بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و چارەنووسیان سەرنجێک سەبارەت ئەنتەکرەبوونی “هەسەدە” لە حکومەتی ئیسلامییەکان لە سووریا… نووسینی: ئیبراهیم حسێن
لەم ڕۆژانەدا، و هاوکات لەگەڵ ئەو ڕێککەوتن و ڕێکارانەی کە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ملیان پێیدا، گفتوگۆ و مشتومڕ لە ناوەندە چەپ و ڕاستەکاندا لەسەر ئەم بابەتە و هۆکارەکانی گەیشتنی بارودۆخەکە بەم ئاستەی ئێستا گەرم بووە. هۆکاری گەرمیی ئەم مشتومڕە لە کۆمەڵگە و هەڵسوڕاوان و ئەکتیڤیتەکانی بزووتنەوە جیاوازەکان تا ڕادەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ بوونی پرسی کورد لە ناوچەکەدا، بەڵام لەوە گرنگتر ئەو پێگە تایبەتەیە (پێگەی ئیعتیباری) کە ئەم بزووتنەوەیە لە قۆناغی پێشوودا بەدەستی هێنابوو. لەو نێوە دا و لە نێو لایەنگران و هەڵسوڕاوانی ئەم بزوتنەوەیە تێزێک (بۆچوونێک) هەیە کە دەڵێت “هەسەدە” هیچ بژاردەیەکی تری لەبەردەمدا نەبوو، و هەرچی لە توانایدا بوو کردیان و، ئەمەش بژاردەیەکی عەقڵانی و ناچاری بوو، و ئێستاش پاش ئەوەی ئەو نوێنەرە کوردانە شوێنێکیان لە حکومەتی ئیسلامییەکانی سووریادا بۆ خۆیان بە دەستهێناوە، بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کورد بەدی هاتوون.
بۆچوون و تێزێکی دیکەش هەیە، کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو وێنەیەی کە ئەم ڕێکخراو و بزووتنەوەیە وەک جۆرێک لە بەرگری و عەلمانییەت لە بەرامبەر بزووتنەوەی ئیسلامی و هێزەکانیدا نیشانی دابوو، ئەوەی ڕوویداوە بە نائومێدی و شکستهێنان لە بەرامبەر حکومەتی نوێی ئیسلامییەکان لە سووریا و پشتکردن لەو پرسانە دەزانێت کە بەرگریی لێ دەکردن.
بەڵام ڕاستیی چیرۆکەکە چییە؟
بۆ کۆمۆنیستێک، مەسەلەکە بینینی لۆژیکی جیهان و ڕەوتی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانە لە مێژووی واقیعیدا. چونکە بزووتنەوە و ئاسۆ کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لۆژیکی تایبەت بە خۆیان هەیە، و دەبێت ڕەگی ئەم گۆڕانکاری و وەرچەرخان و خلیسکانە سیاسی و ئایدیۆلۆژییانە لەو لۆژیکە بنەڕەتییەدا بپشکنرێت کە ئەم بزووتنەوانە پەیڕەوی لێدەکەن، نەک لە نیاز و نییەتە ئەخلاقییەکانی ئەم کەسایەتی یان ئەو کەسایەتی.
“هەسەدە” حیزب و بزووتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی دیاریکراوە؛ حیزبێکی بۆرژوازیی کوردیی دیاریکراو و بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستیی کوردییە؛ و چارەنووسی بەستراوەتەوە بە چارەنووسی ئەم بۆرژوازییەوە لە ناوچەکەدا. ئیتر هەرچەند چەند بەرەو ڕاست یان چەپ وەربچەرخێ، هێشتاش زۆر لە توانست و ئامانجەکانی ئەم بۆرژوازییە و پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانی دەرناچێت.
بەپێی ئەمەش، چارەنووسی ئێستای ئەم ڕێکخراو و ئەم حیزبە بە مانای کۆتایی ڕێکخراوەکە یان خۆبەدەستەوەدانی نییە، بەڵکو بە مانای گەیشتنیەتی بەو خاڵەی کە بە شێوەیەکی لۆژیکی و بەپێی توانست و ئامانجە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانی دەبوو پێی بگات. لەو نێوەدا ئەگەر شتێک کۆتایی پێهاتبێت، ئەوا کۆتایی وەهمەکانی “چەپ” و کۆتایی ئەو چاوەڕوانییە نادروستانەیە کە لەم ڕێکخراو و بزووتنەوەیە بار کرابوون (لەبەر هۆکارگەلێک کە قابیلی تێگەیشتنن)؛ کۆتایی ئەو چاوەڕوانییانەیە کە کۆمەڵگە و پێداویستییەکانی تر لە درێژەی مێژوودا خستبوویانە سەر شانی.
تێزەکانی “ئۆجەلان” کە لەناو باڵی چەپی ئەم بزووتنەوەیەدا وەک تێزی مێژووساز دەربارەی دیموکراسی و برایەتیی گەلان پەرەی پێدەدرا، تەنها ئامادەکارییەک بوون بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پێویستی و ئەم لۆژیکە.
“هەسەدە” حیزبێکی بۆرژوازیی دیاریکراوە بە توانست و ئامانج و هیوا و ئامانجی کۆمەڵایەتی و چینایەتی تایبەتی خۆیەوە. بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە هەموو سەردەمێکدا بەو پێویستییە کۆمەڵایەتی و چینایەتیانە مەحکومن کە لە پێناویدا دروست بوون. بۆیە چارەنووسی “هەسەدە” نەک حاڵەتێکی دەگمەن و ئیستسنا نییە، بەڵکو قاعیدە و حاڵەتە ڕاستییەکەی ئامانجەکانی ئەوە بوون کە هەی بووە ، بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی هەر ئەوە بووە کە هەیبووە و لە پێناویدا دروستبوە، و بەپێی ئەم لۆژیکەش نەیدەتوانی بگاتە شوێنێکی تر یان سەرەنجام و چارەنووسێکی تر.
یەکێک لە تێزەکانی بزووتنەوەی ئێمە هەر لەسەرەتاوە ئەوەیە کە “بۆرژوازیی نیشتمانیی پێشکەوتنخواز” جگە لە ئەفسانەیەک هیچی تر نییە. چارەنوسی هەموو بورژوازی و بزوتنەوەکانی و جۆری ئەو کۆمەڵگە و دەسەڵاتەی کە دروستیان کردوە و ئەزمونی فراوانی جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لانیکەم لە مێژووی کێشمەکێشی چینایەتی لەم ناوچەیەی ئێمە دا گەواهی زیندوی ئەم راستیەن کە بۆچی هیچ بۆرژوازیەک لەم سەردەمە دا ناتوانێ پێشکەوتنخواز و ئازادیخواز بێت. بەڵام ئەو هۆکارەی وا دەکات کۆمەڵگە و خەڵک لێکدانەوەی تر و تێگەیشتنی تر و لە هەر بزووتنەوە یان ڕێکخراوێک بڵاو بکەنەوە (کە ڕەنگە لەگەڵ ماهییەت و جەوهەری کۆمەڵایەتی و چینایەتیاندا نەگونجێت)، لۆژیکێکی تری هەیە کە ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی چینایەتی و ئەو پرسانەی کە ئەم ململانێیە لە دەوریان دەسووڕێتەوە.