ڕاپەڕین بە مەقاولات و مۆری ئەندازیار!… توانا محەمەد نوری

0

له‌ هه‌موو دنیادا كه‌ خه‌ڵك لێی قه‌وما و كاری گه‌یشتە سەر ئێسک، لەپڕدا دەقڵیشێنەوە و بە یەکجار ده‌ڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قام. كه‌س نازانێت كێ یه‌كه‌م به‌رد دەهاوێژێ و كێ یه‌كه‌م هاوار دەکات، هه‌مووی هه‌روا عه‌فه‌وی و بێسەروبەر ده‌ست پێ ده‌كات. پڕوشکێک دەکەوێتە شوێنێک و کڵپە دەسێنێت، بێ ئەوەی پێشتر لێژنەی بۆ پێکهاتبێت یان نەخشەی بۆ کێشرابێت.

به‌ڵام لای خۆمان شتەکە جیاوازە، ڕاپەڕین وەک “تەلارسازی” وایە؛ تا ئەندازیارەکە نەخشەکەی نەکێشێت و مۆری نەکات، کەس ناتوانێت بەردێک بخاتە سەر بەرد. دەبێت پێشوەختە بزانرێت کێ دەبێت توڕە بێت، کێ دەبێت هاوار بکات و کێش لە کۆتاییدا “دەستکەوتەکان” دروێنە بکات. لای ئێمە توڕەبوونیش بێ “ئیعاز” و ئۆکەی سەرەوە ناچێتە نێو بازاڕ، وەک بڵێی ڕاپەڕین مەقاولات بێت و پێشوەختە لە شارەوانی دابەش کرابێت.

دەڵێن گوایە ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١یش، بەرهەمی مێشکێکی ئەندازیار بووە کە دانیشتووە و بە قەڵەم و کاغەز، بست بە بستی ئەو وڵاتەی کێشاوە کە کەی و لە کوێ دەنگ هەڵبڕێت. وەک بڵێی خەریکی نەخشەی ڤێلایەک بێت، ژووری میوان و مەتبەخ و تەنانەت شوێنی ئینجانەکانیشی دیاری کردووە؛ لێرەدا دەبێت شارێک هەڵسێت و لەوێدا دەبێت گەڕەکێک بتەقێتەوە، هەموو شتێک بە “حیساب و کتاب” بووە.

ئەم ئەندازیارییە ئەوەندە وردە، مرۆڤ سەری دەسوڕمێ. وا هەست دەکەیت جەماوەرەکە هەموویان “وەستا” و “شاگرد” بوون و بە دەستووری نەخشەکە کاریان کردووە. ئەگەر ئەندازیار نەڵێت “ئێستا”، کەس لە جێی خۆی ناجوڵێت، تەنانەت ئەگەر زوڵم و زۆرەکە گەیشتبێتە سەر مۆخی ئێسکیش. لێرە شۆڕش تەنها غەریزە نییە، بەڵکو “دیزاین و فۆتۆشۆپە”.

ئەندازیارەکانی ڕاپەڕین لای خۆمان ئەوەندە دەستڕەنگینن، دەتوانن شۆڕشێک دیزاین بکەن کە تەنها لە سەعات ٩ی بەیانییەوە بۆ ٢ی پاشنیوەڕۆ بێت و دواتر هەموو بچنەوە بۆ نانی نیوەڕۆ و خەوێکی قووڵ. لێرە هیچ شتێک بۆ “ڕێکەوت” جێ ناهێڵدرێت؛ تەنانەت جۆری دروشمەکان و ڕەنگی پۆستەرەکانیش ئەندازیارێکی سیاسی لە ژوورێکی سارد و سڕدا بۆت دادەنێت، تەنها ماوە بڵێن بە چ مەقامێک هاوار بکەن.

 

ئەگەر لە وڵاتانی تر خەڵک لەبەر “برسێتی” ڕاپەڕێت و سکیان قورپەی بێت بۆ نان، لای ئێمە تا ئەندازیارەکە نەڵێت “برسیتانە” و ئیزنی قورپەقورپ نەدات، کەس بۆی نییە سکی بقورپێنێت. دەبێت برسیبوونەکەش بە مۆری ئەندازیار بێت، ئەینا دەبێتە “شەغب” و تێکدانی ئاسایشی گشتی و کەس ئاوڕت لێ ناداتەوە و بە دەرچوون لە یاسا حیسابت بۆ دەکەن.

کورت و کرمانجی، ڕاپەڕین لای ئێمە وەک “سەیارەی سفر کیلۆمەتر” وایە، چەند جوان و مۆدێل بەرز بێت، تا کلیلەکەی پێنەبێت و سلفی لێنەدەیت، یەک هەنگاو ناجوڵێت. جەماوەرەکە مەکینە و بەدەنەکەیە، بەڵام کلیلەکە لای ئەندازیارەکەیە. ئەو نەبێت، سەیارەکە هەر لە پێشانگادا دەمێنێتەوە و تەنها تۆزی لێ دەنیشێت و وەک ئاسنی کۆن دەردەکەوێت.

مێژوو نیشانی داوە کە ئێمە میللەتێکی زۆر “مونەزەم”ین لە هاوارکردندا، بە مەرجێک نەخشەکەمان بۆ هاتبێت. کاتێک لە ڕابردوودا ئەو دیزاینە گەیشت، هەموو وەک یەک سەعاتی سویسری زەنگیان لێدا. ئەمە نەک هەر ڕاپەڕین بوو، بەڵکو “پڕۆژەیەکی ئاوەدانکردنەوەی شۆڕشگێڕی” بوو کە هەموو پارچەکانی پێکەوە بەسترا بوون و کەس لە ئاوازی ئەندازیار دەرنەچوو.

لە کۆتاییدا، دەبێت بڵێین ڕاپەڕین لای هەندێ کەس تەنها کاردانەوە نییە، بەڵکو “سەنعەتە”. تا وەستاکە یان ئەندازیارەکە نەڵێت “یاڵا”، کەس دەستی ناچێتە چەک و بەرد. بۆیە ئەگەر بینیت لای ئێمە بێدەنگییە، مەڵێ خەڵک بێدەنگە یان مردووە، تەنها بڵێ “هێشتا ئەندازیارەکە نەخشەکەی تەواو نەکردووە و مۆرەکەی لێ نەداوە”، چونکە بێ مۆر و واژۆ، ڕاپەڕینەکە ڕەسمی نییە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.