شۆڕشی ژنانی سەر شەقام ناسراو بە شۆڕشی ژنانە نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی

0

شۆڕشی ژنانی سەر شەقام ناسراو بە شۆڕشی ژنانە

نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی

بزوتنەوەی ژنانی ئێران بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازانەیە، کە لە هەموو بارودۆخێکدا بۆ بەدەستهێنانی مافی ئینسانی ژنان هەوڵیداوە و بۆ دەستەبەری ماف و ئازادی ئەو رەگەزەی کۆمەڵگە بەشێک لە کەند و کۆسپەکانی بڕیووە.. هەروەها  هەردەم لە هەولی ئەوە دا بووە پێگەی ژێر دەستەیی ژن و کویلەیی و بێمافیان کە سیستمی  دەسەلاتدار بە سەریدا سەپاندوون بگۆڕێ. بزوتنەوەیەک کە لەلایەن ژنان و پیاوانی  نارازی بە بارودۆخی ئێران دامەزراوە و ئەکتیڤە دژ بەو  بێعەدالەتیی  کۆمەڵایەتی و سیاسیەی کە هەر لەسەرەتای هاتنە سەر کاری رژیمی ئیسلامی  بە دژی ژنان رەوا دەکرێ و تەنانەت لەڕێگای ئەحکام و یاسای ئیسلامی لەو سیستمەدا نیهادینە کراوە، بزوتنەوەیەکی ئازادیخواز کە  هەردەم  روو لە گەشەکردنەو هەموو حاکمیەتی کۆماری دژە ژنی ئیسلامی خستۆتە  ژێر پرسیارەوە و رۆژ لە دوای رۆژ پایەکانی ئەو حکومەتە لەرزۆکتر دەکات. بزوتنەوەی ژنان و هەوڵدان و چالاکی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان لەگەڵ مێژووی سەرهەڵدانی هۆشیاری چینایەتی کۆمەڵگە دەستی پێکردووە و هەتا ئەمرۆکەش هەر بەردەوامە و لە خەباتێکی بێ پسانەوە دایە. هەڵبەت نابێ ئەوەش پشت گوێی بخرێ کە بابه‌تی نارێكخراوبوونی بزوتنه‌وه‌ی ژنان لە ئێران هه‌ڵده‌گرێ به‌ مێتۆدی پرۆفیشناڵ ره‌خنه‌ی لێبراوانه‌ی ئاراسته‌ بكرێ.  ژنان لە ژێر سێبەری حاکمیەتی دژە ژن و ئیسلامی ئێراندا، بەردەوام یەکەمین قوربانیانی  کار، شەڕ، تاڵان، ناسیۆنالیزمی باڵادەست، توندوتیژیی عەشیرەیی  و ئایینی  بوون و چەوسێندراونەتەوە، کە ئەمە سێ جۆر لەخۆ دەگرێ. یەکەم  وەکو و قوربانی سیستمی سەرمایەداری ئێران کە  لە دوو ئەبزاری مەترسیداری ئایین و پیاوسالاری بۆ چاوساندنەوەی ئەو رەگەزەی کۆمەڵگە کەڵک وەردەگرێ، دووهەم  وەکو و کرێکارێک  کە لەژێر گوشاری خاوەنکار و سەرمایەدا  دەچەوسێنەوە، سێهەم وەکوو ژنێک کە موڵکی سەرەکی پیاوە و لەژێر رکێف و خواستەکانی باوکو برا و هاوسەر و  و خێزان  و هتد… هەموو جۆرە تاوانێکیان بە دژی ڕەوا دەکرێ…

 لە وڵاتی ئێران ژنان پاش  سەدەیەک  خەبات و تێکۆشان  تا بە ئێستاش لەلایەن دەسەڵاتەوە وەکو مرۆڤ سەیریان ناکرێ و دانیان پێ داناندرێ، ژنان لە بارودۆخی هەنووکەییدا لە سەرەتاییترین مافەکانیان  لەوانە، مافی جیابوونەوە و مافی سەرپەرشتی منداڵ بێ بەشن. هەروەها ئەوان رێگەیان پێ نادرێ بە بێ رەزامەندیی هاوسەر وڵات بەجێ بهێڵن و سەفەر بکەن.  لە مێژووی ئێراندا، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان بنەمای دەسەڵاتی خۆیان لەسەر چەوساندنەوەی لەشی ژنان دامەزراندووە. لەسەردەمی  دەسەڵاتدارێتی  رەزا شای پەهلەوی لە ژێر ناوی ”بە رۆژئاوای کردنی“ کۆمەڵگە، ژنان حیجابیان بە زۆر پێ وەلادەنرا، دواتر دوای سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران و بە لارێدابردنی شۆڕش لەلایەن گروپێک تاقمی توندرەو  و ئیسلامی  بۆ ”بە ئیسلامیکردنی“ کۆمەڵگە دیسان ژنان حیجابیان  بە زبر و زەنگ پێ لەبەرکرایەوە و پۆششی ئیسلامی و دانانی ئەخلاقیاتی ئیسلامی  دیاری رژیمی ئێران بوو بۆ ژنانی ئەو وڵاتە. هاوکات  لەگەڵ هەڵسوکەوتی دەسەڵاتداران  بەرامبەر بە ژنان، تاکی پیاویش لە ناو کۆمەڵگە دەسەڵات و هێژمۆنی  خۆی لەرێگای  کۆنترۆڵکردنی ژنەوە دەسەلمێنێ و پێوەری دەسەڵاتی پیاو لەرێگای  ئاستی کۆنترۆڵی ئەوەوە بەسەر ژنان  پێوانە دەکرێ. سەرەرای ئەو بارودۆخە نالەبارە  ژنانی ئێرانی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئیرادەیان بەهێزتر دەبێت لەبەرامبەر توندوتیژی و سەرکوتەکانی حکومەتی ئیسلامی  ئێراندا. هەر وەک دەبینین لە بارودۆخی هەنووکەییدا  ژنان بە لابردنی سەرپۆشەکانیان دژی یاسا دژی ژنەکانی  ئێران دەوەستنەوە. هەروەک لە زۆربەی میدیا و راگەیاندنە نێو نەتەوەییەکان بینراوە و  دەنگی داوەتەوە. لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی گەلانی ئێران لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا، ژنێکی ئێرانی بەناوی ڤیدا موەحد لە شەقامی ئینقلابی تاران سەر پۆشکەی لابرد و وەک ئاڵایەک بە دەستییەوە گرت، ڤیدا موەحد دەستگیرکرا، بەڵام کارەکەی بوو بە دەستپێکی جووڵانەوەیەکی نوێ لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی ژنانی ئێران  لە دژی سەرپۆشی زۆرەملێ کە حکومەتی ئیسلامی لە رێگای یاسا و رێسای دژە ژن بە سەریدا سەپاندوون. پاش ڤیدا موەحد، ڕۆژ نییە کە ژنانی ئێرانی لە  شەقامی ئینقلاب و شەقامەکانی دیکەی تاران  و شارەکانی تری ئێران نەوەستن و سەرپۆشەکانیان لانەبەن، حکومەتی ئێرانیش بەردەوامە لە دژایەتیکردنی ژنان و دەستگیرکردنیان. هەنووکە  کۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتووەتە ئاستێک، کە لەنزیک زۆربەی پۆستە کارەباکان پۆلیسی جێگرکردووە و ئەو هێزە سەرکوتگەرەی دەسەڵات  بەشەو و ڕۆژ چاودێری ئەو شوێنانە دەکەن. لەلایەکی دیکەوە، ترس لە ژنان حکومەتی ئێرانی هێناوەتە ئاستێک، کە دەستیکردووە بە دروستکردنی لێواری تیژ بۆسەر پۆستە کارەباییەکان، بۆئەوەی ژنانی ئێرانی نەتوانن لە سەری بوەستن و سەرپۆشەکانیان لاببەن، بەڵام وەک لە وێنەکەدا دەبیندرێت ژنان لەگەڵ ئەوەشدا سەکۆیان بۆ خۆیان لەسەر لێوارە تیژەکاندا دروستکردووە و دیسانەوە دەچنە سەر پۆستەکان و سەرپۆشەکانیان لادەبەن. کۆماری ئیسلامی زراوی لە هێز و بەرخۆدانی ژنان لە ئێران چووە و ئەو هێزەی کە سالەهایە هەوڵ بۆ پاشەکشە و پاسیڤبوونی دەدا بۆتە مەترسیەکی جیدی بۆسەر سیستم و دەسەڵاتەکەی. هەنووکە شۆڕشی ژنانە و لابردنی سەرپۆشەکان کە باس لە پچڕانی کۆتووبەند و کۆیلەیی دەکات، بۆتە سەردێڕی هەموو ڕۆژنامەکان و بەرپرسانی ئێران و هەموو هێزە سەرکوتگەرەکانی ناچار کردووە کە لە بیری رێگەچارەدا بن بۆئەوەی پێش بەو شۆڕشە بگرن، بەڵام هەر وەک دەبینین ژنان رۆژ لەگەڵ ڕۆژ سەرەرای گرتن و بڕین و سەپاندنی حوکم و سزای ئیسلامی سوورتر لە جاران بەو شۆڕشە دەیانەوێ هەموو حاکمیەتی دژە مرۆڤ و ئیسلامی ئێران بخەنە ژێر پرسیاراوە و نا بڵێن بە کۆیلەیی و بێمافیان کە سالەهایە ئەو سیستمەو دەسەڵاتدارانی بە ئاشکراو لەلایەن یاسا و رێسای دژە ژنی ئیسلامی بە سەریدا سەپاندوون. ئێستاکە لەر بارودۆخە دا دەبێ بزوتنه‌وه‌ی ژنانی  چەپ و کرێکار لە ئێران  بگه‌نه‌ ئاراسته‌ کردنی خەباتێکی یەکگرتوو و گشتگیر، خه‌بات بۆ نه‌هێشتنی سته‌می چینایه‌تی، به‌شداریكردن له‌ پرۆسه‌ی ئابووری و سیاسی، به‌ربه‌ره‌كانێ له‌گه‌ڵ نیزامی نه‌ریت و لۆكاڵی پیاوسالاری، خه‌باتكردن بۆ چه‌سپاندنی یاسای مرۆڤ ته‌وه‌رانه‌، هه‌وڵدان بۆ به‌كار هێنانی مافه‌كانی مرۆڤ و چه‌ندین بابه‌تی تر كه‌ ده‌توانن خاڵی هاوبه‌شی خه‌باتی بزوتنه‌وه‌ی ژنان بن و هه‌م ده‌توانێ رێكخراوه‌یی و یه‌كریزیان پته‌وتر بكا ‌و هه‌مدیس ئه‌م به‌ستێنانه‌ ده‌توانن بۆ به‌ره‌وپێشبردنی بزاڤی ژنان و بونیاتنانی كۆمه‌ڵگەیه‌كی نوێتر كاریگه‌ریی به‌رچاویان هەبێت. بۆیه‌ پێویسته‌ بزوتنه‌وه‌ی ژنانی چەپ  به‌ لێبراوه‌ییه‌كی زیاترەوه‌ ئاوڕ لەپرسی رێكخراوبوونی هه‌مه‌لایەنه‌ بداته‌وه‌ و له‌سه‌ر خاڵه ‌هاوبه‌شه‌كانی خه‌باتی گرێدراو به‌یه‌كه‌وه‌ پێداگری به‌رفراوانتر بكاته‌وه و بزوتنه‌وه‌ی ژنان به‌ هه‌موو لق و پۆپ و ره‌نگێكه‌وه‌ ده‌بێ به‌و راستیه‌ بگات كه‌ ته‌نیا رێگه‌چاره‌ی نه‌مانی سته‌می ره‌گه‌زی و دامه‌زرانی كۆمه‌ڵگەیه‌كی به‌رابه‌رو یه‌كسان به‌بێ هه‌ڵاواردن و نه‌مانی مەودای چینایه‌تی و سه‌ربه‌خۆیی ئابووری ژنانه‌و، ئه‌وه‌ گه‌ره‌نتی به‌ره‌وپێشجوونی بزوتنه‌وه‌ی ژنان و گه‌یشتن به‌ مافه‌كانیانه. هەروەها ژنان دەبێ هەموو هەوڵی خۆیان بۆ نەمان و رووخانی کۆماری دژە ژنی ئیسلامی بخەنە گەڕ، چونکە ئازادیی ژنان و هەموو تاکەکان لە ئێران بەندە بە نەمانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.