کاریگەریەکانی شەڕی حوسییەکان و سعودیە!…نوری بەشیر

0

توندبوونەوەی شەڕی حوسییەکان و سعودیە لە جوڵای ٢٠٢٦دا، بووتە هۆی کاولکاری و کوشتارو ئاوارەیی زۆر لە سعودیەو یەمەن. لەیەمەن زیاتر لە ١٣٠,٠٠٠ کەس ناچار بوون ماڵەکانیان جێبهێڵن. هەروەهاUNHCR  هوشداریداوە کە لە سێ مانگی داهاتوودا ڕەنگە ١٠٠,٠٠٠ هەزار کەسی تر ئاوارە ببن. ئەمە سەرباری خراپبوونی دۆخی ژیان و گوزەرانی ملیۆنەها هاوڵاتی یەمەنی کە بە نزیکەی ٢٢ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێن. ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی کوژراون  و ژێرخانی ئابووری یەمەن و نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان و  ماڵ و حاڵی خەڵك و شوێنە مەدەنییەکان زیانی گەورەیان بەرکەوتووە. هەروەها دامەزراوەی نەوتی سعودیە زیانی بەرچاوی بەرکەوتوە بەهۆی هێرشە درۆنیەکانی حوسیەکانەوە بۆسەر پاڵاوتگەکانی نەوت.

بەجیا لەوە، شەڕەکە و  کۆنترۆڵی باب ئەلمەندەب لەلایەن حوسیەکانەوە تەنگەژەی بۆ بازرگانی لەو گەروەدا دروستکردوە. حکومەتی سعودیە هەناردەکردنی نەوتی لەڕیگای بەندەری یەنبوع لەسەر دەریای سوورەوە ڕاگرت کە لەڕێگەی هێڵی بۆری “ڕۆژهەڵات ـ ڕۆژئاوا”وە ڕەوانەی دەکرد، وەکو بەدیلێك بۆ گواستنەوەی نەوتی سعودیە لەرێگای تەنگەی هورمزەوە! هەروەها بەهۆی ئەوەی حوسییەکان پێشڕەویان کردوەو ناوچەیەکی فراوانی تریان دەست بەسەردا گرتووە، بەتایبەت لە کەناری دەریای سوور وکۆنترۆڵی ناوچەی گەروی باب ئەلمەندەب و شارو بەندەری موخایان گرتووە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە سەنعا و زۆربەی باکوور و ڕۆژئاوای یەمەنیان لە دەستدایە، بەوجۆرە کاریگەری ناوچەیی و جیهانیان بۆ بازرگانی و چونە سەرەوەی نرخی نەوت و کەلوپەلی تر کە لەو رێڕەوەدا رەوانەدەکرا، دروستکردوە.

ئەو پێشڕەوی و باڵادەستیەی حوسیەکان بەرەو کەناراوەکانی دەریای سورو بەتایبەت کۆنترۆڵی زیاتری باب ئەلمەندەب و شارو بەندەری موخا، کاریگەری لەسەر نا ئارامی ناوچەکە دروستکردووە، بەتایبەت لەسەر کێشەی نێوان ئەمریکا و ئێران. بێجگە لەوەی کە پێگەی حوسیەکانی قایمترکردوە لە ململانێکانی ناوچەکەدا، هاوکات توانای مانۆرکردنی ئێرانی بەرامبەر بە ئەمریکا لە بارگرژیەکانی نیوانیاندا بەرەوسەرتر بردوەو بگرە بەرامبەر بە ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی ئەمریکاش پێگەیەکی باشتری بە ئێران بەخشیوە. بەمجۆرە ئەم پێشڕەویانەی حوسیەکان، دامێنی شەڕو نا ئەمنی ناوچەکەی فراوانکردۆتەوە، کە ئێران ئەمەی دەوێت و لەبەرژەوەندیەتی و لە دانوسان و گفتوگۆی لەگەڵ ئەمریکا پێداگری زیاتر لەسەر مەرجەکانی دەکات.

ئەمریکا لەگەڵ سعودیە راستەوخۆ نەچووە ناو شەڕەکەوە بەدژی حوسیەکان، هەرچەندە سعودیە داوای هاوکاری لە ئەمریکا کرد. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەمریکا نیگەرانە لە رێکەوتنی مەکە، کە لەنێوان سعودیەو تورکیاو پاکستاندا ئەنجام درا! چونکە لەلایەکەوە وەکو بلۆکیك بەرامبەر بە ئیسرائیل دەردەکەوێ و لەلایەکی دیکەوە بێبایەخکردنی نەخشی ئەمریکایە لە پاراستنی دەوڵەتانی کەنداو کە سعودیە یەکێکە لەوان!  لەلایەکی دیکەشەوە ئەمریکا نایەوێ بەرەی شەڕی دیکە دژی خۆی بکاتەوە، بۆیە هەربەوەندی کە حوسیەکان  ڕایانگەیاند رێگا لە کەشتیەکانی ئەمریکا ناگرن بۆ تێپەڕبوون لە باب ئەلمەندەب، ئەمریکاش ئامادە نەبوو هاوکاری سعودیە بکات بەوجۆرەی داوای لێکردابوو!

بەڵام کاتێك ئەمریکا وەڵامی داواکەی سعودیە ناداتەوەو هاوپەیمانی مەککەش هیچی پێناکرێ بەرامبەر بە حوسیەکان، ئەوا تواناکانی سعودیە بەرامبەر بە حوسیەکان لاواز دەکات و جێگاوڕێگای حوسیەکان دەباتە سەرەوە لە ململانێ و دانوساندن لەگەڵ سعودیەدا کە پشتیوانی حکومەتی رەسمیی یەمەنە کە حوسیەکان لەدژی دەجەنگن! هاوکات ئەم دۆخە تازەیەی دوای پێشڕەویەکانی حوسیەکان، وایکرد کە قەتەرو پاکستان وەک نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمریکا هەوڵەکانیان چڕتربکەنەوە بۆ کۆتایی بە جەنگی نێوان ئەمریکاو ئێران.

هەر لەوبارەوە موحسن ڕەزایی، لە ئەنجومەنى ئاسایشى نیشتمانیى ئێران، لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی جەزیرە، دوایین پێشهاتە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی خستەڕوو و ئاشکرای کرد کە ئێران لەڕێگەی نێوەندگیری دەوڵەتی قەتەرەوە لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و مەرجەکانی تارانی بۆ ڕاگرتنی جەنگ و هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان ئاڕاستەی واشنتۆن کردووە. هەروەها رۆژی ٢١ی سێپتێمبەر وەزیری ناوخۆی پاکستان سەردانی تارانی کردوە بە مەبەستی نێوەندگیری نێوان ئەمریکاو ئێران.

راستی دۆخی خراپی ئەمریکا لە جەنگی لەگەڵ ئێراندا، لە قسەکانی ترەمپ دا لەبەردەم ٨١ یەکەمین  کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا رۆژی ٢٢ی سێپتێمبەری ٢٠٢٦ دەردەکەوێت. ترەمپ بەجیا لەوەی وەک پیشەی هەمیشەیی کەوتە پیاهەڵدان بەسەر ئەمریکاو توانای سەربازی و ئابوریەکەیدا، کۆمەڵێك هەڕەشەی ئاراستەی ئێران کردو چەند مەرجێکی بۆ ڕێکەوتن لەگەڵیدا خستەڕوو. هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران نەکرێت، ئەمریکا دەتوانێت هێرشی زۆر گەورەتر بکات و تاکیدی کردەوە کە دەتوانێت؛ “ئێران لەناوببات”، بەڵام هاوکات داوای لە هەموو وڵاتان کرد لە چەسپاندنی گەمارۆی ئابووری بۆ سەر ئێران لەگەڵ ئەمریکادا هاوکاری بکەن! هەروەها وتی هێشتا دەرگای گفتوگۆ و ڕێککەوتن کراوەیە. دوای ئەم قسانەی ترامپ، کۆبونەوەیەک لەنێوان ستێڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی و دەستەی دیپلۆماسیی ئێران بەڕێوەچووە.

لێرەدا دەکرێت ئەوە بڵێین کە چۆن جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆسەر ئێران و داخستنی گەروی هورمز بەجیا لە کاریگەریەکانی بۆسەر رژێمی ئێران و توانا سەربازی و ئابوریەکانی و توندکردنەوەی باری گرانی سەرشانی خەڵك و کاولکاری و وێرانکردنی زۆریك لە ناوەندە خزمەتگوزاریەکان، هاوکات کاریگەری لەسەر جێگاو پێگەی ئەمریکاو تواناییەکانی بۆ سەپاندنی هەژمونی خۆی و باڵادەستیی سەربازی ئیسرائیل و نائارامکردنی ژیانی خەڵکی ئیسرائیل  خەڵكەکەی دانا، سەرباری کاریگەریە ناوچەیی و جیهانیەکانی لە پەیوەند بە گرانی نرخی وزەو کاڵاکان و زیادکردنی بارگرانی بۆسەر شانی خەڵکی دنیا، ئەوا لە ئاستێکی دیکەدا، شەڕی حوسیەکان و سعودیە کاریگەری لەسەر دۆخی ئابوری و سەقامگیری ئەمنی ناوچەکە دەکات.

توندبوونەوەی شەڕی حوسیەکان و سعودیە، هەروەک چۆن جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆسەر ئێران؛ ترس، کوشتار، کاولکاری و نائەمنی بۆ ناوچەکە هێنا، بەهەمانشێوە کاریگەری دەبێت و هەلومەرجی ناوچەکە بەرەو خراپتر دەبات و فەزای هێزی میلیشیایی و کۆنەپەرستی لەناوچەکەدا بەهێز دەکات، بۆیە هێزە ئازادیخواز و کرێکاری و کۆمۆنیستەکان زەرورە هەروەک بەدژی سیاسەت و جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل وەستانەوە، بەهەمان شێوەش بەدژی سیاسەتی کۆنەپەرستانەو شەڕخوازانەی حوسیەکان و سعودیە بوەستنەوە، کە هیچ بەرژەوەندیەکی خەڵکی ناوچەکەو ئەو وڵاتانەشی تێدا نییە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.