کێ حوکمی بەریتانیا دەکات؟ نووسینی: میا فۆڵی دۆیڵ… لە ئینگلیزییەوە لەلایەن توانا محەمەد نوری کراوەتە کوردی
لینین جارێکیان ڕوونی کردەوە کە تەنانەت “دیموکراتترین” دەوڵەتەکانیش هیچی تر نین جگە لە دیکتاتۆریەتی سەرمایە، تا ئەو کاتەی بانکدارەکان و خاوەنکارەکان لە دەسەڵاتدا بن. بە سەیرکردنی دۆخی بەریتانیای ئەمڕۆ، ڕوونە کە وتەکانی وەک هەمیشە ڕاستن.
“وڵاتەکەمان بە بڕیارەوە دەنگی بە گۆڕانکاری، بۆ نوێبوونەوەی نیشتمانی، و گەڕانەوەی سیاسەت بۆ خزمەتی گشتی دا… لەمەودوا ئێوە حکومەتێکتان هەیە کە بێبەرییە لە بیروباوەڕی دۆگما، و تەنها بە پێداگری بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێوە ئاڕاستە دەکرێت.”
ئەوە قسەی کیەر ستارمرە لە یەکەم وتاریدا وەک سەرۆکوەزیران نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر. پارتی کرێکاران (لەیبەر پارتی) تازە بە سەرکەوتنێکی گەورە چووبووە ناو داونینگ ستریت، کە ئەمەش بەهۆی توڕەیی ملیۆنان کەس لە ١٤ ساڵ سیاسەتی سکهەڵوشینی پارتی پارێزگاران (تۆرییەکان)، تەڵەکەبازی و گەندەڵی هاتبووە ئاراوە.
بەڵام لە بەریتانیای ئەمڕۆدا، هێشتا یەک لەسەر پێنجی خەڵک لە هەژاریدا دەژین. تەمەنی چاوەڕوانکراو ڕوو لە دابەزینە. پێشبینی دەکرێت بێکاری گەنجان لە پێنج ساڵی داهاتوودا بگاتە ١.٢٥ ملیۆن کەس. تێچووی سووتەمەنی، وزە و خۆراک هەمووی ڕوو لە زیادبوونە. ئابووری بەریتانیاش لە لێواری سستبووندایە، و بە ملیارەها پاوەند قەرز بارگاوی کراوە.
لە ساڵی ڕابردوودا، حکومەتەکەی ستارمر ناچار بووە ١٣٢ ملیار پاوەندی تر قەرز بکات. زۆرینەی ئەم بڕە پارەیە بۆ دابینکردنی بودجەی کەرتی تەندروستی(NHS)، قوتابخانەکان، یان خۆشگوزەرانی ناچێت، بەڵکو بۆ داپۆشینی پارەی سووی قەرزەکانی ئێستایە. پێدانی ئەم سووە بە تەنیا ٨.٣ لەسەدی هەموو خەرجییە گشتییەکانی ئەمساڵ پێکدەهێنێت.
بەڵێنەکانی کیەر ستارمر بۆ گۆڕانکاری و پەیمانەکانی بۆ خزمەتکردن بۆ کرێکاران و گەنجان نەبوو. بەڵکو ئەم وشانە سوێندی وەفاداری بوون بۆ ئەو تاقمە سێبەرەی لە سەرمایەداران کە بەڕاستی وڵاتەکە بەڕێوە دەبەن؛ ئەو خاوەن قەرزانەی (Bond holders) کە پارەی دەوڵەتی بەریتانیا دابین دەکەن.
دیکتاتۆریەتی سەرمایە
نوخبەی دارایی – کە لە بانکدارەکان، ملیاردێرەکان و پارەدارەکان پێکهاتووە – کاریگەرییەکی بەردەوام و ناڕێژەییان بەسەر سیاسەتی حکومەتدا هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ‘بازاڕ’دا بگونجێت.
لە ڕابردوودا، ئەوان ئەمەیان لە دوور لە چاو و لە پشت پەردە و ژوورە داخراوەکاندا دەکرد. بەڵام ئێستا، ئەوان دەنگیان بەرزتر و بوێرتر بووە.
یەکێک لە بەرپرسانی پارتی کرێکاران بە ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی ڕاگەیاندووە، لە کاتی تاوتوێکردنی داواکارییە پڕ ژاوەژاوەکانی دەوڵەمەندەکان بۆ کەسێکی لێهاتووتر بۆ گرتنە دەستی ڕێبەری سەرمایەداری بەریتانیا، وتوویەتی: “ئەمە دەبێتە یەکەم هەڵبژاردنی سەرکردایەتی پارتی کرێکاران کە بازاڕەکانی بۆرسە (Bond markets) تێیدا مافی دەنگدانیان هەبێت.”
بە وردیتر بڵێین، بازاڕەکان هەرگیز مافی دەنگدانیان نەبووە. بەڵام هەمیشە قسەیان هەبووە – تەنانەت زیاتر لە دەنگدەرانی ڕاستەقینەش. دیموکراسی لە ژێر سایەی سەرمایەداریدا فێڵ و تەڵەکەیە.
لینین ڕوونی کردەوە کە تەنانەت “دیموکراتترین” دەوڵەتەکان – بە هەڵبژاردن، پەرلەمان، و ماف و ئازادییە جۆراوجۆرەکانیشەوە – دیکتاتۆریەتی سەرمایەیە، تا ئەو کاتەی بانکدارەکان و خاوەنکارەکان لە کۆنترۆڵدا بن.
لە لایەکی ترەوە، دۆسیەکانی ئێپستاین دەریانخست کە چۆن ئەم تۆڕانەی چینە دەسەڵاتدارەکان بە توندی بەیەکەوە بەستراونەتەوە و بە قووڵی ژەهراوین. ئەوان هەرچی پێویست بێت دەیکەن بۆ پاراستنی قازانج، ئیمتیازات و دەسەڵاتی خۆیان. و بە بێ سزا دەجوڵێنەوە کاتێک کرێکاران، کەسانی بێدەسەڵات و زەویش دەچەوسێننەوە.
پارووە گۆشتەکە (قازانج)
بە شێوەیەکی شەرمەزارانە، کاتێک ڕیشی سووناک لە ساڵی ٢٠٢٢ جێگەی لیز ترەسی دەرکراوی لە داونینگ ستریت گرتەوە، لە وتاری سەرکەوتنیدا وتی: “پێویستە ئەمە پێشکەش بە تیمە نایابەکەم، هاوڕێکانم، خێزانەکەم و بێگومان بازاڕەکانی بۆرسەی بەریتانیا بکەم”.
ئەمڕۆ، هاوڕێکانی ڕیشی لە “سیتی ئۆف لەندەن” و “وۆڵ ستریت” دژی نوێترین سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و کاندیدەکانی جێگرتنەوەی وەرگەڕاون – و داوای هێرشی زیاتر دەکەن بۆ سەر چینی کرێکار بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی “پارووە گۆشتەکەی خۆیان” (قازانجەکانیان) دەستدەکەوێت.
بەڵام کرێکاران لە بەریتانیا پێشتر تا ئەوپەڕی توانایان گوشاریان لەسەرە. بڕینی زیاتری بودجە تەنها وەک بەنزین وایە بۆ دۆخێکی تەقینەوەیی کە پێشتر دروست بووە.
بە واتایەکی تر، ڕەنگە بازاڕەکان ئەو سیاستە سکهەڵوشینەی کە پێویستیانە دەستیان بکەوێت. بەڵام ئەمە لەسەر حیسابی ناسەقامگیرییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی گەورەتر، جەمسەرگیری و ڕادیکاڵبوونی زیاتر، و سەرکردەی لاوازتر و بێدەسەڵاتتر لە داونینگ ستریتدا دەبێت.
چینی ئێپستاین لەناو ببەن!
هەر بۆیە هەندێک لە شرۆڤەکارانی بۆرژوازی دەڵێن بەریتانیای ئەمڕۆ “حوکم ناکرێت”.
ئەوەی مەبەستیانە ئەوەیە کە چیتر بانکدارەکان ناتوانن بەبێ بەرگری حوکممان بەسەردا بکەن. بەڵام بە هەمان شێوە، هیچ حکومەتێک لە چوارچێوەی سەرمایەداریدا ناتوانێت کۆمەڵگا بەرەو پێشەوە ببات، ئەوەش بەهۆی چنگە خنکێنەرەکانی بازاڕەکانەوە.
بە کورتی، بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداران لە دژایەتی ڕاستەوخۆدان لەگەڵ ژیان و بژێوی چینی کرێکار.
تەنها بە نیشتمانیکردنی بانکەکان، دەستبەسەرداگرتنی سەروەتی ملیاردێرەکان، و لەناوبردنی “چینی ئێپستاین” دەتوانین ئەم دیکتاتۆریەتەی سەرمایە تێکبشکێنین، و کۆمەڵگایەک بهێنینە کایەوە کە لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی ئێمە بێت نەک قازانجی ئەوان؛ جیهانێک کە لەلایەن زۆرینەوە بۆ زۆرینە بەڕێوەبچێت، نەک لەلایەن و بۆ نوخبەیەکی دەوڵەمەندی مشەخۆر.
سەرچاوە:
https://communist.red/who-governs-britain/