حیزبی حیکمەتیست و شۆردنەوەی ئۆپۆزسیۆنی سیناریۆی ڕەش…نووسینی: ئەسەد گوڵچینی

0

لە ڕوانگەی حیزبی حیکمەتییەوە، سیاوەش دانشوەر، سیاسەتی ڕەوتە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی لە بەرانبەر جەنگدا نیشانداوە، تا لەو چوارچێوەیەدا و لەدرێژەیدا، بگات بە شۆردنەوەی  ڕوخساری ڕەوتە ئۆپۆزسیۆنەکانی سیناریۆی ڕەش و پاساویان بۆ بهێنێتەوە. ئەو دەڵێت: “جەنگ بوو بە هاندانێک بۆ ئەوەی نهێنیەکانی ناو دڵ و ئارەزووە واقعیەکان و ئینتمای چینایەتی هێزەکان، زیاتر و زیاتر ئاشکرا بێت”، بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ” نهینیەکانی ناو دڵ و ئارەزووە واقعیەکان ئینتمای چینایەتی “خودی حیزبی حیکمەتیست لەم جەنگەدا چی بووە؟

دەغدەغەی ئەم حیزبە و ئارەزووە واقعیەکانی، لەگەڵ سەرقاڵبوونە هەمیشەییەکانیدا لەهەندارن تێکەڵ بووە، بێگومان ڕاگەیاندنی هەڵوێستەکان کە بەسەر خودی ئەم حیزبەدا زاڵە، ئیدارییە، نەک پێشهاتە واقعیەکانی کۆمەڵگە. چیرۆکەکە بە پێچەوانەی ئەم سیاسەتمەدارانەی کە بە کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە خۆی ئاوێزان کردووە، دەبێ لەجەنگێکەوە دەست پێ بکات کە بڕیارە شیرازەی کۆمەڵگە داڕمێنێت و تائێستاش  مەترسییەکەی هەرماوە. هەڵوێستەکانی ئەم حیزبە سەبارەت بە جەنگ و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیش ڕێک هەر لەمەوە سەرچاوە دەگرێت. سیاسەتی سانتریستی * حیزبی حیکمەتیست و هەڵسوراوانی لە بەرامبەر جەنگدا شاراوە نییە. ئەوان بە پێناسەکردنی جەنگێک، یانی هیرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بە “جەنگی تیرۆریستان” لە باشترین حاڵەتدا بوونەتە شرۆڤەکارێکی بێ بەها؛ شرۆڤەکارانێک کە لەبینینی هەموو ڕەهەندە سیاسییەکانی جەنگەکە، بەتایبەتی ڕۆڵی لە هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگە و داڕمانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کردنەوەی دەرگا بەڕووی هێزە کۆنەپەرست و ناسیۆنالیستەکاندا، بێتوانا ماونەتەوە. دانانی تەواوی واقیعیەتەکانی جەنگە کە لە پشت دروشمی “شەڕی تیرۆریستان”ەوە، نەک هەر ڕوونکردنەوەییەک بۆ بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی ئەو هێزانەی کە لەجەنگدا بەشدارن بەدەستەوە نادات، بەڵکو بە کردەوە زیان بە پێگەی میتۆد و سیاسەتی کۆمۆنیستی و کرێکاری زیاتر لە ڕابردوو دەگەیەنێت.

بۆ کۆمۆنیستەکان، حوکمدان لەسەر جەنگ تەنیا ئەوە نییە کە چ دەولەتێک دەستپێشخەری جەنگەکەی کردووە یان کام لایەن “تیرۆریستترە”، بەڵکو مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە کە جەنگ چ بارودۆخێکی چینایەتی و کۆمەڵایەتی بەهێز دەکات، چ هێزگەڵیک دێنێتە مەیدانەوە، چ چارەنووسێک بۆ چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش دیاری دەکات و چ هێزگەلێک سوود لە وێرانکردنی کۆمەڵگە دەبینێت. کۆمۆنیستەکان ناتوانن سیاسەتی خۆیان بۆ ئاستی هەڵبژاردن لە نێوان دوو جەمسەری کۆنەپەرستانەدا کورت بکەنەوە؛ وە بە هەمان ئەندازەش ناتوانن لە بەرامبەر لێکەوتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جەنگدا بێلایەن بمێنێتەوە و تەنیا بە تەفسیرکردنەوە بچەسپێن و “ئاماژەی ڕادیکاڵ” بدەن.

سادەترین و جێکەوتە ترین وەڵام بە ڕەخنەگرانی ئەم سیاسەتە سانتریتییە، تۆمەتبارکردنیانە بە لایەنگری لە کۆماری ئیسلامی یان ناولێنانیانە بە”میحوەر مقاوەمەت”. دژایەتیکردنی جەنگی ئیمپریالیستی و ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک بە مانای بەرگریکردن لە کۆماری ئیسلامی نییە؛ بەهەمان شێوەش دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامی بە مانای پشتیوانیکردن لە هیچ یەک لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن نییە.

ئەگەر ئەم جەنگە وەک ئەوەی کە شانۆی سیاسی ئیرانی سەرەو ژێر کردوە و پێگەی هێزه چەپ و کۆمۆنیستەکانی گۆڕی بێت، ئەوا ئەم حیزبەش ناتوانێ خۆی وهک کیانێکی جیا لەم پێشهاتانه ببینێت. ئەگەر جەنگەکە ڕیزبەندی نوێی هێنابێتە کایەوە و چەندین ناکۆکی شاراوەی لە سیاسەتی بزوتنەوەی چەپدا ئاشکرا کردبێت، ئەوا حزبی حیکمەتیستیش بێبەری نییە لەم ڕێسایە. سیاوەشی دانشوار و هاوڕێکانی دەبێ وەڵامی پرسیاری خەڵک بدەنەوە سەبارەت بەو گۆڕانکاریانەی کە شمولی دۆخی خودی خۆیان بوە و کاری شاراوەی سیاسی خۆیان کە بە کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە ئاویزان بووە واز لێبهێنن. ئەمەی خوارەوە تەنها دوو نمونە لە چالاکی و سیاسەتەکانی ئیوەیە.

کوشتاری مانگی  جەنیوەری/ کانونی دووەم و هەڵوێستی حیزبی حیکمەتیست:

کوشتاری مانگی جەنیوەری کە کۆماری ئیسلامی ئەنجامی دا و بەرپرسیارێتییەکەی ڕاستەوخۆ سەرکوت و کوشتارە و لە ئەستۆی ئەم حکومەتەدایە، بەڵام مشتومڕەکە لەسەر ئەوە نییە کە کێ میلی چەکی ڕاکێشاوە؛ بەڵکو مشتومڕەکە لەسەر ئەوەیە کە کامە لە هێزەکان لەخوڵقاندنی هەلومەرجێکی سیاسی وکۆمەلایەتیدا ڕۆڵیان گێراوە و کام هێز داوایان لە خەڵک کرد لە هەلومەرجێکی دیاریکراودا بڕژێنە سەر شەقامە سەرەکییەکان و بەدروشمگەلێکی وەک “یەکلاکردنەوەی کارەکە” ئومێدەواربن و بێنە مەیدانەوە.

لەم نێوەدا، ناکرێ ڕۆڵی شاخوازەکان/سەڵتەنەت تەلەبەکان، ڕەزا پەهلەوی و هێزەکانی وابەستەیان، ڕۆڵی حکومەتی ئیسرائیل و مۆساد و دەزگا هەواڵگرییە جۆراوجۆرەکانی لە ناوچەکەدا، تا کەڵک وەرگرتن لە میدیاکاران و ڕۆژنامەنووسانی بەکرێگیراو و تۆڕەکانی پڕوپاگەندە بۆ هاندانی خەڵک بەرەو دۆخی مەترسیدار لە بازنەی شیکردنەوەی کۆمۆنیستەکان دەربکێشرێت. کۆمۆنیستەکان دەبێ نەک هەر ڕەخنەگری سەبەبکاری ڕاستەوخۆی سەرکوت بن، بەڵکو دەبێ هەموو ئەو هێزانەش کە ئاگاهانە یان نائاگاهانە ڕۆڵیان هەبووە لە ڕەخساندنی دۆخی ئەم کارەساتبارە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەدا بدەنە بەر ڕەخنەو لەقاوی بدەن.

بەم حاڵەوە و لە لێکدانەوەی ئەم ڕوداوانەدا، حیزبی حیکمەتیست لە زمانی سەرۆکی مەکتەب سیاسیەکەی خۆیەوە، تەئکیدی لەسەر ئەوە کردووە کە موسەبیبانی کوشتاری ٨ و ٩ی جەنیوەری / کانونی دووەم “لەسەدا سەد کۆماری ئیسلامی” بووە و چەندین جار ئەم خاڵەی دووبارە کردۆتەوە؛ گوایە مەسەلەی سەرەکی ئەو ئەوەیە کە هیچ ناڕوونییەک سەبارەت بە “ئۆپۆزیسیۆنێک” کە لەم کارەساتە گەورەیەدا تێوەگلاوە، باس ناکرێت، ئەمەش بەپاساوی ئەوەی کە شکستێکی گەورە لە خەباتی خەڵکدا لە دژی کۆماری ئیسلامی، نەیەتە ئاراوە.

لێرەدا تەنانەت بابەتەکە زیاترە لە خیلافێک لەسەر ڕووداوێکی دیاریکراو، بگرە بۆ کۆمۆنیستەکان مەسەلەکە دەستنیشانکردن و لێکدانەوەی بەرژوەندییەکان و سەربەخۆیی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستییە، نەک پاراستنی پێگەی سیاسی رێزیک لەئۆپۆزسیۆن لەپێناو هەر جۆرە تەوەهمێک بە ڕۆڵیان لە خەباتی خەڵکدا.

ئەگەر ئیحتمالی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لە ئاکامی جەنگ و دواتر لە ناوچوون یان داڕمانی کۆمەڵگە لە حیساباتی سیاسیدا جێگایەک بۆ هاوپەیمانێتیەکان و هێزەکانی بەناو “ئۆپۆزیسیۆن” بکاتەوە، ئەو کاتە دەبێ پرسیار بکرێت کە تا چ ڕادەیەک ئەم سیاسەتە فاسیلەی گرتووە لە نەرێتی “ئۆپۆزیسیۆن، ئێمە نابین بە ئۆپۆزسیۆن”.

ڕۆحی هەمان ئەم سیاسەتە دەتوانرێت لەو نەرێتە سیاسییە ناکۆمۆنیستی کرێکاریەدا ببینرێت کە لە جیاتی دانانی هەموو هێزە سیاسییەکان لە بەرامبەر پێوەرەکانی بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی کرێکاراندا، لە ڕەخنەی جدی لەبەشێک لە ئۆپۆزسیۆن بەپاساوی ئەو نیگەرانیەی کە گوایە “خەبات لە دژی کۆماری ئیسلامی لاواز دەکات” خۆی بەدوور دەگرێت.

هیچ کۆمۆنیستێک ناتوانێت ئەم جۆرە سەرنجانە قبوڵ بکات. کۆماری ئیسلامی دوژمنی خەڵک و چینی کرێکارە؛ بەڵام دوژمنایەتی کردنی کۆماری ئیسلامی، بە هیچ شێوەیەک بە مانای سپیکردنەوەی ڕووی هێزە بۆرژوازی و کۆنەپەرستەکان نییە، کە مخالیفی کۆماری ئیسلامین.

لە درێژەی هەڵوێستەکاندا سەبارەت بە ڕووداوەکانی مانگی جەنیوەری، تەنها لە هەمان هەفتەی ڕابردوودا بوو، کە ئەندامێکی دیکەی مەکتەبی سیاسی حیزبی حیکمەتیست لە بەرنامەیەکدا لەگەڵ محەمەد مەنزەرپوور، ڕایگەیاند کە کوشتارەکانی مانگی جەنیوەری دوو تاوانباری سەرەکی هەیە. ئەم گۆڕینی هەڵوێستە لانیکەم ئەوە دەردەخات کە هەڵسەنگاندنی سیاسی حیزبی حیکمەتیست لە بەرامبەر بارودۆخی ڕۆژدا دوچاری گۆڕانکاری بووە. کە پێویستە وەڵامی ئەمە بداتەوە.

ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک، زۆرێک لە ڕەخنەگران و چاودێرانی سیاسی ناتوانن بە سادەیی ڕۆڵی شاخوازەکان، ڕەزا پەهلەوی و بەکرێگیراوەکانیان بۆ مۆساد و سی ئای ئەی لە پرسی ڕووداوەکانی جەنیوەری دەرکێشن. بەم حاڵەوە و لەگەڵ ڕاگەیاندنی دوو تۆمەتبار بۆ کوشتارەکەی مانگی جەنیوەری، کێشەیەکی جددیتر ڕووبەڕووی حیزبی حیکمەتیست دەکاتەوە کە دەبێ لەمەش ئەوە ڕوون بکاتەوە کە “نهێنیەکانی دڵ و ئارەزووە واقعیەکان و ئینتمای چینایەتی” لەم جۆرە هەڵسەنگاندنە و ڕاگرتنانەدا چی بووە؟

 

چاونوقندن لە ڕۆڵی نوێی حزبە ناسیۆنالیستەکان

حیزبی حیکمەتیستیش لە بەرامبەر بە ڕۆڵی حیزبە ناسیونالیستەکانی کورد لە پرۆژەکانی سیناریۆیەکی تاریکدا بۆ ئێران چاودەنوقێنێ.

چوونە ناو پۆزی ئەوەوە کە لە ساڵی ١٩٥٩وە هەمیشە ئیدانەی هێرشکردنە سەر ئۆپۆزسیۆنمان کردووە، لە دۆخێکدا کە جەنگ هەموو شتێکی پێچەوانە کردووەتەوە و ڕیزبەندییە سیاسییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، زیاترە لەوەی کە ڕەسەنایەتییەکی پاک نیشان بدات، بگرە بێبەهایی سیاسی نیشان دەدات لە دەستنیشانکردنی هەلومەرجی نوێ و شۆردنەوەی ڕوخساری بزووتنەوەیەکی بۆرژوازی کە لە ئێستادا گۆڕدراوە بۆ ڕەوتگەلێکی باندی سیناریۆی ڕەش و وەک هێزی پیادەی سەربازی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل، خۆی نیشان دەدات.

ڕەخنەگرانی ڕۆڵی نوێی ئەو شەش رەوتە کوردییەی کە ئامادەن دەستوەردان بکەن لە دروستکردنی سیناریۆیەکی ڕەشدا، لە هەڵایسانی شەڕی ناوخۆدا لە پڕۆژە ناوچەییەکانی مۆساد و سی ئای ئەی دا، ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبنەوە کە بۆچی هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئەم “ئۆپۆزیسیۆنە” کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە بووەتە یەکێک لە لایەنەکانی جەنگەکە شەرمەزار ناکەن؟

بەڵام مەسەلەی سەرەکی لێرەدا نیشاندانی سروشتی کۆماری ئیسلامی نییە، ئەمە فریودەرانەیە، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئەو هێزانە کێن کە کۆماری ئیسلامی هێرشی کردووەتە سەریان؟ پەیوەندییان بەم جەنگە و ئامانجەکانی حکومەتی ئیسرائیل و ئەمریکا و ئەو ئایندەی کە تەنانەت تاریکترە لەوەی کۆماری ئیسلامی دابینی کردووە چییە؟ وە لەوانەش چ جۆرە وێرانکاریەک بە سەر خەڵکی کوردستاندا دەسەپێنێ، تەنانەت ئەگەر بەشێک لە خەڵکیش هاودەنگی وهاوڕێبازبن لەگەڵ ئەم ڕەوتانەدا؟ سادە نیگارییە ئەگەر جیاوازییە جددییەکانی نێوان هەر ئەم ڕەوتانانە، تەنانەت لەچاو ڕابردوویاندا، بە پشتبەستن بە هەستی دژە ڕژێم یان ئینتمای جوگرافی و هەست و سۆزی لۆکالی، کاڵ بکەینەوە.

ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە دەبێت سیاسەتی کۆمۆنیستی لە سیاسەتی تەنیا دژە ڕژێم و هەر جۆرە ئینتمای پێشوەختەیەک جیا بکرێتەوە و حیزبی حیکمەتیست لە کوردستان هەمیشە هەڵگری”خاڵێکی کوێر”بووە.

ئەو هێزانەی کە ڕۆژگارێک لەڕیزی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامیدا بوون، لە هەلومەرجی نوێدا بوونەتە بەشێک لە ڕیزبەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و بوون بە فاکتەری ویرانکردنی کۆمەڵگا. کۆمۆنیستەکان ئەرکیانە ئەم گۆڕانکارییە لە سیاسەتەکانیاندا جێبکەنەوە. ناتوانرێت بەناوی “هەڵویستە هەمیشەییەکانەوە” گۆرانکاریە واقعیەکان لە ئارایشتی هیزەکاندا پشتگوێ بخرێت، بەڵام زۆرێک لەمانە لەسیاسەتەکەنی حیزبی حیکمەتیدا دەبینرێت.

لە بارەی هەندێک لایەنی ناسیۆنالیستی کوردەوە، تەنیا مەسەلەکە ڕەخنەگرتن لە چەند سیاسەتێکی لاوەکی و هەنووکەیی یان دووبارەکردنەوەی ڕەخنەکانی پێش جەنگ لەسەریان نییە. ئەگەر ئەم ڕەوتانە پشتیان بە پلانی حکومەتە دەرەکییەکان بەستبێت بۆ شەڕ لەگەڵ ئێراندا، ئەگەر پێشوازییان لە دەستێوەردانی ئیسرائیل و ئەمریکا کردبێت، یان ئەگەر لە سیناریۆی ئیحتمالی شەڕی ناوخۆ و هەوڵدانە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆڵیان لەئەستۆ گرتبێت، ئەوا کۆمۆنیستەکان ناتوانن تەنها بەهۆی ئەوەی کە ئەم ڕەوتانە لەبەرەی موخالیفی کۆماری ئیسلامیدا هەروەک پێشوو دابنێن و ئەوان لە پێگەیەکی بێلایەن و بەرگریکارانەی “ئۆپۆزیسیۆن” دا بیان ناسێنن. ئەمەش دیسانەوە یەکێکە لە دەرئەنجامەکانی جەنگی ئێستایە و دەبێت ببینرێت و باوەڕ بەوە بکرێت کە ڕێکخراوی زەحمەتکێشان بە توانای “بوون بە مووی لوت و بەپێنج هەزار هێزی چەکدارەوە”، هەروەها بوووە بە پێشنیار کەری بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی و ڕێکخراوەکە ڕاپەڕیوە و مۆساد، بووە بە پەناگەی “پاک” وگەیشتۆتە ڕیزی “سەرەوەی هەواڵەکان” و پژاکیش جارێکی دیکە خەریکی ژیانکردنە لەکەنار ئەلجۆلانییەکی ئێرانیدا. کۆپی و پێوەرەکانی ئێوە بۆ ناسینەوەی ئەم جۆرە “ئۆپۆزسیۆنانە” بە تەواوی ژەنگاوییە.

حیزبی حیکمەتیست و هێزە چەپەکانی دیکە، لەم بڕگەیەدا زیاتر لە هەرکاتێکیتر، ناچارن لە نێوان دوو ڕێگادا هەڵبژادن بکەن: یان سیاسەتێکی چینایەتی سەربەخۆ و ڕوون بگرنەپێش و ڕەخنە لە هەموو جەمسەرە کۆنەپەرستەکان لە ڕوانگەی بەرژەوەندی چینی کرێکار و کۆمۆنیزمەوە بگرن، یان دواجار لە چوارچێوەی سیاسەتی “ئۆپۆزسیۆن پەرستن” و دژە حکومەتیدا بمێننەوە.

لە دونیای گۆڕانکارییە خێرا سیاسییەکاندا، کۆمۆنیستەکان زیاتر لە جاران ئەرکیانە پەردە لە سەر ڕووی ئەم سیاسەتانە لابدەن. سناتریزم، تەنانەت کاتێک کە بە زمانی چەپ و کۆمۆنیزم قسە دەکات، ناتوانێت و نابێت جێگەی سیاسەتی سەربەخۆی کرێکاری بگرێتەوە.

١٣ی ئابی ٢٠٢٦

*/ مەبەست لەسیاسەتی سانتریستی کە حیزبی حیکمەتییت لەژێر دروشمی”جەنگی تیرۆریستان”دا پەیرەوی لیدەکات بەمانای ئەوە دێت کە هەڵویستێکی نێوانی لەنێوان دووجەمسەردا بەرامبەر بەجەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل لەدژی ئێران خۆی نێشانداوە. جەمسەرێکیان ئەم جەنگە وەک ئاکامی سیاسەتە ملهوڕی ومیلیتاریستیەکانی ئەمریکا وئیسرائیل لەبەرامبەر قوتبە جیهانیەکان و ڕیکخستنەوەی ڕۆژهەلاتی ناوەراست دەبینێت و بەزیانی خەباتی چینایەتی لەناوخۆی ئێران وخەباتی جەماوەری لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران لێکدەداتەوە وجەمسەرەکەی تریان لایەنگری جەنگی ئەمریکا وئیسرائیلن وپێیان وایە ئەم جنگە بەقازانجی خەڵک وڕوخانی ڕژێمە. ئۆکتۆبەر

Leave A Reply

Your email address will not be published.