کتێبی شۆڕشی ئۆکتۆبەرو سەرهەڵدانی کۆمۆنیزم لە ڕوسیا…

0

 لە دوای بڵاوبونەوەی ئەم کتێبە، کۆمەڵێک نامەو پرسیارم ئاراستە کراوە. هەندیکیان بە  ناردنی نامەی تایبەت، هەندیکیشیان لە ڕێگای تەلەفونەوە. هاوڕێ “توانا محمد نوری” لە ڕێگای بڵاوکراوەی بۆپێشەوەوە راو بۆچوونی خۆی لەسەر کتێبەکە دابوو، خالی لاوازو بەهێزی تیا دەستنیشان کردبوو. لەدوای ئەوەی من لەڕێگای هەمان بڵاکراوەوە رونکردنەوەمدا لەسەر نوسینەکەی هاوڕێ توانا. هەرچەندە من کاتی خۆی هەندێک لەنامەکان و وەڵامەکانم لە فەیسبوکی خۆم بڵاوکردوتەوە، بەڵام لەگەڵ  هاوڕێیانی بڵاوکراوەی بۆ پێشەوە، وامان بەباش زانی  ئەو نامانەی کە بۆمان هاتوە لەگەڵ وەڵامەکانی من بەهۆی ئەوەی تاوەکو  ئێستا لە هیچ دەزگایەیەکی فەرمی بڵاو نەبوەتەوە لەڕێگای بڵاوکراوەی بۆپێشەوەوە بڵاو بکەینەوە.

هیوادارم سودبەخشبیت بۆتان.

 فەرمون ئێوە و تەواوی نامەی هاوڕێ عوسمان علی. بیگومان لە ژمارەکانی داهاتودا وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە دەدەینەوە کە هاوڕێ عوسمان کردویەتی.

مستەفا باهیر

 

تەواوی نامەکەی هاوڕێ عوسمان علی:

سڵاو لە برای بەڕێز کاك مستەفا باهیر.

سەرەتا دەستخۆشی بەشداریکردنت لە کۆڕ و سیمیناری ناوەندی دیالۆگی کەرکووکت لێ ئەکەم و هیوای سەرکەوتنت بۆ ئەخوازم وە سوپاسی ئەو بەڕێزانە ئەکەم کە ئەم کۆڕەیان سازکردووە، بەتایبەتیش کاک ئازاد مەجید. وە جارێکی تر دەستخۆشی نووسینی ئەو کتێبە بەنرخەی (شۆڕشی ئوکتۆبەر و …..)ت لێ ئەکەم کە پاشخانێکی زانیاری بەرفراوان و سوودیکی زۆری بۆ خوێندەواران هەیە کە پێشتر بە کوردی بڵاو نەکراوە، بەش بەحاڵی خۆم تا ئێستا چوار جار خوێندوومەتەوە. ئاشکرایە شۆڕشی ئوکتۆبەر گەورەترین ڕووداوی سەدەی بیستەمە لەژێر سەرکردایەتی حزبی کرێکاری سۆشیال دیموکراتی ڕوسیا و ڕابەرایەتی لێنین بەرپا بوو تا سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە بە چەند قوناغێکی مێژوویی زۆر سەخت و دژوار و خۆڕاگری و قوربانیدان تێپەڕیوە.

هەڵبەتە لە کۆتایی هەموو چالاکیەکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی شۆڕش دەکەوێتە بەرباس و لێکۆڵینەوەی شارەزایان و چاودێرانی سیاسی، دیارە ڕێکخستنی ئەم کۆڕەی ناوەندی دیالۆگی کەرکوکیش بۆ هەمان مەبەستی زیاتری شیکردنەوەی قوناغەکانی ئەو شۆڕشە مەزنەیە کە دواتر بووە ڕێباز و چرای ڕووناکی و ڕزگاربوونی زۆربەی نەتەوەکانی جیهان لەژێر زوڵم و زۆرداری دەسەڵاتدارانی ستەمکار و داگیرکەران.

کاک مستەفا من وەکو چەند تێبینییەك کە لەم کتێبەدا بەرچاوم کەوت هەرچەندە باوەڕی تەواوم وایە کە ڕابەری شۆڕش لێنین بڕوای تەواوی بەکارەکانی خۆی بووە.

تێبینی یەکەم: کاتێك زۆباتۆف سەرۆکی پۆلیسی نهێنی مۆسکۆ بوو چەند سەندیکایەکی کرێکاری فەرمی لەژێر چاودێری پۆلیسدا دامەزراند تا بتوانێت کرێکارەکان لە جموجۆڵی شۆڕشگێران و سۆشیالیستەکان دوور بخاتەوە؛ بۆ ئەم مەبەستە ڕێگای بە کرێکاراندا بەشێوەی هەڵبژاردن لیژنەکانی خۆیان لەناو سەندیکاکان لە ژێر چاودێری پۆلیسدا دابمەزرێنن، بەڵام بەمەرجێك چالاکیەکانی ئەم سەندیکایانە تەنها لە بواری ئابووریدا بێت نەك کاری سیاسی.

بەڵام سۆشیالیستەکان بەرهەڵستی ئەم هەنگاوەی زۆباتۆفیان کرد و دژی وەستان و ڕەخنەی توندیان لەم جۆرە سەندیکایانە گرت، چونکە پێیان وابوو ئەم کارەی زۆباتۆف تەنها بۆ چەواشەکردنی کرێکارانە و تەنانەت ناویشیان لێ نابوو (سەندیکای پۆلیسی). بەڵام هەڵوێستی لێنین پێچەوانەی سۆشیالیستەکان بوو؛ ئەو ڕای وابووە بەشداریکردنی کرێکاران لەو سەندیکا کرێکارانە زۆر گرنگ و پێویستە، لێنین سەبارەت بە هەڵوێستی سۆشیالیستەکان کە بەشداری نەکردن لە کاری سەندیکای کۆنەپەرستی واتە دان پێدانی کرێکارە پێ نەگەیشتووەکانە بەو سەندیکا کۆنەپەرستە تا بیان خاتە ژێر بیروباوەڕی کۆنەپەرستی خۆی، لێنین دەڵێت ئەم تێگەیشتنە زۆر بێ مانایە کە نابێت کۆمۆنیستەکان بەشداری ئەم جۆرە سەندیکایانە بکەن، لێنین دەڵێت ئەی کرێکار نابێت گوێ بدەیتە ئەو سووکایەتیانەی پێت دەکرێت بەهۆی بەشداربوونت لەم سەندیکایەدا بۆیە زۆر پێویستە کاریان لەگەڵ بکەیت و لە جەماوەر دوور نەکەویتەوە. بە کورتیەکەی لێنین لەو باوەڕەدا بووە کە دەبێت لەم سەندیکایانە بەشداری بکرێت و نابێت ئەم سەندیکایانە بۆ کۆنەپەرستەکان جێ بهێڵرێت تا بیروباوەڕی کۆنەپەرستی خۆیان بخەنە ناو سەرجەم چینی کرێکارانەوە. بۆیە پێویستە لەناویاندا کار بکرێت.

بە بۆچوونی لێنین زۆباتۆف باشترین خزمەتی بە سۆشیالیستە دیموکراتەکان گەیاندووە کە هیچ کات نرخی کۆتایی نایەت، چونکە ڕێگەیەکی یاسایی و سوود بەخشی دایە کاری کرێکاران بۆ ئەنجامدانی کار و چالاکی سۆشیالیستەکان کە دەتوانن ڕۆڵ و نەخشەیان تێدا ببینن. لێنین ئاماژە بەوەش دەکات کە دواتریش هەر ئەم کرێکارانە بوون کە شان بەشانی بەلشەڤیەکان چەکیان هەڵگرت و دژی دام و دەزگاکانی سیستەمی قەیسەر وەستانەوە و هەر ئەوان بوون بە لێدانی یەکەم چەخماخەی شۆڕشی ساڵی 1905. لێنین کرێکاری بەناوبانگی مۆسکۆ (بابۆشکین)ی بە نموونە هێنایەوە کە ناردبوویان بۆ کارکردن لە ناو ئەو سەندیکایە و ڕۆڵی گرنگی بینیوە، بەڵام دوای ئاشکرابوونی لەساڵی 1906 گوللەباران دەکرێت. من مەبەستم لەم بابەتە ئەوەیە وەکو بەراوردێك لەگەڵ شۆڕشی نوێی کوردستان دوای 1975 کە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی مارکسی لێنینی ڕۆڵی سەرەکی تێدا بینی دژایەتیان دەکرد کە کەسێک لەگەڵ سەندیکا و ڕێکخراوەکانی حکومەتی بەعس کار بکات، تەنانەت بە خائین بەکرێگیراو لەقەڵەم دەدرا و دواتریش تیرۆر دەکرا. بۆ نموونە چەندین سەندیکا و ڕێکخراوەکانی وەکو سەندیکای کرێکاران، مامۆستایان، خوێندکاران، ژنان و مجلیس تەشریعی و تەنفیزی لە کوردستان هەبوون… کەس نەی دەوێرا کاریان لەگەڵ بکات چونکە شۆڕش وەکو بەکرێگیراو وەسفی دەکردن. پرسیارەکەم ئەوەیە: کام لەم دوو بۆچوونە ڕاستن؟ ئەوەی لێنین یا سەرانی شۆڕشی کورد و کۆمەڵە؟

دووەم تێبینی: دەست بردن بۆ کاری چەتەیی و بڕینی بانک. لە بارودۆخێکدا وەزعی دارایی بەڵشەڤیەکان بەتایبەتی ژیان و گوزەرانی سەرکردەکان لە ئاستێکی زۆر هەژار و خراپدا بوون وە بەتایبەتیش لێنین خۆی. ستالین کە ئەندامی حزبی کرێکاری سۆشیال دیموکراتی بوو، سەرۆکی ئەو مەفرەزەیە بوو کە هێرشیان کردە سەر کاروانی هێنانی پارەی بانکی تەبلیس و توانیان سەرباز و پۆلیسەکانی کاروانەکە بکوژن دەست بەسەر پارەکەدا بگرن، دواتر پارەکان بە ئاگاداری لێنین نێردرایە دەرەوە بڕێکیشی گەیشتە دەستی لێنین خۆی، ئەم کردەوەیە هەڵایەکی زۆری نایەوە مەنشەفیەکان و تەنانەت هاوڕێکانی لێنین خۆی ئەمەیان بە کارێکی ڕاوڕووت و چەتەگەرایی لەقەڵەمدا و ئیدانەیان کرد. وە لیژنەی لێکۆڵینەوەشیان پێكهێنا، چونکە ئەوە پارەی میللەتە نەک حزب. پرسیارەکەم ئایا ڕازی بوونی لێنین کە سەرکردەی شۆڕش بوو لەم کردەوەیە ڕاست بوو یان نا؟

تێبینی و بەراوردی سێیەم، لەبارەی نەتەوایەتی لێنین دەڵێت سیاسەتی بەڵشەفیەکان ڕوون و ئاشکرایە کە هەموو نەتەوەیەك مافی هەیە چارەنووسی خۆی سەربەخۆیانە دیاری بکات، تەنانەت دەوڵەتی سەربەخۆی خۆشی لە وڵاتێکی فرە نەتەوە دابمەزرێنێت، بەڵام هاوکات لێنین ئەڵێت: لە وڵاتی فرە نەتەوەدا پێویستە کرێکارانی هەموو نەتەوەیەك لە ژێر چەتری یەک حزبی کرێکاری کۆمۆنیستیدا کۆببنەوە، حزب و ڕێکخراوە کرێکاریەکان نابێت لەسەر بنەمای نەتەوایەتیدا دابمەزرێت، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی پەرشو بڵاوبوونەوە و لاوازی چینی کرێکار. کەچی میللەتی کورد وەك یەک نەتەوە لە عێراق هەر لەناو خۆیدا لە دوو حزبی کرێکاری؛ 1- حزبی کۆمەنیستی کرێکارانی کوردستان 2- حزبی کۆمینیستی کرێکارانی چەپی عێراق بەشدارن! ئایا ئەمە پێچەوانەی بۆچوونەکەی لێنین نییە، هۆکار چییە؟

زۆر سوپاست ئەکەم ببورە درێژەم بە بابەتەکەدا ئەگەر خۆم لە کۆڕەکەی ناوەندی دیالۆگ – ی کەرکووک بەشدار بوومایە ئەم دوو پرسیارەم لێت دەکردی.

بەداخەوە سەردانەکەم لە مانگی ئایارە نەگەیشتم. هیوادارم ئەگەر بە نووسینیش وەڵام نەدەیتەوە لە سیمینارەکە ئاماژە پێ بکە ئەتوانم بە ئۆن لاین گوێت لێ بگرم .

هەر سەرکەوتووبیت

برات عوسمان عەلی

کەنەدا

 

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.