هەڵوەشانەوەی”کاری کرێگرتە”!… کاوە کەریم
“کاری کرێگرتە” دیاردە و تایبەتمەندییەکی بنەڕەتیی کۆمەڵگەی سەرمایەدارییە و پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیی سەرەکیی ناو شێوازی بەرهەمهێنان دیاری دەکات. لەبەر ئەوەی کرێکاران خاوەندارێتیی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان ناکەن، بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان ناچار دەبن هێزی کاری خۆیان بە سەرمایەداران بفرۆشن. لەسەر ئەم بنەمایە، “کاری کرێگرتە” تەنها کارکردن لەبەرامبەر کرێدا نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی بنیادییە کە شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری پێ دەناسرێتەوە.
مارکس پەیوەندی نێوان “کاری کرێگرتە” و “سەرمایە” بەشێوەیەکی تایبەت دەخاتە ڕوو و هەردووکیان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کاتێک ئاماژە دەکات:
“کاری کرێگرتە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیی بەرهەمهێنانە، پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتییە لە نێوان کرێکاران و سەرمایەدارانە”*1
پەیوەندییەکانی خاوەندارییەتی و شێوازی ڕێکخستنی کار، بنەمای سەرەکیی تێگەیشتنن لە چەمکی کار لە سەرمایەداریدا. لە شیکردنەوەی مارکسدا، جیاوازییەکی جەوهەری لەنێوان “کار” و “هێزی کار”دا دەکرێت.کار دیاردەیەکی مێژوویی گشتییە و لە کۆمەڵگەکانی پێش سەرمایەداریدا بوونی هەبووە، بەڵام گۆڕانی “هێزی کار” بۆ کاڵایەک تایبەتمەندیی سەرەکیی سەرمایەدارییە. کرێکار بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی، هێزی کاری خۆی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بە سەرمایەدار دەفروشێت. لە کاتی بەکارهێنانی ئەم هێزەش لە بەرهەمهێناندا، بەهایەک دروست دەبێت کە لە بەهای هێزی کار خۆی(ئەو کرێیەی بە کرێکار دەدرێت) زیاترە. ئەم جیاوازییەش لەنێوان بەهای بەرهەمهێنراو و کرێی دراو، بنەمای دەرکەوتنی دیاردەی “زێدەبەها” پێکدەهێنێت.
سەرەتا دەبێت بڵێن هەموو کارێکی چینەکان لەکۆمەڵگادا لەچوارچێوەی سیستەمێک و لەژێر پەیوەندیەکی تایبەتدا ئەنجامدەدرێت. هەربۆیە کاتێک گۆڕانکاری بەسەر شێوازێکی کارکردن دێت، تەنیا گۆڕینی خودی شێوازەکە نییە، بەڵکو گۆڕینی ئەو پەیوەندیانەیە کەخولقێنەری ئەو شێوازی کارکردنەیە. چونکە ئەو پەیوەندیانەی هەلومەرجی کارەکەی تێدا ئەنجامدەدرێت، دەکرێت ببێتە هۆکاری چەوسانەوەی بەرهەمهێنەران یاخودی لەکاتی گۆڕیندا ببێتە هۆی ڕزگاری ئەوان لەچەوساندنەوەو نایەکسانی. بۆیە هەڵوەشانەوەی “کاری کرێگرتە” بەتەنیا بەمانای نەمانی “کاری کرێگرتە” نییە، بەڵکو ئەوەی تێدا لەناودەچێت پەیوەندیەکەیە کە تێدا کرێکار ناچارە هێزی کارەکەی خۆی وەک کاڵا بەخاوەن سەرمایە بفرۆسێت. واتە مەبەست لە گۆڕینی شێوازی کۆمەڵایەتیی کارەکەیە.
مارکس ئاماژە دەکات:
“هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی ئێستای بەرهەمهێنان و هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی کاری کرێگرتە لێک جیا ناکرێنەوە”.*2
ئەمەش بەمانای، تەنها گۆڕینی کرێ یان دابەشکردنی داهات بەس نییە، دەبێت ئەو سیستەمەی “کاری کرێگرتە” کە لەگەڵ شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری پەیوەستە، بگۆڕدرێت.کەواتە هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێگرتە مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دوای سەرمایەداری.
بەڵام بۆچی دەبێت کاری کرێگرتە هەڵبوەشێتەوە؟ میکانیزمەکەی چییە؟ ئەم میکانیزمە چۆن دەبێت؟ واتە میکانیزمی گواستنەوە لەکاری کرێگرتەوە بۆ کاری هاوبەشی کۆمەڵایەتی و هەرەوەزی. ئەمەش خاڵی گرنگی بابەبەتەکەیە.
پێش ئەوەی بچینە سەر وەڵامەکان دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە مەسەلەکە تەنیا دانی کرێ یان موچەیەک نییە لەبەرانبەر ئەنجامدانی کارێکدا، یان بەواتایەکی تر بڵێین لەبەرانبەر ئەو کارەدا کەمتر کرێ دەدرێت. واتە جەوهەری باسەکە لەوەدایە کە کێشەی “کاری کرێگرتە” تەنیا کەمیی ڕێژەی وەرگرتنی کرێ نییە، بەڵکو لەسەر پەیوەندیەکە و پرۆسەکەیە، هەرچەندە کرێ یان مووچە دەدرێت، بەڵام کرێکاران هێشتا وەک فرۆشیاری هێزی کار و بەرهەمهێنەران وەک کڕیاری هێزی کار مامامەڵە دەکات.
بۆ نموونە لە ئەزموونی سۆڤیەت، وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵاتدا، کرێکاران بۆ سەرمایەدارێک کاریان نەدەکرد، بەڵکو بۆ دەوڵەت کاریان دەکرد، لەبەرانبەردا کرێ یان موووچەیان پێدەدرا، بەڵام هاوکێشەکە وەک خۆی مابووەوە: کرێکار وەک “فڕۆشیاری هێزی کار” و دەوڵەت- بەرهەمهێنەر وەک “کڕیاری هێزی کار”.
کەواتە “کاری کرێگرتە” تەنها بەوە پەیوەست نییە کە کرێکار کرێ وەردەگرێت، بەڵکو پەیوەستە بەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە لەنێوان لایەنێک کە دەستی بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێناندا گرتووە و لایەنێک کە ناچارە هێزی کاری خۆی وەک کاڵا بفرۆشێت. واتە پەیوەندیەکە لەسەر بنەمای پەیوەندیی نێوان “سەرمایە” و “کار” بەشێوەی ئاڵوگۆڕی “هێزی کار” و “پارە-کرێ” ڕێکدەخرێت. بەم مانایە، ئەگەر لە کۆمەڵگەیەکی دوای سەرمایەداری کە کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستیە، نابێت کۆمەڵگاکە بە “کاری کرێگرتە” وە بناسرێتەوە. پرسە سەرەکییەکە ئەوە نییە “ئایا خەڵک هێشتا کار دەکەن؟”، بەڵکوو ئەوەیە کە “ئایا هێشتا کار بەشێوەی فرۆشتنی هێزی کار بە خاوەن سەرمایە ڕێکدەخرێت؟ تەنانەت ئەگەر شێوازی بەڕێوەبردنەکە لەلایەن دەوڵەتەوە بێت”.
هەڵوەشاندنەوەی پڕۆسەی “کاری کرێگرتە” لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا بەستراوەتەوە بەپێشکەوتنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان و پێگەیشتنی ئاگایی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکار بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی چینایەتی.هەنگاوی یەکەمی ئەم وەرچەرخانە لە دەستبەسەرداگرتنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و دامەزراندنی دەسەڵاتی نوێی کرێکارییدا بەرجەستە دەبێت. ئەرکی بنەڕەتیی ئەم کۆمەڵگە نوێیە، کۆتاییهێنانە بە خاوەندارییەتیی تایبەتیی کەمینەی چەوسێنەر بەسەر هۆکارەکانی بەرهەمهێناندا و گۆڕینیان بۆ موڵکی هاوبەشی کۆمەڵگە، تا پڕۆسەی بەرهەمهێنان لەسەر بنەمای هەرەوەزی و بەکۆمەڵ ڕێکبخرێتەوە.
لەیەکەم ڕۆژی دروستبوونی کۆمەڵگەی نوێی سۆشیالیستیدا، سیستەمی “کاری کرێگرتە” بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ کۆتایی نایەت، چونکە ئەم کۆمەڵگەیە تازە لە ناخی کۆمەڵگەی سەرمایەدارییەوە گواستراوەتەوە و هێشتا مۆرکی ئابوری، ئەخلاقی و فکریی کۆمەڵگە کۆنەکەی پێوە دیارە. لەبەر ئەوە، لە قۆناغی یەکەمدا دابەشکردنی بەرهەم تا ڕادەیەک بەپێی زۆری و کەمیی کاری ئەنجامدراو ڕێکدەخرێت، بەڵام ئەمە تەنیا قۆناغێکی ڕاگوزارە(ئینتیقالی)، نەک ئامانجی کۆتایی، چونکە “نەمانی کاری کرێگرتە” بە مانای وەستانی کارکردن نایەت، بەڵکو بە مانای کۆتاییهێنانە بە کار وەک پەیوەندییەکی سەرمایەداری. لێرەدا خودی چالاکیی مرۆڤ ناسڕدرێتەوە، بەڵکو شێوازی ڕێکخستنی کارەکە دەگۆڕێت، ئەمەش جەوهەری چەمکی “ئازادکردنی کار” پێکدەهێنێت نەک ڕەتکردنەوەی کار. ئەم وەرچەرخانە دەبێتە بنەمای بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی نوێ کە تێیدا ئامرازەکانی بەرهەمهێنان دەبنە موڵکی هاوبەشی گشتی و کرێکاران لەبری گوێڕایەڵیکردنی سەرمایەدار یان بەڕێوەبەر، خۆیان بە کۆمەڵ بڕیار لەسەر پڕۆسەی بەرهەمهێنان، دابەشکردنی کار و سەرچاوەکان دەدەن.
لێرەدا خاڵی بنەڕەتی ئەوەیە کە مادام ئامرازەکانی بەرهەمهێنان وەک موڵکی تایبەتی لە دەستی کەمینەیەکدا بمێننەوە، کرێکار ناچار دەبێت هێزی کاری خۆی بفرۆشێت، بەڵام ئەگەر ئەم پەیوەندییەی خاوەندارییەتییە بگۆڕدرێت، بنەمای کۆمەڵایەتیی “کاری کرێگرتە”ش دەگۆڕێت. بۆیە هەڵوەشاندنەوەی “کاری کرێگرتە” بەستراوەتەوە بە نەمانی پەیوەندیی سەرمایە و کارەوە، نەک وەستانی خودی کار. لەسەر ئەم بنەمایە، قۆناغی یەکەمی کۆمەڵگەی سۆسیالیستی “قۆناغی ڕاگوزار”ە، کە تێیدا دەوڵەت ڕۆڵ دەبینێت لە ڕێکخستنی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی سەرچاوەکاندا. لەم قۆناغەدا، ئەگەرچی کرێکاران کۆنترۆڵی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان دەکەن، بەڵام ڕەنگە هەندێک پاشماوەی سیستەمی کۆنی کرێ (وەک هەندێک جۆری قەرەبووکردنەوەی کار) بمێننەوە.ئامانج لەم قۆناغەدا دابەشکردنی سەرچاوەکانە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و کەمکردنەوەی نایەکسانی. لە کۆمەڵگەیەکی ئاوهادا، کرێکاران پێویستیان بە فروشتنی هێزی کار بە سەرمایەداران نییە، چونکە خۆیان دەبنە خاوەن و کۆنترۆڵکەری پڕۆسەی بەرهەمهێنان، و کارکردن لەبری بەدەستهێنانی کرێ، دەبێتە هاوبەشی لە بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکان. وەک کارل مارکس ئاماژەی پێدەکات:
“هەریەک بەپێی توانای خۆی، بۆ هەریەکەیان بەپێی کارەکەی” سوود لە بەرهەمی کۆمەلگە وەردەگرن”.*3
خاڵێکی جەوهەری کە پێویستە جەختی لەسەر بكرێتەوە ئەوەیە، کە سۆسیالیزم کورت نابێتەوە بۆ تەنیا دابەشکردنەوەی داهات یان دەستکاریی شێوازی کرێ. بنەمای سەرەکیی سۆسیالیزم بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی تایبەت بە “کاری کرێگرتە”—واتە فروشتنی هێزی کار بە سەرمایەداران لەبەرامبەر وەرگرتنی کرێدا- کە ئەمەش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە گۆڕینی شێوازی خاوەندارییەتیی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و شێوازی ڕێکخستنی پڕۆسەی بەرهەمهێنانەوە.لە کۆمەڵگەیەکی ئاوهادا، پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا و ئۆتۆماتیکیکردنی پڕۆسەکان ڕۆڵێکی بڕیاردەر دەگێڕن. کاتێک هەڵوەشاندنەوەی “کاری کرێگرتە” دەبێتە واقيع، تەکنەلۆژیا بەشێکی زۆری ئەو کارە ڕۆتینی و دووبارەبووانەی کە بۆ مانەوەی کۆمەڵگە پێویستن لە کۆڵ مرۆڤ دەکاتەوە. بەم پێیە، تەرخانکردنی کات بۆ کاری پێویستی ڕۆژانە کەم دەبێتەوە و لە بەرامبەردا کاتی بەتاڵ زیاتر دەبێت، تا مرۆڤەکان تواناکانی خۆیان بۆ داهێنان، گەشەپێدانی کەسی و بەشدارییکردنی کارای کۆمەڵایەتی تەرخان بکەن.لەم کۆمەڵگایەدا، هۆشیاری مرۆڤەکان زۆر دەچێە سەر، چونکە لەگشتیدا هەڵوەشاندنەوەی “کاری کرێگرتە” پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە لە شێوازی تێڕوانینی خەڵک بۆ کار. سۆسیالیزم هەوڵ دەدات بۆ گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگا بۆ کار، لە شتێکەوە کە بۆ مانەوە ئەنجامی دەدەیت، بۆ شتێک کە ئەنجامی دەدەیت بۆ ئەوەی بەشداری لە خۆشگوزەرانی بەکۆمەڵدا بکەیت. پەروەردە و هۆشیاری بۆ گەیشتن بەم گۆڕانکارییە ڕۆڵی گەورە و گرنگی خۆی دەبینێت، مرۆڤەکان خۆیان وەک داهێنەر لە کۆمەڵگادا دەبینن، نەک کرێکار لە سیستەمێکدا کە خاوەندارێتی کەسانی دیکە دەکەن.
لە دوای ئەم قۆناغەدا، کۆمەڵگەیەکی نوێ سەرهەڵدەدات کە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستییە، ئەمەش قۆناغێکی باڵاترە کە تێیدا تێپەڕاندنی بنەڕەتی لەشێوازی کاردا ڕوودەدات.لەم قۆناغەدا “کۆیلەبوونی تاک بۆ دابەشکردنی کار” *4 بە یەکجاری لەناو دەچێت. بە وتەی مارکس، ئەو جۆرە دابەشکردنەی کار کە تاک بە شێوەیەکی ناچاری و نامۆ بە جۆرێکی تایبەتی کارەوە دەبەستێتەوە هەڵدەوەشێتەوە و جیاوازیی نێوان کاری هزری و جەستەییش نامێنێت. لێرەدا کار لە ئامرازێکی تەنها بۆ مانەوەی ژیان، دەبێتە “ویست و پێداویستیی سەرەکیی ژیان”. دابەشکردنی سامان و سەرچاوەکان بەپێی پرەنسیپی “لە هەرکەسەوە بەپێی توانای خۆی، بۆ هەرکەس بەپێی پێویستیی خۆی”*5 ڕێکدەخرێت. پارە و کرێ نامێنن و مرۆڤەکان بە ئازادی دەستیان بە سەرچاوە و کاڵا پێویستەکان دەگات. لەم چوارچێوەیەدا، کارکردن لە ناچارییەک بۆ مانەوە دەبێتە چالاکییەکی خۆبەخشانە، خۆبەدیهێنان سەیر دەکرێت. ئەرکە پێویستەکانی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە هاوبەش دەکرێن و ڕێگە بۆ کار و چالاکیی ئازاد، داهێنەرانە، زانستی و کولتووری دەکرێتەوە. چیتر چەوسانەوە نامێنێت و بەتەواوی بنبڕ دەبێت، مرۆڤەکانیش دەگەن بەڕزگاری تەواو.
*1. Karl Marx, Wage Labour and Capital (1847), Chapter 5: “The Nature and Growth of Capital.” “Capital also is a social relation of production.
*2. Karl Marx, Capital, Volume I, Chapter 32, “Historical Tendency of Capitalist Accumulation.”
*3. Karl Marx- Critique of the Gotha Programme
*4. The German Ideology: Feuerbach» „…the enslavement of individuals under a division of labour…“
*5. . Karl Marx- Critique of the Gotha Programme