لە دەرکەوتنی خوێناوی نەزمی نوێ وە بۆ جەنگی تیرۆریستان…تا ڕیزبەستنی کۆنەپەرەستانەی ئێستا! سەرنجێک لە میتۆدۆلۆژی مارکسیستی حیکمەت…نووسینی: ئیبراهیم حسێن
دوو لێکدانەوە لەوەی کە هەڵوێستی دروستی کۆمۆنیستی و کرێکاری دەتوانی چی بێ لە پەیوەند بە جەنگ و قەیرانێک کە ئێستا لە ئارادایە ئەو بزوتنەوەیەی جارێکی تر قوتبی کردوە؛ یەکێکیان بە هەمان فۆرمۆڵی جەنگی کەنداو سەیری ئەم قەیرانە و ئەم ڕیزبەستنە دەکا؛ کە دەڵێ ئەمریکا و غەرب بۆ بەرگرتن بە کەوتن و داڕمانی نفوزیان ناوچەی کەنداوی پڕکردوە لە قشون و تەکنۆلۆژیای جەنگی و کۆماری ئیسلامی و ئەو ناوچەیەیان بۆ ئەو شەڕە و بە ئەو قودرەتنمایی هەڵبژاردوە و بەو پێیە داستانی ئەم شەڕە دوور و نزیک پەیوەندی بە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی ئیسلامی سیاسی و کۆماری ئیسلامی و جێگەوڕێگەی سەرجەم جوڵانەوەی ئیسلامی و کارکرد و نیاز و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیەوە نییە و دووەمیان بە فۆرمۆڵی شەڕی تیرۆریستانی سەردەمی دوای یازدەی ستبتەمبەر دەچێتە سۆراغی ئەم کێشمەکێشە خەتەرناک و خوێناویەی ئەمڕۆ.
بەڵام ئێستا پرسیارە سەرەکیەکە ئەوەیە کە ئایا کە ئەگەر مەنسور حیکمەت ئێستا هەبایە و بە شێوازە زیندو و مارکسیستیەی کە لە ناسینەوەی ڕەوەندە سیاسی و کۆمەڵایەتیە گەورەکان هەیبوو، بە یەکێک لەو دوو فۆرمۆلە دەچوە سۆراغی تەنش و پێکدادانەی ئێستای نێوان دەوڵەتی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی؟
وەڵامی من و بە پێی ئەو تێگەیشتنەی کە هەر کەس دەتوانێ لە مەنتیقی زیندو و مارکسیستی ئەو پێی بگا، نەخێرە.
بێگومان قسەیەکی تری دەکرد و ئەو ڕووداوەی دەخستە ناو کۆنتێکستی مێژوویی و ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە دنیا و لە هاوکێشەی هێزەکان ڕویان داوە.
چونکە ئەوە یەک ڕاستیە کە ئێستا سەردەمی جەنگی خەلیج و سەردەمی سەرهەڵدانی نەزمی نوێ نیە و بە پێی هەمان فۆرمۆڵ و چوارچێوە ناتوانرێ ئەم کێشمەکێشە ڕوون بکرێتەوە.
هەروەها سەردەمی جەنگی تیرۆریستانی سەردەمی روداوەکانی دوای یازدەی سبتەمبەریش نیە و؛ بەم مانایە ئەم جەنگە هەمان ئەو ڕیزبەستنی ئەو سەردەمش نیە و ناکرێ بە هەمان فۆرمۆڵ و شێوەی تێگەیشتن کە بۆ ئەو ڕیزبەستنەی ئەو سەردەم گونجاو بوو و دەکرا ڕۆحی هەلومەرجی ئەو سەردەم و سروشتی ئەو ڕیزبەستنەی پێ دیاری بکرێ، بۆ ئەم ڕیزبەستنەی ئەمڕۆش بۆ ئەم ڕیزبەستنەی ئەمڕۆش بگونجێ. بۆیە ناکرێ چاوەڕوانی ئەوەمان هەبێ کە بەم چوارچێوانە و بەم فۆرموڵانەی ئەودەم بکرێ ڕوانگەی چینی کرێکار و مرۆڤایەتی متمدن لە بەرامبەر ئەم ڕیزبەستنە کۆنەپەرەستانەیەی ئەم سەردەمەی ئەمڕۆمان، نوێنەرایەتی بکرێن، لێک بدرێتەوە و پەرچەمێکی سیاسی کرێکاری و ڕادیکاڵی واقیعی کۆمۆنیستی لە بەرامبەر ئەم ڕیزبەستنە کۆنەپەرەستانەیە دا بەردەست بکات کە بتوانێ مرۆڤایەتی نوێنەرایەتی بکات. با کورتەیەک لە شێوەی حیکمەت لەمەڕ ئەو ڕووداوانەی باسمان کرد بهێنینەوە؛
شێوەی حیکمەت
لە مەڕ نەزمی نوێی خوێناوی دنیا!
لە جەنگی یەکەمی کەنداو قسە و تێزی سەرەکی لە تێگەیشتنی ئەو ڕوداوە ئەوە کە ئەم جەنگە پەیوەندی بەو شتانەوە نیە کە ئەمریکا و میدیای نۆکەر دەیخاتە ڕوو گوایە ئەم شەڕ و ڕیزبەستنە لەوە وە هاتوە کە دیکتاتۆرێک لەو ناوچەیە هەیە و دەیانەوێ خەڵک لە بەڵای دیکتاتۆریەت ڕزگار بکەن یان گوایە ئەو هەموو سەرباز و تەکنۆلۆژیای کوشتاری زیرەکە بۆ ئەوە هاتوە تا مافی وڵات بوون و سەروەری میرنشینە عەشیرەتیەکانی کەنداو بپارێزن و بسەپێنن. حیکمەت زۆر پێش سەردەمی خۆی بە تێگەیشتن لەو ئاڵوگۆڕە گەورەیەی پاش هەڵوەشانەوەی شەرق ڕووی دابوو لە هاوکێشە ی هێز، وتی ئیتر ئێستا ئەو بلۆکەی کە لە بەرامبەر بلۆکی دوژمن بلۆکی ڕۆژهەڵات پێکهاتبوون، بە نەمانی بلۆکی نەیار ئیتر پێویستی خۆی لە دەست داوە و لە ژێر پرسیار دایە و دیار نیە بۆچی دەبێ هەبێ. هاوکێشەی تازە پێکهاتوە و ڕۆژئاوای سەرکەوتو بو ڕابەری ئەمریکا بۆ ڕێگری کردن لە دەرکەوتنی زیاتری ئەم مەنتیقە و ئەم پرسیارە سەرەکیە پێویستی بەهێز نیشاندان هەیە تا سەرکردایەتی خۆی و زەعامەتی موتڵەقی خۆی لە ڕێکخستنەوەی دنیادا بسەپێنێ. لە چوارچێوەی کۆنتێکستی هەمان تێگەیشتنی قوڵ بەو ئەنجامە مەنتیقیە گەیشت کە زۆری سەربازی و ملهوڕی و میلتاریزم لە هەر ئاستێکدا بێت، بەڵام سەرەنجام مەنتیقی ئەو پرۆسانەی کە لە ئابوری سەرمایەداریدا پێک هاتوون و پێک دێن بە زیانی ئەم کەڵەکاییە، سەرەنجام کاری خۆیان دەکەن و مۆری خۆیان لە چارەنوسی ئاڵوگۆڕەکانی دنیا دادەن. بە هەمان شێوە لەشەڕی دوەمی کەنداو و کە کێشایە سەر ڕوخانی دەوڵەتی بەعس و داگیرکردنی عێراق وتی ئەوە دیارە کە مەیل و خەتێک لە نێو بورژوازی ئەمریکادا هەیە کە دەیەوێ تا ئەوپەڕ کەڵک لە میلیتاریزم و ملهوووڕی وەربگرێ لە ئاستی جیهانیدا و پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم خەتە دەستەکە دەباتەوە یان نا؛ بەڵام ئەگەر بێت ئەمریکا هێرشی زەمینی بکاتە سەر عێراق و داگیری بکات باشترین خزمەتێک دەبێ کە دەوڵەتی ئەمریکا بە ئیسلامی سیاسی و جمهوری ئیسلامی بیکات و؛ دواتر دەزانن داستانی عێراق بە کوێ گەیشت و هەرکەس ئێستا دەتوانێ بیبینێ و قەزاوەت بکات.
یازدەی سبتەمبەر و جەنگی دووکەمپی تیرۆریزمی جیهانی
لەمەڕ یازدەی سبتەمبەر ئەو ڕووداوەی خستە ناو کۆنتێکستی کێشمەکێشی دوو جەمسەری کۆنەپەرەست و چنگ بە خوێنی دنیا و وتی نەبەردی مەدەنیەتی ڕۆژئاوا و ئەمریکا و بەربەریەت نیە بەڵکو وتی جەنگی دوو کەمپی تیرۆریستی دنیایە:
((لە دوو لای ئەم ململانێ دژەمرۆییەدا، دوو ئۆردوی سەرەکیی تیرۆریزم جێگیر بوون کە مۆری خوێناوی خۆیان لە ژیانی دوو نەوە لە خەڵکی جیهانی ئێمە داوە. لەلایەکەوە، گەورەترین ماشینی تیرۆری دەوڵەتی و هەڕەشە و باجستێنانی نێونەتەوەیی وەستاوە؛ کە پێکهاتووە لە دەسەڵاتداران و دەوڵەتی ئەمریکا، تاکە هێزێک کە چەکی ئەتۆمی دژی مرۆڤ بەکار هێناوە و سەدان هەزار خەڵکی بێتاوان و بێئاگای هێرۆشیما و ناگازاکی لە چەند چرکەدا کردووە بە خۆڵەمێش، ملیۆنان کەسی لە ڤیەتنام کوشتووە و خاکەکەی بە بۆمبی کیمیایی بۆ چەندین ساڵ سووتاندووە و کەڵکی نەهێشتووە. ناتۆ و هاوپەیمانیی دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان کە لە عێراقەوە تا یوگۆسلاڤیا ماڵ و نەخۆشخانە و قوتابخانەی خەڵکیان بەسەردا ڕووخاندوون و نان و دەرمانی ملیۆنان منداڵیان کردووە بە بارمتە. بۆرژوازی و دەوڵەتی ئیسرائیل، کە داگیر دەکات، زەوت دەکات، کۆمەڵکوژ دەکات و بێبەشی دەسەپێنێ . ئەمانە بۆمب و ڕاکێت دەگرنە کەمپی ئاوارەکان و تەقە لە منداڵی دە ساڵان دەکەن کە لە باوەشی باوکدا یان لە ڕیزی قوتابخانەدا پەنایان گرتووە. لە هێرۆشیما و ڤیەتنامەوە تا گرانادا و عێراق، لە گۆڕەپانەکانی گوللەبارانی ئەندەنوسیا و چیلێوە تا کوشتاری بە کۆمەڵی فەلەستین، کارنامه و دۆسیەی ئەم ئۆردوە جیهانییەی تیرۆریزمی دەوڵەتی و دەسەڵاتداریی ئیمپریالیستی، ئاشکرا و حاشای لێنەکراو لە بەرچاوی خەڵکی دنیایە.
لە ئۆردوی بەرانبەردا، تیرۆریزمی ئیسلامی و بزووتنەوەی کۆنەپەرەست و پیسی ئیسلامی سیاسی جێگیر بووە. ئەمانە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان خۆیان بەخێوکراو و بەرهەمی ئەمریکا و ڕۆژئاوا بوون لە جەنگی سارددا و ئامرازێک بوون بۆ ڕێکخستنی کۆنەپەرستیی ناوخۆیی دژی چەپ لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئێستا بوونەتە ئۆردوگایەکی چالاکی تیرۆریزمی نێونەتەوەیی و یەکێک لە ستوونەکانی جەنگی دەسەڵاتی بۆرژوازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. مێژووی دژەمرۆیی ئیسلامی سیاسی، لە ئێران و ئەفغانستان و پاکستانەوە تا جەزائیر و فەلەستین، لیستێکی درێژە لە کۆمەڵکوژی و تاوانی سەرسووڕهێنەر. لە کوشتارە دەوڵەتی و نیمچەدەوڵەتییەکان لە ئێران و ئەفغانستانەوە، تا تاوانە ڕۆژانەکانی گرووپە تیرۆریستییە ئیسلامییەکان لە ئیسرائیل و جەزائیر و قوڵایی ئەوروپا و ئەمریکادا، لە سەرکوتکردنی خوێناوی نەیارە فکری و سیاسییەکانەوە، تا سەپاندنی یاسا ڕەجەعی و دژەمرۆییە ئیسلامییەکان بەسەر خەڵکدا و بەتایبەت بەسەر ژناندا، لە سەربڕین و دەستبڕینی شەرعییەوە، تا بۆمبڕێژکردن و قەتلوعام لە پاس و کافێ و یانە شەوانەکاندا، بەشێکن لە کارنامەی ئەم کۆنەپەرستانە))
تەبیعی ئەم دوو فۆرمۆلە لە ڕوونکردنەوەی چوارچێوەی هەڵوێست و تێگەیشتنێکی کۆمۆنیستی لە ڕووداوەکانی هەر دوو سەردەمەکە کۆمەکی کرد بەوەی کە کۆمۆنیزمی کرێکاریی وەک بزوتنەوەیەکی گرێخواردو بە نیازی بەشەریەتی متمدن و چینی کرێکار لەبەرامبەر میلتاریزم و بەربەریەتی لایەنەکانی ناو ئەو پێکدادانە نوێنەرایەتی بکات. وەک دەبینن هەڵوێستی ئەم خەتە و مەنسور حیکمەت لە هیچ کام لەم ڕوداوە یەک شت نەبوو و بۆ هەر یەک لەم دوو پێک دادانە دا بە هەمان فۆرمۆڵ و بە هەمان چوارچێوە وە نەچووە سۆراغی مەنتیقی ئەم بەرکەوتنانەی ئەم دوو سەردەمە.
ڕیزبەستنی دوو کۆنەپەرەستی کە لە ئاوابوون دان:
ئەمە ڕیزبەستنێکی واقیعی کۆنەپەرەستانەی ترە و ناکرێ بە هەمان چوارچێوە، بە هەمان منطق و بە هەمان فۆمۆڵبەندی بچینە سۆراغی. دەبێت منطقی ئەم دۆخە و ئەم ڕیزبەندییە کۆنەپەرستە لە بارودۆخی ئەمڕۆدا بناسین. دەبێت ڕۆحی ئەم دۆخە بناسرێ و دەرک بکرێ، تاوەکو بتوانرێت بزووتنەوە و ئاڵایەکی سیاسیی سەربەخۆی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە ناو دڵی ئەم بارودۆخەدا دروست بکرێت و لەژێر پێی بیانوو و پاساوە پووچە ئیدیئلۆژی و سیاسیەکانی هەردوو لایەنی ئەم ڕیزبەندییە کۆنەپەرستەدا پێشێل نەکرێت و نوێنەرایەتیی مرۆڤایەتی و ئازادیخوازیی ئەم مرۆڤایەتییە بكرێت. بە هیچ فۆرمۆڵ و قاڵبێکی ئامادەکراوەوە ناتوانرێت بچینە سۆراغی هیچ ڕووداو و پرۆسەیەکی مێژوویی گەورەوە. ئەمە تایبەتمەندی و پێویستیی متۆدۆلۆژییەکی حیکمەتی و لێنینییە لە ڕونکردنەوەی مارکسیستیانەی ڕووداوەکان و پرۆسە سیاسییەکان و ڕیزبەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەگەرنا ئەو پەڕەکەی بە کۆمەڵێک حوکمی ڕەق و تەق و کۆمەڵێک حوکمی ئەخلاقی دەگەین و نەک هەر ناتوانرێ بلۆکێیکی کۆمۆنیستی کرێکاری ڕوون و ئومێدەوار و زیندو بهێنێتە دەرەوە کە توانای هەڵگرتنی پەرچەمی (نا)ی مرۆڤایەتی هەبێت، بەڵکو خۆی بە شێوەیەک لە شێوەکان دەبێتە قوربانی.
ئەمە دەرسێکی هەرە گرنگی دەرکی زیندو و خەللاقی حیکمەت بوو لە ناسینی مێژوو دا کە وای دەکرد هیچ ڕووداوێک بە چاوی ئەوەی پێش خۆی نەبینێ و بۆیە لە هەر سەردەمێکدا ڕۆحی ئەو سەردەمە و ئەو پرۆسانەی ناسی و هەر بۆیە لە هیچ روداوێک دا هەمان قسەی دوبارە نەکردەوە.
ڕیزبەستنی کۆنەپەرەستانەی ئەمڕۆ ڕیزبەستنی دوو کۆنەپەرەستی دنیای ئەمڕۆیە کە بە حوکمی ئەم پرۆسانەی کە لە مەنتیق و کارکردی سەرمایەداریدا ڕوویداوە لە پاشەکشە و ئاوابوون و کەوتندان، ڕیزبەستنێک کە خەریکە تەواوی مانا کۆنەپەرەست و زیانبارەکانی لەسەر ژیان و چارەنوسی مرۆڤایەتی ئەم سەردەمە دا دەردەخات.
لە سەرێکی ئەم ڕیزبەستنە کۆنەپەرەستانەیە ملهووڕی و مل ئەستوری و بێ باکی دەوڵەتی چنگ خوێنەکانی ئەمریکا و پنتاگۆن و ئەمریکایە سەردەمێک و تا چەند ساڵ پێش ئێستا و ئێستاشی لەگەڵدا بێ، هەر شوێنێکی دنیایان بویستبایە بە تەکنۆلۆژیای کوشتاری زیرەک و میلتاریزم دەکوتا و ئەم کۆنەپەرەستیان لادەدا و کۆنەپەرەستیەکی ملهوڕ تریان دەکردە مڵۆزمی سەرسینگی چینی کرێکار و جەماوەری خەڵک لەم یان لەو گۆشەی دنیادا. سەری دوەمی ئەم ڕیزبەستنەی ئەمڕۆ ئیمپراتۆریەتی تیرۆر و کوشتاری ئیسلامی و دەوڵەتی ئاخوند و ولایەتی ئیعدام و تیرباران و سەنگەساری ئیسلامیە کە نەک ژیان و مقدەراتی کۆمەڵگەیەکی ٨٠ ملیۆنی لە ئێران، بەڵکو ژیان و مقدەراتی خەڵکی ناوچەکەی لە عێراق و یەمەن و لوبنانەوە تا دەگا بە غەززە بە بارمتەگرتوە و خستویەتیە قوماری ترسناکی جەنگی مانەوە. کۆماری ئیسلامی و ئەم دیاردە نەگریسە بە پێچەوانەی ئیددیعا و گوتاری سەرکەوتن و گوایە خەریکن ئاسۆ و ئایندەی سەرکەوتنێکی گەورەی ئیسلامی بە دەست دێنن، خەریکن گەورەترین خزمەت پێشکەشی ملهوڕی و نیازەکانی دەوڵەتی ملهوڕی بورژوازی ئەمریکا دەکەن. ئیسلامیەکان و کۆماری ئیسلامی خەریکن هەموو ئەو کارە دەکەن کە ئەمریکای شەیتانی گەورە پێویستی پێیەتی. لەم چوارچێوە و کۆنتێکستە دا دیاریکراوە دا جەنگ بۆ کۆماری ئیسلامی و بە دەوری دا بو هەموو جوڵانەوەی ئیسلامی لە شامەوە بۆ عێراق و لوبنان و غەززە شەڕی مانەوە و بۆ ئەمریکا و غەرب شەڕی ئەمریکا و ئامانجەکانی بۆ کۆنتڕۆڵی ناوچەکە و تەسلیم کردنی کۆماری ئیسلامی و ئیسلام و جوڵانەوەی ئیسلامیە بە مەرجەکانی خۆی.
چی و کێ دەتوانن ئەو ڕۆڵە بۆ سیاسەتی ملهوڕی ئەمریکا لەم ناوچە جیوپۆلەتیکە گرنگەی جیهاندا بگێڕن وەک ئەوەی ئێستا ئەم ڕەوتە قێزەونە لە تەواوی ناوچەکەدا دەیگێڕێت؟ ئەگەر ئەمانە نەبایەن، ئەگەر دەزگای کوشتن و کوشتار و تیرۆری ئیسلامی نەبایە، چەقۆخوێنەکانی پێنتاگۆن چۆن دەیانتوانی ئەم ناوچەیە و مرۆڤایەتی کرێکار و زەحمەتکێش لەم ناوچەیە دا بەم چارەنووسە دەردناکەی ئەمڕۆ بگەیەنن؟ ئێستا وا تازە دەردەکەوێت کە ئەمریکا و ڕۆژئاوا بەخۆڕایی ئەم کابووسەیان پەروەردە نەکردووە و پارە و امکاناتیان بەخۆڕایی خەرج نەکردووە بۆ ئەوەی ئەم ڕەوتە بکەن بە کابووسێک لەسەر سینگی مرۆڤایەتیی لەم ناوچە ستراتیژییەی جیهاندا.
سەرهەڵدانی زەمزەی سەرکەوتن و گوتنی ئەوەی کە گوایە ئەم ئیسلامییانە لە قومارە ترسناک و کۆنەپەرەستانەیە دەستەکەیان بردۆتەوە، ئەگەر بۆ بانگەشەکارانی ڕێژیمی ئیسلامی و سەرانی سوپای پاسداران و کۆی سەربازگەی ئەم بزووتنەوە قێزەونە هۆکاری واقعی و لۆژیکیی خۆی هەبێت، بەڵام کاتێک ئەم تەفسیرە لە چەپی کۆمەڵگەشەوە دەردەچێت، ئەگەر نەشکرێ بە لەیەک نزیکیی ناوەرۆکی ئەم دو لێکدانەوە و ئەم دوو گریمانەیە حیسابی بکەین ئەوا لە باشترین حاڵەتدا دەبێت بخرێتە ئەستۆی هەژاری لە ناسینەوەی ڕووداوەکان و نەناسینەوەی ڕۆحی دۆخەکە و ئەم کێشەکێش و ڕیزبەستنەی ئێستا.