لەپێشوازی یەکی ئایاردا… نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

0

ئەمڕۆ یەکی ئایار رۆژی هاوپشتی و هاوچارەنووسی جیهانی چینی کرێکار، رۆژی نەفرەت لە نیزامی هارودڕندە و چاوچنۆکی سەرمایەدارییە. ئایاری ئەمساڵ لە هەلومەرجێکی زۆر تایبەتدا بەڕێوەدەچیت… لە هەلومەرجێکدا، کە سەرمایەداری نەک تەنها لەرێگای بەتاڵانبرنی هیزی کاری چینی کریکارەوە، نەک تەنها لە رێگای مژینی هیزی کارو توانای ملیاردەها ئینسانەوە، بەڵکو هاوکات لە رێگای جەنگی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ، لەرێگای دیموکراسی و دیکتاتۆرییەوە، بێ شەرمانە گۆی زەوی کردۆتە پارچەیەک لە جەنگ و نائارامی. کردویەتی بە هەسارەیەکی ئاوس لە ململانێ و قوتبەکان و بلۆکەکان و دەوڵەتەکان. دنیای کردۆتە گۆرەپانی و دوبەرەکی و کێبەرکێی قەومی و دینی و مەزهەبی و تایفی و رەگەزی. کردویەتی بە بازارێك کەبە جەنگ و بە ئاشتییە روکەشەکەیەوە، نەک تەنها خولیاو خەون و ئارەزووەکانی ئینسان، بەڵکو خودی ئینسانەکانیش لە کورەیەکی گەرمی چاوچنۆکیدا دەکاتە قەرەبروت… ژینگەی زۆربەی ئینسانەکانی هەر پینج کیشوەکەی دنیای نەک هەر کردوە بە شوێنی رمبازێنی و جەنگ و کێبەرکێی چەکی وێرانکەر، بەڵکو خودی ژینگەشی کردوتە ژەهری، ژەهراوی کردنی ئینسانەکان و بونەوەرە هەناسەدەرەکان…

ئەمرۆ ئاماری قوربانیانی نائەمنی شوێنی کار، برسیان و بیکاران و بێسەر پەنایانی کرێکار، تا دەگاتە قوربانیانی جەنگ و بۆمبارانەکان… ئامارێکی ترسناکی بێوێنەن لە مێژووی تائیستای بەشەریدا. دنیا نوقمی سامانە، و ئۆردی بی داهات و سامانیش دنیای نوقمی خۆی کردووە. توانایی و داهینانی ئینسان، بە تیژڕەویەکی سەرسورهێنەرەوە دەئاژوێت… کەچی بە هەمان تیژرەوی و خێرایەوە، بیکاری و گرانی و نابەرابەری، دەرواتە پیشەوە. زۆر لەسەروی چاوەروانی ئینسانەوە، خزمەتگوازری هەمەلایەنەی تەندروستی و تەفیهی و پەروەردەیی بۆ هەموان ئیمکانی هەیە، کەچی نەک بەملیۆنان ئینسان ویڵی ئەو خزمەتگوازیانەن، بەڵکو بەشێکی زۆر لە خزمەتگوزارییەکانی رابردووش، کەمتر دەکرێنەوەو دەبنە قوربانی قازانج پەرستی و کەڵەکەی سەرمایە. ژمارەیەی سەرمایەدارەکان و مۆلتی ملیاردێرەکان هەڵدەکشێت، و لە بەرامبەردا ئۆردوی نەداران و بێبەشان و هەژاران، نەک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و دواکەوتوو، بەڵکو لە ناوجەرگەی ئەمریکاو ئەوروپادا، بە وێنەی کۆشک و باڵەخانە هەور بڕەکان، هەڵدەکشێن. توانای بیناسازی و فیرکردن و پزیشکی، سەرسام ئاوارە، کەچی بێخانەو لانەیی و ئۆردی بێ سەرپەناکان و ژیان لەسەر شەقام و ناو میتیرۆ و ژێر پرد و سێبەری باڵەخانەکان و کەلاوەکان و ناو کارتۆن و خەوی سەفەری… فراوانترو فراوانتر دەبێت. ئاماری هەڵاتوان و ئاوارەکانی دەستی جەنگ، بەدەیان ملیۆن ئینسانە. ژمارەی ئەوانەی توانای فێربوونیان لێدەسەندرێتەوە، بەرینتر دەبێتەوە، نەخۆشییەکان و پەرینەوەو تەنینەوەیان… جەستەی ملیۆنەها ئینسانی هەڵتەکاندوە. بانگەشەی دیموکراسی هەدا نادات کەچی قوربانیانی دیموکراسی هێندە زیادی کردووە، بەراورد بە قوربانیانی سیستەمە دیکتاتۆرە چنگ و بەخوێن و قەومی و دینییەکان، ناکرێت. دیموکراسی و سیستەمە بەناوکراوەکەی لەم سەردەمەدا بە ملیۆنەها ئینسان دەکاتە کردەی بەناو دیموکراسی… تەماشاکەن… جەنگ و ئابلۆقەی ئابوری و، جەنگی بە وەکالەت و راستەوخۆ… هەموو لەلایەن سەرانی دەوڵەتەکانی لانکی دیموکراسیەوە، ئاراستە دەکرێن و هەر ئەوانیش پشتیوانی لە رژێمە تیر نەبوو لە خوێن و کوشتار و سەرکوتەکان… دەکەن و میدالیای دیموکراسی لە بەرۆکیان دەدەن. سەرپۆشی قازانج پەرستی سەرمایە تاوانە دڵهەژین و جەرگبرەکان دەشارێتەوە… تاڵیبان و ئوسامەکان، داعش و جۆلانی و هاوشێوەکانی،  لەلایەن کاراکتەرە سیاسی و دەوڵەتە سەرمایەدارە دیموکراسیەکانەوە دروستکراون کە بەسەدان هەزار ئینسانیان قەسابی کردووە، بە ناوی جەنگیش دژ بەو غولە خوێنرێژنەی ئیسلام… لەلایەن هەمان جەنابانی دیموکراسی و سەرمایەدارییەوە، بەسەدان هەزار ئینسانی تر، قەسابی دەکرێن و بەشێکی بەرینی دنیاش بۆتە مەڵبەندێکی نائارام و ناسەقامگیر و تەنانەت ناجیگیر. ستەمی سەر ژنان و هەڵاواردنیان، توندوتیژی و بیمافیان…هیشتا شەرماوەرترین دیاردەی دنیای دیموکراسی و سەرمایەدارییە. کاری مناڵان و هەڵوشینی شیلەی جەستەیان و کوشتنی خەونی رەنگاليییان، لە مەیدانەکانی کار و سود پەرستیدا، ریسوایەکی تری سیستەمی گەنیوو گەندەڵی سەرمایەدارییە…

ئەم بەربەریەتەی سەرمایەداری کە دنیای تەنیوەتەوە… عێراق و کوردستانیش بەشیکە لەو جەهەنەمە کە سەرمایەداری بۆ چینی کرێکارو خەڵکی ستەم دیدەو بێبەشی خوڵقاندووە. لە عێراق کوردستاندا جگە لەجەنگ و کوشتار و هەڵاواردنی فەرمی لەژیر ناوی فیدرالیزمی قەومی و دینی و تایفیدا، وەبەجیا لە چەوساندنەوەی چینایەتی و بیبەشی هەمەلایەنەی چینی کرێکار لەسەرەتاییترین مافەکانی، هاوکات ناسنامەی چینایەتیشی، لە ژیر ناوی بەفەرمانبەرکردندا لێسەندراوەتەوە، کە یاسای سەردەمی بەعسە.

لەکوردستاندا چینی کرێکار… وەکو بەشێک لەو چینە جیهانیەی دنیا… لەهەلومەرجی تەواو نائینسانی و نائەمن و نەخوازراودا راگیراوە.. چینی کریكاری کوردستان جگە لە کرێی کەم و نائەمنی شوینی کارو و بیمافی و نەبوونی بیمەکان و سەختی کار… جگە لە بێکاری و فراوان و هەڵاواردن لە ژێر ناوی ژن و پیاو، کریکاری خۆیی و بیانی، کرێکارانی لەسەر کارو بێکار… تەنانەت بەشێکی بەرینی ئەو چینە لە کەرتی گشتی و حکومیدا!! ئەو موچەیەشی پێنادرێت کەبەشیکە لەمافی خۆی، بەڵکو لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا لێی دەبڕدرێت و لێی دەدزرێت و لەلایەن کۆمپانیا سیاسی بازرگانی و حزبی و ناحزبیدا، حەپەلوش دەکرێت…

لەیەک رستەدا، قوربانیانی هەموو ئەو بەربەریەتەی سەرمایەداری، چینی کرێکار و خانەوادەکانیانە لەسەراسەری دنیادا، بێ گویدانە ناسنامەیی دەوڵەت و وڵاتی و بی گوێدانە پێناسی قەوم و دین و رەنگی پیست و دوور و نزیکیان لەیەکتریەوە…

بۆیە یەکی ئایار… رۆژی نەفرەتی ئەو چینە سەراسەری و جیهانیەیە، کە کۆمەڵگە لەسەر شانی ئەو دەچەرخێت، بەدژی ئەو نیزامەی کە دنیای کردۆتە دۆزەخ بۆ چینی کرێکار. یەکی ئایاری هەموو ساڵێک رۆژی ناوتن و رەتکردنەوەی ستەم و بێمافی هەزار سەری سەرمایەدارییە لەلایەن چینی کرێکارەوە… رۆژی نەفرەت و تورەیی چینێکە، کە ئەگەر رێکخراو و یەکگرتوو بێت، ئەگەر دەست بداتە راگرتنی چەرخەکانی بەرهەمهینان… دنیای سەرەوخواری ئیستا، رادەگرێت و هەڵدەگێرێتەوە…

یەکی ئایار ئەگەر بۆ هەموو چینی کریکار… لەسەراسەری دنیادا هەڵگری پەیامێکی هاوبەشی جیهانی بێت دژی نیزامی سەرمایەداری… ئەوا تایبەتمەندی ستەمی تایبەتی هەو وڵات و دەوڵەت و جغرافیایەک، بەدژی ستەم و بێمافییە تایبەتیەکانی هەرکام لەو وڵات و دەوڵەتانە… بەشیکە لەهەمان پەیامی سەراسەری چینی کریکار بە رووی سەرمایەداریدا… چینی کریکار لە کوردستاندا وەکو بەشیک لە ئۆردووە جیهانیەی چینی کرێکار… پێویستە لە یەکی ئایاردا، یەکگرتوانەو رێکخراو بێنە مەیدان… چەرخەکانی بەرهەمهێنان و سەرچاوەکانی کەڵەکەی داهات… لە شوێنی کاریاندا رابگرن… شوێنی کارو سەکۆی کۆبونەوەی ئاکسیۆنە ئایارییەکان بکەنە… شوینێک بۆ نیشاندانی توانایی خەباتکارانەو گۆرەپانێک بۆ بریاردان لەسەر ریكخراوبوون و پیکهێنانی رێکخراوەی سەربەخۆی خۆیان و بەیانی داواو داخوازییە رەواکانیان… لە زیادکردنی موچەوە، بەپێی بازار و دانی بیمەی بیمەی بێکاری شیاو بۆ بێکاران و هینانی یاسای کاری پێشرەوی کرێکاریی کە سەرجەم ماف و داخوازییەکانی چینی کرێکار… لەخۆ بگریت…

رابەران و هەڵسوراوانی چەپ و کۆمۆنیستی چینی کریکار و ڕێکخراوەکانی ئەو چینە، پیویستە هاوکات لەگەڵ هاوچینەکانیان لە دنیادا، لە ئیستاوە خۆیان بۆ پێشوازی لەیەکی ئایار ئامادەبکەن و یەکی ئایار بکەنە رۆژێک بۆ رۆژی ناوتنی گشتی و ڕێکخراو، رۆژێک بۆهێنانە مەیدانی داخوازییە سەرەکی و مافە پایماڵکراوەکانیان…

Leave A Reply

Your email address will not be published.