ئەو جەنگەی بەسەر ئێراندا سەپێنرا و ئەو گێژاوەی ترەمپی تێکەوت…نووسینی: توانا محەمەد نوری
کاتێک سەیری ئەم هەموو ئاڵۆزییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین، زۆر ڕوونە کە کێشەکە تەنیا ئێران و دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم نییە. ئەم شەڕەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل بەسەر ئێراندا سەپاندیان، لە بنەڕەتدا بەشێکە لە یارییەکی زۆر گەورەتر. یارییەک کە واشنتۆن تێیدا هەوڵ دەدات کۆنتڕۆڵی جیهان لەدەست نەدات و ڕێگە نەدات ڕکابەرە گەورەکانی لێی ببنە مەترسی.
ئەگەر سەیری قسە فەرمییەکانی ئەمریکا بکەیت، دەڵێن گوایە هێرشەکانیان بۆ ئەوەیە ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. بەڵام کاتێک سەیری کردارەکانیان دەکەیت، دەبینیت چەندە دووفاقیی تێدایە. لە لایەکەوە، ئێران هەمیشە دەڵێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ کاری مەدەنییە، و تەنانەت دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکاش لە ساڵی ٢٠٢٥دا دانیان بەوەدا نا کە ئێران سەرقاڵی دروستکردنی بۆمب نییە. کەچی ئەمریکا هەر بە مەترسییەکی گەورەی دەزانێت.
لە لایەکی ترەوە، ڕێک لەم کاتەدا، ئیدارەی ترەمپ خەریکی ڕێکەوتنێکی ئەتۆمییە لەگەڵ سعودیە. بەپێی هەواڵەکان، ئەم ڕێکەوتنە هیچ کام لەو مەرجە توندانەی تێدا نییە کە ڕێگری لە پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات، و سعودیەش پابەند ناکات بە پرۆتۆکۆلی زیادەییی ئاژانسی وزەی ئەتۆمییەوە.
ئەم دووفاقییە خۆی ئیسپاتی دەکات کە ئەمە شەڕی چەکی ئەتۆمی نییە. چۆن دەبێت هەمان تەکنەلۆژیا بۆ هاوپەیمانێکت ئاسایی بێت، بەڵام بۆ ڕکابەرێکت ببێتە هۆکاری هەڵگیرساندنی شەڕ؟ ئەمە دەریدەخات کە ئەتۆم تەنیا بیانوویەکە؛ شەڕە ڕاستەقینەکە لەسەر دابەشکردنەوەی شوێنی نفوز و لێدانە لە ڕکابەرە گەورەکان.
ئەگەر کەمێک قووڵتر سەیری نەخشە ژئوپۆلیتیکییەکە بکەین، دەبینین ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا لەم جەنگەدا لێدانە لە چین. چین ئێستا کارگەی گەورەی جیهانە و بۆ ئەوەی ئامێرەکانی ئابوورییەکەی نەگڕێت، پێویستی بە نەوتی هەرزان و بەردەوام هەیە. ئێران گەورەترین دابینکەری نەوتە بۆ چین؛ نزیکەی ٩٠٪ی نەوتی ئێران بۆ ئەوێ دەڕوات.
ڕاستە کۆشکی سپی بە ئاشکرا ناڵێت “شەڕەکەمان بۆ ئەوەیە نەوت لە چین ببڕین”، بەڵام لاوازکردنی ئێران و تێکدانی هەناردەی نەوتەکەی، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی خاوکردنەوەی گەشەی ئابووریی چین. ئەمریکا دەیەوێت بە یەک بەرد دوو چۆلەکە بپێکێت: هەم ئێران لاواز بکات، هەمیش لە باوەشی چین و ڕووسیای دەربهێنێت.
هەروەها، ئەم شەڕە بەشێکە لە ململانێیەکی گەورەتر بۆ دابەشکردنەوەی “شوێنی نفوز” لە جیهاندا. زۆرێک لە شیکەرەوان پێیان وایە کە زلهێزەکان خەریکی دیاریکردنی سنووری دەسەڵاتی خۆیانن: ڕووسیا دەیەوێت ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا کۆنتڕۆڵ بکات، و چینیش دەیەوێت لە ئاسیا و ناوچەکانی دەوروبەری خۆی باڵادەست بێت. لەم نێوەندەدا، ئەمریکا دەیەوێت بە لێدانی ئێران پەیامێک بدات و دەسەڵاتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزێت؛ ناوچەیەک کە شادەماری وزەی جیهانە و نزیکەی ٢٧٪ی نەوتی جیهان لە تەنگەی هورموزەوە تێپەڕ دەبێت .
ئەمریکا و ئیسرائیل پێیان وابوو بە هێرشێکی خێرا و کەمەرشکێن دەتوانن ئێران تووشی شۆک بکەن. حسابیان وابوو کە ئەگەر زەبرێکی توند بوەشێنن، ڕژێمەکە لە ناوەوە هەڵدەوەشێتەوە و تاران ناچار دەبێت تەسلیم بێت.
بەڵام ئەوەی حسابیان بۆ نەکردبوو، خۆڕاگریی ناوخۆیی بوو. ڕاستە ئێران زیانێکی ئابووری و سەربازیی زۆر گەورەی بەرکەوت و ژیانی خەڵک زۆر قورس بوو، بەڵام دەسەڵاتداران توانییان کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکەن و نەیانهێشت وڵاتەکە بەتەواوی بڕووخێت.
ئەمە ڕێک ئەو خاڵە بوو کە ترەمپ و ئیدارەکەی خستە ناو گێژاوێکی گەورەوە. کاتێک شەڕێک دەست پێدەکەیت بەو هیوایەی زوو تەواو ببێت، بەڵام بەرامبەرەکەت تەسلیم نابێت، شەڕەکە دەبێتە شەڕی ئیرادە. ئێستا ئەمریکا لە دۆخێکی زۆر خراپدایە: نە دەتوانێت بەبێ دەستکەوتێکی ڕوون بکشێتەوە چونکە ئابڕووی دەچێت، نە دەشتوانێت بە ئاسانی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، چونکە هیچ پێوەرێکی ڕوونی بۆ سەرکەوتن و دەرچوون لە شەڕەکە نییە.
ئەم چەقبەستووییە باجێکی زۆر قورسی بۆ ئەمریکا و جیهان هەبووە. شەڕەکە پارەیەکی خەیاڵیی دەوێت و نرخی نەوتیشی بەرز کردووەتەوە، کە ئەمەش زیانی بە ئابووریی جیهان و تەنانەت خودی ئەمریکاش گەیاندووە. لە لایەکی تریشەوە، وڵاتانی کەنداو دەستیان بە دڵیانەوە گرتووە؛ ئەوان باش دەزانن کە ئەگەر شەڕەکە درێژە بکێشێت، ئاگرەکە دەگاتە دامەزراوە نەوتییەکانی ئەوانیش.
لە سەرەتای شەڕەکەدا، ئەو لایەنە ئێرانییانەی کە لە دەرەوەی وڵاتن زۆر دڵخۆش بوون. پێیان وابوو ئەم هێرشانە ڕژێمەکە دەڕووخێنێت و ئەوان دەخرێنە سەر حوکم. بەڵام ئەم خەونە نەهاتە دی. لە ناوخۆی ئێرانیشدا، خەڵک هەرچەندە لە ڕژێمەکە ناڕازین، بەڵام نایانەوێت وڵاتێکی بێگانە بێت و چارەنووسیان بۆ دیاری بکات. ئەمەش سەلماندی کە هێرشی دەرەکی ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی گۆڕانکاریی ناوخۆیی.
ئێستا کۆشکی سپی نازانێت چی بکات. بردنەوەی چەند شەڕێکی کاتی مانای ئەوە نییە کە تۆ لە کۆتاییدا براوەیت. ئەو ڕێککەوتنانەشی کە جاروبار باسیان لێوە دەکرێت، دەریدەخەن کە ئەمریکا و ئێران هێشتا زۆر لێک دوورن و تێگەیشتنیان بۆ ئاسایشی ناوچەکە تەواو جیاوازە .
ئەم شەڕە سەلماندی کە ناتوانیت تەنیا بە هێزی سەربازی و وێرانکردن بگەیتە ئامانجەکانت. ئەمریکا ویستی بە بیانووی ئەتۆم لە ئێران بدات بۆ ئەوەی پەیامێک بە چین و ڕووسیا بدات و شوێنی نفوزی خۆی بپارێزێت، بەڵام لە جیاتی ئەوە، خۆی خستە ناو گێژاوێکی سیاسی و سەربازییەوە کە دەرچوون لێی زۆر سەختە.