شەڕی نانبڕین و دیموکراسیی جەنگ؛ ڕووە ناشیرینەکەی سیاسەتی ئابوریی ئەمریکا!…نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

سەرانی دەوڵەتی ترامپ لە شەو و ڕۆژێکدا دیسانەوە دنیایان بە قارەمانێتییەکانی خۆیان لە بەچۆکداهێنانی خەڵکی ئەم گوشە و ئەو گوشەی دنیا سەرسام کرد لە ڕێگەی برسی کردنەوە، کاتێک ڕایانگەیاند کە بەنیازن گەورەترین شەڕی ئابوری لە دژی ئابوریی ئێران پیادە بکەن کە لە مێژوودا وێنەی نەبووە، و گوتیان کە ئەمە تاکە ڕێگای کاریگەرە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی ئێران ناچار بکەن کە بێن و خوێنی خۆیان بخەنە قوماری هاتنەسەر جادە، بۆ ئەوەی ئاخوندەکانی سوپا ناچار بکەن کە بچن جلوبەرگی ئەمریکا و ترامپ و ڕۆژئاوا لەبەر بکەن و لە کەڵکی شەیتان بێنە خوارەوە؛ و لە جیاتی ئەوەی بەتەما بن بە سپۆنسەریی چین چەند ساڵی تر خەریکی لەسێدارەدان و سەربڕین و کوشتاری بەکۆمەڵی هاووڵاتیان بن، هەمان کار بە سپۆنسەریی دیموکراسیی ئەمریکا و وەزارەتی جەنگ و پنتاگۆن بکەن.

ئاخوندی جەللاد و جەنەڕاڵی نیوەموسڵمان کە بە ئاوی دیموکراسیی وەزارەتی جەنگ و کوشتاری بۆرژوازیی ئەمریکا خۆش کراوە و ئامادەیە بازاڕی کاری هەرزانی ئێران بە سپۆنسەریی سەرمایەی ڕۆژئاوایی و ئەمریکی پاسداری بکات، تەواوی ئەو شتەیە کە بڕیارە ئەم قارەمانێتییە دیموکراتیکەی برسیکردنی کۆمەڵگەیەکی نەوەد میلیۆنی، پێشکەشی جیهان و خەڵکی ئێرانی ئەمڕۆ بکات. وەختی خۆی و لە دوای گەڕی دووەمی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا کە تیایدا ڕابەری ولایەتی جەللادی فەقێ و ڕیزێک جەنەڕاڵ و ئاخوندی سیاسەتمەدار تیاچوون، ترامپ گوتی کە ئێستا ئێمە لەگەڵ حاڵەتێکی تازە لە ئێران بەرەوڕووین. بە زمانی سیاسەت و بۆ کەسانێک کە لە ڕواڵەتی مەسەلەکان واوەتر دەبینن، مانای ئەم قسەیە ئەوە بوو کە ئیتر ئێستا کاتیەتی تا هەمان ئەو نوخبەیە بە تەواوی لەسێدارەدان و کۆنەپەرستی و بە تەواوی ئەو امکاناتانەی کە هەیانە بۆ سەرکوت و لەسێدارەدان و داپڵۆسین، لە یانەی دیموکراسیی ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی نوێی جێگەنیازیان قبوڵ بکەن. ڕێککەوتننامەی لێکتێگەیشتن زیاتر ڕاگەیاندنێکی سەرەتایی ئەوە بوو کە ئەگەر ئەم پاشماوەیەی ئەمڕۆی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و سەرانی سوپای پاسداران ئامادە بن بە پیر گرتنەئەستۆی ڕۆڵی تازەیانەوە بچن، دەتوانن پارە و امکاناتی بلۆککراویان بۆ ئازاد بکەن و نەوت بفرۆشن و بازاڕ و ئابوریی ئێران بکەنەوە و کاری خۆیان لەگەڵ چینی کرێکار و ژن و نەوەیەک کە دوژمنی گەورەیانە بە هەر شێوەیەک دەتوانن یەکلا بکەنەوە؛ هەڵبەت بە سپۆنسەریی بانکی جیهانی و CIA و ڕاوێژکارانی شارەزای سەرکوتی چەپ و کۆمۆنیزم و چینی کرێکار و خەڵکی دنیا.

ئەگەر سەرانی سوپا و جەنەڕاڵە موسڵمانەکانی دوای خامنەیی ئەم پەیامەیان لە ترامپ و وەزارەتی جەنگی ئەمریکا وەربگرتایە، حاڵەتێکی دەگمەن و دانسقە و چاوەڕواننەکراو نەدەبوو لە سیاسەت و مەنتیق و بەرژەوەندیی ئەم ژاندارمانەی برسیکردنی خەڵکی گوشە و کەنارەکانی دنیا. بە هەمان شێوە کە ئەحمەد شەرع و گرووپ و چەقۆکێشی ئیسلامیی سوننی لە یانەی دیموکراسیی خۆیان و ئەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەی دەیانەوێ ڕێکی بخەن قبوڵ کرد، دەکرا ئاخوندی جەللاد و حوکمەتی جەنەڕاڵە چنگ بە خوێنەکانی سوپای پاسدارانیش قبوڵ بکەن.

ئەوەی کە کۆمارێکی دینیی کلکوگوێکراوی ژێر پارێزبەندیی ئەمریکا کە لە ژێر دەسەڵات و فەرمانی جەنەڕاڵە موسڵمانەکانی سوپادا کە فایلی کوشتاری گەورەی خەڵکی ئێران لە ژن و لاوی ئەو وڵاتەیان لە هەگبەدایە، چەند توانای ڕاوەستانی دەبێ لە بەرامبەر هەستانی سکوڵار و ئازادیخوازانەی داهاتووی ئێران، ڕەنگە ئەو ترسە و ئەو کابوسە بووبێت کە وای کرد نەتوانن بچنە پای سیناریۆیەکی لەم جۆرە.

ڕاستییەکەی ئەوەیە نیگەرانیی ترامپ و دەوڵەتی اولترا-ڕاست لەوەدا نەبوو کە سیاسەتی گورزی سەربازی و کوشتنی ڕابەری ڕۆحیی دەوڵەتی فەقێ نەیکردە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، ڕێک بە پێچەوانەوە ترس و نیگەرانیی ترامپ و دەوڵەتی ملهوڕی ئەمریکا ڕووخانی ئەوان بوو. چونکە ئەمانە لەوە واقیعیترن کە بێ بوونی ئەو هێز و کارەکتەر و هەلومەرجەی کە دەیانەوێ و پێویستیانە بۆ ئەو ئاڵوگۆڕەی کە دەیانەوێ، وا بەئاسانی دەستبەرداری خزمەتی ئاخوند و ئیسلامێک بن کە چل ساڵە بوونەتە پسپۆری کوشتن و لەسێدارەدان و هەڵواسینی ئاشکرا لە کۆمەڵگەیەکی ٩٠ میلیۆنیدا.

تێزێک هەبوو و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ  هەیە کە پێی وایە  ئەمریکا لە داماوی و بێچارەییدا هاتۆتە ناو جەنگێکەوە بە ئامانجی ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی و گوایە بەتەما بوون بەچەند گورزێک و هەندێک کوشتار هەموو شت تەواو بکەن و جێبەجێ نەبوو و سەرەنجام ئێستا نازانن چۆن لێی بێنەدەر. ئەمە تێزی جمهوری ئیسلامییە و نەک هەر تەیفێکی فراوانی ڕاستی کۆمەڵگە، بەڵکو تەنانەت چەپیش تێیدا هاوبەشن.

هەڵبەتە دیارە کە ئەو تێزە و ئەو ریوایەتەی لەسەری هەڵچنراوە، بۆ کۆماری ئیسلامی  پێویستییەکی سیاسییە و خزمەت بە بازاڕی ئەفسانەی خۆڕاگریی ئیسلامی دەکا؛ گوایە ئەوەتا ئەوان لەبەرئەوەی خۆیان لە بەرامبەر استکباری جیهانی ڕاگرت، خەریکن دەبنە قارەمانی سەرکەوتنێکی ئیسلامی و ئیتر کێشەی ئەوان لە کێشەی مانەوە گۆڕاوە بۆ مانەوە و بوون بە هێزێکی گەورەی دنیای ئیسلام و کەڵکە سیاسییەکەی وەک ڕۆژی ڕوون دیارە.

بەڵام بۆ هێزە ڕەسەنە کۆمەڵایەتییەکان و بۆ کۆمۆنیزم و چەپی کرێکاریی کۆمەڵگە زۆر گرنگ و بگرە چارەنووسسازە کە دینامیزمە ڕەسەنترەکان و قووڵترەکانی پشتی ئەو ڕووداو و پرۆسانە و ئەو گێڕانەوانەی کە لێیان بەدەستەوە دەدرێ، درک بکەن و ببینن. ترامپ ئێرانی نەکوتا تا دەوڵەتی ئاخوندەکان بڕووخێنێ تا لەوەدا شکستی خواردبێ یان سەرکەوتبێ، بەڵکو ترامپ ئێرانی کوتا تا بەو ئاخوندانە بڵێ چیتر دەبێ بە سپۆنسەری ئێمە و بە ڕاوێژی ئێمە و لە بەرژەوەندیی سەرمایەی ئێمە لەو ناوچە ستراتیژییەی دنیا و لە وڵاتێک بەو گرنگییە ستراتیژییە جیوسیاسییە و بەو امکاناتی فراوانی وزەیەی کە لە ناوچەکەدا هەیە، هەر ئەو کارە بکەن کە تا ئێستا کردووتانە، بەڵام دەبێ بۆ ئەو کارە خۆتان بگۆڕن، مانەوەیان و نەڕووخانیان بەرهەمی مجاهدات و خۆڕاگریی ئیسلامیی ئەوان و کارە عەجیب و غەریبەکانی سین  و شکستی ئەمریکا لە ڕووخاندنیان نەبوو، بەڵکو بەرهەمی ترس و نیگەرانیی خودی ئەمریکا بوو لە ڕووخانی ئەوان..

بەهەرحال بۆ نەوەیەک کە چارەنووسی خەڵکی عێراقی لە سایەی گەمارۆی ئابوریی سەرانی ملیتاریزمی دنیای سەرمایەداری بینیوە، چارەنووسی لیبیا و ئەفغانستانی بینیوە، پێستی وشکهەڵاتووی ملیۆنان منداڵی هەزاران هەزار خێزانی کرێکار و زەحمەتکێشی عێراقی ئەو سەردەمەی بینیوە، ئەو پاشەکشە گەورەیەی بینیوە کە چۆن ئەو سیاسەتە حەقیرانەی برسی کردن کۆمەڵگەیەکی چەندەها میلیۆنی بۆ تەسلیمبوون بەو کۆنەپەرەستییە گۆڕی کە دواتر و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ، عێراقی گۆڕی بە مەیدانی دەسەڵاتی پووچترین و دواکەوتوترین هێزی سیاسی کە چەند نەوەی پێشتر هەر بە خەیاڵیدا نەدەهات ڕۆژێک دێ ئەمانە دەتوانن ببنە مڵۆزمی سەرسینگی چینی کرێکار و نەوەی ئەمڕۆ.

جەنگی ئابوری سیاسەتی بەچۆکداهێنان و زەلیل و بێئیرادە کردنی چینی کرێکار و جەماوەری خەڵکێکە کە ڕۆژ و سەعات دەژمێرن بۆ لەکۆڵکردنەوەی دەسەڵاتی ئەم جڕوجانەوەرە تاوانکارە ئیسلامیەی ئێران. بەم مانایە، ئەوە ڕێک ئەو خزمەتەیە کە ئەمریکا و دەوڵەتی ترامپ خەریکە پێشکەشیان دەکا.

دیارە ئێران وڵاتێکی گرنگ و گرنگترین وڵاتی ناوچەکەیە و ئێستا لە هەلومەرجێکدایە کە بە حوکمی پێشکەوتنی هەموو ئەو پرۆسانەی کە بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە پێویستن، لەبەردەم حەتمییەتی تەقینەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی گەورەدایە. کەلێنی نێوان نەوەی ئەمڕۆی مرۆڤایەتیی کرێکار و زەحمەتکێش بە ئاستێک گەیشتووە کە هیچ چارەسەرێکی نییە و چاوەڕوانی و تێگەیشتنێک کە ئەم نەوەیە لە ژیان و لە مافی خۆی و لە ئازادیی خۆی و تەنانەت لە پەیوەندیی خۆی بەم دیاردە پووچە پێی گەیشتووە، وا دەکا هەر ڕێککەوتنێکی نیوبەنیو و هەر سازش و هەر وەرچەرخانێک لەم ڕژێمەدا بقۆزێتەوە و بۆ داسەپاندنی هاوسەنگیی هێزێکی گونجاوتر و بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕژێمە کەڵکی لێ وەربگرێ. هەر ئەم هەلومەرجەشە کە هەر ڕێککەوتن و نەرمییەک دەکاتە قومارێکی گەورە بۆیان.

ڕەنگە ترامپ و دەوڵەتی اولترا-ڕاستی ئەمریکا لەوە حاڵی بووبن کە ئەمانە لە چ تەنگژەیەکی وجودیی دان و بیانەوێ بە لێدانی نان و کار و برسی کردنێکی هەمەجیانە، ئەم ئیرادە و امکان و ئامادەییە گەورەیەی ئەو کۆمەڵگەیە بەچۆک دابێنن، بۆ ئەوەی ئەم پاشماوانەی ولایەتی فەقێ و سوپا بتوانن ئاسانتر بەرەو ئەم ئاراستەیە بێن و دڵنیابن کە لە بەیانیی دوای سازان و تەسلیمبوون بە چنگ بە خوێنەکانی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا و دەوڵەتی بۆرژوازیی ئەمریکا، هێشتا هەر لەسەرکارن و ماونەتەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.