دۆخی سیاسی کوردستان و پێویستی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێرانە… عەبدوڵا مەحمود

0

دۆخی سیاسی کوردستان، لەوپەڕی خراپی خۆیدایە. هۆکاری ئەم دۆخەش بەجیا لەهەر فاکتەرێکی دەرەکی و کاریگەریی روداو و ئاڵۆگۆرەکانی ناوچەکە لەسەری، دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردە. بۆرژوازی کورد، خاوەنی ستراتیجیەکی سەربەخۆ، بەرنامەیەکی رۆشن بۆ دۆخی سیاسی کوردستان و ئاینندە سیاسیەکەی نەبووەو نییە. خۆبەستنەوە بە سیاسەتی زلهێزەکان و جەمسەرە ناوچەییەکان، کەڵک وەرگرتن لە ناکۆکی و ململانێی ولاتان، لەچاوەروان مانەوەی کاریگەری ئاڵوگۆرەکان، چاوخستنە سەر ئارایشە تازەکان… سەرەکی ترین سیاسەتی بووە.  ئەم سیاسەتە و نەبوونی بەرنامەو دیدگایەکی سەربەخۆ و جێگای خۆیداوە بە کەڵک وەرگرتن لە ململانێ و بۆشایی دەوڵەتەکان، ئەوەش بۆرژوازی کوردی کردۆتە کاراکتەرێکی چاوەروانکراو، هیزگەلی ناسەقامگیر و شلۆق، پاشکۆی روداو و ئاکامی ململانێکان.

بۆرژوای کورد تەنها بەدوای دەستکەوتی سیاسی بووە، بەتایبەتی بۆ بەش پێبران لەدەسەڵاتی ناوەندیدا، بێ ئەوەی ئاوڕێک لە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان، مافە فەردی و مەدەنیەکان، خزمەتگوزارییەکان و تەنانەت چارسەری کارسازی پرسی کورد، بداتەوە و لەو بارەیەوە بەهرەبەرداری بکات، بەڵکو لەسەر بنەمای بئیرادەکردنی هاوڵاتیان، ژێر پێنانی سەرەتاییترین ماف و ئازادی و خزمەتگوزارییەکان، هەوڵیداوە دەسەڵاتی خۆجێی قۆرغ بکات و ببێتە بەشیکی فەرەمی لەدەسەلاتی ناوەندییدا.

لەماوەی نزیک بە سێ دەهەو نیوی رابردوودا، پوچترین فۆرمی فەرمانرەوایی داسەپاندووەو پەرەی پێداوە، فۆرمی دەسەڵاتی حزبی، بنەماڵەیی، چەکداری… کردۆتە نۆرم و هەوڵیداوە ئەوە بکاتە فۆڕمێکی هەتاهەتایی. لەوەش زیاتر بێ پسانەوە پشتی بە زیندوکردنەوەی تایفەگەری و هۆزگەری و خێل پەسەندی بەستووە. لە ئاستی دەرەوەشدا بە پەلی یەکەم پشتی بە خۆشخزمەتی بە سیاسەتی زالهێزەکان و جەمسەرە ناوچەییەکان بەستووە.

ئەگەر پاشماوەکانی خێڵ و تایفەو هۆز، لە بەردەوم رەوتی گەشەی ئاسایی کۆمەڵگەدا روو لە توانەوە و نەمان بوون، لەسەر دەستی فۆرم و دەسەڵاتی حزبی بنەماڵەدا، خێڵ و تایفەو هۆزەکان زیندوکرانەوە، ئەمە لەگەڵ خۆیدا بەشیک لە داب و نەریت و رێسای پڕتوکاوی و بەجێماوی زیندووکردەوە. ئەم هۆز و تایفەو خێڵانە، کە میراتی پیش دەوڵەت و مۆدێرنەن، لە ململانێی حزبی بنەماڵەیی و چەکدارییدا، جێگای تایبەتیان هەیە، هێزێکن بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنە نمایشیەکان و هیزی چەک بەدەستی موڵەپێدراون لە ململانێی چەکدارییدا. خاوەن پێگە و مافی تایبەت و بانتر لە توانای دەسەڵاتی مەدەنی و یاسایین.

ئەم ئەلگۆ و فۆرمە لەدەسەڵاتی حزبی و بنەماڵەیی و چەکداری، جێگایەکی بۆ مافی هاوڵاتی بوون و یاسا و رێسای مەدەنی نەهێشتۆتەوە. بنەمای ئەم فۆرمە لەدەسەڵات لە بنەرەتدا تیکشکاندنی ئیرادەی تاک و مافی هاوڵاتییە و پلەبەندی کردنیەتی.

دیارە هیچ کام لەو فۆڕم و شیوازە لەدەسەڵات، نەیتوانیووە ناتوانێت رەوەندی زاڵی بەرەوپیشەوچوونی کۆمەڵگە رابگرێت، بەڵام توانیویەتی کۆسپی بۆدروست بکات و خاوی بکاتەوە، بەتایبەت لە زەمینەی مافە فەردی و مەدەنیەکان و ئازادییەکاندا. جیا لەوانە ئەم فۆرمە لەدەسەڵات و هەوڵەکانی نەک هەر نەیتوانییەوە واقعیەتی چینایەتی بوونی کۆمەڵگە بشارێتەوە، بەڵکو چینایەتی بوونی ئەم کۆمەڵگەیە و بوونی چینی کرێکار و وەکو هیزی سەرەکی و ئاڵوگۆبەخشی کۆمەڵگە، لەگەڵ چینی بۆرژوازی کوردی و فۆرمە پرتوکاوە دواکەتووەکەی لە دیارترین شێوەکانیدا، خستۆتە ڕوو.

چینی کرێکار لە کوردستاندا چ لە زۆنی زەرد و چ لە زۆنی سەوز، چینی بەرهەمهێن و داینەمۆی جوڵەکانی کۆمەڵگە و سەرچاوەی سەرەکی هەر ئاڵوگۆێکی بنەرەتی و شۆرشگێرانەیە.

ئەمڕۆ چینی کریکاری کوردستان پێوانە بە رابردوو ناکرێت، چینێکی خوێندەوار و دەست راگەیشتووە بە زانست و زنیاری و پیشرەویەکانی دنیای ئەمڕۆ، چینێکە کە ژنان هاوشانی پیاوان لە زوربەی هەرە زۆری زەمینەکانی بەرهەم هێناندا ئامادەییان هەیە، پێگەیان لە ئابوری و چەرخاندنی کۆمەڵگەدا، سەرەکییە. بە پێی پێگەیان لە بەرهەم‌هیناندا، بە بەراورد بە توێژەکانی تری کۆمەڵگە، کەمتر لە ژێر کاریگەری تایفەو خیڵ و هۆز و تەنانەت نەتەوەپەرستی و دین و خورافاتە ئاینییەکان و درۆی حزبەکانی دەسەڵاتدان.

 چینی کرێکار لە کوردستاندا، بەرزکردنەوەی حەق دەست و موچە، هەلومەرجی شیاوی کارکردن، ئاسایشی شوێنی کار، کەم کردنەوەی سەعاتی کار و خێرای کار، بەهرەمەند بوون لە بیمەی سەلامەتی و بیمەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی، لابردنی مەترسی لەسەر کار دەرکردن، گۆشە بەگۆشەی سەقاڵیەکانیانە، تا پرس و روداوە ململانێی سیاسیەکانی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و ئۆپۆزیسیۆنە بودەڵەکانی.

ئەم دۆخە سیاسییەی لە کوردستاندا زاڵە، لە دابەش بوونی زۆنییەوە بۆ فۆرمی دەسەڵاتی حزبی و چەکداری و بنەماڵەیی، تا دەگاتە ململانێی حزبی لەسەر قەڵەمرەوی دەسەڵات، و بیئیرادەکردنی هاوڵاتیان، تا دەگات بە نەبوونی و خزمەتگوزارییەکان و مافە فەردی و مەدەنی و ئازادییەکان، ململانێی بەردەوامی بەغدا و ناوەند مانەوەی کیشەی کورد بە چارەسەرنەکراوی و دەیان کیشە وگیروگرفتی تر کە لە منداڵدانی ئەم دۆخە و لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەدا هاتوونەتە بوون، بەشێوەی بنەرەتی و شۆرشگێرانە، تەنها بەهاتنە مەیدانی چینی کریکار و بە ئاسۆی سۆشیالیستی ئەم چینەوە گرێی خواردووە.

کۆمەڵگەی کوردستان لەسەر دەستی چینی کریکار دەچەرخێ و ئاڵوگۆڕی شۆرشگێرانەوە بنەرەتی گرێی بە ئامادەیی سیاسی و ریکخراوەیی و دنیابینی کۆمۆنیستی ئەم چینەوە، بەستووە، تەنانەت هەر ئاڵوگۆرێکی تر لە چەشنی تیپەراندنی ئەم فۆرمە لەدەسەڵاتی حزبۆکراتی و بنەماڵەیی و چەکداری و گۆرینی بە دەسەڵاتێکی جەماوەری لە خوارەوە یان گۆرینی بەدەسەڵاتێکی مەدەنی و دامەزراوەیی پیناسەکراوەوە، کە هاوڵاتی چەق بێت و هەموو دانیشتوان بێ گوێدانە نەتەوە، تایفە، هۆز و خێڵ و بنەماڵە، لەبەرامبەر یاسای مەدەنیدا یەکسان بن، دیسان ئامادەیی چینی کرێکار و ئاسۆی شۆرشگێرانەی ئەم چینە، دەتوانێت رۆڵی سەرەکی و بەرجەستە بگێرێت لەو راستایەدا. بیگومان گۆرینی فۆرمی دەسەڵاتی حزبی و بنەماڵەیی و چەکداری بە فۆرمی دەسەڵاتی جەماوەری لەخوارەوە یان دەسەڵاتێکی مەدەنی، ئاڵوگۆری پێشرەوانەو شۆرشگێرانەیە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا.  

ناوەراستی ئابی ٢بی ٢٠٢٦

Leave A Reply

Your email address will not be published.