هاورێی تیکۆشەری کۆمۆنیست، مستەفا یونسی بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا و جێی هێشتین!

0

هاوڕێ مستەفا یونسی یەکێک لە کۆمۆنیستە پەیگیرو ماندوونەناسەکان، دوای ململانێیەکی سەخت لەگەل نەخۆشیدا لە یەکیك لە نەخۆشخانەکانی شاری تورنتۆ لە ولاتی کەنەدا، چاوی لێکنا و بۆ هەمیشە، بەجێی هێشتین.

هاوڕی مستەفا یونسی بۆ نزیکەی پێنج دەهە بێ وەستان لە پێناو دنیایەکی بێ ستەم و چەوساندنەوەو هەڵاواردن چ لەدژی رژێمی شاهانشایی و چ لەدژی رژێمی نەگریسی جمهوری ئیسلامی، تێکۆشا… هاوڕێ مستەفا لە هەموو مەیدانەکانی خەباتی کۆمۆنیستیدا نەسرەوتوانە بەشداری کرد، لە خەباتی رێکخراوەیی و ژێر زەمینیەوە بۆ خەباتی ئاشکراو چەکداری، لەخەباتی ڕیکخراوەیی لە ناوخۆیی وڵاتەوە بۆ دەرەوەی وڵات و لە هەموو زەمینەکانی خەباتی چینایەتییدا… چەکی بەهێزی هاوڕێ مستەفا رێکخراوبوون بوو، بۆیە لەیەکەمین رۆژەکانی خەباتییەوە لە کۆمەڵە و حزبی کۆمۆنیستی ئیرانەوە بۆ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران و پاشان لەریزەکانی حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستندا درێژەی بەخەباتییدا. هاوڕێ مستەفا چۆن لە ژیانی پێشمەرگایەتی لێبراو و خۆشەویست بوو، ئاواش لە مەیدانی کاری رێکخراوەیی و جەماوەری و بۆ بەرگری لە پەنابەران و لەدژی راسیزم و فاشیزم، جێگا پەنجەی دیار بوو، هاوکات لە زەمینەی کار لە دەرەوەی وڵات و لە زەمینەی کاری هوشیاریدەرانەی کۆمۆنیستی لە مەیدانی راگەیاندن و لە ڕێگای وەرگێرانەوە، درێژەی بەخەباتی کۆمۆنیستی دا…

ماڵئاوایی یەکجاری هاوڕێ مستەفا، کە نزیکەی پێنج دەهە و تا چاولێکنانی لەهەموو زەمینەکانی خەباتی چینایەتییدا دژی نیزامی هاری سەرمایەداری، بەردەوام بوو، خەسارەتیکی گەورەیە لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کریکاریی و بەتایبەتیش بۆ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان… ئێمە بەو بۆنە خەمناکەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خێزان و کەس و کارو و هاوڕێ و دۆستانی، وە لە تیکۆشەرانی کۆمۆنیست و لە هاوڕییانی لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان دەکەین…

 

بەرزو بەڕێزە یادی خەباتکارانەی کۆمۆنیستی هاوڕێ مستەفا…

 

بۆپێشەوە

٥/٩/٢٠٢٦

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.