کاتژمێری سفر لە پەراوێزی نزیکبوونەوەی ئەگەری ڕێککەوتنی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا…نووسینی: ئیبراهیم حسێن
نزیکبوونەوە لە ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا، دیمەنێکی نوێی لە ململانێی نێوان باڵەکانی ناو دەسەڵات لەسەر پرسی مانەوەی ڕژێم خوڵقاندووە. هەر کە لە ڕاپۆرتەکان و میدیاکاندا هەواڵی جۆری ڕێککەوتنەکە و مەرجەکانی تا ڕادەیەک ئاشکرا بوون، چەتەکانی باڵی دژبەر کە مانەوەی خۆیان لە گرێدانی دانوستانەکان بە کات کوشتن، باج وەرگرتن، گرژیی سەربازی و هێشتنەوەی سێبەری مەترسیی ئەتۆمی دەبیننەوە، کەوتنە نمایش و ڕژانە سەر شەقامەکان.
ئەوان ئەو کاراکتەرانەی باڵەکەی تری ڕژێمیان (کە پێیان وایە مانەوەی ڕژێم لە ڕێگەی خواردنەوەی “جامی ژەهر”ێکی تر و خۆبەدەستەوەدانێکی نیوەچڵە بۆ ئەمریکا و ڕۆژئاوا) بە خائین بە “ئیمامی شەهید” و “دەستماچکەری مەعاوییە” ناو دەبەن. ئەم شیوەن و ڕۆڕۆیە ئایینییەی کە ئەمڕۆ لە تاران بەرپا کراوە، نیشانەی تێکچوونی پەیوەندی نێوان باڵەکان و چەقۆکێشەکانی ڕژێمە لەسەر پرسی مانەوە.
ڕەهەندێکی تری ئەم کێشەیە ئەوەیە کە دەیانەوێت هەموو شکستی ئەم تەسلیمبوونە و جامی ژەهرە بەسەر “عێراقچی” و ئەو کەسانەدا بشکێننەوە کە بەپێی ئەرکە سیاسییەکەیان ئەو بەرپرسیارێتییەیان کەوتووەتە ئەستۆ و لە تێڕوانینی ترەمپدا بە “پیاوە عاقڵەکان”ی ڕژێم ئەژمار دەکران. بە هەر حاڵ، بارودۆخێکی نوێ لە ئێران بەڕێوەیە کە تێیدا ڕژێم هەرچی زۆرتر لەناو قەیرانی مانەوەدا نوقم دەبێت. درزەکان قووڵتر دەبنەوە و باڵەکان لەسەر چۆنیەتی دەربازبوون لەم دۆخە، دەکەونە وێزەی یەکتر.
ئەمە لە کاتێکدایە کە خەڵک، ژنان و چینی کرێکار لە ئێران لە بۆسەدان بۆ ئەوەی کۆتایی بە کار و باری ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بهێنن. ئەگەرچی ڕەنگە ئەمریکا و ڕۆژئاوا خوازیاری کۆماری ئیسلامییەکی “دەستەمۆکراو” بن کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و لە ناوچەکە بێدەنگ و بێ کێشە بێت و وازی لە خەونی ئەتۆم و سەرەڕۆییی و بانگەشەی لە ناوبردنی ئیسرائیل و هتد هێنابێت، بەڵام لە ناوخۆدا بەرامبەر بە کۆمەڵگا و چینی کرێکار و ئازادیخوازان دڕندە بێت، بەڵام ئەو کۆمەڵگایەی کە باجێکی قورسی داوە و هەزاران قوربانی بۆ ڕزگاری و ژیانێکی ئازاد بەخشیوە، بەمە ڕازی نابێت. چینی کرێکار و ئازادیخوازی ئێران ڕژێمێکی ئیسلامی لاواز دەقۆزنەوە و دەیکەوێنن. ئەمە ئەو کابوسەیە کە ڕیزەکانی ئەم کۆنەپەرستانەی شێواندووە و لەبەردەم چارەنووسی خۆیاندا سەرگەردانی کردوون.
ئێران زوو بێت یان درەنگ دەبێتە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییە جیدیتر و چارەنووسسازەکان؛ هەرچی لەم ڕەوتەدا بەرەو پێش بچین، کاتژمێری سفری تەمەنی کۆماری ئیسلامی نزیکتر دەبێتەوە. نەک هەر ئەوە، بەڵکوو کۆمۆنیزمی کرێکاریی ئێران زوو بێت یان درەنگ دەکەوێتە بەردەم پرسە سەخت و ئاڵۆزەکان و ئەرکە گەورەکانی ئەم سەردەمە ئاڵۆز و پڕ هەڵچوون و داچوونە. دەبێت کۆمۆنیزم و کرێکار بۆ گێڕانی ڕۆڵیان لەم بارودۆخەدا ئامادە بن.