سوکایەتی بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان، نیشانەیەك لە قەیرانی کولتووری سیاسی دەسەلات لە کوردستاندا…نووسینی: دەشتی جەمال

0

ئەو دەستەواژەییەی پاڤێل تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە وەلام بەپرسیاری ڕۆژنامەوانێك بەکاریهێنا (کەی کاتی نەوەی نۆییە، حوشتر}، تەنها هەڵەیەکی کەسی یان هەڵچوونێکی کاتی نەبوو، بەڵکو نیشانەیەك بوو لە کێشەیەکی قووڵتر کە ساڵانێکە لە ژیانی سیاسی هەرێمی کوردستاندا بوونی هەیە. نەبوونی کولتووری وەڵامدانەوە بە پرسیار، و هەوڵدان بۆ لاوازکردنی دەنگی ڕۆژنامەنوسان.

کاتێك رۆژنامەنوسێك بەکۆڵێك پرس وخەمی شەقام روو دەکاتە لای بەرپرسێك نەك هەر دەرگا بەروتادادەخات و وەلامی پرسیارکەت وەرناگریتەوە، بەڵکو ئاراستەکە دەگۆرێت بۆ زمانێكی زبرو نەشیاو. ڕۆژنامەنوس ئەو کەسەیە کە پرسیار دەکات، چاودێری دەسەڵات دەکات و مافی خەڵك بۆ زانین دەپارێزێت، بەڵام ئەم بابەتە لە هەرێمی کوردستاندا لەژیرسایەی ئەحزابی بنەماڵەییدا، ڕۆژنامەوان بە چاوی هاوبەشی  نەبینراوە، بەڵکو وەك کێشەیەك یان هەڕەشەیەك بۆ دەسەڵات مامەڵەی لەگەڵ کراوە. ئەگەر ئاورێك لە رابردو بدەینەوە کە مێژوویەك لە فشار و سنووردارکردنی میدیای دەبینین. مێژووی سێ دەیەی ڕابردوو حکومرانی لە کوردستاندا پیشانی دەدات کە ڕۆژنامەنوسان و دامەزراوە میدیاییەکان بەردەوام تووشی فشار وسەرکوت و پێشێلکاری بوون.دەیان حاڵەتی دەستگیرکردن، لێدان، هەڕەشە، دەستبەسەرکردنی کەلوپەلی کار و ڕێگرتن لە پۆششی میدیایی تۆمار کراوە. لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١١، هەروەها لە ناڕەزایییە گشتییەکانی ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ و ٢٠٢٠، ژمارەیەك ڕۆژنامەوان تەنها بەهۆی گواستنەوەی ڕووداوەکان تووشی گوشار و دەستگیرکردن بوون.

سەنتەری میترۆ و چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ بەردەوام ئاماژەیان بە سەدان پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەوانان کردووە، پێشێلکارییەکانی وەك سوکایەتی، هەڕەشە، دادگایی‌کردنی سیاسی، قەدەغەکردنی کار و سنووردارکردنی دەستگەیشتن بە زانیاری.

کێشەکە تەنها لە فشار و هەڕەشە ئەم زمان زبرو غرورەسیاسیەدا ڕانەوەستاوە. بەڵکو ئەم زمانە بەشێکە لەو کەلتورەی تیرۆری دەسەلات بەرامبەر بەئازادی رادەبرین و قەلەمە ئازادو بۆیرەکان کەلە کوردستاندا بەرامبەر رۆژنامەنوسان ئەنجامدراوە. تیرۆری سەردەشت عوسمان، سۆرانی مامە حەمە، وەدات حوسێن، کاوە گەرمیانی تا تیرۆری هەلسوراوانی سیاسی لە نەزیر عمر ، بەکر عەلی، حمە حەلاق ، عبدولستار شەریف، رووف ئاکرێی تا کوشتنی کۆمۆنیستەکان بەشیکن لە ئەجندای حزبەکانی تاڵەبانی وبارزانی کە لێوانلێون لە تیروانینی دژی ئازادی  وسەرکوت…، کەهێشتا لە بیرەوەریی کۆمەڵگادا ماونەتەوە.

ئەگەر بەتیرۆر وکوشتن پیان نەکرابێت ئەو لە کەیسەکانی تریشدا، وەك شێروان شێروانی، گوهدار زێباری و سلێمان ئەحمەد،  شێوازی زیندانیکردن وسزادان مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەوانان کراوە.

ئەم ڕووداوانە تەنها چیرۆکی تاکەکەسان نین، بەڵکو بەشێکن لە مێژوویەکی درێژ لە ململانێی نێوان دەسەڵات و میدیا.

کارنامەی سێ دەهەی دەسەلاتی حیزبە ناسیونالستەکان  ئەوراستیەی بۆ جەماوەری خەڵکی کوردستان نیشانداوە کەم ئەم دەسەلاتەی  بەناوی دەسەلاتی خەڵك و گوایەشەرعیتی لەلایەن خەڵکەوە وەرگرتوە، نەك هەر دەسەلاتی خەڵك نیەو لەوان بیبەریە، بەڵکو لەسەر بناغەی پیشلیکردنی ئیرادەو مافەکانی ئەوان دامەزراوە. هەربۆیە سەرکوت ئازادی و تیرۆری نەیارانی سیاسی دەسەلات و رۆژنامەنوسان، سەرکوتی نارەزایەتیەجەماوەریەکان ..تا رەشەکوژی ژنان کۆڵەکەیەکی سەرەکی ئیستای دەسەلاتی کوردستانن، و نەریتەکانیتی ئەم زمان زبریەش دریژکراوەی ئایدۆلۆژی حیزبەکەی باڤێل تاڵەبانیە.

هەربۆیە ئەم سوکایەتی وبێڕیزیەی پاڤێڵ تاڵەبانی،  تەنها بەرامبەر تاکێك ورۆژنامەنوسێك نییە ، کاتێك ئەو سەرۆکی حیزبێکی گەورە بە شێوەیەکی سووکایەتی ئامێز مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان دەکات، ئەوە تەنها کێشەی نێوان دوو کەس نییە.ئەو جۆرە ڕەفتارە کۆدەکانی پەیامێکی مەترسیدار هەڵدەگرێت هەر ئەوە نیە زمان و فەرهەنگێك جێبکەوێت لە کۆمەلگادا، بەڵکو خۆی لە تەحقیرکردنی رۆژنامەنوسان و رەسمیتدانە بۆ ئەوەی بیکاتە مۆدێك لە فەرهەنگی خەڵکدا، ریگەیەك بۆ شکاندنی رۆژنامەنوسان تا ئەوەی کە پرسیارکردن تاوانە، و ئەوەی کە ڕۆژنامەنوسان پێویستە سنووری دیاریکراوی دەسەڵات تێنەپەڕێنێت. ئەم بیرکردنەوەیە لە بنەڕەتدا هیرشە بۆ سەر کۆمەڵگە، چونکە ئەگەر ڕۆژنامەوان بێدەنگ بکرێت، کۆمەڵگاش بێدەنگ دەبێت .پیشەیەك کەلەسەر بنەمای پرسیارکردن، ڕەخنەگرتن و چاودێری دەسەڵات وەستاوە.

بەداخەوە ئەوەی  زیاتر جێی نیگەرانییە بێدەنگی، هاوشێوەی قبووڵکردن، بێدەنگیی ئەو کەسانە بوو کە لەوشۆێن و دانیشتنەدا ئامادە بوون.لە کاتێکدا کە پێویست بوو دەنگی بەرگری لە ڕێزگرتن لە میدیا بەرز بکرێتەوە، بەداخەوە زۆر کەس هەڵبژاردنی بێدەنگیان کرد.

پەیامێك کەلەم دەربرینە تەوهین وزمان زبریەیی هەموو ئەو گوشار و هەڕەشانە بۆ ڕۆژنامەوانان دەبینرێت، وەڵامی ڕۆژنامەوان نابێت بێدەنگی بێت. ڕۆژنامەوان پێویستە هەروا بنووسێت، بپرسێت، ڕاستییەکان ئاشکرا بکات و بەرگری لە هاوپیشەکانی بکات.چونکە کاتێك ڕۆژنامەوان بترسێت، خەڵك دەست لە مافی زانین دەشوات. کاتێك دەنگی میدیا لاواز بکرێت، دەنگی چاودێری دەسەڵاتیش لاواز دەبێت.

ئازادی راگەیاندن دیارییەك نییە کە دەسەڵات بیبەخشێت یان لێی بسەنێتەوە، مافێکی بنەڕەتیی هاووڵاتیانە.سوکایەتی بەرامبەر ڕۆژنامەوان، لە هەر شوێن و هەر لەلایەن هەر کەسێکەوە بێت، پێویستە ڕەت بکرێتەوە. چونکە کێشەکە تەنها پاراستنی تاکێك نییە، پاراستنی مافی کۆمەڵگایە لە زانین، پرسیارکردن و بەدواداچوونی ڕاستی.

جەنابی باڤێڵ تالەبانی سوکایەتییەکەت بەرامبەر ڕۆژنامەوانان نیشانەیەکی ڕوونە لەوەی کە سیستەمە سیاسییەکەت هێشتا لە قەیرانی ڕەهەندی سیاسی و نائامادەبوونی بەرپرسیارێتی دەست و پێ دەکوتێت. پرسیارکردن  مافە، نە تاوان.

داوام لە تۆ ئەوەیە بە فەرمی داوای لێبوردن بکەیت و ڕوونکردنەوە بدەیت لەسەر ئەوسوکایەتی و تەحقیرکردنەی بەوەلامی پرسیار رۆژنامەوانێك ومیدیا کوردستان کردتان.

٢٤/٦/٢٠٢٦

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.