – ئەوانە تا (1/6/2005) تاوانی كوشتنیان ئەنجامداوە، ئەم یاسایە نایانگرێتەوە و سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەریاندا دەسەپێندرێت. – ئەنجومەنێك پێكدێت لە جێگری سەرۆككۆمار، وەزیری داد، وەزیری ناوخۆ، بەرگری و میت، بەڵام هیچ ئەندام و كەسێكی (PKK)ی تێدانیە. – ئەم یاسایە شمولی خودی ئۆجەلان ناكات. لە پاڵ ئەو سیناریۆیانەشدا؛ ئەنكەرە، لەڕێگای فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە، بە تەكلیفی ئۆجەلان دیداری نێوان سەركردەكانی قەندیل و ئیمڕاڵی سازكردوە. لە دیداری یەكەمدا لە مانگی شوبات و مارسی ئەمساڵدا تا مانگی ئاب (دوران كاڵكان، بەسێ هۆزات، سەبری ئۆك، هێلین ئومێد، بەشار قۆسەر، زوبێر ئایدار، ڕەمزی كارتاڵ، ئیلهام ئەحمەد، مەزڵوم عەبدی، مستەفا قەرەسو)، دیداری لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجامداوە، واش بڕیارە سەردانی وەفدەكان بەردەوام بێت، هەرچەندە تا ئێستا ئۆجەلان، جەمیل بایك و موراد قەرەیەڵانی نەدیوە وەكو كارەكتەری سەرەكی (پ.ك.ك)، ئەوەش نازانرێ ئایا خۆیان ئامادەنەبوون بچنە ئیمراڵی یان توركیا ڕێگای پێ نەداون، بەڵام ئەوەی بۆ ئۆجەلان لەناو وەفدەكاندا گرنگ بوە، دیداری لەگەڵ دوران كاڵكان بوە، چونكە ئەو وەكو یەكێك لە وەفدەكانی باڵی چەپ و ڕادیكاڵی (پ.ك.ك) دۆستی ڕوسیا هێشتا قەناعەتی بە چەكدانان نییە و ئۆجەلان هەوڵدەدات ئەو لەپێش ئەوانی تر ڕازی بكات بە ئەجێنداكەی، هەرچی جەمیل بایك، وەكو دۆستی ئێران، هێشتا خۆی ساغ نەكردۆتەوە. بەمەبەستی قەناعەتپیكردنی تەواوی (پەكەكە) بە چەكدانانی تەواو و كۆتایهاتن بە خەباتی چەكداری، چونكە توركیا دەزانێ، كە هەموو سەركردایەتی (پ.ك.ك) بەو پێشنیارانە ڕازی نیین و لە دیدارەكانی ئەم دواییەی ئێرانیەكانیش لەگەڵ لایەنەكان داوایكردوە كە پشتیوانی لەو باڵەی (پ.ك.ك) بكرێ كە دەیانەوێت درێژە بە خەبات بدەن و نابێ قەندیل چۆوڵ بكرێ بۆ هێزگەلی تر و گروپی تیرۆریستی بێنە قەندیل، هەروەكو دەبینرێت، ئێران بە ئاشكرا چاوپۆشی لە بوون و وجوودی (پژاك) دەكات لە سنورەكانی خۆی لە – سەڵماسی و خویی- خۆی تا هەورامان، بەشێكی زۆری هێزەكانی (هـ.پ.گ) خراونتە خزمەتی هێزەكانی (هەرەكە) بەڵام لەژێر فەرمان و بڕیاری (پ.ك.ك)دا.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.