مانفێستی هەشتی مارس، دەبێ بەیانی نا وتن بێت، بەستەم و توندوتیژی و بێمافی ژنان، کە دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسی سەرەکیەتی!
مانفێستی هەشتی مارس، دەبێ بەیانی نا وتن بێت، بەستەم و توندوتیژی و بێمافی ژنان، کە دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسی سەرەکیەتی! نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
بیستنی هەڵگریسانی جەنگێک، تسۆنامیەکی سروشتی لەچەشنی (گرگان، لافاو وشکە ساڵی و رەشەبا)، تا دەگات بە روداوەکانی هاتوچۆ… ئینسان توشی راچەنین، دەکات. هەواڵی کردەوە نائینسانیەکانی ڕژیمە دیکتاتۆرو چنگ بەخوێنەکان و گروپە تیرۆریستیەکان، دژ بەهاوڵاتیان، ئینسان تەکان دەدات. هەواڵی مەرگی برسییەکان، هەڵاواردنە رەگەزییەکان، زوڵمی قەومی، دڵی ئینسانی هوشیار دەگوشێت. بە بیرهاتنەوەی قوربانیانی جەنگی دەسەڵاتی ناوخۆیی، سوێی کارەساتی هەڵەبجە و ناوچە ژەهر ڕێژکراوەکانی تر، ئەنفال، برینی کەس و کارو ئازیزانی پەتی سێدارەو و قوربانیانی ژێر شکنجە هەتوان نەکراو، جێگای نەفرەتی کۆمەڵگەو بزوتنەوەی شارستانی سەردەمن… کەچی قوربانیانی ئاپارتایدی جنسی، کە قوربانیانی زۆر لەهی جەنگە ناوخۆیی و سروشتیەکان، لە قوربانیانی هەڵەبجە، لە قوربانیانی جەنگەکان، زۆرترن، کەچی هێشتا کۆمەڵگە وەکو پێویست پێی هەستیار نییە، وەکو جەنگێکی شەرمئاوەرو نابەرابەر دانی پیانانەنراوە.
بیرخستنەوەی ماوەی ساڵ و مانگ و کاتی جەنگە جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆیی و وڵاتییەکان و ئاماری کەم ئەندام و کوژراوانی، ئینسان سەراسیمە دەکات، کەچی جەنگی نەبڕاوەی دەسەڵاتی سیاسی و یاسایی، پیاوسالاری، مەزهەبی و دینی و قەومی، جەنگی قورعان و حەدیس و ئیسلام و کەلتوری دارزیوی دەستەو تاقمەکانیان لەدژی ئینسانی بوونی ژن، بۆ ساتێک چییە هەدا نادات، بەڵام جێگای تەئەسوفە، کۆمەڵگە دان بە بوونی ئەو جەنگە رانەگەیەنراوە، بەڵام واقعییەدا، دانانێت… ئاماری کوشتنەکان، لە کوشتنی عیشقەوە بۆ کوشتنی جەستەیی، ئاماری توندوتیژیەکان لە توندوتیژی سیکسیەوە بۆ توندوتیژی دەرونی و فیزیکی و تا دەگات بە” خەتەنە” بڕینی جەستەی هەستەوەری سێکسی ژن، ئاماری جەستەی بێئەژماری هەڵقرچاو، کە ناچار بەخۆسوتاندن کراون، تالە دۆزەخی ناو خێزان و کۆمەڵگە، خویان رزگار بکەن، زۆر کەمترن لە ئامارو تۆمارە واقعییەکان و ئەو دیو پەردەکان.
دەنگی نەبیستراوی ژنانی ئەودیو دیوارەکان و ناو چوار دیواری ماڵ، کە بەدەست کاری ناوماڵ و مناڵداری، کە بەدەست تورەیی و سوکایەتی پێکرنەوە، تا دەگات بە زۆری سێکسی و لێدانەوە… دەناڵێنن و نە دەتوانن و نە بواریان پێدەدرێت بەیانی ناخی بریندار و دڵشکاویان بکەن، زۆر زیاترە لەو ئامارانەی رادەگەیەنرێن…
کۆمەڵگە هێشتا پڕ نەفرەتە بەرامبەر بە کارەساتی هەڵەبجە و سەرجەم دڕندەییەکانی بەعس. هێشتا نەفرەت لەجەنگی دەسەڵاتی ناوخۆیی پارتی و یەکێتی و… درێژەی هەیە، هێشتا کۆمەڵگە وێڵی چارەنووسی بێسەرو شوێنەکانی جەنگە. هێشتا کۆمەڵگە خوازیاری بە دادگا کێشانی تۆمەتبارانی جەنگی ناوخۆ، تۆمەتباران و کرێگرتەکانی بەعسی روخاو، تۆمەتبارانی ١٧ شوبات و رۆژانی دواترە… کەچی هێشتا کۆمەڵگە بەرامبەر تۆمەتبارانی ستەمکار لەسەر ژن، لەسەر ئازاردان و خەتەنەکردنی ژنان، لەسەر تیرۆرکردنیان، لەسەر خوڵقاندنی کەشی نائینسانی و نەداری و پەنابردنیان بۆ لەشفرۆشی، لەسەر سازکردنی ژینگەی خۆکوژی ژنان بۆئەوەی جەستەی خۆیان، گڕ بدەن… وە لەبەرامبەر تۆمەتبارانێک کە ژن وەکو ئینسانی پلە دوو، ئینسانی کۆیلە و بێماف تەماشا دەکەن و هەموو هەست و بوونی ژن وەکو کاڵاو خاوەندارێتی تایبەتی خۆیان لەقەڵەم دەدەن… هەستیار نییە. ئەمە لە کاتێکدایە تۆمەتبارانی ژن ئازاردەر و بێمافیەکانی ژنان و کوشتاری ژنان… ئاشکران و دەشێ لەناو خێزانەوە، لە ناوبەرگریکەرانی کەلتوری داوکەوتوانەی کۆمەڵگەوە، لە پاریزەرانی یاساکانی سەرچاوەگرتوو لە شەریعەت “قورعان و حەدیس” وە، لە لایەنگرانی پەروەردەی کۆنەپەرستانەوە.. تا دەگات بەو ئاخوندانەی زیاتر لە هەزاران مزگەوتەوە، بانگەشەی بێمافی ژنان و کوشتاریان لە ژێر ناوی شەرەفپارێزیدا، وێنا دەکەن… بدۆزێنەوەو دادگا سزای جەنگی نەبراوەی دژە ژنیان، بدات…
هۆکاری ئەم جینۆسایدە هەموو ڕۆژەیەی، ژنان، لەکوردستان بە پلەی یەکەم دەسەڵاتی سیاسییە، ئەو دەسەڵاتەی دەستی بە دینەوە گرتووە، سەرچاوەی یاساکانی لە دینەوە، دارشتوە. دینی تێکەڵی دەوڵەت و سیاسەت و یاساو خوێندن و پەروەردە، کردووە. شانازی دەکات بەوەی کە لەزیاتر لە ٢٨٠٠ مزگەوتەوە، وتاربێژی دەکرێت، و لەچەند ساڵی رابردوودا، زیاترلە ٥٠٠ مزگەوتیان دروست کردوەو ئەمەش بە خۆشگوزەرانی دەرخواردی کۆمەڵگە دەدەن، وە شانازی دەکەن کە سەرچاوەی یاساکان و تەنانەت دەستوری پێشنیاری کوردستانیش، بنەما سەرەکیەکەی دینی ئیسلامە، هەر ئەوەشە دۆزەخی واقعی لە دنیای زیندوی ئیستادا بۆ ژنان داخستووە. ئەو دەسەڵاتەی رێگەی داوە حزبی سیاسی لەسەر بنەمای ناسنامەی دینی، دروستبکرێن و لەداهاتی خەڵکی کوردستانیش، کلور کلور دەکەن بە گەرویاندا و لەولاشەوە وەزارەتی ئەوقاف و دەیان هەزار بەلاشخۆریان بەناوی مەلاو “زانایانی ئاینی” قوتکردۆتەوە.
هەستیار کردنی کۆمەڵگە و راچەنینی بەرامبەر بەو دۆخە، پێویستی بە جەنگێكی فراوانی کۆمەڵایەتی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان هەیە لە دژی دەسەڵاتی سیاسی، کە دەستی دین و نەریتە کۆنەکانی بە تەواوی تێکەڵی سیستەمی سیاسی و ئیداری و یاسایی و پەروەردەیی و کەلتوری کۆمەڵگە کردووە. یەکسانی یاسایی ماف و ئازادییە و فەردی و مەدەنیەکانی ژنان لەگەڵ پیاوان، بەبێ هەڵمەت و پەلامارێکی هەمەلایەنە بۆ سەر دەسەڵات و دین و نەریتە کۆنەکان و جیاکردنەوەیان لە سیستەمی سیاسی، مەیسەر نابێت. بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و ئازادیخوازی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، دەبێ بە شێوەی جۆراوجۆر و گرتنەبەری بواری هەڵسورانی فراوان و جەماوەری و مەیدانی، جەنگی خۆی لەدژی هەموو ئەو یاساو رێساو نەریتانە رابگەیەنێ و بۆی تێبکۆشێت کە رێگەی یەکسانی یاسایی نێوان ژن و پیاوانی بەستووە. خەبات بۆ یەکسانی تەواوی ژنان و پیاوان لەهەموو مافە فەردی و مەدەنیەکان و دابینکردنی یەکسانی بۆ بەشداریان لە ژیانی سیاسی و لە مەیدانی ئابوری و کاری پیشەییدا، تا ئازادی عیشق و مافی پێکەوە ژیانی هاوبەش و مافی جیابونەوە، مافی یەکسان لە خێزاندا لە پەیوەند بەکاروباری ناوماڵ و سەرپەرشتی مناڵەوە…تاد. وە ناچارکردنی دەسەڵات بۆ دانانی سزای قورس بۆ هەر جۆرە ئازاردان و ترساندن و سوکایەتی پێکردن و ئازادی زەوتکردن و هەرچەشنە توندوتیژیەک کە لەدژی ژنان و کچان دەکرێت…تاد. ئەمانە ئەو مافە سەرەتایانەن کە دەتوانێت شکۆی بەرزی ژن تا رادەیەک بگێڕێتەوە سنورێک بۆ زەبری بەردەوامی پیاوسالاری لەسەر ژنان دابنێت و ئەو خوێن بەربوونەی کۆمەڵگە رابگرێت. مانفێستی هەشتی مارس، دەبێ بەیانی نا وتن بێت، لە دژی سوکایەتی پێکردن، توندوتیژی جەستەیی و دەرونی، جوداسازی جنسی و بەسزاگەیاندنی تۆمەتبارانی ژن ئازاردەرو ژن کوژ…
سەرەتای مارسی ٢٠١٨