ترەمپ لە ترسی ڕووڕەشی، دەستبەرداری جەنگی ئێران نابێت!… نووسینی: ئەلێکس کالینیکۆس توانا نوری لە ئینگلیزییەوە کردوێتیە کوردی
لەم ڕۆژانەدا قسەو باسێکی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی جۆن ڕاتکلیف، بەڕێوەبەری دەزگای زانیاریی ئەمریکا(CIA) ، هەفتەی ڕابردوو بۆچی چوو بوو بۆ موسکۆ و لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیادا کۆببۆوە.
دیارە سەردانەکەی پەیوەندی بەو کێشە هاوبەشەوە هەبووە کە بەرۆکی دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتینی گرتووە. هەردووکیان بەو ئومێدە جەنگیان دەستپێکرد (بەرامبەر ئێران و ئۆکرانیا) کە زوو و ئاسان بەسەریاندا زاڵ دەبن، بەڵام ئێستا هەردووکیان قاچیان لە قوڕدا چەقیوە و ڕێگەی هاتنەدەرەوەیان نییە.
لەلایەکی دیکەوە، دیارە جەنگی ئێران گەرمتر دەبێتەوە و دوای چەند هەفتەیەک لە بێدەنگی، دیسانەوە تەقە لە نێوانیاندا دەستی پێکردۆتەوە. ئەمەش جێی سەرسوڕمانە، چونەکە هەفتەی ڕابردوو ئیدارەی ترەمپ هەوڵیدا ئاراستەی شەڕەکە بگۆڕێت.
سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، بڕیارێکی نوێی ڕاگەیاند بە ناوی “ڕۆژی هێرشی یەکلاکەرەوەی ئابووری” (وەک ئاماژەیەک بۆ (D-Day کە بە قسەی خۆی بەهێزترین پەلاماری داراییە تا ئێستا دژی دوژمنێک درابێت.
بێسێنت هەڕەشەی سەپاندنی سزای کرد بەسەر ئەو وڵاتانەی مامەڵە لەگەڵ ئێراندا دەکەن، بەڵام تا ئێستا تەنها سزای خستۆتە سەر دوو لقی بانکی (مسر)ی مصری لە ئیمارات و هیچ ڕووی نەداوە.
کە لە بێسێنتیان پرسی بۆچی بەسەرخۆیی و هێواشی هەنگاو دەنێیت، گوتی: “بۆچی سیستەمی دارایی جیهان تێکبدەم؟” کەچی خۆشی پێشتر دەستی تێکدابوو و سیستەمەکەی خستبۆوە دۆخێکی خراپەوە.
ڕۆژنامەی (فاینانشاڵ تایمز) بڵاویکردەوە کە ڕێژەی سوودی سەر سەندەکانی حکومەتە ڕۆژئاواییەکان بە دەیان ملیار دۆلار زیادی کردووە، لەو کاتەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ۲۸ی شوباتدا هێرشیان کردە سەر ئێران.
بێسێنت زۆر هەوڵیدا بە فێڵ و فەرەج ڕێگە لە بەرزبوونەوەی سوودی سەندەکانی ئەمریکا بگرێت، بەڵام بێسوود بوو.
بەڵام ڕێگرە گەورەکەی بەردەم ئەمریکا بۆ گۆشەگیرکردنی ئێران، چینە. چون کۆمپانیا چینییەکان ۹۰٪ی نەوتی ئێران دەکڕن. چینیش هۆشداری داوە کە ئەگەر سزابدرێن، بە توندی وەڵام دەداتەوە.
ئەمەش تەنها قسەی سەر زار نییە؛ چین زۆربەی کانزا دەگمەنەکانی جیهانی لەژێر دەستدایە کە ئابووری جیهان پشتیان پێ دەبەستێت. پێشتریش جارێک ناردنی ئەو کانزایانەی بۆ ئەمریکا ڕاگرت بۆ ئەوەی ترەمپ بهێنێتە سەر ڕێگەی ڕاست.
ئەمریکا لە دوو ڕێگاوە شەڕی ئێران دەکات؛ لەلایەک بە سزای ئابووری و لەلایەکی دیکەشەوە سوپای ئەمریکا هەوڵدەدات گەرووی هورمز بکاتەوە و ڕێگە خۆش بکات بۆ کەشتییە نەوتهەڵگرەکان تا لە دەست هێرشەکانی ئێران دەربازیان بێت.
ئەم کارە تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە، ئەگەرچی شارەزایان بە تەواوی ڕێک نین لەسەر ئەوەی چی بڕە نەوتێک تێدەپەڕێت. یەکێک لە کارەکانی ئەمریکا پاککردنەوەی گەرووەکە بوو لە مینەکانی ئێران. بۆیە بەپێی قسەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، دوایین هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو شوێنانە بووە کە ئێران ویستوویەتی مینی تازەی تێدا بچێنێت.
دیارە ئەم بەریەککەوتنانە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەڕۆن، چونکە دەستبەسەرداگرتنی گەرووی هورمز بۆ ئێران مەسەلەی ژیان و مردنە. دەستنیشانکردنی کات بۆ هەردوولا زۆر گرنگە. ڕەنگە ئێرانییەکان پێیان باشتر بێت شەڕەکە بەگەرمی بهێڵنەوە تا کاتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەمریکا لە مانگی تشرینی دووەمدا.
تریتا پارسی کە ڕەخنەگرێکی دیاری سیاسەتەکانی ئەمریکایە، دەڵێت: “بەرپرسانی ئێران بە ئاشکرا و بە نهێنیش دەڵێن چاوەڕوانن ئەمریکا و ئیسرائیل دوای هەڵبژاردنەکان شەڕەکە دەستپێبکەنەوە، چونکە گوێ بە سزا ئابوورییەکان نادەن. دیپلۆماتکارانی ناوچەکەش هەمان بۆچوونیان هەیە.”
لە هەمان کاتدا، ڕۆژنامەی (واشنتن پۆست) بڵاویکردەوە کە لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا، فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا هۆشدارییان داوەتە پیت هیگسێس، وەزیری بەرگری، کە جەنگی ئێران درێژە پێنەدەن. ئەوان دەڵێن کۆگاکانی چەک و تەقەمەنیمان بەتاڵ بوونەتەوە و بەشی شەڕی درێژخایەن ناکەن. سەرباز و کەشتییەکانمان ماندوو بوون، جگه لەوەش تەرکیزکردنە سەر ئێران وا دەکات لە بەرامبەر چین و ڕووسیادا لاواز ببن.
سەیر نییە ئەگەر ترەمپ، ڕاتکلیفی ناردبێتە موسکۆ تا ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا. سەردانەکەی ئاندی بێرنهام بۆ کیێڤ دەریخست کە بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا ئێستا بارە قورسەکەی جەنگی ئۆکرانیایان لە کۆڵ ناوە و جێگەی ئەمریکایان گرتۆتەوە.
وەک برانکۆ میلانۆڤیچ، ئابووریناسی ناسراو دەڵێت: “ئەوروپییەکان زۆر تینووی شەڕ بوون، بەتایبەت وڵاتانی نۆردیک و بالتیک، ئێستاش ئەڵمانیا و بەریتانیا هەمان ڕێگەیان گرتۆتە بەر.”
ترەمپ ئەگەر بویستبا بە یەک چەپۆک کۆتایی بەو شەڕە دەهێنا، بەڵام کێشەکەی ئەوەیە چۆن پوتین ڕازی بکات. ئەم جەنگانە لەلایەن وەها وڵاتانێکەوە هەڵگیرساون کە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو لاوازی دەچن و دەترسن بە داننان بە شکستدا، شەرمەزار ببن و ئابڕوویان بچێت.
لینکی وتارەکە:
https://socialistworker.co.uk/alex-callinicos/alex-callinicos-trump-fears-losing-face-over-iran-war/