قیامەتی کۆنەپەرستی و یاخی بوونی نەوەیەک  لە پێناو کوردستانێکی ئازاد؛  ململانێی کۆمەڵایەتی لە کوردستانی ئەمڕۆدا… نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

سەنا بەرزنجی لەگەڵ باوکیدا گۆرانییەکی گوتووە؛ بەم بەهانەیەوە، کۆنەپەرستیی عەشیرەتی و دينى و ئەو کۆڕ و کۆمەڵانەی  کە نانی ئەم کۆنەپەرستییە دەخۆن، «قیامەتێکی ئەخلاقیی» پیس و ڕێکخراویان بەرپا کردووە.  هاوار دەکەن کە گونحاێکی گەورە و لە لێخۆشبوون نەهاتو ڕووی داوە و دەبێت بە دڵنیاییەوە بەو یاسایانە سزا بدرێت کە پشتگیریی ئەم ئاژاوەچییە کۆنەپەرستانە و بەها ئەخلاقییە گەنیوەکانیان دەکەن. هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز دەتوانێت ئەم پرسە بنەڕەتییە بوروژێنێت: هۆکاری ئەم قیامەتە پیسە دینی و عەشیرەتییە دژ بە سەنا و باوکی چییە؟ ئەم هاتوهاوارە لە چ پێویستییەکەوە سەرچاوەی گرتووە و وەڵام بە پێویستیی کێ لەم کۆمەڵگەیە دەداتەوە؟

لە وەڵام بەم پرسیارە، کەسانێک هەن تێزەکەیان ئەوەیە کە  دەڵێن: ئەم سیکولار و کۆمۆنیستانە، هەر بابەتێک دەکەنە بەهانە بۆ مشتومڕکردن لەگەڵ دین و مەزهەبدا و گلەیی ئەوە دەکەن گوایە ئەمە زیادەیە و پێویست نیە. ئەم تێزە گرنگیی ئەم بابەتە و پەیوەندییەکەی بە کۆی ململانێ گشتییە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانەوە نابینن، بەڵکو بە دوو قسەی سادە و زەردەخەنەیەک تێی دەپەڕێنن. تەنانەت هەندێکیشیان بە گومانەوە دەڵێن: سەنا دەیتوانی ئەم گۆرانییە لەگەڵ پیاوێکی تریشدا بڵێت، ڕەنگە بەو شێوەیە قبووڵکراوتر بووایە، بەڵام چونکە ئەم کارەی لەگەڵ باوکی خۆیدا کردووە، بێگومان فێڵێک لە پشت ئەم کارەوە هەیە.

بەڵام ئێمە بە پێچەوانەی ئەم تێزە گەمژانەیە مانای ئەم ململانێیە بە باشی دەزانین. پرسیارەکە ئەوەیە: ئەم «حەشدە» غیورە نەتەوەیی، عەشیرەتی و ئیسلامیە، ویژدان و غیرەتیان لەکوێ بوو ئەو ڕۆژانەی کە داعش و موسڵمانە مجاهدەکان ژنانیان دەکردە کەنیزە و بازاڕی کۆیلایەتی و کڕین و فرۆشتنی بە شکۆی ژنانەوە گەرم کردبوو، و شەنیعترین ڕەفتاریان نیشان دا کە پێشێلکردنی هەر پێوەرێکی ئەخلاقیی مرۆڤایەتی بوو؟ ئەو فەرهەنگ و ئەخلاقەی کە پەیوەندیی ڕاشکاو و مرۆڤانەی  نێوان باوک و کچێک لە کارێکی هونەریدا بۆیان هێندە غەریب و نائاساییە، بۆچی دەستدرێژیکردن بۆ سەر شکۆ و مافی منداڵانی لە یاسای قێزەونی جەعفەری لایان کارێکی ئاساییە و وەک ئەوە وایە هیچ ڕووی نەدابێ ؟ صێغە، موتعە و جۆرەها لەشفرۆشیی شەرعی  بە تەواوی بە شتێکی  سروشتیی دەبینێ ، کەچی ئازادیی دەربڕینی دوو مرۆڤ لە کلیپێکدا، ئەوەندە  تووڕەی کردون و بەو شێوەیە کەوتونەتە شینی حەسەن و حوسێن!

بێگومان، ئەم کاردانەوەیە کۆمەڵێک دڵسۆزیی باوەڕداری دڵساف نییە کە گویا هۆش و غیرەتی نەتەوەیی و دینیان بریندار بوە؛ بەڵکو ئەمە کاردانەوەیەکی کۆمەڵایەتیی ڕێکخراو و کۆنەپەرستانەیە و خاوەن و ڕێکخەری ڕاستەقینەی هەیە؛ ئەوانەی لە پشتە کە نانی کۆنەپەرستی دەخۆن و بەرژەوەندییان لە بندەستهێشتنەوەی ئەخلاقی، ڕۆحی و مەعنەوی و واقیعی  ئەم خەڵکەدایە. لە پشتی ئەم کەمپەینە پوچەوە ئەو بزوتنەوە دژی ژن و ئازادیە ڕاوەستاوە کە خوڵقێنەری گەورەترین بێحورمەتی گەورە بە ئەخلاق و شعوریدی مرۆڤایەتی بووە و هەیە. هەڵسووڕانی ئەو بزوتنەوە سیاسییەی لە پشتە کە لە موسڵ و شەنگالەوە تا ڕەقە، لە ئەفغانستانەوە تا ئێران خەریکی کوشتن و بێحورمەتی کردنە بە مرۆڤ ودوژمنی جوانی و مەدەنیەت و هەر نەفەسێکی ئازادە.

لەم ڕوانگەیەوە، ئەوەی دەیبینین ململانێیەکی ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتییە لە نێوان کۆنەپەرستیی ڕیشەداکوتاو لە  ئەخلاق، فەرهەنگ و ئایدیۆلۆژیای چینی دەسەڵاتدار چ ئیسلامیەکەی چ نەتەوەپەرەستەکەی لە لایەک، و ئازادیی دەربڕین و ئیرادەی ئازادانەی نەسڵی ئەمڕۆ لە لایەکی ترەوە؛ نەسڵێک کە خەریکە چوارچێوەکانی ئەم کۆنەپەرستییە مێژوویی، میللی و ئیسلامی و عەشیرەتییە هەڵدەتەکێنێت. ئەم کۆنەپەرستییە بە باشی دەزانێت کە کۆمەڵگەیەکی ئازاد — کۆمەڵگەیەک کە ئامادە نەبێت ژیان و ئازادیی خۆی بە پێوەر و ترازوی ئەم کۆنەپەرەستیە بپێوێت — بە هەر کرانەوەیەکی سیاسی و بە هەر دەرفەتێک بۆ دەستهەببوون  لە ژیانی خۆیدا، دەست و باڵی زیاتر دەکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەم کۆنەپەرستیە تێکشکێنێت.

کەواتە، ململانێی نێوان شارستانییەت و کۆنەپەرستیی ئیسلامی  عەشیرەتی-نەتەوەیی لە کوردستاندا، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر و پێکدادانێکی ڕاستەقینەی کوردستانی ئەمڕۆیە. هێرشبردنە سەر سەنا بەرزنجی، کاردانەوەیەکی سروشتیی کۆنەپەرستیی نەتەوەیی  ئیسلامی و عەشیرەتییە لە بەرامبەر واقیعیەتی  گەشەکردنی شێوازە شارستانییەکان و فەرهەنگی پێشکەوتوو لە ڕەفتاری خەڵک و نەسڵی ئەمڕۆدا. ئەمە لە کۆمەڵگەیەکدا ڕوودەدات کە بە حوکمی لۆژیکی بنەڕەتیی مێژوو، کە ڕۆژ بە ڕۆژ  زیاتر بەرەو شارنشینی و پێشکەوتنی شارستانی هەنگاو دەنێت؛ شوێنێک کە تێیدا ئەخلاقی پێشکەوتوو و بەها مرۆییەکان، بە ناچاری هێز و متمانە بەدەست دەهێنن و ڕەفتار و تێڕوانینی ئەم نەسڵە دەخوڵقێنن.

ڕاستە کە لە کوردستانی ئەمڕۆدا، دەسەڵاتی پیادەکردن بە دەست ئەم کۆنەپەرستییەوەیە و ئەوان  هێز و یاسا و دەوڵەت بەکار دەهێنن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و دژ بە نەسڵی ئەمڕۆ و چاوەڕوانییەکانیان بۆ ژیانێکی ئازادی  مرۆیی؛ بەڵام لە قووڵایی کۆمەڵگەدا، ڕاستییەک پێچەوانەی ئەمە وا خەریکە  لە ڕەفتاری خەڵکدا، لە خۆشەویستیی خەڵکدا بۆ ژیان، بۆ شێوازە مرۆییەکان و بۆ فەرهەنگ و ئەخلاقی ئازاد، خەریکە دەبێتە هێزێکی ڕاستەقینە و لە هەر گەڕەک و کۆڵانێکدا و لە هەر دەرکەوتنی خەڵکی کوردستانی ئەمڕۆدا ئەم عەشقە بە ژیان و ئازادی دەبینرێت. ئەمە ترسی ئەوانە و ئەم کەمپەینە کاردانەوەیەکی ناچاری ئەم کۆنەپەرەستیەیە بەرامبەر بەو واقیعیەتە تازە کۆمەڵایەتیە کە وای کردوە نەوەی ئەمڕۆی کوردستانی ئەمڕۆ ئەم کۆنەپەرەستیە تێپەڕێنن.

ئەوەی کە ئەم کۆنەپەرستییە تا ئێستاش لەم ئاستەدا ڕۆڵ دەگێڕێت لە بەدبەختیدا هێشتنەوەی نەسڵی ئەمڕۆی کرێکار، گەنج و ژنی ئەم کۆمەڵگەیە، ماهییەتێکی سیاسیی هەیە. هۆکارەکەی ئەوەیە کە دەسەڵاتی سیاسی بە دەستەوەیە و لە دەسەڵات  بۆ سەپاندنی ئەم دواکەوتوویی  و گەمژەییە، و بۆ سەپاندنی  ئامانجەکانی خۆیان و ڕێگریکردن لە گەشەکردنی بیری ڕادیکاڵ و ئەخلاقی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی پێشکەوتوو کەڵک وەردەگرێ..

نەوەی ئەمڕۆی کوردستان  شتێکی تری دەوێت. ئەم نەوەیە  دەزانێت کە شایستەی شتێکی زۆر زیاترە لەم دۆخە؛ چاوەڕوانییەکانی لە ژیان هیچ هاوسەنگییەکی لەگەڵ ئەم کۆنەپەرستییە سیاسی، فەرهەنگی و ئەخلاقییەدا نییە و زیاتر لە هەر کاتێکی تر، پێویستی بە رزگارییەکی فەرهەنگی و ئەخلاقیی ڕادیکال و شارستانیانە هەیە. ئەم نەوەیە، نەوەی ئینتەرنێت، پەیوەندییە زانیارییە سەرسوڕهێنەرەکانی جیهانی ئەمڕۆیە؛ نەوەی گۆگڵ، هوشی دەستکرد (AI) و غوڵە تەکنەلۆژییەکانی جیهانی ئەمڕۆیە. نەوەیەک کە دەزانێت لە گۆشە و کەنارەکانی تری جیهاندا بەسەر مرۆڤەکانی تردا چی دەگوزەرێت و نەک هەر ئەمە، بەڵکو لە پەیوەندی و دیالۆگدایە لەگەڵ مرۆڤەکانی تری ئەم دنیایەدا..ئەم نەوەیە و کۆمەڵگەیەکی ئاوا، چیتر بە گۆپاڵی ئەم گەمژەیی و  دواکەوتووییە عەشیرەتی و دینی و نەتەوەیەی کۆنتڕۆڵ ناکرێت و چیتر لەو قەفەسی ئەم دواکەوتووییە زیندانی ناکرێت. ئەمە ئەفسانەیە. بە کورتیەکەی ئەم نەوەیە کوردستانێکی ئازادی دەوێ، کوردستانێک کە تیایدا ئازاد بیری تێیدا یاسا بێت، هاوڵاتیان بتوانن ئازادانە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی خۆیان بە پێی پێشڕەوترین یاسا و ڕێسا ڕێک بخەن و لەو خەفەتخانەیەی کە ئەم کۆنەپەرەستیە ناوی لێناوە وڵات و کۆمەڵگە ڕزگاریان بێت.

کار و ئەرکی ئەم نەوەیە و ئەم مرۆڤایەتییەی کە ئەمڕۆ لە کوردستان دەژیت ئەوەیە کە بتوانێت ئەم کۆنەپەرستییە بە شێوازێکی سیاسی تێکشکێنێت؛ ئەو کاتە ئەم بیر و ئەخلاق و فەرهەنگە کۆنەپەرستانەیە لە ژیانی ڕۆژانەی ئەم خەڵکەدا بە خێرایی بێبایەخ دەبن و دەگۆڕدرێن بۆ عەنتیکەکانی مێژوو. ئەم مرۆڤایەتییە بۆ ڕزگاریی خۆی دەبێت لەم ململانێیەدا سەرکەوتوو بێت و هەر سەرکەوتنێک، ئەم نەوەیە هەنگاوێک زیاتر دەباتە پێشەوە بۆ پێگەیەکی گونجاوتر بۆ ڕزگارییەکی مرۆیی، ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیی ڕادیکال، تا چارەنووسی خۆی بگرێتە دەست و هەنگاو بنێتە ناو کۆمەڵگەیەکەوە کە تێیدا ئازادیی دەربڕین و ئازادبیری ببێتە یاسای ژیانی هاوڵاتیان . کۆمۆنیزم هێزێکە لە سەنگەری ئەم مرۆڤایەتییەدا و ئامرازێکە بۆ سەرکەوتن لەم ململانێ کۆمەڵایەتی و چینایەتییەدا و ئەم ڕەوەندەی کە دەستی پێکردوە لە ژیانی ئەو خەڵکە دا سەرکەوتن لە خەبات بۆ لە کۆڵکردنەوەی حوکمی دەسەڵاتی عەشیرەتی و بنەماڵەیی و تێکشکاندنی کۆنەپەرەستی ئیسلامی سیاسی و ئەو بزوتنەوە ڕەشەی دنیای ئەمڕۆی کردۆتە پێویستیەکی گرنگی هەر ڕزگاریەکی جیددی سیاسی و ئابوری و فەرهەنگی لە کوردستانی ئەمڕۆدا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.