مستەفا باهیر نووسەری کتێبی شۆڕشی ئۆکتۆبەرو سەرهەڵدانی کۆمۆنیزم لە ڕوسیا، وەڵامی پرسیار و سەرنجی بەشێک لە هاوڕییان و خوێنەرانی دەداتەوە..
هەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا کە دوای بڵاوبونەوەی ئەم کتێبە، کۆمەڵێک نامەو پرسیارمان ئاراستەکراوە، یەکێک لەو نامانە، نامەی هاوڕێ عووسمان علی بوو کە لە ژمارە ٢١٩ بڵاوکراوەی بۆپێشەوە، تەواوی نامەکەمان بڵاوکردەوە، کە سەرەرای دەربڕینی هەستی خۆی سەبارەت بەکتێبەکە، سێ پرسیاری ئاڕاستە کردبووین. هەوڵدەدەم لە ڕێگای بڵاوکراوەی بۆپێشەوەی خۆشەویستەوە هەرجارە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکانی هاوڕێ عوسمان بدەمەوە. لە ژمارە ٢٢٠ بۆپێشەوەدا وەڵامی پرسیاری یەکەمی هاوڕێ عوسمانمان دایەوە . لەم ژمارەیەدا وەڵامی پرسیاری دووەمی هاوڕی عوسمان دەدەینەوە.
وەڵام بە پرسیاری دووەمی هاوڕێ عوسمان.
ناوەڕۆکی پرسیارەکە ئەوەیە کە بەلشەفیەکان لە ساڵی ١٩٠٧ دا توانیان بانکێک ببڕن و پارەکەی بەرن. ئەم کارەش لە لایەن مەنشەفیەکانەوە ئیدانەکراو لیژنەی لێکۆلینەوە لەسەر کارەکە دروست بوو. هاوڕێ عوسمان پرسیار دەکات و دەڵێت” ئایا ڕازی بوونی لینین کە سەرکردەی شۆڕش بوو لەم کردەوەیە ڕاست بوو یان ن “ا؟
ئەگەر سەیرێکی بارودۆخی ئەوکاتە بکەین، دەبینین کە قەیسەرو خانەوادەکەی تەنها بۆ مانەوەی خۆیان پارەیەکی یەکجار زۆریان دەبەخشیە پیاوانی ئاینی و هەموو ئەو حزبانەی کە لەقەیسەرەوە نزیک بوون، ئیمکاناتی باشیان وەردەگرت و هیچ ئیمکاناتیکیان نەدەدایە حزبە سۆشیالیستەکان کە لە پەڕلەمانیشا نوێنەریان هەبوو. هەروەها بە ١٠٠ هەزار جار زیاتر لەو پارەیەی کە بەلشەفیەکان بردویانە، خانەوادەی قەیسەر تەنها لە ئاهەنگەکانیاندا بە فێرۆیانداوە.
بەرای من ئەگەر ئەو پارەیە خەڵکی لێی زەرەرمەند نەبێت کارێکی ئاساییە، ئەوەش کاتێک دەردەکەوێت کە لیژنەیەک لیکۆلینەوەی لەسەر کردبێت و دەرکەوتبێت کە بەهۆی ئەوکارەوە خەڵکی زەرەرمەند بووە، بەڵام هیچ شتیکی وا روون نەبۆتەوە کە خەڵکی ڕووسیا بەهۆی بردنی ئەو پارەیە زەرەمەند بوبێتن. ئەو جۆرەکارانە زۆر کراوە، بۆ نمونە لە ناوەراستی ٦٠شەستەکاندا لە سلیمانی هێزێکی سیاسی پارەی مامۆستایانی هەموو سلێمانی برد، بەڵام مامۆستایان تەنها ماوەیەک موچەکانیان دواکەوت دوایی موچەکانیان وەرگرت. کەواتە لەو جۆرەکارانەدا تەنها حکومەت زەرەمەند دەبێت بۆ حکومەتیش ئەو جۆرە پارانە زۆر گرنگ نییە، بۆیە من پێموایە جگە لە حکومەت هیچ کەسێکی تر زەرەرمەند نەبوو بۆیە کارێکی ئاساییەو پارەکەش لەو کاتەدا بۆ بەلشەفیەکان زۆر گرنگ بووە و دەوری خۆی بینیوە. لەکتێبەکەشدا بە ڕونی باس لەوە کراوە کە بەلشەفیەکان چۆن سوودیان لەو پارەیە وەرگرتوە.
مستەفا باهر