سالار عەزیزی ئەوان و بەکرعەلییەکانی ئێمە!…نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

مێژوو، بە وتەی مارکس، مێژووی خەبات و ململانێی چینایەتییە و هەر ئەم خەبات و ململانێیەیە کە چارەنووسی گۆڕانکارییە جیهانییەکان کە ئێمەی تێدا دەژین دیاری دەکات.

فەرزی ئەم خەباتە چینایەتییە ئاسانە و دەستپێکەکەی ئەوەیە کە چینە چەوساوەکان چەوسانەوە قبووڵ ناکەن. ئەو مرۆڤەی ژیانی مرۆڤایەتیی لێ سەندراوەتەوە، ئازادییەکەی زەوت کراوە و لە خاوەندارێتیی کارەکەی بێبەش کراوە، تەنانەت ئەگەر لە قووڵایی دڵیشیدا بێت، ئەمەی پێ خۆش نییە؛ و ئەگەر ئێستا ئازاد بكرێت کە بڵێت چی دەوێت و چی ناوێت، ئەوا بە سانایی  دەڵێت ئەمە قبووڵ ناکەم و پێت دەڵێت کە دەیەوێ شێوازێکی تری ژیان هەبێت. کەس بەسەر سەریەوە نەبێت و ناچار نەبێت ژیان و داهێنانی خۆی لە پێناوی کارکردن بۆ کەسانی تردا بە بادا بدات. دەڵێت پێیخۆش نییە بۆ دەستکەوتنی سەقفێک، کڕینی نان و جلوبەرگ و ئەو پێویستییە سەرەتاییانەی مانەوەیەکی سادە، هەموو کاتی ژیانی بفرۆشێت. هەزار و یەک ئارەزوو و پێویستی تری مرۆڤایەتیی پێی دەڵێت کە دەیویست چۆن بێت.

لە هەر سەردەمێکدا کە مرۆڤایەتی دەرفەتێکی بۆ ڕەخسا بێت بۆ دەرخستنی ئەو شتانەی کە لە ناو وەرزی بوونی مرۆڤایەتیدا ڕیشەیان لە وجودییدا داکوتاوە. شاهیدی سەرهەڵدانی بزووتنەوە عەدالەتخواز و یەکسانیخوازەکان بووین و لە نێو دڵی  ئەم خواست و بەرگریە و ئەم بزووتنەوە یەکسانیخواز و عەدالەتخوازانە دا کەسایەتی گەلێک دەرکەوتوون کە بوونەتە زمانی ئەم مرۆڤایەتییە و ئەم نەخواستنە و (نەوتنە) بە چەوسانەوە و زۆرداری چینی دەسەڵاتدار و دەوڵەتەکەی.

بەکرعەلی زمانی ئەم دادخوازی و نەوتنە بوو بە چەوسانەوە و بە زۆرداری چینی دەسەڵاتدار لە کوردستان لەو ڕۆژانەدا.

قسەکەی سادە بوو، بەڵام لە قووڵایی ڕەتکردنەوە و نەوتنی ئەم کۆمەڵگە و ئەم خەڵکەوە دەهات لە ئاستی لۆژیک و ڕەفتاری چینی دەسەڵاتداردا. ئەو بە دەنگی بەرز ئەم ڕەفتار و هەڵسوکەوتە زۆردارانەی چینی دەسەڵاتداری ڕەتکردەوە و گوتى؛  نەخێر ئێمە ئەم وێنە و ئەم لۆژیکە قبووڵ ناکەین، گوتى ئێوە کە ناچارمان دەکەن لەم کۆخە ڕزیوانەدا بژیین و تەنانەت ئەمەشمان پێ ڕەوا نابینن و دەڵێن گوایە ئێمە سیمای شارستانییەت پیس دەکەین و گوایە هەر خۆمان حەزمان لە ژیانکرندنە لە کوخانەدا، یەک ڕۆژ تەلەڤیزیۆنەکانتان بدەنە دەستمان، ئێمە لە بەرامبەر یەک “بەڵێ”ـی ئێوەدا، هەزاران “نەخێر” تان پیشان دەدەین.

سالار عزیز ئەم دەنگە دلێرەی بزوتنەوەی عەدالەتخوازی بێخانەو لانەکانی وەک مەئموریەتی چینایەتی خۆی تیرۆر کرد، بەڵام ئێستا لە هەر کات زیاتر هەزاران هەزار خانەوادەی کرێکار و زەحمەتکێش کە سەرپەنایەکیان نیە و لە کرێچێتی و کۆڵبەکۆڵیدا دەژین، پێویستیان بە ڕابەرانێکی وەکو بەکر علی هەیە کە ئەم خواستە، خواستی ئەوەی دەبێ کۆمەڵگە مافی هەرکەس بۆ بوونی سەرپەنای گونجاو لە ئەستۆ بگرێ. پێویستی بە ڕابەرانێکە کە بڕۆن بڵێن خەڵکینە چ مەنتقێکە چینی دەسەڵاتدار کۆمەڵگەیەکی بەم هەموو ئیمکاناتەوە بەو شێوەیە قۆرخ کردبێ. بڕۆن و  لیستی هەزاران خێزانی کرێنشین و دەرد و ڕەنجەکانیان بێن و وەک ئیددیعانامەی ئەو ئینسانیەتیەتە کرێکار و زەحمەتکێشە بەرزی بکەنەوە و بڵێن وەرن تەلەفیزیۆنەکانتان و ڕادیۆکانتان بخەنە ئیختیاری ئێمە تا بە هەمووانی نیشان بدەین کە ئیدیعاکانی ئێوە لە بارەی ئەو شێوە ژیانە، لە بارەی ئیمکاناتی کۆمەڵگە پوچن و؛ سەرەنجام بزوتنەوەی بێسەرپەنا و کرێنشینانی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش وەک بزوتنەوەیەکی واقیعی بەڕێبخەن.

بەرز بەڕێزە یادی بکر علی

ڕابەری  بزوتنەوەی بێخانەولانەکان!

Leave A Reply

Your email address will not be published.