دوو ڕووی قەیران، “زێدەبەرهەمهێنان” و ” زیادەڕۆیی کەڵەکەبوون “…نووسینی: کاوە کەریم
دەستپێک
لەشیکردنەوەکاندا بۆ قەیرانی ئابوری سەرمایەداری، دوو چەمکی سەرەکی بەشێوەیەکی بەردەوام لەناو باسە تیۆریک و ئابوری سیاسیەدا دووبارە دەبنەوە، ئەویش “زێدەبەرهەمهێنان” و “زێدە کەڵەکەبوون”ە. ئەم دوو چەمکە، هەرچەندە پەیوەندییەکی نزیکیان بەیەکەوە هەیە، بەڵام هەریەکەیان بوار و جۆرێکی جیاواز لەپرۆسەی قەیرانی ئابوری لێکدەداتەوە. لەیەکەم نیگادا، “زێدەبەرهەمهێنان” ئاماژەیە بۆ دۆخێک کەتێدا سەرمایەداران و کۆمپانیاکان کاڵا و خزمەتگوزاری زیاتر بەرهەمدەهێنن لەوەی کە بتوانرێت لەبازاڕدا ساغی بکەنەوە و بیفرۆشرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی کاڵا نەفرۆشراوەکان و زیادەڕۆیی و دابەزینی نرخەکان و پاشەکشە. سەرئەنجام بەرهەمەکان ناتوانرێت بەقازانج بفرۆشرێت، لێرەشەوە قەیرانی ئابوری سەرهەڵدەدات.
کاتێکیش دێنە سەر “زیادەڕۆیی لەکەڵەکەبوون” ئاماژەیە بۆ دۆخێک کەتێدا ڕێژەی قازانج بەرەو دابەزین ڕۆشتووە، سەرمایەی قازانج بەخش ناتوانێت زیاتر وەبەرهێنانی پێبکرێت و دەرهێنانی زێدەبەها لەکاری زیندوو سنووردار دەبێت، بۆیە سەرمایە بەشێوەیەکی بەردەوام پاشەکەوت دەکرێت، “زیادەڕۆیی لەکەڵەکەبوون”ی سەرمایەدا ڕوودەدات، سەرەنجام قەیرانێک بەدوای خۆیدا دێنێت. بەواتایەکی تر کێشەکە ئەوە نییە کەکاڵای زۆر بەرهەمهێنراوە، بەڵکو سەرمایە بەشێوەیەکی گەورە کەڵەکە بووە بەبەراورد بەو بوارانەی کەدەتوانن قازانجی پێویستی بۆ دابین بکەن. لەکۆتایشدا سەرمایەکە وەک “سەرمایەی بێکار” دەمێنێتەوە. لەدیدی مارکسدا، ئەمە یەکێکە لەدەرخستنەکانی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی کەڵەکەبوونی سەرمایەیە، کەتێدا سەرمایە بەردەوام هەوڵی بەرفراونبوونی خۆی دەدات، بەڵام هەمان ئەو پرۆسەیە مەرجەکانی بەردەوامبوونی کەڵەکەبوونی سەرمایە لاواز دەکات.
ڕوونکردنەوەی “زێدەبەرهەمهێنان” تیشک دەخاتە سەر ناتەبایی ڕواڵەتی نێوان دابینکردن و خواست، کە زۆرجار وەک کەم بەکاربردن لە چوارچێوەیەکدا دادەنرێت- کرێکاران توانای کڕینی ئەو کاڵایانەیان نییە کە بەرهەمیدەهێنن، بەڵام چەمکی “زێدە کەڵەکەبوون” لێکۆڵینەوەی قووڵتر لە داینامیکی خودی سەرمایە دەکات. لێرەدا قەیرانەکە تەنها ئەوە نییە کە کاڵای زۆر هەیە، بەڵکو سەرمایەی زۆر کەڵەکە بووە بە بەراورد بەدەرفەتی وەبەرهێنانی قازانج. سەرمایە، وەک کارگە، ئامێر، سەروەت و سامانی دارایی، بەدوای بەدەستهێنانی گەڕانەوەیەکی قازانجبەخشدا دەگەڕێت. کاتێک کەڕێژەی قازانج دادەبەزێنێت، چیتر ناتوانرێت سەرمایە لەئاستێکی قبوڵکراوی قازانجدا وەبەربهێنرێتەوە. ئەنجامەکەی دەبێتە هۆی زیادبوونی بێکاری، دروستبوونی ئەوەی ناودەنرێت”بڵقی گەمژانە”، یان لەناوبردنی سەرمایە. لەم ڕوانگەیەوە، کاڵای نەفرۆشراو تەنها یەک دەربڕینی کێشەیەکی فراوانترە، واتە پاشەکەوت و زیادەڕۆیی لە سەرمایەدا کە ناتوانێت دەریچەی بەرهەمدار بۆ بەکارهێنانی خۆی بدۆزێتەوە.
لەم ڕوانگەیەوە ئەوەی وەک “زێدەبەرهەمهێنان” دەردەکەوێت، کە لەڕاستیدا دەرکەوتنی زیادەڕۆیی کەڵەکەبوونە. کۆمپانیاکان بەردەوامن لەبەرهەمهێنان، نەک لەبەر ئەوەی کۆمەڵگە پێویستی بە کاڵای زیاترە، بەڵکو لەبەرئەوەی لە فشارە کێبڕکێییەکان و وەبەرهێنانە نوقمبووەکاندا قفڵ کراون. قەیرانەکە کاتێک سەرهەڵدەدات کە سیستەمەکە بە گشتی نەتوانێت لەو قازانجە بەردەوام بێت کە پێویستە بۆ چەسپاندنی وەبەرهێنانەکانی ڕابردوو. بەم شێوەیە، کۆگاکانی پڕ لە کاڵای نەفرۆشراو ڕەنگدانەوەی دژایەتییەکی قووڵترن لە نێوان هاندانی فراوانبوونی سەرمایە و سنوورەکانی بەدیهێنانی قازانج.
بۆچی ئەم جیاکردنەوەیە گرنگە؟
دەبێت ئەوە زانراو بێت کە “زێدەبەرهەمهێنان” و “زێدە کەڵەکەبوون”، دوو ڕووی هەمان قەیران نین، هەریەکەیان بەجۆرێک جیاوازی ناهاوسەنگی دەخەنەڕوو. جیاوازیی نێوان زێدەبەرهەمهێنان و زێدەکەڵەکەبوونی سەرمایە یەکێکە لە کلیلە سەرەکییەکانی شیکردنەوەی قەیران لەچوارچێوەی ئابوریی سیاسی. ئەم جیاکردنەوەیە نەک تەنیا بۆ شیکردنەوەی قەیرانەکان، بەڵکو بۆ شیکردنەوەی ئەو پرۆسەیەی کەسەرمایە لەبواری بەرهەمدارەوە دەگوازرێتەوە بۆ بواری نابەرهەمدار، یان لەبواری بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەوە دەڕوات بۆ بواری دارایی، پاشان ئەوەی لێدەکەوێتەوە کەناودەنرێت قەیرانی داریی.
یان ئەم جیاکارییە ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە، بۆچی قەیرانەکان پێش بە داراییکردن و بوومەلەرزەی گەمژانە دێت. بەڵام لە ڕوانگەی مارکسیستییەوە، تێگەیشتن لە داراییکردن نابێت تەنیا بەوە سنووردار بکرێت کە کەرتی دارایی فراوانتر بووە یان کۆمپانیاکان داهاتی دارایی زیاتر بەدەستدەهێنن. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: بۆچی سەرمایە بەرەو کەرتی دارایی هەنگاو دەنێت، ئەمە چ پەیوەندییەکی هەیە بە دینامیکی کەڵەکەبوونی سەرمایەوە؟ لەدیدگای مارکسدا، سەرمایە بەشێوەیەکی سادە بڕێک پارە یان کۆمەڵێک لەشتە داراییەکان نییە، سەرمایە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتییە کە لەپرۆسەی بەرهەمهێنان و کەڵەکەبووندا خۆی نیشاندەدات. لەکۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، ئامانجی سەرمایەدار تەنیا بەرهەمهێنان نییە، بەڵکو کەڵەکەکردنی سەرمایەو بەدەستهێنانی قازانجی زیاترە. لەبەرئەوە، هەر کاتێک بەرهەمهێنانی قازانج لەکەرتی بەرهەمهێنەرانەدا سنووردار دەبێت، سەرمایە دەست دەکات بە گەڕان لە بوارەکانی دیکەدا کە بتوانێت قەرەبووی لەدەستدانی قازانج لەبواری بەرهەمهێناندا بکاتەوە.
کاتێک ئێمە باس لەدابەزینی رێژەی قازانج لەسەرمایەداریدا دەکەین کە مەیلی بەرەو دابەزین هەیە، ئەمە دەبێتە بنەمای سەرهەڵدانی قەیرانەکان. لەو خاڵەدا، واتە دابەزینی ڕێژەی قازانج، سەرمایەدار کەرتی دارایی وەک بوارێکی جێگرەوە بۆ سەرمایە دەبینیت. ئەمەش بەواتای گواستنەوە لەکەرتی بەرهەمهێنانەوە بۆ کەرتی نابەرهەمهێنەر. ئەگەر سەرمایە نەتوانێت لەکەرتی بەرهەمهێنانی ڕاستەوخۆدا زێدە بەهای پێویست بەدەست بهێنێت، ئەوا هەوڵدەدات بەرەو بازاڕە دارایییەکان، قەرز، پەیوەندییە دارایییەکان، پشکەکان و شێوە جۆراوجۆرەکانی گەشەپێدانی سەرمایەی دارایی بڕوات. بەم مانایە، داراییکردن دەتوانێت نەک وەک هۆکارێکی دەرەکی، بەڵکو وەک وەڵامێکی ناوخۆیی بە کێشە و سنوورەکانی کەڵەکەبوونی سەرمایە لێکبدرێتەوە.
لەبۆچونی مارکسدا، ئەمە بە چەمکی «سەرمایەی خەیاڵی (Fictitious Capital) ــەوە پەیوەندییەکی نزیکی هەیە. سەرمایەی خەیاڵی ئەو شێوەی سەرمایەیە کە بە شێوەی سەند و بەڵگەی دارایی ــ وەک سەهم و بۆند ــ دەردەکەوێت و خاوەندارێتی یان مافی بەدەستهێنانی داهات لە داهاتوودا نوێنەرایەتی دەکات. لێرەدا جیاوازییەکی گرنگ هەیە لەنێوان بەهای دارایی و بەهای نوێی دروستکراو لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا. زیادبوونی نرخی پشکەکەکان، بۆ نموونە، بە خۆی واتای ئەوە نییە کە هەمان بڕ لە بەهای نوێ لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا دروست کراوە.
بەم شێوەیە، کاتێک سەرمایە بە شێوەیەکی زۆر بەرەو کەرتی دارایی دەڕوات، دەتوانێت بڵاوکردنەوەی داهاتی دارایی و هەڵکشانی بەهای دارایی دروستبکات، بەڵام ئەمە خۆی لەخۆیدا کێشەی بنەڕەتیی کەمبوونەوەی قازانج لە بەرهەمهێنانی ڕاستەوخۆ چارەسەر ناکات. بەڵکو دەتوانێت بۆ ماوەیەک ئەو کێشەیە بشارێتەوە، یان کێشەکە دوا بخات.
زۆرێک لەو ئابوریناسانە لێرەدا دەکەونە هەڵەیەکی تیۆریکیەوە، چونکە هەموو داهاتێکی دارایی بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی وەک سەرچاوەیەکی سەربەخۆی بەها لێک لێکدەدەنەوە، بەڵام لە ڕوانگەی مارکسەوە، پرسەکە ئەوە نییە کە «پارە چۆن پارەی زیاتر دروست دەکات؟»، بەڵکو ئەوەیە کە ئەو داهاتە دارایییە لەکۆتاییدا چۆن پەیوەندی بە بەهای زیادە و پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایەوە هەیە؟ ئەمە گرنگە، چونکە سودی بانکی، کرێی زەوی، داهاتی سەهم و شێوەکانی دیکەی داهاتی دارایی، لە کۆتاییدا پێویستیان بە بنەمایەکی کۆمەڵایەتیی بەرهەمهێنانی بەها هەیە.
لەبەر ئەمە، داراییکردن نابێت بە مانای “کۆتایی هاتنی سەرمایەداری بەرهەمهێنەر” یان “گۆڕینی قازانجی بەرهەمهێنان بە داهاتی دارایی” وەربگیرێت. بەپێچەوانەوە، لەڕوانگەی مارکسیستییەوە دەتوانرێت داراییکردن وەک شێوەیەکی گۆڕاو و ئاڵۆزی کەڵەکەبوونی سەرمایە ببینرێت، شێوەیەک کە تێیدا سەرمایە بۆ گەڕان بەدوای قازانجدا لە نێوان کەرتی بەرهەمهێنان و کەرتی داراییدا دەجوڵێت.
بەم پێیە، داراییکردن لە بنەڕەتدا کێشەیەکی سەربەخۆ لە “کەرتی دارایی” نییە، بەڵکو بەشێکە لە کێشەیەکی گشتیتر و ناوخۆیی سەرمایەداری: چۆن سەرمایە دەتوانێت کەڵەکە ببێت و قازانج بەردەوام بکات، کاتێک هەمان پرۆسەی کەڵەکەبوون سنوورەکانی خۆی دروست دەکات؟ لەم چوارچێوەیەدا، گەشەی کەرتی دارایی دەتوانێت وەک یەکێک لە شێوەکانی وەڵامدانەوەی سەرمایەداری بەو سنوورانە تێبگەینرێت، بەڵام نەک وەک چارەسەرێکی کۆتایی بۆ ئەوان.
کاتێک دەڵێن جیاکردنەوەی ئەم دوو چەمەکە بۆ لێکدانەوەکان گرنگە، چونکە یەکێکیان سەرنجمان دەباتە سەر بەرهەمهێنان و خواست و توانای کڕین، ئەوەی تریان سەرنجمان دەباتە سەر سەرمایە و کەڵەکبوون و بەدەستهێنانی قازانج و دەرهێنانی بەهای زیادە لەکاری زیندووی کرێکاران. ئەم جیاکاریە گرنگە، چونکە ئەگەر بڵێن زێدەبەرهەمهێنان هۆکاری قەیرانەکانە، ناتوانین وەڵامان هەبێت و ئەوە ڕوونبکەینەوە، بۆچی سەرمایە لەبواری بەرهەمدارەوە دەچێتە ناو بواری داراییکردنەوە، کە دەبێتە هۆکاری ئەوەی قەیرانی بنەڕەتی بگوازێتەوە بۆ بوارە داراییەکان، پاشان قەیرانەکە قوڵتربکاتەوە و قەیران و قەرزی و دارایی لێبکەوێتەوە، وەک نمونەی ئێستای قەیرانی سەرمایەداری جیهانی ئەم سەردەمە.
بەکورتی، “زیدەبەرهەمهێنان” باس لەچۆنیەتی دەرکەوتنی قەیرانەکان دەکات، لەکاتێکدا “زێدەڕۆیی کەڵەکەبوون” ڕوونکردنەوەیەکی پێکهاتەییتر پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی بۆچی ڕوودەدەن. یەکەمیان گرنگی بە بازاڕ و خواست دەدات، دووەمیان لەڕێژەی و دینامیکی سەرمایە دەڕوانێتە کێشەکە.
ئابوریناسە چەپەکان و” دۆسیەی “زیادە بەرهەمهێنان”
بەشێک لەئابوریناسە چەپەکان یان “مارکسیستەکان” دۆسیەی “زیادە بەرهەمهێنان” وەک هۆکاری قەیرانەکانی ژێر سەرمایەداری دەخەنەڕوو، ڕۆڵی یاسای مارکس (دابەزینی ڕێژەی قازانج مەیلی- بەرەو دابەزین) وەک پەیوەندیدار ڕەتدەکەنەوە. لەکاتێکدا هەم مارکس و هەم زۆربەی ئابوریناسانی نزیک لەمارکس، ئەم یاسایە بە هۆکاری بنەرەتی قەیرانی سەرمایەداری دەزانن. بەڵگەی زۆربەی ئەوان ئەوەیە کاتێک مارکس باسی ڕوونکردنەوەی هەر قەیرانێک لە سەدەی نۆزدەهەمدا کردوە، هیچ کاتێک باسی ئەم یاسایەی نەکردوە و هەمیشە ئاماژەیان بە ‘زیادە بەرهەمهێنان’ کردوە. یان هیچ بەڵگەیەکیش نییە کە دابەزینی ڕێژەی قازانج پێش قەیرانی هۆکارەکانی قەیرانە خولگەییەکان بێت لەسەرمایەداریدا. ئەمەش بەمانای ئەوەی کە قەیرانەکانی ژێر سیستەمی سەرمایەداری بەهۆی “زیێدە بەرهەمهێنان”ەوە دروست دەبن و پەیوەندی بە جوڵەی قازانج و قازانج لە کەڵەکەبوونی سەرمایەداریدا نییە.
باشە ئەوە شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە، چونکە تا ئەو کاتە مارکس یاسای قازانجی پەرە پێنەدابوو. یان ئەگەر ئەو بۆچوونانەیان ڕاست بێت، دەبێت ئێمە واز لەبەرگی سێیەمی کتێبی (سەرمایە) ی مارکس بهێنین و بیخەیەنە لاوە، چونکە ئەو یاسایە و شیکردنەوەی پانتاییەکی گەورەی لە فیکری مارکس، گرتووە لەکتێبەکەدا.
کاتێک ڕۆزا لۆکسمبورگ، شیکردنەوەی بۆ قەیراني ئابوری سەرمایەداری کرد، ئەو پێیوابوو کە قەیرانەکانی سیستەمی سەرمایەداری، لەبنەڕەتدا بەهۆی دیاردەی “زێدەبەرهەمهێنان” وەیە، چونکە نەبوونی هێزی کڕینی پێویست لەناوخۆی بازاڕی سەرمایەداریدا، سیستەمەکە بەرەو قەیران و داڕمان دەبات. لەبۆچونی ئەودا، کرێکاران تەنها بەشێکی کەم لەو بەهایە وەک کرێ وەردەگرنەوە کەخۆیان بەرهەمی دەهێنن، بۆیە هێزی کڕینیان سنوردار دەبێت، ناتوانن ئەو کاڵا بەرهەمهێنراوانە بکڕنەوە. هەروەها سەرمایەداران بەشێک لەقازانجەکانیان بۆ کڕینی کاڵای لۆکس و خۆشگوزەرانیەکان بەکاردەهێنن نەک بۆ کڕینی کاڵای بەکاربەر، بەڵام بەشە گەورەکەی پاشەکەوت دەکەنەوە سەرلەنوێ وەبەرهەمهێنانی پێدەکەنەوە بۆ بەرهەمهێانی زیاتر. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی دیاردەی “زێدەبەرهەمهێنان”، واتە بڕی کاڵای بەرهەمهێنراو، زۆر زیاتر دەبێت کەلەتوانای کڕینی کۆمەڵگەدا نییە.
بەبڕوای ڕۆزا، ئیمپریالزم و داگیرکاری وڵاتە سەرمایەدارە گەورەکان، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی قەیرانی “زێدەبەرهەمهێنان” ە، چونکە کاتێک بازاڕی ناوخۆیی تێر دەبێت، توانای کڕین کەمدەبێتەوە، ئەم دەوڵەتانە پەنا دەبەنە بەر داگیرکردنی ولاتانی تر لە ئەفەریقا و ئاسیا و شوێنەکانی تر بۆ دۆزینەوەی بازاڕی نوێ بۆ فرۆشتنی کاڵا زیادەکان و دۆزینەوەی دەرفەتی نوێ بۆ وەبەرهێنانی سەرمایە کەڵەکەبووەکانیان. کاتێکیش تەواوی جیهان دەبێتە سەرمایەداری و هیچ بازاڕێکی دەرەکی نامێنێت بۆ حەواندنەوەی کاڵا زیادە بەرهەمهێنراوەکان، قەیرانەکان توندوتیژ و زیاتر قوڵدەبێتەوە، پاشان شەڕی هێزە ئیمپریالیستیەکان بۆ دابەشکردنی بازارەکان شەڕو داڕمانی ئابوری لێدەکەوێتەوە، ئەمەش ڕێگا خۆش دەکات بۆ شۆڕشی سۆشیالستی.
مارکس – پرسی کەڵەکەبوون، قەیران
مارکس پێش ئەوەی بچێتە ناو باسی قەیرانەوە، بنەما تیۆرییەکەی خۆی سەبارەت بەپرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایە ڕوونکردەوە. بەبۆچوونی ئەو دەرکەوتنی ئاشکرای قەیران لەپرۆسەی سوڕانەوەی سەرمایەدا نابێت “هۆکاری” قەیرانەکە بشارێتەوە، کە لەشێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا هەیە. “گۆڕانکاری کاڵاکان” لەبازاڕدا قۆناغی جیاوازی یەک پرۆسەیە. نیشاندەری سەرەکی پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایە (کاڵا-پارە-کاڵا) نییە، بەڵکو (پارە-کاڵا- پارە) یە. بۆیە مارکس دەپرسێت: ئایا دەکرێت بەشێک لەبەهای زیادە ڕاستەوخۆ بچێتە ناو سەرمایەی نەگۆڕەوە بەبێ ئەوەی بفرۆشرێت و کەڵەکەبوونی سەرمایەو بەرهەم هێنانەوەی بەرفراوانی لێبکەوێتەوە؟
مارکسیش وەڵامەکەی ئەرێنییە، بۆ تێگەیشتن لەم پرسە، بۆیە دەڵێت: سەرەتا پێویستە بەکارهێنانی تاکی مرۆڤەکان بەتەواوی لاببرێت بۆ ئەوەی بتوانین تەنها سەرنجمان لەسەر بەکارهێنانی بەرهەمداربێت. وەک “ئاشکرایە”، زۆربەی کاڵاکان لەخودی پرۆسەی بەرهەمهێناندا بەکاردەهێنرێن. بەم پێیەش سەرمایە ڕۆڵی هەم فرۆشیار و هەم کڕیار دەگێڕێت.
لەکەڵەکەبوونی سەرمایەداریدا پرسیارێک هەیە بۆ گۆڕینی بەهای سەرمایەی سەرەتایی لەگەڵ ڕێژەی ئاسایی قازانجدا. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە کەڵەکەبوونی سەرمایە زۆر پەیوەندی بەڕێژەی قازانجەوە هەیە. لەبەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا ئەوەی گرنگە بەهای بەکارهێنانی دەستبەجێ نییە، بەڵکو بەهای ئاڵوگۆڕ و بەتایبەتی فراوانبوونی بەهای زیادەیە. ئەمە پاڵنەری بزوێنەری بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە. بۆیە ئەوە بەلگەنەویستە کە قازانج هێزی پاڵنەری سەرمایەدارییە، نەک بەرهەمهێنان (یان بەم شێوەیە زیادە بەرهەمهێنان). هەربۆیە کاتێک باس لە تەسفیەکردنی سەرمایە دەکرێت لەکاتی قەیرانەکاندا، مەبەست لەناوبردنی سەرمایەیە لەڕێگەی قەیرانەکانەوە، بەواتای دابەزینی بەهاکانی بەهاکانە کە ڕێگرییان لێدەکات لەپرۆسەی نوێکردنەوە و دووبارە بەرهەمهێنانەوەدا. ئەوە دابەزینی بەهایە، نەک داڕمانی خواست کە کلیلی قەیرانەکان و بوژانەوەی دواترە.
بەڵام مارکس لەشوێنێکدا دەڵێت: “قەیرانی هەمیشەیی بوونیان نییە”
لێرەدا گرنگە ئەمە ڕوونبکەینەوە، لەلای مارکس، کەڵەکەبوونی سەرمایە پرۆسەیەکی ناوخۆیی و بنەڕەتیی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە. سەرمایەدار لەپرۆسەی بەرهەمهێناندا لەکاری زیندووەوە زیادەبەها بەدەست دەهێنێت و پاشان بەشێک لەو زیادەبەهایە دووبارە وەک سەرمایە بەکار دەهێنێتەوە بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنان و زیادکردنی سەرمایە. بەم شێوەیە، کەڵەکەکردنی سەرمایە تەنها کۆکردنەوەی سامان نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوامە کە سەرمایە خۆی تێدا دووبارە بەرهەمدەهێنێتەوە و لەهەمان کاتدا پێکهاتەی پەیوەندییەکانی نێوان سەرمایە و کار دەگۆڕێت.
فراوانبوونی کەڵەکەکردن دەتوانێت بەرهەمهێنان بەشێوەیەکی زۆر گەورە بکات، بەڵام ئەم فراوانبوونە هەمیشە بەپێی تێپەربوونی کات ڕووبەڕووی داکشانی ڕێژەی قازانجەکە دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە ناکۆکی. لەو خاڵەدا ناکۆکیی نێوان پێویستی سەرمایە بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنان و ئامانجی، دەتوانێت سەرمایە بەرەو قەیران ببات. بۆیە قەیران لە تێۆریی مارکسدا ڕووداوێکی دەرەکی و ڕێکەوتی نییە، بەڵکو ئەنجامێکی ناوخۆییە کە لە جوڵەی کەڵەکەکردنی سەرمایەوە سەر هەڵدەدات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە بەو مانایە نییە کە قەیران بە شێوەیەکی هەمیشەیی و بێکۆتایی بەردەوام دەبێت، چونکە قەیران دەتوانێت لەڕێگەی لەناوچوونی بەشێک لە سەرمایە، کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و گۆڕینی مەرجەکانی کەڵەکەکردن، ڕێگا بۆ دەستپێکردنەوەی قۆناغێکی نوێی کەڵەکەکردن بکاتەوە.
لەبەر ئەمە، لە بیرکردنەوەی مارکسدا دەبێت جیاوازی لەنێوان “قەیرانی هەمیشەیی” و “ناکۆکییە هەمیشەبووەکانی کەڵەکەکردنی سەرمایە” بکرێت: قەیرانەکان دەتوانن کاتی و دووبارەبووەوە بن، بەڵام سەرچاوەی ئەو ناکۆکییەی کە قەیران دروست دەکات، لە خودی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییەوە سەرچاوە دەگرێت.
کاتێک مارکس تێبینییەک باس دەکات و دەڵێت کە “قەیرانی هەمیشەیی بوونیان نییە”. کەواتە مارکس ڕاستەوخۆ ئاماژە بە “کاتی” زۆری سەرمایە دەکات وەک پەیوەندیدار بە قەیرانەکانەوە – زیادەڕەوی لێرەدا بەواتای ڕێژەیی بە قازانج یان قازانج دێت، نەک خواست. لەوەش ڕوونتر دەڵێت: “گواستنەوە لە دەستەواژەی زیادە بەرهەمهێنانی کاڵاکانەوە بۆ دەستەواژەی زیادەڕۆیی سەرمایە.
یاسای قازانجی مارکس و قەیران
لە ئابوریی مارکسدا، جیاوازییەکی بنەڕەتی لەنێوان “ڕێژەی زێدەبەها” و “ڕێژەی قازانج” هەیە، هەرچەندە هەردووکیان دەربڕینی هەمان سەرچاوەی بەهای زیادە، واتە زێدەبەهان. ڕێژەی زێدەبەها پەیوەندیی نێوان زێدەبەها و سەرمایەی گۆڕاو دەردەخات، لەکاتێکدا ڕێژەی قازانج پەیوەندی نێوان هەمان زێدەبەها و کۆی سەرمایەی پێشخراو، واتە کۆی سەرمایەی جێگیر و گۆڕاو، پیشان دەدات. بەم پێیە، هەردوو ڕێژەکە هەمان بڕی زێدەبەها بە دوو پێوەری جیاواز دەخەنەڕوو، و جیاوازیی نێوانیان لە جیاوازیی بنەمای پێوانەکردنەوە سەرچاوە دەگرێت.
لەڕوانگەی شیکاریی مارکسەوە، بۆ تێگەیشتن لە گۆڕینی زێدەبەها بۆ قازانج، دەبێت لە ڕێژەی زێدەبەهاوە بۆ ڕێژەی قازانج بڕۆین، نەک بەپێچەوانەوە. ئەمەش گرنگە، چونکە زێدەبەها لەپڕۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییەوە سەرچاوە دەگرێت و لە پەیوەندیی نێوان کار و سەرمایەدا دروست دەبێت، بەڵام قازانج شێوەیەکی دەرەکی و دیاربووی هەمان بەهای زیادەیە کە لەسەرمایەدارییەکەدا وەک بەرهەمی هەموو سەرمایەکە دەردەکەوێت. لەو چوارچێوەیەدا، تێکڕای قازانج دەتوانێت وەک خاڵێکی دەستپێکی مێژوویی لەپەیوەندییە ئابورییە سەرمایەدارییەکاندا تێبگەین. بەڵام لەڕووی شیکارییەوە، زێدەبەها و ڕێژەی زێدەبەها بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ڕووی دیاردەکانی بازاڕدا دەرناکەون، بەڵکوو ناوەڕۆکێکی شاراوە و پەیوەندیدار بەپڕۆسەی بەرهەمهێنانی بەهای زیادەن و دەبێت لە ڕێگەی شیکردنەوەی زانستیی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانەوە دەستنیشان بکرێن. لەبەرامبەردا، قازانج و ڕێژەی قازانج لەئاستی دیاردەیی و ڕووکاریی سیستەمی سەرمایەداریدا شێوەیەکی ڕاستەوخۆتر دەردەکەون. بەم مانایە، قازانج شێوەیەکی گۆڕاو و دەرەکیی زێدەبەهایە، لەکاتێکدا زێدەبەها ناوەڕۆکی ئەو پەیوەندییەیە کە لە پشت ئەو شێوە دەرەکییەوە هەیە.
لەهەمان چوارچێوەدا، ڕێژەی قازانج لەگەڵ کاتی سوڕانەوەی سەرمایەدا پەیوەندییەکی پێچەوانەی هەیە. واتە، بەمەرجێک کە گۆڕاوەکانی تری کاریگەری لەسەر ڕێژەی قازانج- وەک پێکهاتەی سەرمایە، ڕێژەی زێدەبەها و کاتی کار- لە نێوان سەرمایەداران یەکسان بن، درێژبوونەوەی کاتی سوڕانەوەی سەرمایە دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی قازانج. لەبەر ئەوەی سەرمایەی بەکارهاتوو بۆ ماوەیەکی درێژتر لە پڕۆسەی سوڕانەوەدا گیراوە و توانای گەڕانەوەی خێرا و دووبارە بەکارهێنانەوەی کەمتر دەبێت. بەڵام ئەگەر ئەم گۆڕاوە بنەڕەتییانە لەنێوان سەرمایەداراندا جیاواز بن، وەک جیاوازی لە کاتی کار، ڕێژەی زێدەبەها یان ئاستی کرێی کار، ئەوا ڕێژەی قازانجیان دەتوانێت جیاواز بێت، تەنانەت ئەگەر لەهەمان دۆخی گشتیی ئابوریدا کار بکەن. بەم پێیە، هەموو جیاوازییەکانی ڕێژەی قازانج ناتوانرێت بەکاتی سوڕانەوەی سەرمایەوە ڕوونبکرێنەوە، چونکە هۆکارەکانی تر دەتوانن بە سەربەخۆیی کاریگەرییان لەسەر ئەم ڕێژەیە هەبێت.
لەئەنجامدا، بۆ شیکردنەوەی جیاوازیی ڕێژەکانی قازانج، پێویستە لەنێوان ئەو هۆکارانەی کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بەسوڕانەوەی سەرمایەوە هەیە و ئەو هۆکارانەی کە لە پێکهاتەی سەرمایە، ڕێژەی زێدەبەها، کاتی کار و کرێی کارەوە سەرچاوە دەگرن، جیاوازی بکرێت. ئەم جیاکردنەوەیە ڕێگە دەدات پەیوەندیی نێوان زێدەبەها و قازانجمان بۆ ڕوون بێتەوە، هەروەها گواستنەوەی ڕێژەی زێدەبەها بۆ ڕێژەی قازانج، بەشێوەیەکی تیۆری و شیکاریی وردتر تێبگەین.
مارکس سەرچاوەی هۆکاری قەیرانەکان بۆ مەسەلەی دەرهێنانی زێدەبەها و کەمبوونەوەی ئاستی رێژەی قازانج دەباتەوە، لەم نێوەشدا مارکس “یاسای ڕێژەی قازانج مەیلی- بەرەو دابەزین” پەرەپێدا. ئەم یاسایە ئاماژەیە بەوەی کە لەپەرەپێدانی سیستەمی سەرمایەداری، سەرمایەداران بەردەوام هەوڵدەدەن بە بەکارهێنانی ئامێرەکان، تەکنەلۆجیا و شێوازە نوێکانی بەرهەمهێنان، بەرهەم زیاتربکەن. بەهۆی ئەمەوە ڕێژەی سەرمایەی بەکارهاتوو لەو بوارانەدا زیاد دەبێت، لەکاتێکدا ڕۆڵی کاری مرۆیی لە بەرهەمهێناندا بەراورد بە سەرمایە کەمتر دەبێت. بەڵام کار سەرچاوەی بەهای زیادە و قازانجە، ئەم گۆڕانکارییە دەتوانێت لە درێژمەودادا مەیلێک بۆ دابەزینی ڕێژەی قازانج دروست بکات.
مارکس لەیاسای قازانجدا ئەوە ڕووندەکاتەوە، کە ئەگەر سەرمایەی نەگۆڕ زیاتر لەبەرانبەر سەرمایەی گۆڕاودا بەرزبێتەوە، ئەوا ڕێژەی قازانج دادەبەزێت. “رێژەی قازانج دادەبەزێت، چونکە بەهای سەرمایەی نەگۆڕ لەبەرامبەر سەرمایەی گۆڕاو بەرزبووەتەوە و سەرمایەی گۆڕاو کەمتر بەکاردەهێنرێت”… لێرەوە قەیران “قەیرانی کار و قەیرانی سەرمایە”یە. لەگەڵ ڕێژەی قازانج “کەمبوونەوەی… ئەوە حاڵەتێکی زیادە بەرهەمهێنانی سەرمایەی نەگۆڕە.”… “قەیرانەکان بەهۆی زیادە بەرهەمهێنانی سەرمایەی نەگۆڕەوەیە”.
بەڵام مارکس ئەمەی بەمانای دابەزینی بەردەوام و بێ وەستانی قازانج ناگرێت، بەڵکو «مەیل»ێکە کە دەتوانێت بەهۆی هەندێک هۆکاری دژەوە کەم بکرێتەوە یان دوا بخرێت. بۆ نموونە، زیادکردنی چەوساندنەوەی کرێکاران، کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و فراوانکردنی بازاڕ دەتوانن بۆ ماوەیەک ڕێژەی قازانج بەرزتر بکەن، بەڵام لەدرێژخایەندا بەرەو قەیرانێک هەنگاو دەنێت. بۆیە لە تیۆری مارکسدا ئەم یاسایە بەشێکە لە شیکردنەوەی ناوخۆیی و ناکۆکییەکانی سیستەمی سەرمایەداری.
پۆڵ ماتیک بیرمەندی مارکسیستی سەدەی رابردوو، دەڵێت:
“یاسای مارکس دوو لێواری هەیە، تەنانەت ئەگەر ڕێژەی قازانجیش دابەزێت، ئەگەری ئەوە هەیە کەبارستەی قازانجەکان بەرزبێتەوە، ئەمەش دەتوانێت پارێزگاری لەبەرزبوونەوەی بەرهەمهێنان بکات. سەرەڕای ئەمەش، دابەزینی تێکرای ڕێژەی قازانج بەشێوەی بەردەوام، لەکۆتاییدا دەبێتە پێچەوانبوونەوە و خاوبوونەوەی بەرزبوونەوەی باراستەی قازانج، کاتێکیش تێکرای ڕێژەی قازانج دادەبەزێت بۆ خاڵێک کەتێدا بارستەی قازانج دادەبەزێت، لەم خاڵە وەچەرخانەدا بوار بۆ قەیرانەکان دەکاتەوە. سەرەتا قازانج دادەبەزێت، پاشان وەبەرهێنان دادەبەزێت”.
“زێدەبەرهەمهێنان” یان “کەڵەکەبوون” لەقەیرانەکاندا
مارکس “زێدەبەرهەمهێنان” وەک یەکێک لە ڕەگ وڕیشەکانی قەیرانی سەرمایەداری لێکدەداتەوە. لە دیدی ئەوەوە، نابێت زیادەبەرهەمهێنان بەسادەیی وەک ئەوە تێبگەین کە لەکایە تاکەکانی بەرهەمهێناندا کاڵا زیاتر لە پێویستی بەرهەمهێنراوە, چونکە ئەمە دەتوانێت تەنها بەشێک لەکێشەکە بێت و ببێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی بەشەکی بەهۆی ناڕێژەیی لە نێوان بەشەکانی بەرهەمهێنان.
مارکس ئەگەری سەرهەڵدانی قەیران لەئەنجامی بەرهەمهێنانی ناڕێژەیی لە نێوان کایە جیاوازەکانی بەرهەمهێناندا بە تەواوی ڕەتناکاتەوە. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە “بێئەوەی بڵێین، ئینکاری ئەوە ناکرێت کە ڕەنگە زۆر لە کایە تاکەکەسییەکان بەرهەمبهێنرێت و بەم شێوەیە قەیرانی بەشەکی لەبەر بەرهەمهێنانی ناڕێژەیی سەرهەڵبدات”. بەڵام، لەهەمان کاتدا، جەخت دەکاتەوە کە “ئێمە لێرەدا باس لە قەیران ناکەین تا ئەو ڕادەیەی کە لە بەرهەمهێنانی ناڕێژەیی سەرهەڵدەدات”.
ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە لەتێڕوانینی مارکسدا، بەرهەمهێنانی ناڕێژەیی دەتوانێت یەکێک لە دەرفەتەکانی سەرهەڵدانی قەیران بێت، بەڵام نابێت وەک هۆکاری بنەڕەتیی قەیرانی سەرمایەداری لێکبدرێتەوە. بۆیە، بۆ تێگەیشتن لە بنەمای قەیران، پێویستە سەرنج بخرێتە سەر خودی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەی کە بەرهەمهێنان لەچوارچێوەی ئەو سیستەمەدا ڕێکدەخات. لەسەرمایەداریدا، بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی سەرەکی نە بەپێی پێداویستییە ڕاستەوخۆ و کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکو بەپێی پێویستییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایە و گەشەکردنی قازانج ڕێکدەخرێت. لەبەرئەمە، مارکس جەخت لەوە دەکاتەوە کە «سنوورەکانی بەرهەمهێنان بەقازانجی سەرمایەدار دانراون و بەهیچ شێوەیەک لەلایەن پێداویستییەکانی بەرهەمهێنەرانەوە [دیاری ناکرێن]. لەو ڕوانگەیەوە، کێشەکە تەنها لەوەدا نییە کە کاڵا بە ڕادەیەکی زۆر بەرهەم دەهێنرێت، بەڵکو لەوەدایە کە بەرهەمهێنانی سەرمایەداری خۆی لەسەر بنەمای پەرەپێدانی بەردەوامی تواناکانی بەرهەمهێنان و بەدەستهێنانی قازانج دامەزراوە، لەکاتێکدا کەتوانای بەکارهێنان و توانای کڕینی کۆمەڵگە بە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی داهات سنووردار دەکرێت. بەم شێوەیە، “زێدەبەرهەمهێنان” دەبێتە دەربڕینی ناکۆکییەکی بنەڕەتی لە نێوان تواناکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگە و ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەی کە ئەم توانایانە لە چوارچێوەی خۆیدا ڕێکدەخات. قەیران، لەم ڕوانگەیەوە، تەنها دەرئەنجامی زۆربوونی کاڵا یان کەمبوونی توانای کڕین نییە! بەڵکو شێوەیەکی دەربڕینی ناکۆکییەکانی ناوخۆی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە، کە تێیدا گەشەکردنی تواناکانی بەرهەمهێنان بە سنوورەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایە دەیسەپێنێت.
مارکس، لە تیۆرییەکانی بەهای زیادە، بەشی دووەم، بەشی ١٧، دا دەنووسیت:
“قەیران تەنها ئەنجامی “زۆربوونی کاڵا” نییە، بەڵکو دەرئەنجامی ناکۆکیی نێوان پەرەپێدانی توانای بەرهەمهێنان”
لەڕاستیدا مارکس لەشوێنی دیکەدا بەشێوەیەکی ڕوونتر دەڵێت:
“ئەوە ئەو بەربەستەیە کە قازانجی سەرمایەدارەکان داناوە، کە بنەمای زیادە بەرهەمهێنان پێکدەهێنێت.”…”زیادە بەرهەمهێنان بەتایبەتی بە یاسای گشتی بەرهەمهێنانی سەرمایە مەرجدارە”. “کەڵەکەبوون” یش نەک تەنها بەندە بە ڕێژەی قازانج، بەڵکو بەندە بە بڕی قازانجەوە”. هەروەها “کەڵەکەبوون” لای خۆیەوە ڕاستەوخۆ بە ڕێژەی بەهای زیادە دیاری ناکرێت، بەڵکو بەڕێژەی بەهای زیادە بۆ کۆی خەرجکردنی سەرمایە، واتە ڕێژەی قازانج و تەنانەت زیاتریش بە کۆی گشتی بڕی قازانج. دیاریدەکرێت” هەروەها مارکس ئاماژە دەکات:
“دابەزینی وەرزی بەهای سەرمایەی هەبوو، ئەو ئامرازانە پێشکەش دەکات کە لەبەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا هەیە بۆ پشکنینی دابەزینی ڕێژەی قازانج و پەلەکردن لە کەڵەکەبوونی بەهای سەرمایە لەڕێگەی دروستبوونی سەرمایەی نوێوە ئەو هەلومەرجە هەبووە تێکدەدات کە لە چوارچێوەیدا پرۆسەی سووڕانەوە و بەرهەمهێنانەوەی سەرمایەدا ڕوودەدات، هەر بۆیەش وەستانی لەناکاو و قەیرانەکانی پرۆسەی بەرهەمهێنانی لەگەڵدایە”.
کەواتە ڕێژەی قازانج دادەبەزێت و پێویستە لەکۆتاییدا قەیرانێک هەبێت واتە دابەزینی بەهای سەرمایەی هەبوو، بۆ گەڕاندنەوەی قازانج و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی دووبارە بەرهەمهێانەوە. هەموو ئەم بەڵگانە ئاماژە بەوە دەکەن کە مارکس قازانجی وەک کلیلی جوڵەی کەڵەکەبوونی سەرمایە دەبینی و ئەوە زۆربوونی سەرمایە بە بەراورد بە قازانج کە دەبێتە هۆی زیادە بەرهەمهێنانی کاڵاکان واتە قەیرانەکان.
لەتێڕوانینی مارکسدا، قەیرانی خولگەیی لەناوخۆی پڕۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایەوە سەرچاوە دەگرێت. لەگەڵ کەڵەکەبوونی سەرمایە و گەشەکردنی هێزی بەرهەمهێنان، پێکهاتەی سەرمایە بە ئاراستەی زیادبوونی سەرمایەی نەگۆڕ دەگۆڕێت، لە کاتێکدا تەنها هێزی کاری زیندووە کە بەهای زیادە بەرهەم دەهێنێت. لە ئەنجامدا، ڕێژەی قازانج تووشی «مەیلی دابەزین» دەبێت و ئەمە دەتوانێت ناکۆکییەک لەنێوان گەشەی سەرمایە و توانای بەرهەمهێنانی قازانج دروست بکات.
بەم پێیە، کێشەی قەیران لە تێڕوانینی مارکسدا تەنها کەمبوونی بەکارهێنان نییە، بەڵکوو سنوورداربوونی توانای سەرمایە بۆ “فراوانکردنی بەها” و بەرهەمهێنانی قازانجە. کاتێک ڕێژەی قازانج بەئاستێک دادەبەزێت کە کەڵەکەبوونی نوێی سەرمایە کەمتر سەرنجی لەسەر دەبێت، بەرهەمهێنان تووشی وەستان و قەیران دەبێت. بەڵام قەیران لەهەمان کاتدا کە دەرئەنجامی ناکۆکییەکانی کەڵەکەبوونە، دەتوانێت بە ڕێکخستنەوە و کەمکردنەوەی بەهای سەرمایە، مەرجەکانی دەستپێکردنەوەی خولێکی نوێی کەڵەکەبوونیش دابین بکات. لەبەر ئەمە، مارکس قەیران بە شێوەیەکی ناوخۆیی بە یاسای قازانج و دینامیکی کەڵەکەبوونی سەرمایەوە پەیوەست دەکات.
کەواتە لەدیدگای مارکسەوە ئەوە ڕێژەی قازانجە کەهێزی پاڵنەری بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە. شتەکان تەنها بەمەرجێک بەرهەمدەهێنرێن کە بتوانرێت بە قازانج بەرهەم بهێنرێن. هەر بۆیە گەشەپێدانی بەرهەمهێنانی کار لە دابەزینی ڕێژەی قازانجەوە یاسایەک دروستدەکات کە لە خاڵێکی دیاریکراودا دێتە ناو ئەم ململانێی دژایەتییەوە، لەگەڵ ئەم گەشەسەندنە و دەبێت بەردەوام لە ڕێگەی قەیرانەکانەوە تێپەڕێنرێت.
مایکڵ ڕوبەرت، یەکێک لەشیکرەوەکانی ئابوری مارکس دەڵێت:
“هەندێک لێکدانەوەی تێزی” زێدەبەرهەمهێنان” هەیە کەشیکردنەوەکان بۆ ئەوە دەبنەوە، کە دابەزینی ڕێژەی قازانج دەبێتە هۆی دابەزینی گەشەی وەبەرهێنان و بەم پێیەش “چەقبەستن”، نەک قەیرانی خولگەیی. کەئەمەش ناکۆکە لەگەڵ شیکاری بۆ قەیرانەکان. یان پرسی پەیوەندی نێوان قازانج و بارستەی قازانج هەیە کەتەنانەت لەنیو شیکردنەوەکانی لایەنگرانی “زێدەبەرهەمهێناندا” هەیە، کە گرنگی تایبەتی خۆیە هەیە، چونکە ئەوەش کاتێکە کە بارستەی قازانجەکە دادەبەزێت، وەبەرهێنانەکە دەڕوخێت. بەڵام دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە مارکس خاوەنی تیۆری چەقبەستوویی هاوشێوەی “کینز” نییە، کە نزیکایەتی لەگەڵ ئەو ڕەوتەدا هەیە. لەماوەی پاشەکشەو چەقبەستن و بەردەوام بوونیشیدا بەشێک لەسەرمایەدارەکان بەرهەم هێنانیان دەوەستێنن، بەڵام هەندێکی تر دەتوانن ئەو شوێنە ئابورییە بەتاڵە پڕبکەنەوەو بەرهەمهێنان زیادبکەن. سەرەتا وەبەرهێنانی نەگۆڕی پوختە زیاد ناکات، بەڵکو تەنها وەبەرهێنەران لەبەکارهێنانی توانای سەرچاوە داراییەکان (سەروەت وسامان)ی بەردەست زیاد دەکەن. هەربۆیە کارایی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان زیاد ناکات و بەمەش فۆڕمی پێکهاتەی سەرمایە زیاد نابێت. لەئەنجامی بەکارهێنانی توانای زیاترش دابەزینی بەهای سەرمایە خێراتردەبێت و هاوکات بەهاکەی کەمدەبێتەوە”
لەڕاستیدا ئەگەر بمانەوێت پەیوەندی نێوان زیادە بەرهەمهێنان و قەیرانەکان ڕوون بکرینەوە. دەبێت هەر بگەڕێنەوە بۆ یاساکەی مارکس. چونکە لەگەڵ دابەزینی ڕێژەی قازانج، لەکۆتاییدا دەتوانێت ببێتە هۆی دابەزینی بارستەی قازانج. لەم حاڵەتەدا کەڵەکەبوونی زۆری سەرمایە بوونی هەیە کە وەک بەرهەمهێنانی زیادەی کاڵاکان بە نرخەکانی ئێستا دەربڕدراوە. ئەو زیادە بەرهەمهێنانە بەدابەزینی بەهای سەرمایە (هەم سەرمایەی نەگۆڕ و هەم کار) چارەسەر دەبێت و کە بەفیڕۆدانی کاڵاکان دەگرێتەوە. بەم شێوەیە کەڵەکەبوونی زۆری سەرمایەیە، کەدەبێتە هۆی زیاد بەرهەمهێنانی کاڵاکان. بەم پێیە زیادە بەرهەمهێنانی کاڵاکان وەسفی قەیرانەکانە، بەڵام هۆکارەکەی نییە. هەروەک مارکس ئاماژەی پێدەکات:
“قەیران بەهۆی کەم کەڵەکەبوون یان کەم وەبەرهێنانەوە (نابێت)، بەڵکو بەهۆی زیادە کەڵەکەبوون یان زیادە وەبەرهێنانەوەیە.” بەڵام ئەوە بە واتای زیادەڕۆیی کەڵەکەبوونە بە بەراورد بە قازانج یان قازانج، نەک “خواست”. هەروەک مارکس لە بەرگی سێیەمی کەپیتاڵدا ئاماژەی پێدەکات:
“شتێک نییە بە ناوی زیادە بەرهەمهێنانی گشتی لە پێوەندی لەگەڵ پێداویستییەکانی مرۆڤدا هەربۆیە ” زێدەبەرهەمهێنان”زیاتر چەواشەکارانەیە، بەڵکو پێویستە بگوترێت: “لەسەر بنەمای بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، هەمیشە کەمی بەرهەمهێنان هەیە”.
تێزی “زێدە بەرهەمهێنان” وا گریمانە دەکات کە دابینکردن و خواست سەربەخۆن لەیەکتری. کە ئەوە بەدڵنیاییەوە تیۆری مارکسیستی نییە. ناتەبایی نێوان دابینکردن و خواست، دەرئەنجامی قەیرانەکەیە نەک هۆکارەکەی. لێرەدا دەتوانرێت پرسیارێک بکرێت. ئەگەر دابینکردن لەگەڵ خواستدا هاوتەریب بێت، ئایا قەیرانی بەرهەمهێنان دەتوانێت بەدیبێت؟ یاسای قازانجی مارکس دەڵێت دەتوانێت و دەیکات، چونکە قەیرانەکان بەهۆی ناتەبایی بەرهەمهێنانەوە نییە بەسەر خواستدا، بەڵکو ناتەبایی نێوان کەڵەکەبوونی سەرمایە و قازانجە.
خاڵێکی تری هەیە کە جێگای سەرنجە، ئەوەیە کە ئەوان دابەزینی ڕێژەی قازانج بەهۆی چڕبوونەوەی کێبڕکێی سەرمایەدارییەوە ڕووندەکەنەوە. بەڵام، وەک مارکس ئاماژەی پێ دەکات، پێویستە پەیوەندییەکە بەپێچەوانەوە بخوێندرێتەوە: ئەوە دابەزینی ڕێژەی قازانجە کە خەباتی کێبڕکێ وروژێنێت، نەک کێبڕکێ ببێتە هۆی دابەزینی قازانج. لەڕوانگەی مارکسەوە، هۆکاری بنەڕەتیی ئەم دابەزینە چڕبوونەوەی کێبڕکێ یان بەرزبوونەوەی کرێ نییە، بەڵکو بەرزبوونەوەی پێکهاتەی ئۆرگانیکی سەرمایەیە. چونکە تەنها کاری زیندووی کرێکارە کە بەهای زیادە بەرهەمدەهێنێت، زیادبوونی بەشی سەرمایەی نەگۆڕاو بەراورد بە سەرمایەی گۆڕاو، فشار لەسەر ڕێژەی قازانج دروستدەکات. بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەهای زیادە و هۆکارەکانی تریش تەنها هۆکارەکانی بەرپەرچدانەوەن، نەک سەرچاوەی بنەڕەتیی یاساکە. بۆیە، کێبڕکێ زیاتر وەڵامی سەرمایەدارانە بۆ دابەزینی قازانج، نەک هۆکاری سەرەکیی ئەو دابەزینە.
یاسای مەیلی دابەزینی ڕێژەی قازانج، یاسایەکی میکانیکی و چەقبەستوو نییە، بەڵکوو یاسایەکە کەمەرج و ڕێڕەوی سەرهەڵدانی قەیرانە خولییەکانی ئابوری ڕووندەکاتەوە. دابەزینی ڕێژەی قازانج دەتوانێت بەهێواشی ڕووبدات و ئابووری بۆ ماوەیەکی درێژ بە فراوانبوون بەردەوام بێت، بێئەوەی قەیرانێکی گەورە ڕووبدات. بۆیە، بۆ گواستنەوە لە «ئەگەری قەیران» بۆ تیۆرییەکی واقیعی قەیران، پێویستە خاڵێکی وەرچەرخان دیاری بکرێت. مارکس ئەم خاڵە لە ڕێڕەوی بەهای زیادەی بەدیهاتوو، یان قازانج، دەبینێت: لەگەڵ دابەزینی ڕێژەی قازانج، خاڵێک دێت کە قازانجی پوختی بەکۆمەڵ بوەستێت و دواتر دەست بە دابەزین بکات. ئەمە «ساتەکەی مارکس» یان خاڵی «زۆرکەڵەکەبوون»ە، لەم خاڵەدا هاندانی سەرمایەداران بۆ وەبەرهێنان لاواز دەبێت، فراوانبوونی سەرمایە خاودەبێتەوە. ئەمەیە کە دەتوانرێت پێی بڵێین “ساتەکەی مارکس” یان خاڵی “زۆر کەڵەکەبوون” لەم خاڵە وەرچەرخانەدا سەرمایەدارەکان خۆیان لە وەبەرهێنان بەدوور دەگرن و سیستەمەکە دەچێتە خوارەوە بۆ قەیرانێک.
تێزی “زێدە بەرهەمهێنان” ئەم بۆچوونە ڕەتدەکەنەوە بەو پاساوەی کە ئەم زیادە کەڵەکەبوونە ڕەهایە تەنیا “ئەگەرێکی تیۆری”یە و تەنیا بەهۆی بەرزبوونەوەی کرێکانەوەیە کە دابەزینی قازانجەکان ڕوودەدات، هەروەها ئەوەش زیاد دەکەن کە “نابینین تیۆرێکی گشتی قەیرانەکانی سەرمایەداری لەم حاڵەتە گریمانەییەدا وەربگیرێت. هەروەها نازانین کە “زیادەبەدەر بەرهەمهێنانی ڕەها”ی سەرمایە لەهیچ وڵاتێکدا ڕوویداوە؟ لەڕاستییدا مارکس ڕەهایی بەسەر کەڵەکەبووندا تەنیا وەک ئەگەرێکی تیۆری یان کەیسێکی گریمانەیی نەبینیوە، بەڵکو وەک دەرئەنجامی لۆژیکی یاساکەی لە پێوەندی لەگەڵ قەیرانەکاندا چاوی لەکردوە. ڕەهایی زیادە کەڵەکەبوون، وەک لە دابەزینی بارستەی قازانجدایە کە پێش قەیرانەکان ڕوودەدات.
لایەنگرانی تێزی «زێدەبەرهەمهێنان» پێیان وایە کە مەیلی سەرمایەداری بۆ زێدەبەرهەمهێنان، لەڕووی لۆژیکییەوە، پێش ئەو پرسیارە دێت کە ئایا ڕێژەی قازانج مەیلی دابەزینی هەیە یان نا. بەڵام مارکس، لەڕێگەی زنجیرەیەکی لۆژیکیی ڕوونەوە، پیشانی دەدات کە لە ڕاستیدا پێچەوانەکە ڕاستە؛ واتە دابەزینی ڕێژەی قازانج دەتوانێت بە شێوەیەکی بنەڕەتی بە مەیلی سەرمایەداری بۆ زێدەبەرهەمهێنان پەیوەندیدار بێت.
لەلای تێزی “زێدە بەرهەمهێنان”، “بەهای ئەو کاڵایانەی کەسەرمایەی نەگۆڕ پێکدەهێنێت، بەڕێژەی بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنان دادەبەزێت، ڕێژەی قازانجیش دابەزێت، ئەمەش کێشەیەکی سەرەکییە لەو یاسایەی مارکس دایڕشتووە. یەکێک لە هۆکارەکانی بەرپەرچدانەوە بۆ دۆخەکە هەرزانکردنی سەرمایەی نەگۆڕ دەبێت لەڕێگەی زیادکردنی بەرهەمهێنانەوە. بەڵام ئەو هۆکارە بەرپەرچدانەوەیە، لەکۆتاییدا ناتوانێت بەسەر یاساکەدا زاڵبێت. بەرزبوونەوەی سەرمایەی نەگۆڕ بەسەر سەرمایەی گۆڕاودا (لەچوارچێوەی بەهای کاڵاکە) و لەڕووی نرخەوە تایبەتمەندییەکی خۆبەخۆی گەشەی سەرمایەداری مۆدێرنە.
خاڵێکی تری گرنگیش هەیە کەپێوستە ئاماژەی پێبکەین، ئەویش سەبارەت بەتێچووی بەرهەمهێنانە و کاریگەری لەسەر ڕێژەی قازانج کاتێک تەکنۆلۆژیا زیاتر پێشدەکەویت. هەروەک ئابوریناسی بەناوبانگی مارکسیستی جیهانی “ڕایا دوایێڤسکایا” ئاماژەی پێدەکات:
” شۆڕشە بەردەوامە تەکنەلۆژییەکان وا دەکات ئەو کاتە پێویستەی بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی بەرهەمێکی سبەی کەمتر بێت لەو کاتەی کەئەمڕۆ پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمەکە. پاشان ئەوەی پەیوەندە بە مەسەلەی تێچوونی بەرهەمهێنانەوە ” زیادەڕەوی تێچوون ” دێتە سەر هەموو کاڵاکان. پاشان ئەو قەیرانەی کە بەدوایدا دێت بەهۆی کەمی ‘خواستی کاریگەر’ەوە نییە … کە ‘ناتوانایی لە فرۆشتن’ خۆی بەو شێوەیە دەردەخات، بەڵکو بەهۆی دابەزینی بنەڕەتی پێشینەی ڕێژەکە لەقازانجدا، کە هیچ پەیوەندییەکی بەبێتوانایی فرۆشتنەوە نییە”.
لێرەدا مەبەست لەوەیە، کە شۆڕشە بەردەوامە تەکنەلۆژییەکان لەبواری بەرهەمهێناندا، بەشێوەیەکی بەردەوام، کاتی کار و تێچووی پێویست بۆ دووبارەبەرهەمهێنانەوەی کاڵاکان کەمدەکەنەوە. بەرهەمێکی نوێ کە سبەی بەرهەم دەهێنرێت، لە زۆر حاڵەتدا بەکاتێکی کەمتر و بەتێچوویەکی کەمتر لەوەی ئەمڕۆ پێویستە، دەتوانێت بەرهەم بهێنرێت. ئەمەش واتای ئەوەیە کە پێشکەوتنی تەکنەلۆژی، لەهەمان کاتدا کە توانای بەرهەمهێنان زیاد دەکات، بەهای کۆمەڵایەتیی کاڵاکان و سەرمایەی پێشتر کەبەبەها زۆرەکان بەدەستهاتووە، زۆر گەورەترە بەبەراوور بەبەرهەمی بەهای کەمتری ئەمڕۆ.لێرەدا کێشەی “سەرمایەی زیادە” سەرهەڵدەدات. سەرمایەیەک کە لەڕابردوودا بەتێچوویەکی بەرزتر بەدەست هاتووە، لەگەڵ ئەو سەرمایەیەی کە لە دۆخی نوێی تەکنەلۆژییدا بە تێچوویەکی کەمتر دەتوانرێت جێگای پێبگیرێتەوە، ئەمەش ناکۆکییەکی بنەڕەتی تێدایە. بەهای سەرمایەی کۆن هێشتا بارێکی مێژوویی لەخۆ دەگرێت، لە کاتێکدا تێچووی دووبارەبەرهەمهێنانەوەی هەمان توانای بەرهەمهێنان لە دۆخی نوێدا کەمترە.
هەر لەبەر ئەم خاڵەشە، قەیرانی سەرمایەداری نابێت تەنها بە “کەمی خواستی کاریگەر” یان بە “ناتوانینی فرۆشتن” لێکبدرێتەوە. ناتوانینی فرۆشتن دەتوانێت دەرئەنجامی قووڵترینی ئەو ناکۆکییە بنەڕەتییە بێت کە لەنێوان بەهای سەرمایەی کۆن و مەرجە نوێکانی بەرهەمهێنان دروست بووە. بەم مانایە، کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە کاڵاکان کڕیاریان نییە، بەڵکو ئەوەیە کەبەهای ئەو سەرمایەیەی کە لەبەرهەمهێنانی ئەو کاڵایانەدا بەکار هاتووە، لەگەڵ گۆڕانی مەرجەکانی بەرهەمهێناندا دابەزیوە.
مارکس لە شیکردنەوەی قەیراندا گرنگییەکی تایبەت بەو پڕۆسەیە دەدات کە لەڕێگەیەوە بەشێک لە سەرمایە لە بەهای پێشووی خۆی دادەبەزێت. بەشێک لە کاڵاکانی بەردەست لەبازاڕ ناتوانن پڕۆسەی سوڕانەوە و دووبارەبەرهەمهێنانەوەی ئەو سەرمایەیەی کە نوێنەرایەتی دەکەن تەواو بکەن، مەگەر بە دابەزاندنی بەرچاو لە نرخی فرۆشتنیان نەبێت. بەواتایەکی تر، ئەوەی لەقەیراندا ڕوودەدات تەنها نەفرۆشتنی کاڵا نییە، بەڵکو پڕۆسەیەکی بەهاکەمکردنەوەی سەرمایەیە، واتە سەرمایە ناچار دەبێت بەهای خۆی لەگەڵ مەرجە گۆڕاوەکانی بازاڕ و بەرهەمهێنان بگونجێنێت. لەهەمان چوارچێوەدا، دابەزینی بەهای یەکەی بەرهەم دەتوانێت بە شێوەیەکی هاوشێوە ببێتە هۆی دابەزینی بەهای سەرچاوەکانی سەرمایە. لێرەدا ناکۆکییەکی گرنگ لەنێوان “تێچووی ڕابردوو” و “تێچووی جێگرەوە” سەرهەڵدەدات. سەرمایەی کۆن بەپێی تێچووی ڕابردووی خۆی هەژمار کراوە، بەڵام لە دۆخی نوێی تەکنەلۆژی و بەرهەمهێناندا، هەمان سەرمایە یان هەمان توانای بەرهەمهێنان دەتوانرێت بە تێچوویەکی کەمتر دووبارە بەرهەم بهێنرێتەوە. بەم شێوەیە، بەهای سەرمایەی پێشوو لەگەڵ ئەو بەهایەی کە لەمەرجە نوێکانی بەرهەمهێناندا پێویستە بۆ دروستکردنی هەمان توانای بەرهەمهێنان، دەتوانێت ناکۆک بێت.
ئەم ناکۆکییە، بە پێچەوانەی ئەوەی لە مۆدێلێکی تەنها ژمێریاری و حیسابیدا دەردەکەوێت، بە شێوەیەکی بێ زیان و تەنها لەسەر کاغەز چارەسەر نابێت. بەڵکو لە قەیران و لە پڕۆسەی قەیراندا، بەشێک لە سەرمایەی کۆن بە زۆر ناچار دەکرێت بەهای خۆی دابەزێنێت و خۆی لەگەڵ مەرجە نوێکانی بەرهەمهێنان بگونجێنێت. ئەم پڕۆسەیە دەتوانێت بەشێوەی دابەزینی نرخی دارایییەکان، مایەپوچبوونی کۆمپانیاکان، داخستنی بەشێک لە کارگە و دامەزراوە بەرهەمهێنەرەکان، کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و لەناوچوونی بەشێک لە سەرمایەی ماددی و دارایییەکان دەربکەوێت.
لێرەدا جیاوازیی نێوان ڕوانگەی مارکس و ڕوانگەی بەشێک لە ئابوریناسە چەپەکان بەشێوەیەکی ڕوونتر دەردەکەوێت. لەچوارچێوەی ڕوانگەی دووەمدا، دابەزینی بەهای سەرمایە دەتوانرێت وەک ئەنجامی گۆڕانی تێچووی جێگرەوە تێبگەین، واتە بەهای سەرمایە خۆی لەگەڵ مەرجە نوێکانی بەرهەمهێناندا دەگونجێنێت. لەم تێڕوانینەدا، دابەزینی بەها دەتوانێت وەک گۆڕانێکی ژمێریاری یان حیسابی سەیر بکرێت، بێ ئەوەی بەپێویستی پڕۆسەیەکی قەیرانی و لەناوبردنی ماددی سەرمایەی پێشوو بێت.
لەهەمان کاتدا، ئەم پڕۆسەی لەناوبردن و دابەزاندنی بەهای سەرمایە دەتوانێت مەرجێک بۆ سەرهەڵدانی مەیلی بەرزبوونەوەی ڕێژەی قازانج دابینبکات. کاتێک بەهای سەرمایەی کۆن دادەبەزێت و تێچووی جێگرەوەی سەرمایە کەمتر دەبێت، پەیوەندیی نێوان قازانج و بەهای سەرمایەی پێشوو دەتوانێت بگۆڕێت. لەئەنجامدا، ئەگەر مەرجەکانی تر بگونجێن، دابەزینی بەهای سەرمایە دەتوانێت لە داهاتوودا مەیلی بەرزبوونەوەی ڕێژەی قازانج دروستبکات. بەم شێوەیە، لەڕوانگەی مارکسەوە، قەیران لەهەمان کاتدا کە وێرانکەرە، دەتوانێت مەرجەکانی نوێی کۆکردنەوەی سەرمایە و سەرهەڵدانی قۆناغێکی نوێی بەرهەمهێنانیش دابینبکات.
لەبەر ئەمە، قەیران لەتیۆری مارکسدا تەنها “کێشەی فرۆشتن” نییە، بەڵکو شێوەیەکی تایبەتی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی خۆی سەرمایەدارییە. قەیران بەشێک لەسەرمایەی پێشوو لەناو دەبات، بەهای بەشێکی دیکەی دادەخات و بەو شێوەیە مەرج بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی دووبارەبەرهەمهێنانەوەی سەرمایە لە ئاستێکی نوێدا دروستدەکات. لەکۆتاییدا، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە دابەزینی بەهای سەرمایە نابێت بە شێوەیەکی میکانیکی بە “زیادبوونی ڕێژەی قازانج” یەکسان بکرێت. ئەگەر ئەم دابەزینە لەڕێگەی قەیران، مایەپوچبوون و لەناوبردنی سەرمایەی پێشووەوە ڕووبدات، ئەوا بەرزبوونەوەی دواتری ڕێژەی قازانج بەهایەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی هەیە. بەم مانایە، قەیران نەک تەنها بەربەستێک لە بەرهەمهێنانە، بەڵکو میکانیزمێکە کە سەرمایەداری لەڕێگەی لەناوبردنی بەشێک لە سەرمایەی کۆنەوە، مەرجەکانی نوێی بەرهەمهێنان ئامادە دەکاتەوە.
ئەنجام و کۆتایی
لە کۆتاییدا، دەگەینە پێگەی ڕاستەقینەی لایەنگرانی تێزی “زێدە بەرهەمهێنان، واتە ڕەتکردنەوەی تەواوەتی ئەوەی مارکس لە بەشی ١٣ تا ١٥ی بەرگی سێیەمدا نووسیویەتی.
لایەنگرانی تێزی “زێدە بەرهەمهێنان” دەڵێن، کە “ڕوون نییە بۆچی ڕێژەی قازانج لە درێژخایەندا لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمهێناندا دادەبەزێت.“ ئەوە هەر بنەمای ئەو یاسایەیە کە لەیاسای گشتی کەڵەکەبوونی مارکس لەبەرگی یەکەمدا سەرچاوە دەگرێت کە سەرمایەدارەکان تەکنەلۆژیای زیاتر وەبەرهێنان دەکەن بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان و بەدەستهێنانی سوود بەسەر ڕکابەرەکانیان، پاشان بۆ تەواوکردنی ئەمە لەبەرگی سێیەدام نیشانیدەدات کە لەم کارەدا ڕێژەی قازانج مەیلی دابەزینی هەیە و لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرهەمهێناندا دژایەتی دەکات.
کەواتە دەتوانین بڵێن ئەوەی کە ڕوودەدات لەسەردەمی قەیرانەکاندا ” زیادەڕۆیی کەڵەکەبوون” دایە. بۆ مارکس کەڵەکەبوون دەتوانێت بەشداربێت لە قەیرانەکاندا، بەڵام ئەوە تەنها “زیادەڕۆیی سەرمایە“ نییە کە دەبێتە هۆی دابەزینی قازانجەکان” ، چونکە میکانیزمەکە تایبەتترە. هەروەک مارکس ئاماژەی پێەکات:
” کەڵەکەبوون” بەرهەمهێنان بەرزدەکاتەوە. کێبڕکێ پاڵ بەسەرمایەدارانەوە دەنێت بۆ وەبەرهێنان لەئامێر و تەکنەلۆژیادا، ئەمەش ڕێژەی سەرمایەی نەگۆڕ بەبەراورد بە سەرمایەی گۆڕاو زیاد دەکات. لە ئەنجامدا ئەگەر بڕی سەرمایەی وەبەرهێنراو خێراتر لەهێزی کار بەکارهێنراو گەشە بکات، ئەوا ڕێژەی قازانجەکە مەیلی دابەزینی هەیە” . ڕێژەیەکی کەمی قازانج دەتوانێت وەبەرهێنانی نوێ بێهیوا بکات و کەڵەکەبوونی زیادە بەرهەمبهێنێت و بەشداری لە قەیرانەکاندا بکات.
بەڵام دەبێت ئاماژە بەوە بکەین، کە لە تێڕوانینی مارکسدا، کەڵەکەبوونی سەرمایە بەشێوەیەکی میکانیکی و حەتمی، هەرکاتێک بگاتە ئاستێکی دیاریکراو، بەقەیران کۆتایی نایەت. بەڵکو، پرۆسەی کەڵەکەبوون لەناو کۆمەڵێک مەیلی بەرەنگار و جێگرەوەدا جێبەجێ دەبێت، کە دەتوانن سەرهەڵدانی قەیران دوا بخەن یان کاریگەرییەکانی کەم بکەنەوە. بەرزبوونەوەی ئاستی سەرمایەگوزاری، کەمبوونەوەی نرخی کاڵاکانی سەرمایەی نەگۆڕ، فراوانبوونی بازرگانیی دەرەکی و دەستگەیشتن بە بازاڕە نوێیەکان، لەو میکانیزمانەن کە دەتوانن مەیلی سەرمایە بۆ قەیران بەرەنگار بکەنەوە. لەبەر ئەوە، پەیوەندیی نێوان کەڵەکەبوون و قەیران نابێت وەک پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و حەتمی تێبگەین؛ بەڵکو دەبێت وەک پەیوەندییەکی دیالێکتیکی تێبگەین کەتێیدا هەم مەیلی قەیرانساز هەیە و هەم هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەیلە بوونی هەیە.
لەهەمان چوارچێوەدا، یەکێک لەو میکانیزمانەی کە لەپرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایەدا گرنگیی تایبەتی هەیە، پەیوەندیی نێوان کەڵەکەبوونی سەرمایە و بەکارهێنانی هێزی کارە. کەڵەکەبوونی سەرمایە، بەتایبەتی لەگەڵ پەرەسەندنی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و زیادبوونی سەرمایەی نەگۆڕ، دەتوانێت پەیوەندیی نێوان سەرمایەی بەردەست بۆ بەکارهێنانی هێزی کار و ئەو مەرجانەی کە بەرهەمهێنانی قازانج دەستنیشان دەکەن، ئاڵۆز بکات. لەهەمان کاتدا، توانای کڕینی کرێکاران بەهۆی پێگەی ئەوان وەک فرۆشیاری هێزی کار و گرانی کرێ، سنووردار دەبێت. بەم شێوەیە، کەڵەکەبوونی سەرمایە دەتوانێت بە زیادبوونی توانای بەرهەمهێنان بگات، بەڵام توانای کڕین بە هەمان ڕێژە فراوان نابێت.
ئەم ناهەماهەنگییە دەتوانێت بنەمای سەرهەڵدانی دیاردەی زێدەبەرهەمهێنان بێت، واتە دۆخێک کە تێیدا توانای بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لە توانای بازاڕ بۆ هەڵگرتن و بەکارخستنی ئەو بەرهەمە زیاتر دەبێت. لێرەدا گرنگە جیاوازیی نێوان “کەمیی خواست” و “کەمبوونەوەی توانای کڕین لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری” بکرێت. لەتێڕوانینی مارکسدا، کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە خواستی کۆمەڵایەتی بەگشتی کەمە، بەڵکو شێوازی دابەشکردنی داهات و پەیوەندییەکانی نێوان سەرمایە و هێزی کار، سنوورێک بۆ توانای کڕینی کۆمەڵایەتی دادەنێن، لە کاتێکدا هەمان سیستەم بەردەوام توانای بەرهەمهێنان فراوان دەکات.
لەبەرئەمە، قەیران لەتیۆریی مارکسدا نابێت تەنها وەک کێشەیەکی بازاڕی یان کەمبوونەوەی خواست لێک بدرێتەوە. قەیران دەربڕینی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە، ناکۆکیی نێوان فراوانبوونی توانای بەرهەمهێنان و سنوورە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانە. بەم پێیە، قەیران لەتێڕوانینی مارکسدا تەنها ڕووداوێکی دەرەکی یان تێکچوونێکی کاتیی بازاڕ نییە، بەڵکو شێوەیەکی دەربڕینی ناکۆکییە بنەڕەتییەکانی خودی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە.
سێپتێمبەری 2026