کۆمۆنیزم و ئەزمونی ڕۆژئاوا و ئەنتگرەبوونی هسد بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و چارەنووسیان… نووسینی: ئیبراهیم حسێن
بەشی دووەم
لە بەشی یەکەمدا مەنتیقی گشتی و زاڵ کە چارەنووسی هەر بزوتنەوەیەک و هەڵسوکەوتی دیاری دەکات باسکرا و وتمان کە بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان هەرچەند بەلای ئەولاوە بکەون و ڕاست و چەپ بکەن، بەڵام سەرەنجام زۆر ناتوانن لە مەنتیقی گشتی ئەو پرس و نیازە کۆمەڵایەتیەی کە بۆی پێکهاتوون و بوونیانی پێویست کردووە دوور بکەونەوە. بەو پێیە ئەو وەرچەرخان و بەلای ئەولاوە کەوتنانە بەرهەمی ئەخلاقی خراپی ئەم یان ئەو سەرکردە و کەسایەتییە نییە.
چەپی ڕادیکاڵ و ناکرێکاریی کە ماوەیەکە سەربەیتی هەموو داستانێکی بووە بۆ کرێکار و مەعمەل، دوو ئاراستەی بەخۆوە گرتووەو دوو تێزی سەرەکی هەیە: یەکەمیان تێزی سازش و هەڵگەڕانەوەی سەرکردەکانە، و دووەم تێزی ئەوانەیە کە سیاسەت و هەڵوێستی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی لە پەیوەندی بە ئەزمونی سەردەمێکی دیاریکراوی خەڵکی ئەو ناوچەیە و شەڕی ئیسلامی سیاسی لە خۆی نیشاندا، لە گۆشەیەکی تری هەمان چەپەوە ڕەخنە دەکات.
ئێمە لێرەدا هەردووکی دەخەینە ژێر زەڕەبین.
تێزی یەکەم:
تێزی یەکەم بە دڵێکی پڕ لە خوێن و جەخارەوە پەلاماری وەهمی سەرکردەکان دەدات و بانگەوازی عەوام دەکات کە ئیتر وشیار بن و بگەڕێنەوە سەر شاڕێگەی خەباتی چینایەتی و واز لە خۆشباوەڕی بێنن و بگەڕێنەوە بۆ سۆسیالیزمی زانستی.
(بەشێکی زۆر لە جەماوەری بریندار و خێزانە چەوساوەکانی باکوور و ڕۆژئاوا، مۆتەکەیەکی تاریکتر لە کەمیندایە: کاتێک بزوتنەوەیەکی چەپی چاکسازیخوازی وەک پەکەکە یان پەیەدە، ناتوانێت نان، ئاسایش و سەرەتاییترین کەرامەت بۆ خەڵکی خۆی دابین بکات و دوای ئەو هەموو ڕووبارە خوێنە کۆمەڵگە دەگەڕێنێتەوە خاڵی سفر، ئیتر جەماوەری بێئومێد بۆ ڕاکردن لە تاڵی و پووچیی ژیان، پەنا دەبەنە بەر تەسلیمبوونێکی فەتالیستییانەی ئایینی. لێرەدا دەزگا خێرخوازییە ئیخوانییەکان و ڕێکخراوە کۆنەپەرستەکانی وەک «هوداپار» و تەریقەتە تاریکەکان بە پشتیوانیی دەزگا ئەمنییەکان، لەسەر تەرمی ئەم خەونە شکاوە دەست دەکەن بە چنینەوەی هۆشیاری و دەنگی هەژاران؛ بەتایبەت کە پێشتر خودی سەرکردایەتی لە ژێر ناوی «ئیسلامی دیموکراتیک»دا ڕێگەی بۆ دروستبوونی ئەم لادانە ئاوەڵا کردووە)
سەرنج بدەن لەو نێزەدا هیچ باسێک لە بزوتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی نییە کە ئامانج و بەرنامەی سیاسی کۆمەڵایەتی خۆی هەیە. هەڵچوون و داچوون و شکست و سەرکەوتنی خۆی هەیە. ئەو بزوتنەوەیە چی بووە و بزوتنەوەی سیاسی و حیزبی چ بزوتنەوە و چ ئامانجێکی چینایەتی دیاریکراو بووە و بۆچی و بەپێی کام پێویستی گەیشتووەتە ئێرە و بۆچی دوێنێ قسە و ئیددیعایەکی هەبوو و ئەمڕۆ شتێکی تر دەڵێت و پیادە دەکات، هیچ جێگایەکی لەم تێزەدا نییە.
تەواوی قسەیەک کە ئەو تێزە هەیەتی ئەوەیە کە گوایە کۆمەڵێک سەرکردە لایان داوە و هەڵگەڕاونەتەوە و سازشیان کردووە. ئەو تێزە دەڵێت عەوامی هەژار فریویان خوارد و سەرکردەکان خوێنی ئەوانیان کردە کاسەوە.
هسد ڕێکخراوێکی سیاسیی نەریتی سیاسی بۆرژواییە کە لە ناوچەکەدا هەیە و ئاوات و ئامانجی خۆی هەیە و دەیان حیزب و ڕێکخراو و کۆڕوکۆمەڵی هەیە لەوپەڕی ڕاستەوە بۆ ئەوپەڕی چەپ. بەپێی ئەو نێزە پەکەکە ڕێکخراوێکی چەپی چاکسازیخواز بووە کە ئێستا ناتوانێت نان و کەرامەت بۆ خەڵکی دابین بکات، نەک حیزبی بزوتنەوەیەکی سیاسی و چینایەتی ناسراوی ئەم ناوچەیە کە لە یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە تا پەکەکە و پژاک و پەیەدە و هێزەکانی تری نێو ئەو فەلەکەی دروستکردووە و لە جەلال تاڵەبانییەوە تا بارزانی و قاسملۆ و ئۆجەلان و مەزلوم عەبدی و عەبدولای مهتدی بەرهەمی هێناوە.
بەو پێیە ئەو وەرچەرخان و بەلای ئەملا و ئەولا کەوتنانە بەرهەمی ئەخلاقی خراپی ئەم یان ئەو سەرکردە و کەسایەتی نییە، و تەنانەت سازش و ملدانی ئەم یان ئەو سەرکردەیە هەر لەخۆڕا یان لەبەر خودی خەسڵەتی شەخسیی ئەو کەسانە نییە، بەڵکو ئەو سەرکردانە لە چوارچێوەی واقیعێکی تایبەت و دیاریکراودا، ڕەنگە ئەگەر نەتوانن تەواوی بەرنامە و ئامانجی خۆیان پیادە بکەن، ناچار بن کارێکی تر بکەن کە ئەگەر ئەو هاوسەنگی هێزانە بەم شێوەیە نەبوایە، نەیاندەکرد.
ئایا ئەوە بەو مانایە دێت کە ڕابەرایەتی ئێستای هسد نەیدەتوانی هەڵبژاردنێکی تر بکات، پێداگری لەسەر پرسی ڕەسەنتری کۆمەڵایەتی و سکیولار و ئازادیخوازانە تر بکات و ئەوانە بکاتە ئاجێندای کاری خۆی لە سووریای ئەمڕۆدا؟ تێگەیشتنی من ئەوەیە بەڵێ، ئەوە یەکێک بوو لە بژاردە سیاسیەکان. بێگومان بژاردەیەکی سیاسی لەو بابەتەدا ڕیسکی خۆی هەیە؛ و بێگومان ئەگەر وایان بکردایە و بیانگوتبایە نەخێر، ئێمە دەستووری ئیسلامی بۆ ژیان قبووڵ ناکەین و ئێمە وڵات و دەوڵەتێکی دینی کە ژن بە مرۆڤ نابینێت قبووڵ ناکەین و بەرگری لەو جوغرافیایە دەکەین و سووریاش دەبێت وڵاتێکی بەو جۆرە بێت، ئەو کاتە دەبوو ئامادە بن و شەڕ بکەن و باجی ئەمە هەرچییەک بێت قبووڵ بکەن. ئەو کاتە سەرجەم پەیوەندی ئەم ڕێکخراوە بە کۆنەپەرستی و ئازادیخوازیی دنیای ئەمڕۆ گۆڕانێکی جددی بەسەردا دەهات. ئیمکاناتێکی لەوان دەستاند و دەرگای جۆرە کار و ئیمکاناتێکی تری بەسەر ئەواندا دەکردەوە، و من و ئەو چەپە و هەر کەسێکی تری ئازادیخواز دەچووین بەرگریمان لێدەکرد هەر وەک چۆن بەرگریمان لە ڕاوەستانیان لە دژی ئیسلامی سیاسی کرد .
کورتییەکەی، ئەم ئەزمونە ناکرێت بە خیانەت و سازش، یان بەوەی کە هەر هیچ نییە و هەموو شتێک پووچ بووە، کورت بکرێتەوە؛ دینامیزمی سیاسەت و کێشمەکێشی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەیوەندیی هێزە سیاسیەکان و کەسایەتییە سیاسیەکان بە بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکانەوە، لەوە زیندووترن کە بەم شێوەیە یەکلایەنە و میکانیکی لێک بدرێتەوە.
خولاسە، ئەم تێزە تێزێکی پۆپۆلیستییە کە لە بەرگی کرێکارپەروەری و عەوامپەروەرییەوە ڕابەرانی خیانەتکار نەفرین دەکات و بە دەردی هیچ ناخوات.
تێزی دووەم:
کۆمۆنیزم و ئەزمونی ڕۆژئاوا و ئەنتگرەبوونی هسد
تێزێکی تر کە ئەویش لە ڕواڵەتێکی ڕادیکاڵەوە دەست پێدەکات، ئەم باسەی تێکەڵبوونی هسد (هەرچەندە هێشتا دیار نییە بە چ سەرەنجامێک دەگات) کردووەتە بەهانە بۆ ئەوەی بڵێت کە هەڵوێستی کۆمۆنیستە کرێکارییەکان بۆ دیفاع لە ئەزمونی بەرەنگاری داعش و ئیسلامی سیاسی و هتد، نەک بەهۆی خەسڵەتی قابیلی دیفاعی ئەم ئەزمونەوە، بەڵکو بەهۆی خۆشباوەڕی و نەبینینی خەسڵەتی بۆرژوایی هسدەوە بووە.
بێگومان قبووڵکردنی تێکەڵبوون بە دەوڵەتی ئیسلامی سووریا، لەلایەن هسدەوە، ئەمرێکی واقیع و بنبەستێکە کە ئەم جوڵانەوەیە و ئەزمونەکەی پێی گەیشت. ئەوەی کە ئایا دەکرا ئەم بزوتنەوەیە و سەرکردەکانی خۆیان لەو ئەمری واقیعە دوور بگرن کە شایەت بەشێکی بەهۆی موقەدەراتی خودی ئەم بزوتنەوەیەوە و بەشێکی بەهۆی واقیعی تاڵی جیۆسیاسی ناوچەکەوە و هاوسەنگی هێز و فشاری کۆنەپەرەستی زۆر سەخت و ئەستەم بووبێت.
لەوە هیچ گومانێک نییە کە ئەم هەلومەرجە و ئەم بنبەستە، چارەنووسی دیاردەیەکی گەش و قابیلی دیفاعی وەک ئەوەی شەڕی داعش و ئیسلامی سیاسیی کرد و کانتۆنەکانی دامەزراند و بانگەشەی پیادەکردنی جۆرە سیکیولاریزمێکی دەکرد کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ دەوڵەتی دینی و دەسەڵات و دەستوور و وڵاتێکدا کە لە ژێر قامچی دین و ئەحکامی بەربەریانەی ئیسلامی دامەزراوە بەراورد ناکرێت، خستووەتە ناو گێژاوێکی بێ ئەوپەڕەوە.
چارەنووسی هسد هەرچی بێت، و تێگەیشتن و ڕەفتاری سەرکردەکانی هسد هەرچی بێت، و بەهۆی هەر ناچارییەک و هەر فشارێکی گەورەوە بێت گەیشتبنە ئێرە، یان تەنانەت ئەگەر تەنها بەهۆی قەناعەتی خۆیانەوە بێت گەیشتبنە ئێرە، هیچ لەوە ناگۆڕێت کە ئەزمونی ئەو خەڵکە لە ڕاوەستان لە بەرامبەر ئیسلامی سیاسی، و دامەزراندن یان هەوڵدان بۆ دامەزراندنی جوغرافیایەک کە تێیدا ژیانێکی نیمچە ئازادتر و سیکیولارتر کە تیایدا هاوڵاتیبوونی یەکسانی هەموان ڕاگەیەندراوە و ژن وەک بوونەوەرێکی یەکسان تەماشا دەکرێت و جۆرێک لەو ئازادیانە هەن و پەیڕەو دەکرێن، شایستەی بەرگریکردن بوون.
نەک هەر ئەوە، بەڵکو سەیرکردنی ئەم ئەزمونە لە دەرەوە و قەناعەتکردن بەوەی کە ئەم هێزە بۆرژواییە و درۆ لەگەڵ خەڵک دەکات و هەمووی بخەیتە ناو ڕەچەتەیەکی ئامادەکراوی مەحکووم کردنەوە، هیچ پەیوەندییەکی بە کۆمۆنیزمی واقیعی و سیاسی و ئازادیخوازیی کرێکارییەوە نییە و ئاسانترین و بێدەردەسەرترین شتێکە کە لە دەستی هەر کەسێک دێت و هیچی تێناچێت.
کۆمۆنیزم جوڵانەوەی دەروێشانێک نیە کە گوایە پەیمانێکی ئیمانیان بە وتنی ڕاستیەکان و پابەند بوون بە عەداڵەتی ئیلاهیان لەگەڵ مێژوو دا ئیمزا کردبێ و کاری بەوە دا نەبێ کە لە دنیای دەرەوە دا چی ڕوو دەدا و سەرەنجام ئەگەر دەوڵەتێکی ئیسلامی پێدەگرێ و ئەزموونێکی ئازاد تر دەکەوێ و دەڕوخێ بۆی وەکو یەک بێت و هیچ جیاوازیەکی نەبێت.