ئایا چین سوشیالیستی یە یان سەرماداری یە!…نووسینی: هاوڕێ نەهرۆ
وەک ئاشکرایە ماوتسی تونگ یەکی لە دامەزرێنەرانی پارتی کۆمۆنیستی چین بوو لە ساڵی ١٩٢١ رابەرو دامەزرێنەری چینی نوێ یە، لە یەکی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٤٩ توانی دژی حکوومەتی کومینتانغ لە شەڕی ناوخۆ شوڕش لە رێگای رێکخستنی جووتیاران لە گوندەکان بەشێوازی پارتی زانی سەرخا و دەوڵەتی چینی نوێ دامەزرێنێ بەرابەرایەتی پارتی کۆمۆنیستی چین، ئەوەی شایانی باسە لە ساڵی ١٩٣٤ پێش سەرکەوتنی شورش ناچار بوو کاروانی مەزن لەگەڵ سوپاکەی دا ئەنجام بدا بەدرێژایی هەزاران کیلومەتر، چارەکی لە هێزەکەی لەناوچوون تەنانەت یەکی لە هاوسەرەکانی لە رێگا گیانی لە دەست دا، ئەم کاروانە مەزنە ناسراوە بە ( المسیرة الکبری ) ماوتسی تونگ لە ساڵی ١٩٥٨ تا ساڵی ١٩٦٢ توانی بازدانی چلونایەتی بدا لە رێگای دابەشکردنی زەوی بەسەر جووتیاران دا و خۆماڵی کردنی پیشەسازی و بایەخ دان بە کەرتی گشتی، لە ساڵی ١٩٦٤ شورشی روشنبیری بەرپا کرد لە ژێر ناوێ شوڕشی بەردەوام، پاکتاوی کەسانی بورژوازی کرد لە نێو ریزەکانی پارتی کۆمۆنیستی چینی! تا لە ساڵی ١٩٧٦ کۆچی دوایی کرد، لە دوای ماو، دینگ شیاو بینگ هات یەکی لە قسەکانی ئەم سەرکردەیە ئەوەیە (جیاوازی لە نێوان پشیلەی ڕەش و سپی نییە مادام مشک دەخۆن) ئەو پێوابوو بۆ گەشەسەندنی بەرهەم دەکرێ سود لە ئالیەت و میکانیزمی سیستەمی سەرمایەداری وەرگریت هەر بۆیە بریاری دا لە سەر ئاستی پەیوەندی بەرهەمهێنان و ئابوری بازار ریفۆرم بکا گەرچی تا ئێستاش کەرتی گشتی ماوەو سەر بە دەوڵەتە وەک بوارەکانی وزەو گەیاندن و هیڵی شەمەندەفەرو بانقە گەورەکان، بەڵام رێگا دراوە بە ئابوری بازاڕو کەرتی تایبەت لە بواری بەرهەمهێنانی بچووک و وەبەرهێنانی بێگانە، بەشێوەیەک ئێستا بەرهەمی گشتی ناوخۆ لە سەدا حەفتا لە کەرتی تایبەتەوە بەرهەم دەهێنرێ، ئێستا ئەو پرسیارە لە بەردەممان خۆی قووت دەکاتەوە ئاخۆ چین سەرمایەداریی یە یان سوسیالیستی یە، لێرەدا دەتوانین بڵێن چین سەرمایەداری نییە وەک ئەمریکا هەروا سوسیالیستی کلاسیکی نییە وەک کوبا و کوریای باکوور، دەتوانین بڵێن سیستەمێکی تێکەڵاوە یاخۆد سوسیالیستی یەکی تایبەتمەندی چینە! وەک ئەمریکا بایەخ بە ئازادی تاک نادەن، چین سیستەمی بە لاوە گرنگە لە ئازادی تاک ! دەوڵەتی چین بەرابەرایەتی حزبی کۆمۆنیستی چین دەستێوەردان ئەکا لە بازاڕو دەستنیشان کردنی نرخ لە کاتی پێویست دا، بازاڕ ئاراستەی دەوڵەت ناگۆڕێ بەڵکو ئامرازێکی بەدەستی دەوڵەتەوە لە کاتێ پێویست و گونجاو ئاراستەی دەکا و نرخ دەستنیشان دەکا، دەتونین بڵێن لە رووی دەسەڵات و سیاسەتەوە سوسیالیستییە، بەڵام لە رووی ئابوری بازاڕەوە سەرمایەداری یە، لە رووی رێگا دان بە وەبەرهێنانی بێگانەوە سەرمایەداری یە، چین لەرووی سیاسی یەوە هێزێکی نەرمە لە سەر ئاستی جیهان لە رووی ئابورییشەوە هێزیکە هەڵدەکشێ بەرەوە باڵاو بەرزایی، بۆ چی ئەم نموونەیە لە رووی دەسەڵاتی سیاسی و ئابورییەوە سەرکەوتووە لە سەر ئاستی جیهان، یەکەم، نەرمی بازاڕو هێزی دەوڵەت کۆ دەکاتەوە، دووەم، ڕێگا بە گەشەسەندنی خێرا ئەدا بە بێ فەوزای ئابوری، سێ یەم، کومپانیا نیشتمانییەکان ئەپارێزێ لە پروسەی کێ بەرکێ بێگانە، چوارەم، ئاسایشی سیاسی دابین ئەکا بۆ ماوەی درێژ خایەن لە کۆتایی دا خاڵی لاوازی دەستوەردانی دەوڵەت رێگا لە داهێنان دەگرێ هەروا لاوازی شەفافیەت و روونی، وێرای ئەوەش مەترسی لەسەر کومپانیا تایبەتیەکان کاتێ بەرژەوەندییان دژ بە سیاسەتی حزبە. لێرەدا ئەگەر باسی سیاسەتی دەرەوە چین بکەین ئەوە زۆر نەرم و نیانە لەگەڵ پاراستنی سەروەری گەلانە دژی دەستێوەردانە، تا ڕادەیەک بە شێوەی ڕاستەوخۆ ناچیتە نێو هاوپەیمانە سەربازییەکانەوە، رێک بە پێچەوانەی ئەمریکایە کە سەروەری گەلان ناپارێزێ، دەستدرێژی ئەکاتە سەر سەروەری گەڵان نموونەی پەنەما لەسەدەی رابوردوو فینزەویلا ساڵی پار وگرتنی سەرۆکەکەی و خێزانەکەی و دادگایی کردنیان، ئەوە ئێستا بنکەی سەربازی لە گرونلاند دادەمەزرێنی کەچی دەوڵەتی چین پەریزێ پاکە، هەندێ کێشەی ناوخۆی هەیە وەک تایوان و هونگ کونگ و دەریای باشوری چین، خەتی سوورن بە نیسبەت دەوڵەتی چینەوە کەچی ئەمریکا بەم دواییانە چەکی پێشکەوتوو بە تایوان ئەفرۆشێ، چین لە ڕیگای کومپانیای Alibaba, Tencent, BYD لەرووی ئابورییەوە بازاری جیهان داگیر کردووە، لە رۆژگاری ئەمرۆدا چین فۆکۆس ئەخاتە سەر گەشەی ئابوری و زیادکردنی بەرهەم، لە رووی دیبلۆماسی وبازرگانی یەوە بایەخ بە وڵاتانی کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاو ئەمریکای لاتین ئەدا تەنانەت لەگەڵ ئەمریکاش هەیەتی لە دوڵی سلیکۆن کەرەستەی خاوی ئەلکترونی هاوردە ئەکا، چین خاوەن چەکی ئەتۆمی یە، ئەندامی هەمیشەیی یە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی ڤیتۆی هەیە، بەڵام تا ئێستا لە هیچ هاوپەیمانی سەربازی و بەرەیەک بوونی نییە، لەم ساڵانەی دوایی بەرەیەکی بازرگانی حکوومی لەگەڵ روسیاو هیندو بەرازیل و باشوری ئەفریقا ساز دا بە نێوی بریکس دوایی بەرفراوان کرا ئیران و ئەندونیسیاو ئەسیوبیاو ئیمارات و میسر هاتنە ریزەوە!
کاتێ حزبی کۆمۆنیستی چین هەست بە مەترسی ناوخۆ و دەرەکی بکا دەستێوەردانی بازاڕو کۆمپانیا تایبەتەکان دەکا گرنگ ئەوەیە دەسەڵاتی حزب بپارێزی وەک دوا ئامانج، گەرچی بازار ئازادە بەڵام لە ژێر سانسوری دەوڵەت دایە، کەرتە ستراتیژییەکان موڵکی دەوڵەتە، تا ئێستاش پلانی ئابوری پێنج ساڵەیان هەیە ئەم پلانەش لە لایەن دەوڵەت و بەرابەری پارتی کۆمۆنیستی چین بەڕێوە دەچێ !
لە کۆتایی دا دەتوانین بڵێێن چین دەوڵەتێکی (هجینة) تێکەڵاوە لە نێوان دەسەڵات و سیستەمی سیاسی پارتی کۆمۆنیستی چینی هەندی کەرتی تایبەت لە بازاری ئازاد و کێ بەرکێ و وەبەرهێنانی بێگانە.
ئۆسلۆ
٢٨ / ٩ / ٢٠٢٦