مستەفا باهیر نووسەری کتێبی شۆڕشی ئۆکتۆبەرو سەرهەڵدانی کۆمۆنیزم لە ڕوسیا، وەڵامی پرسیار و سەرنجی بەشێک لە هاوڕییان و خوێنەرانی دەداتەوە…
هەروەک پێشتر ئاماژەم پیدا کە دوای بڵاوبونەوەی ئەم کتێبە، کۆمەڵێک نامەو پرسیارمان ئاراستەکراوە، یەکێک لەو نامانە، نامەی هاوڕێ عووسمان علی بوو کە لە ژمارە ٢١٩ بڵاوکراوەی بۆپێشەوە، تەواوی نامەکەمان بڵاو کردەوە، کە سەرەڕای دەربڕینی هەستی خۆی سەبارەت بەکتێبەکە، سێ پرسیاری ئاڕاستە کردبووین. لێرەدا هەوڵدەدەم لە ڕێگای بڵاوکراوەی بۆپێشەوەی خۆشەویستەوە هەرجارە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکانی هاوڕێ عوسمان بدەمەوە. هەرچەندە کاتی خۆی وەڵامی پرسیارەکان دراوەتەوە، بەڵام بەوپێیەی کە لەهیچ دەزگایەیەکی فەرمی بڵاو نەکراوەتەوە بە باشمان زانی لە بڵاوکراوەی بۆپێشەوە بۆ جارێیکی تر بڵاوی بکەینەوە.
مستەفا باهیر
وەڵام بە یەکەم پرسیاری هاوڕی عوسمان علی:
کە دەڵێت: “کاتێک زۆباتۆڤ سەرۆکی پۆلیسی مۆسکۆ بووە، چەند سەندیکایەکی کرێکاریی فەرمی لەژێڕ چاودێری پۆلیسدا دروست کردووە. ئەمەش بۆ دوورخستنەوەی کرێکاران بووە لە سۆشیالیستەکان. لینین پشتیوانی ئەم رێکخراوانەی کردوە و هانی هاوڕێ کریکاریەکانی داوە بەشداری لەو سەندیکایانەدا بکەن، بەڵام شۆرشی نوێی کوردستان دوای ١٩٧٥، کە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی مارکسی لینینی ڕۆڵی سەرەکی تێدا بینی، دژایەتی کەسێکیان دەکرد لەگەڵ سەندیکا و ڕێکخراوەکانی حکومەتی بەعس کار بکات، تەنانەت بە خائین و بەکرێگیراو لەقەڵەم دەدرا و دواتریش تیرۆر دەکرا. پرسیارەکەم ئەوەیە: کام لەم دوو بۆچوونە ڕاستن؟ ئەوەی لینین یا سەرانی شۆڕشی کورد و کۆمەڵە؟”
ئەمەی سەرەوە ناوەڕۆکی پرسیارێکی هاوڕی عوسمانە.
وەڵامی مستەفا باهیر:
بەڕای من جیاوازیەکی یەکجار زۆر لەبەینی ئەو ڕێکخراوە کرێکاریانەی کە لە ڕووسیادا هەبوە لەوکاتەدا لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانەی کە لەسەردەمی بەعسدا هەبوون…
لەسەرەتای ساڵانی ١٩٠٠دا ڕووسیا لە ڕووی پیشەسازیەوە لە گەشەدا بووەو هەمیشە بەرەو پێشەوە دەڕۆشت و ژمارەی کرێکاران ساڵ لەدوای ساڵ زیاتر دەبوو، لەو کاتانەدا ژمارەی کرێکارانی روسیا لە تەواوی دانیشتوانی هەمو عێراق زیاتر بووە، کاتێک کە بەعس دەسەڵاتدار بوو لە عێراق کرێکارانی ڕووسیا تا ڕادەیەک ئازاد بوون لەدروستکردنی ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆیان. بۆیە لینین هەوڵی داوە سۆشیالیستەکان بتوانن لەم ڕێکخراوانەدا بەشداربن و دەورو نەخشیان هەبێت وهەوڵبدەن لە لیژنەی باڵای ئەو ڕێکخراونەدا هەبن و ڕێگا نەدرێت تەنها هێزە کۆنەپەرستەکان بڕیار بەدەستی ئەم ڕێکخراوانە بن، بەلشەفیەکان توانیان دەورو نەخشیان هەبێت لەو ڕێکخراوانەدا.
بە بۆچونی من لە زەمانی بەعسیشدا هەرچەندە ڕێکخراوەکان ئازاد نەبوون، بەڵام دەکرا لەهەر دەورەیەکدا تەشخیس بدرێت کە چۆن لەو ڕێکخراوانەدا بەتایبەتی نەقابە کرێکاریەکان کارێک بکرێت کە کرێکاران و بزوتنەوەی کرێکاری سودی لێوەرگرێت.
لە کۆتایدا بەکورتی دەمەوێت بڵێم لەو کاتانەدا لە زەمانی لینین رێکخراوە کرێکاریەکان بەهێز بوون و پێگەیەکی بەهێزیان هەبوە، بەڵام لە عێراق تا ئێستاش وەک بزوتنەوەی کرێکاری لە مەیدانی هەڵسورانی خەباتی سیاسی و ئابوری پێگەیەکی موعتەبەری نییە، بۆیە دەخالەت لە هەر بوارێکدا، چەندە بەر تەسکیش بێت، گەر لەراستای بەهێزکردنی بزوتنەوەی کرێکاری بێت کارێکی ئیجابیە. مەسەلەکە بەراوردکردن نییە لە نێوان تەوجوهی لینین ئایا ئەمە دروست بووەو ئەوەی کۆمەڵە نا دروست بووبێت، پێویستە هەمو حەرکەیەک بە گوێرەی زەمانی خۆی هەڵسەنگاندنی بۆ بکریت. بۆیە بەرای من ئێستا پێویست ناکات بەدوای ئەوەوە بین ئەوەی لینین دروستە یان ئەوەی کۆمەڵە.
دووبارە دەستخۆش بۆ بەشداریت.
مستەفا باهیر