ژیری دەستکرد!…نووسینی: هاوڕێ نەهرۆ
ژیریی دەستکرد یەکێکە لە دەستکەوتەکانی سەدەی بیست و یەک، دەتوانم بڵێم پەرجوویەکە بە دیوە ماتریاڵەکەی، بەڵێ موعجزەیەکی زانستیی مرۆڤ و کۆمەڵگای سەردەمە، یەکێکە لە بەرهەمە نایابەکانی سیستەمی گڵۆباڵیزمە، لەڕاستی دا گڵۆباڵیزم بەدیویکی پەیامی کۆمۆنیزمی جێ بە جێ کرد، لەوانە، سڕینەوەو نەهێشتنی سنووری نێوان شارو لادێ! نێوان کەنارو سەنتەر، نێوان باکووری دەوڵەمەندو باکووری هەژار، لە نێوان ئەفریقاو ئەوروپا، لە نێوان ئەمریکاو ئاسیا، بەشێوەیەکی تر بڵێم ئێستا جیهان یەک کێشوەرە، بەڵکو گوندێکی بچکۆڵانەیە، پەیامەکەی دیکەی رۆژ لە دوای رۆژ چەمکی یەکسانی ئافرەت و پیاو زیاترو زیاتر بەرجەستە دەبێ، بەتایبەتی لە کۆمەڵگای مۆدیرن کە بیرۆکەی هومانیزم تیا زاڵە، بەڵام پەیامەکەی دیکە لایەنە ئیکۆنۆمی جیهانە ئەگەر شەڕوشوڕ نەبێ داهاتی جیهان بەش هەموو لایەک دەکا، ڕاستە لە هەندێ شوێن نایەکسانی هەیە، بەڵام مافی مرۆڤ بوونی هەیە دەکرێ دەنگ هەڵبڕێ! ڕاگەیاندن وەک دەسەڵاتی چوارەم تەنگی بە سیاسەتمەدارانی جیهان هەڵچنیوە! لەمەر مەسەلەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی جیهان. بابگەڕێنەوە سەر ژیریی دەستکرد کە لە رۆژگاری ئەمرۆ دا چ رۆڵێک ئەگێڕێ لە خزمەتکردنی مرۆڤایەتی، لێرەدا دەتوانم بڵێم ژیریی دەستکرد بەرهەمی هەوڵ و تێکۆشانی فەلەسوف و بیرمەندانی مرۆڤایەتی لە بەرەبەیانی مێژووەوە تا وەکو ئەمرۆ، بێگۆمان ئەگەر باسی فەلسەفەی کلاسیکی یونان بکەین ئەوە هەر لە سوقرات و ئەفلاتون و ئەرستۆ دەست پێ دەکا تا دەگاتە کانت و دیکارت و سپینوزاو کیرگارد و دواتر مارکس و ئینگلس و سارتەر ! دەکرێ لێرە هەڵوستە لەسەر فوکۆیاما بکەین کە دەیگوت سەرمایەداری کۆتایی مێژووە ڕەنگە لێرەو لەوێ کەسانێک هەبن بڵێن ژیریی دەستکرد کۆتایی مێژووە! یەکەم سەرمایەداری وەک سیستەم بۆیە کۆتایی مێژوو نیە، چونکە یاساکانی مافی مرۆڤ و هومانیزم سەریان بە سەرمایەداری کەچ کرد، سیستەمی سەرمایەداری لەم ساتەوەختەدا رووبەرووە لەگەڵ چەمک و یاساکانی مافی مرۆڤ، رووبەرووە لەگەڵ دەسەڵاتی چوارەم کە ڕاگەیاندنی دیجیتاڵ و ماس میدیایە هەر لە فەیسبوک و ئینستاگرام و تویتەرو تیک تۆک وژیریی دەستکردە، کەمارکس دەڵێ سەرمایەداری بەدەستی خۆی گۆری خۆی هەڵکەنی دیویکی ڕاستە، سەرمایەداری بە کەشف کردنی دەستکەوتە زانستیەکان ژیان زیاترو زیاتر ترانسپارینت و روون وشەفاف تر ئەکا!
لەسایەی ژیریی دەستکرد شتێک نەماوە ئیندڤدویل و تایبەتمەندی مرۆڤ بێت، ئەگەر بەشێوەیەکی میتافوری باسی لێوە بکەن ئینسانی ئەم سەردەمە وەکو ئەوە وایە بەرووتی لە نیو کۆشکێکی شووشەیی دایە، مەگەر یاساکانی مافی مرۆڤ رێگری بکەن هەندێ لە تایبەتمەندیەکانی مرۆڤی سەردەم بشاردرێتەوە، ئەگینا مرۆڤ وەک تاک لە بەرانبەر هەڕەشەی ئاشکرابوونی وردو درشتی ژیانی ڕاوەستاوە، ئەم ڕەشەبایەی ژیریی دەستکرد، کراس و شرواڵی لە بەر خەڵکی ڕفاندووە! شتێک نەماوە بە نێوی ژیانی تایبەتی، کاتێ یادەوەری تاک ئاوێتەی یادەوەری کۆمەڵگاو دواتر ئاوێزانی یادەوەریی گەردوون بووە، ئاکام یادەوەریی و ئەقڵی گەردوونی و کەونی بەدەست هاتووە، ژیریی دەستکرد رێک ئەمەیە، دەستبەسەراگرتنی یادەوەریی تاک و کۆمەڵگاو گەردوونە، ئیدی شتێک نەماوە بە ناوی قورخ کردن، ئەگەر جاران پیشەوەران هەر کەس و پیشەیەکی هەبووە، نهێنی پیشەکەی دەشاردەوە لە کەسانی دی تەنیا کەس و کارو بنەماڵەکەی خۆی فێر دەکرد، ئێستا لەسایەی ژیریی دەستکرد و یوتوبەوە نهێنی پیشە نەماوە! بگرە خەڵکی کێ بەرکێ ئەکەن لە ئاشکرا کردنی نهێنی پیشەکانیان، ئێستا ئەگەر بتەوێ هەر ئامێرێک چاک بکەیتەوە تەنیا لەرێگای گۆگڵەوە وێنەکەی دەگری، ئاکام ناوی ئامێرەکەو ساڵی دەرچوونی و چونیەتی چاک کردنەوەی پێت دەڵێت، دەتوانم بڵێم ژیریی دەستکرد شوڕشێکە لەسەر ئاستی عەقڵ و زانست، زانستیش ناکۆتایە رۆژ لە دوای رۆژ بەرهەمی تازەتر ئەکەوێتە بازاڕەوە، ئێستا چاوێلکەی ژیریی دەستکرد کەوتۆتە بازاڕەوە، دەسەڵاتی دەوڵەتان ناچارن هەندێ رێساو یاسا دانەن بۆ چۆنیەتی بەکارهێنانی، بۆ نموونە قوتابی لە قوتابخانە لە کاتێ تاقیکردنەوە نابێ کەڵکی لێ وەرگرێ ئەگینا بە قوپیە حسیب دەکرێ، لەروویەکی دیکەوە ژیریی دەستکرد خۆی خزاندۆتە نێو هەموو ژانرەکان ئەدەبی و سینەمایی و گۆرانی و جیهانی بەرفراوانی هونەری وێنەو دونیای ئیستاتیکاو دیزاین، لیرەدا باسی دونیای پزیشکی و ئیکۆنۆمی و جوگرافیاو ئاوو هەواوە هەر ناکەم! لەڕاستی دا مەترسی ئەوە هەیە ژیریی دەستکرد روڵی قەدەری بگێڕێ لە چارەنووس و ژیانی رۆژانەی مرۆڤەکان، مەترسی ژیریی دەستکرد ئەوەیە پیش بینی ئەکا بۆ رووداوەکان، دیارە ئەمەش بەسود وەرگرتن لە ئەقڵ و یادەوەریی گەردوون ئەم پروسەیە ئەنجام ئەدا! دەبوایە ژیریی دەستکرد ناوی نەبوایە، بەڵکو ژیریی سروشتی ناوی بوایە لەبەر ئەوەی خەریتەکەی لە سروشتەوە دزراوە بە ناوی داهێنان، وەک لە بابەتگەلێ دیکە باسمان کردووە کە سروشت و پروسەو میکانیزمی بەرێوەچوونی سەرچاوی هەموو یاساورێسا زانستیەکانە، سروشت سەرچاوەی تێکڕای داهێنانەکانە، مرۆڤی داهێنەر تەنیا پەردەی لەسەر نهێنی سروشت هەڵماڵیوە، کارەبا پێش نێکۆلای تیسلاو ئەدیسون و فارادای وماکسویل بوونی هەبوو، ئەمان تەنیا کەشفیان کردوو خرایە خزمەتی مرۆڤەوە، ژیریی دەستکرد دوا داهێنانی مرۆڤ نیەو نابێ، جارێ زۆر شتی دیکە ماوە ببێتە سەرسوڕمانی مرۆڤایەتی، دەبێ هەموو بەرەبایانێک چاوەڕێ داهێنانێکی نوێ تر بکەین، داهێنانێک پەرەسەندن و درێژبوونەوەی داهێنانەکانی پێش خۆی بێت، ژیریی دەستکرد وای کردووە هەقیقەت و ناهەقیقەت و دونیای فەیک! تێکەڵ بێت لەبەر ئەوەی ژیریی دەستکرد ڕاستیەکانی تێپەڕاندووە لەڕێگای فیلم و وێنەوە دەتوانی لە ڕاستی جوانتر بەرهەمهێنانی تیا بکەیت، یەکێک لە مەترسیەکانی دیکەی ژیریی دەستکرد بواری کار لە بەردەم کرێکاران و فەرمانبەران کەم دەکاتەوە، هەروا بواری تێکەڵاوی وسوسیال بەرتەسک دەکاتەوە، کاتێ تۆ لە ماڵەکەی خۆت بە ژیریی دەستکرد تێکڕای کارەکانت ئەنجام بدەیت پیویستت بە دەرچوون نیە و نابێ، دەتوانین بڵین ژیریی دەستکرد وەکو چەقۆیەکی دوو دەمەیە! بە دیوی چارەسەرو ساڕێژ ئەکا بە دیویکی دیکەی بڕینەکە قووڵ دەکا، بەڵام وێڕای ئەوەش دەستکەوتێکە مایەی سەرفرازی مرۆڤایەتییە بەدرێژایی مێژوو !
١٦ / ٨ / ٢٠٢٦