ترســـی دەسەڵات و کاریگەری ڕابەرایەتی دەنگی شەقام… نووسینی: هاوکار باهیر

0

لە مێژووی هەموو کۆمەڵگەیەکدا، ئەو شتانەی کە دەسەڵاتی سەرکوتکەر لێیان ترساوە، نە چەک بوون و نە سوپایەکی زەبەلاح بەڵکو بیر و هۆشیاری و دەنگی ئازادی شەقام بوون. هەموو سیستەمی دەسەڵاتێک کە لەسەر چەوساندنەوە و پاراستنی بەرژەوەندیی چینێکی دەسەڵاتدار بنیاتنرابێت، لە ڕۆژێکدا دەگاتە ئەو ئاستەی کە لە قەڵەمی ڕۆژنامەنوس و لە پرسیاری خوێندکارێک و لە نووسینێکی ڕەخنەگرانە و تەنانەت لە دەنگی هاوڵاتییەکی ئاسایی دەترسێت، ئەو ترسەش نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵات لە ناوەوە پووچە. ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان و دەیان ساڵە دوو هێزی دەسەڵاتداری بورژوازی (یەکێتی و پارتی) هەموو دامودەزگا گرنگەکانی وەکو ئاسایش و دژەتیرۆر و میلیشیاو ئەو هەموو دەزگایانەی تر بەناوی جیاواز جیاوازەوە دروستکراون و پڕ چەک کراون بۆ گیانی خەڵک و بێدەنگ کردنی دەنگە ناڕازییەکانی شەقام لەئاست ئەو هەموو کردەوە قێزونانەی لە مێژووی دروست بوونیانەوە ئەنجامیانداوە بوونەتە ئامرازێک بۆ پاراستنی هەژموونی ئەو جووت حزبەو حزبە مشەخۆرەکانی هاوخەباتیان، نەک بۆ پاراستنی مافی هاوڵاتیان. لە ژێر سێبەری ئەم سیاسەتەدا، ڕۆژنامەنوس و چالاکی مەدەنی و مامۆستا و خوێندکار و هەر دەنگێکی سەربەخۆ، هەمیشە هەستی بە چاودێری، فشار و هەڕەشە و ترس کردووە. تازەترین ترسی دەسەڵات و بۆگەنترین کردەوەیان ڕفاندن و دەستبەسەرکردنی یەکێک لە دەنگە دلێرو کارگەرییەکانی شەقام و بەرەی خەڵکی چەوساوە ئەویش بەهادینی حاجی بەکری دارتاش بوو، پێش کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیەکەی سلێمانی کەلەسەر کەیسی دەستگیرکردنی گەندەڵکارانی عێراق و کۆمەڵێک ئەندام پەرلەمانی عێراق کوردستان ئەنجام ئەدرا، بەڵام هێزێکی یەکێتی لەسلێمانی ڕێگربوون لە ئەنجامدانی ئەو گردبوونەوەیە، لێرەدا و ئەم ڕووداوەو سەدان ڕووداوی هاوشێوە پرسیارە قورسەکانی خستووەتە سەر شانەی دەزگا ئەمنییەکانی شاری سلێمانی و زۆنی سەوز، کوا ئازادی …!؟ کوا مافی چالاکانی مەدەنی …!؟ لەکوێیە ئەو دیموکراسیە خەیاڵاوییەی دروستان کردبوو. ئازادی و ئارامی کۆمەڵگە بەخشین و بەرهەمی دەسەڵاتی سەرانی کورد نییە….! بەڵکو ئەنجامی تێکۆشانی نەوەیەکانی ئازادیخوازە. هەر مافێک کە ئێمە هەمانە، بە خەبات و قوربانیدانی خەڵکی چەوساوە وەدەستهاتووە، نە بە شۆڕشە درۆیینەکانی دەسەڵات. بۆیە هەر دەسەڵاتێک هەوڵ بدات ئەو مافانە سنووردار بکات، لە ڕاستیدا لە دژی ویستی کۆمەڵگە وەستاوە. دەسەڵات و ئاسایش و دارودەستەکانیان دەتوانێت ڕۆژنامەیەک دابخات، کەسێک دەستگیر بکات، چاودێری تەلەفۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکات و هەوڵ بدات ترس بڵاو بکاتەوە….! بەڵام ناتوانێت هۆشیاریی چینێک لەناو ببات. خەباتی چینی چەوساوەی کۆمەڵگا وەک ئاگرە هەرچەند زیاتر هەوڵ بدرێت بخنکێندرێت، لە شوێنێکی دیکەوە بەهێزتر هەڵدەگیرسێت. ئەو دەسەڵاتەی کە لە دەنگی شەقام دەترسێت، لە داهاتووی خۆی دەترسێت. چونکە دەزانێت هەر مرۆڤێک کە ترسی لەدەست بدات، بە هێزێکی گۆڕانکار دەگۆڕدرێت. هەر قەڵەمێک کە بە ئازادی بنووسێت، لە هەزار چەک کاریگەرترە هەر دەنگێک کە لەتەنیشت چینی چەوساوەی کۆمەڵگە وەستا ئەوا لە هەزار بانگەشەی دەسەڵات و دارودەستەکەی بەهێزترە. مێژووش بە ئاشکرا پێمان دەڵێت: هیچ دەسەڵاتێک بە سەرکوت و ترساندن هەتاهەتایە بە پێوە نەماوە. ئەوانەی خۆیان بە خاوەنی وڵات زانی و خەرکی کوشتنی ڕۆژنامەنووس و سەرکوت و ڕەشبگیری بوون ، ڕۆژێک لەبەردەم دادوەریی مێژوو و ویستی خەڵک وەستان. ئەوەی دەمێنێتەوە، نە کۆشک و نە دەزگای ئەمنی و نە چەک و نە هێزە زەبەلاحەکەیانە بەڵکو یادی ئەوانەیە کە لە پێناوی ئازادی و ڕاستی و کەرامەتی مرۆڤ وەستان. لەبەر ئەوە، بەرگری لە ئازادیی ڕادەربڕین تەنها بەرگری لە مافی ڕۆژنامەوانێک یان چاڵاکێک نییە ،بەڵکو بەرگرییە لە مافی هەموو کۆمەڵگە بۆ ئەوەی دەسەڵات ناچار بکات وەڵام بداتەوە بە خواستی کۆمەڵگە. ئەو ڕۆژەی دەسەڵات لە دەنگی ناڕازی هەڵهات و بووە دڕندەیەک بۆ گیانی خەڵکەکەی خۆی، ئەو ڕۆژە دیموکراسی دەمرێت….. بەڵام تا کاتێک دەنگێکی ئازاد و بەبەهای شەقام و بەرەی خەڵک و چینی چەوساوە مابێت، هیوا بۆ ڕزگاری و گەڕانەوەی هێز بۆ ژێر دەستی کۆمەڵگە هەر دەمێنێت.

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.