ئیددیعانامەی چینی کرێکاری ئێران لە دژی جەنگ، سەرەتای ئومێدێک!…نووسینی: ئیبراهیم حسێن
(-شەڕخوازی دەبێ کۆتایی پێ بێت
-ئیعدام و زیندان دەبێ کۆتایی پێبێت
-ئەو ملیارەها پارەیەی کە خەرجی درۆن و موشەک و چەکی جەنگ و کوشتار دەکرێ، ئەو ملیاردەی کە خەرجی هێزە بەکرێگیراوەکانی سەرکوت دەکرێ و دەچێتە گیرفانی پسپۆرانی دزی و مافیای تاڵان لە کۆمەڵگەدا دەتوانێ دەریچەی ژیانێکی شایستە بەسەر ئێمە کرێکارانی خوازیاری کار و خەڵکدا بکاتەوە.)
ئەمە بەشێکە لە بەیاننامەی کرێکارانی گرێبەست و نا فەرمی نەوتی (ئەرکانی ثالث) که به بۆنەی تەقەکردن لە کرێکارانی خوازیاری کار لە گچساران ئەهواز بڵاو کراوەتەوە. بەڵام ئەمە تەنیا بەیاننامەیەک نییە لە دژی بێکاری و لە بەرگری لە خواست و جوڵانەوەی بەشێکی چینی کرێکار، بەڵکو ئیددیعانامەی چینی کرێکارە، ئیدیعانامەی کرێکاری نەوتە.
جارێکی تر خەریکە لە دڵی هەلومەرجێکی ترسناک و لە دڵی قومارێکی سەرشێتانە و ئەحمەقانەی مانەوەی ئیسلامیەکانی ئێران و کەڵەگایی ئیمپریالیستی دەوڵەتی ئەمریکا و ئیسرائیل دێتەوە مەیدان.
بەشە جیاوازەکانی بزوتنەوەی کرێکاریی لە گۆشەی کەنارەکانی ئێران سەرباری هەلومەرجی جەنگی و حکومەتی سوپا و بەسیجی ئیسلامیە تۆقیوەکان خەریکە خۆی نیشان دەدا، خەریکە پۆتانسێڵی واقیعی بۆ ئەوەی قسەی خۆی بکاو پەرچەمی خۆی بەرز بکاتەوە نیشانی هەموان دەدا. بە مانایەک دەنگی کرێکاری نەوت ئەم ڕابەرە سەرسەختەی ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکاری ئینسانی و چینایەتی دێتەوە گوێ و پێ دەنێتە مەیدانی کێشمەکێشی سیاسی لەسەر چارەنوسی کۆمەڵگە.
کرێکاریی نەوت ئەمجارەش و لە دڵی ئەم هەلومەرجە خەریکە دەنگێکی چینایەتی لە دژی جەنگ دێنێتە مەیدان ئەم ڕۆژە سەخت و چارەنوسسازانە دێنێتە مەیدان، دەنگی چینی کرێکار، دەنگی کرێکاریی نەوت، هێزێک کە لە شۆڕشی پێشو دا دەور و ڕۆڵە گەورەکەی لە شیعاری “کرێکاریی نەوتی ئێمە، ڕابەری سەرسەختی ئێمە” دا، وەک گوزارشتێکی واقعی دەرکەوت کە هەر ئاڵوگۆڕێکی ڕادیکاڵ و ئازادیخوازانە لە ئێران بە دەوری ئەم چینە و دەسەڵات و یەکێتیەکەی و دەرکەوتنی لە مەیدانی سیاسەت دا گرێی خواردووە.
بەیاننامە و ئیددیعانامەی کرێکارانی نەوتی (ارکان ثالث) لە دژی جەنگ لە هەلومەرجێکدا کە گەلەی ئاخوند و ئیسلامییه چنگ بهخوێن بە تەواوی خزاونەتە ژێر عەبای بەسیج و سوپاوە و هەموو ئومێدی خۆیان بە درێژەپێدانی جەنگ و هەلومەرجی جەنگیەوە گرێدراوە و ئەم قومارە ئەحمەقانەیە بە قیمەتی سەرکەوتنی بەرگری پوچی ئیسلامی بە خەڵک دەفرۆشن، مانایەکی ئێجگار گرنگی هەیە.
مێژووی واقیعی، مەنتیقی کێشمەکێشی چینایەتی لانیکەم لە ئێران ئەو راستیەی نیشان داوە ئەو هێزی سەرەکیەی کە توانای ئەوەی هەیە کە جەنگ و ماشێنی ئەم کوشتارە پەک بخات جوڵانەوەی کرێکاریی و چینی کرێکار و کرێکاری نەوتە. تەنها کاتێک کە ئەم چینە، بە هێزی خۆی، بە توانا و جێگەوڕێگەیەگ کە لە ئابوری و بەرهەمهێنان و لە ژیانی کۆمەڵگە ومرۆڤی ئەم سەردەمەدا هەیەتی پێ بێنێتە مەیدانی دەخالەت و کێشمەکێش لە سەر دیاریکردنی چارەنوسی سیاسی کۆمەڵگە، تازە ئیمکان و دەرفەت بۆ ئەوە دێتە پێش بۆ ئەوەی سەرجەم ئازادیخوازی کۆمەڵگە و بێبەشانی کۆمەڵگە لە دەوری ئاڵای ئەم چینە و جوڵانەوەکەی هەڵبخڕێت لە پێناو کۆتایی پێ هێنانی ئەم گرێ کوێرە کۆنەپەرەستانەیە بە قازانجی خەڵک و مرۆڤایەتی و بە زیانی کۆنەپەرەستی بۆرژوایی لە هەر سەرێکیدا.
چینێک کە بەرژەوەندی لە ئازادی دایە، بەرژەوەندی لە پیادەکردن و پابەند بوون بە ئیرادەی خەڵک لە چارەنوسی خۆیدایە، بەرژەوەندی لەوەدایە کە ئەم بەربەریەت و جەنگخوازی و شەڕفرۆشیە بۆرژواییە و ئەو ملهوڕی و کەڵەگاییە بۆرژوایە کۆتایی پێ بێت و سایەی لەسەر مرۆڤایەتی لابچێت دەتوانێ ئاسۆی ئاڵوگۆڕێکی ڕادیکاڵ و متمدنانە لە ئێران و بە هۆی ئێرانەوە لە تەواوی ناوچەکەدا بەسەر ئەم تاریکستانەی ناوچەکەدا بکاتەوە. ئێران بەو مانایە مەیدانی نەبەردێکی زۆر گەورە و گرنگترین جوغرافیای سیاسی دنیایە کە تاڕاددەیەکی زۆر ئەم پرۆسانەی تێدا کامڵ بوون کە بۆ ڕوودانی دەرفەتێکی وا پێویستن.
کۆمۆنیزمی کرێکاریی پەرچەم و هێزێکی زیندوی کۆمەڵایەتیە لە ئۆردوی چینی کرێکار دا لەم خەباتی چینایەتیەدا و ئێستا جارێکی تر کەوتۆتە بەرامبەر ئەرکی چارەنوسسازی مێژوویی. هاوزای واقعی ئەم کۆمۆنیزمە لە دڵی کۆمەڵگە و ئەم هەلومەرجە سەختە دا خەریکە بە هەیبەت و قیافەی خۆیەوە لە کێشمەکێشی سیاسی دا و لە پەیوەند بە پرسەکانی کۆمەڵگە و پرسی جەنگ، خەریکە قسەی خۆی دەکات، خەریکە پەرچەم و ئیددیعانامەی خۆی بەرز دەکاتەوە.
چینی کرێکار و کۆمۆنیزمەکەی و ئەو مرۆڤایەتیەی کە ئەم چینی کرێکارە نوێنەرایەتی دەکات تەنها ئومێدی کۆتایی پێ هێنانی ئەم گرێ کوێرە کۆنەپەرەستانەیەی جەنگ و ملهوڕی ئەم بورژوازیەی ئەم سەردەمەن، هەم بۆ لغاوکردنی تڕامپ و دەڵەتی چنگ بە خوێنی جەنگی ئەمریکا هەم بۆ لغاوکردنی ملهوڕی و بێ باکی تاوانکارانەی گەلەی ئاخونددە جەللادەکانی دەوڵەتی ولایەتی فەقێ و جوڵانەوەی نەعل لە پێ و شەڕواڵکورتی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لەلایەک ئاخوندە ئەحمەقەکان ئامادەن بوون و نەبوونی ئەم مرۆڤایەتیە نەک هەر لە ئێران، بە ڵکو لە هەموو ناوچەکە دا بخەنە قوماری ئەحمەقانەی مانەوە لەسەردەستی گەورەترین ماشێنی کوشتار و برسیکردنی خەڵکی دنیا. ئەم جوڵانەوەیە لە سەرجەنگ و قەیران و داماوکردنی کۆمەڵگەکان دەژی و لە ڕێگەی جەنگ و ئیرهاب و پەرەپێدانی فەزای نائارامی و وێرانکاری و بۆ سەپاندنی خۆی وەک یاساوڵێکی دڵڕەقی سەرمایەداری و بازاڕی کاری هەرزان لە هیچ تاوانێک سڵ ناکاتەوە و کڕیاری هەر جەنگ و وێرانکاریەکە لە دنیادا.
ئەم جۆرە جوڵانەوەیە، ئەم جۆرە ئیدئۆلۆژی و حاکمیەتە بەرگەی ژیانێکی ئاسایش ناگرێ و لە هەر ئاسایشێکی درێژخایەندا مانای نامێنێ، چونکە لەوێدا چاوەڕوانی و خواست و نیازەکانی خەڵکی ئەم سەردەمە بۆ ژیان کاری خۆیان دەکەن و ئاو دەکەنە ژێری مەنتیقی پەککەوتە و نەخۆشی ئیدیۆلۆژی و حاکمیەتێکی لەو جۆرە.
لە لایەکی ترەوە دەوڵەتی جەنگ و میلتاریزم و کەڵگایی نێونەتەوەیی بورژوازی ئەمریکا، بۆ سەپاندنی کۆمارێکی دڕندەی ئیسلامی و ئاخوندی پڕۆ ئەمریکا و پڕۆ غەرب کە ئامادەبێت بازاڕی کاری هەرزانی ئێرانیان ڕادەست بکات و ئەم جارە بە سپاسۆری ئەمریکا و غەرب ببنە مەئمورانی کڵاولار و چنگ بەخوێنی ئەم بازاڕی کاری هەرزانە و پارێزەرانی موسڵمانی دۆزەخێکی چەندین ساڵەی تری بێمافی سیاسی و ئابوری گەورە، خەریکن توانا و پۆتاسێڵێیکی گەورەی کۆمەڵایەتی شۆڕشگێڕانە کەبۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆزەخی ئیسلامە و ئەم دینە سیاسیە و دەوڵەت و دیکتاتۆریەتی دینی و بۆ ڕزگاریەکی گەورە لە وڵاتێکی گرنگی وەک ئێران و لە جوغرافیایەکی گرنگی دنیادا پێکهاتوە، دەکوتن.
فەرز و گریمانەی کرێکار و کۆمۆنیزمی واقعی کرێکاریی ئەوە نییە کە کام یەک لە لایەنەکانی ئەم ڕیزبەستنە کۆنەپەرەستانەیان دەستپێشکەر بوون و لە کوێ و کەی و بە کام بەهانە لەشکر و سوپای هێناوە! ئەوە کە کۆماری ئاخوندە ئەحمەقەکانی ئێران کە سواری سەری خۆیان بوون و خەونی دروستکردنی ئیسلامێکی سیاسی و کۆمارێکی دینی نەیار بە چەکی ئەتۆمیان هەیە و عێراق و یەمەن و لوبنانیان گۆڕیوە بە درێژکراوەی کۆماری تیرۆرری ئیسلام و باندەکانی ولایەتی فەقێ و سوپای پاسداران و مەسەلەی فەلەستینیان داگیر و پیس کردوە، هۆکارن یاخود دەوڵەتی چنگ بە خوێنەکانی پێنتاگۆن و وەزارەتی جەنگی کەسانێک کە ئیمتیازی یەکەم بەکارهێنەرانی چەکی ئەتۆمیان لە دژی مرۆڤایەتی بە ناوی ئەوانەوە لە مێژوودا تۆمارکراوە و خوڵقێنەرانی ڤێتنام و عێراق و ئەفغانستان و لیبیا و سوریا ئەمڕۆن.
گریمانە و فەڕزی ئەم کۆمۆنیزمە ئەوەش نییە کە کامەیان زۆرتر یان کەمتر کۆنەپەرەستن یاخود کامەیان هێز و توانای پیادەکردنی کۆنەپەرەستیەکەیان کەمتر یان زۆرترە. ئەمە پەیوەندی بە کۆمۆنیزمەوە نییە، پەیوەندی بە بەرژەوەندی چینی کرێکاری دنیای ئەمڕۆ وە نییە و هیچ کۆمۆنیزمێکی واقعی ئەم دنیایە ناکرێ لێرەوە بە تەمابێت هیچ بزوتنەوەیەکی واقیعی لە دژی ئەم کۆنەپەرەستیە بۆرژواییە و ئەم ملهوڕی و کەڵەگاییە ڕێک بخات. مرۆڤایەتی و چینی کرێکاریک کە بەم معامەلەگەریە و بەم کێشانەیە بچێتە سۆراغی ئەم ڕیزبەستنەی کۆنەپەرەستانەیەی دنیا هەر لە پێشەوە دۆڕاوە و دۆڕانی خۆی قبوڵ کردوە.
ئیددیعانامەی چینی کرێکار و کرێکارانی نەوت، ڕابەری سەرسەختی کۆمەڵگە و تاکە هێزی واقیعی کۆمەڵایەتی کە بەرژەوەندیەکی لە کەڵەگایی بۆرژوایی و ئەم ملهوڕی و داماویە دا نیە و هیچ گایەکی لەم گێرەیە دا نیە و بەرژەوەندی لە ڕزگاریەکی متمدنانە و ڕادیکاڵدایە، ناچار نیە کەبەم جۆرە کێشانە و پێوانە و مامەڵەگەریە بۆژواییەوە بچێتە سۆراغی شەڕخوازی و ئەم ڕیزبەستنە کۆنەپەرەستانەیە، زۆر ڕوونە. ئەویش ئەوەیە ئەمە جەنگی ئێوەیە لە دژی ئێمەیە و ئێمە قبوڵی ناکەین. قبوڵی ناکەین کە موقدەرات و ئیمکاناتی ئەم کۆمەڵگەیە کە دەتوانێ دەروازەی ژیانێکی باشتر بۆ هەموان بکاتەوە، لە پەروەردەکردن و قەڵەو کردنی ئۆباشی مرۆڤکوژی ئیسلامی و تەکنۆلۆژیای جەنگ و کوشتار دا خەرج بکرێ.
بێگومان ئەگەر هاوتای ئەوە لە دڵی چینی کرێکار ودنیای متمدنی ئەمڕۆ دا لە دژی ئەم بەربەرییەتە بۆرژوایە و ئەم جەنگ و میلیتاریزم و کەڵەگاییەی دەوڵەتی جەنگی بورژوازی ئەمریکا بۆ ئەوەی هەمان ئەو ئاخوندە جەللادانەی ئێران و ناوچەکە ببنە پڕۆئەمریکایی و بە سپانسۆری ئەوان بۆ چەندین ساڵی تریش بازاڕی کاری هەرزانی ئێران بەڕێوەبەرن بێتە مەیدان و ئاسۆی ساپنسۆرکردنی ئەم دیکتاتۆریە دینی و ئیسلامیە ڕەت بکاتەوە، تازە دنیا ئەو ئیمکانەی تێدا دروست دەبێ کە هەم کۆمەڵێکی واقیعی بە چینی کرێکار و مرۆڤایەتی ئازادیخواز لە ئێران بۆ ڕزگاری لە کابوسی پوچی کۆماری ئیسلامی و جوڵانەوەی پیسی ئیسلامی سیاسی بکات و هەم دەستی کەڵەگایی و ملهوڕی دەوڵەتی بۆرژوازی ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕۆژئاوا لە سەپاندنی هەر سینارۆیەکی ڕەش لەم یان لەو گۆشەی دنیادا کورت بکات.
جەنگەکان و دینامیزم و ئەو حەتمیەتانەی کە لە پشتیانەوەن هەرچییەک بن، بەڵام مێژوو و مەنتیقی ئاڵوگۆڕەکان تەنیا خوڵقێنەرانی بڕیاری لەسەر نادەن.
مێژوو و ئاڵوگۆڕ لە مێژوودا رەگ و ڕیشە و مەنتیقێکی بنەڕەتی تریان هەیە و هەر گرژییەک و هەر پێکدادان و ڕیزبەستنێکی جیددی لە مێژوودا، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ڕەسەنترەکان دەهێنێتە مەیدان. ئێران کۆمەڵگەیەکی تایبەتە لە جیهانی ئەمڕۆدا کە تیایدا کۆمەڵێک پرۆسەی مێژوویی گەیشتوونەتە کۆتایی خۆیان، بە جۆرێک کە پرسی ماوەنەوەیەکی درێژماوەی رژیمێکی ئیسلامی و دینی لە ئێراندا کردووەتە مەستحیلەیەکی مێژوویی (شتێکی مەحاڵ). تەنانەت ئەگەریش بتوانن کۆمارێکی ئیسلامی پڕۆ-رۆژئاوایی لە ناوچەکەدا پێکبهێنن، بەڵام هەر وەرچەرخانێک، کۆمەڵگە و چینی کرێکار و نەوەی ئەم سەردەمە کە چاوەڕوانی ڕزگارییەکی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەن، دەهێنێتە مەیدان بۆ داواکردنی ئازادیی زیاتر، خۆشگوزەرانیی زیاتر و دەخالەت و بەشداریکردنی زیاتر. دروست ترس لەم ڕاستییەیە کە هەر پرۆسەیەک و هەر وەرچەرخانێکی کردووە بە کابوسێک. ئەمەیە دژایەتی دۆخی ئێستای ئێران و کۆماری ئیسلامی…