جینۆسایدی سپی، کاتێک جەلاد و قوربانی لە یەک ماڵدا دەژین! نووسینی: نەژاد عوسمان
مێژووی ئێمە تەنیا لە ئەنفال و کیمیاباران دا کورت نابێتەوە؛ ئەگەر ئەوانە تاوانی دوژمنێکی ڕەگەزپەرست بووبن بۆ سڕینەوەی جەستەییمان، ئەوا ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت جینۆسایدێکی سپی و سیستماتیکە کە تێیدا شکۆ، ژیان، و داهاتووی مرۆڤی ئەم خاکە دەکرێتە قوربانی.
تاوان تەنیا فیشەک و سێدارە نییە، بەڵکو هەموو ئەو مۆدێلە لە حوکمڕانییە کە مرۆڤی ئازادی ئەم نیشتمانەی کردووەتە بارمتە و سواڵکەر لەبەردەم دەرگای حزبەکاندا.
بەبارمتەگرتنی قوتی خەڵک و لێدانی ژێرخانی ئابووری، گەورەترین تیرۆری فیکری و جەستەییە. کاتێک دەسەڵاتێک بە ئەنقەست کۆمەڵگە بەرەو مشەخۆری و تاکەکانی بەرەو چاولەدەرگایی بەرپرسان دەبات، مەبەستیەتی مرۆڤی کورد لە بوونەوەرێکی خاوەن ئیرادەوە بگۆڕێت بۆ تاکی ملکەچ کە تەنیا خەمی پارەو نانێکی هەبێت کە ئەویش هەر دەسەڵات بۆی دیاری دەکات. ئەمە کوشتنی شکۆی تاکە؛ شکاندنی ئەو کەرامەتەیە کە مرۆڤی کورد دەیان ساڵ لە پێناویدا خەباتی کرد.
لە وڵاتێکدا کە پڕە لە عەقڵی درەوشاوە، پسپۆڕی کارامە و گەنجی خاوەن وزە، کورتکردنەوەی دەسەڵات لە نەوەکانی یەک بنەماڵەدا، گەورەترین سووکایەتییە بە عەقڵی نەتەوەیەک. داخستنی دەرگای پەرلەمان و پەکخستنی دامەزراوە شەرعییەکان!!، وێرانکردنی مانای دەوڵەت و گەڕانەوەیە بۆ چاخی دەرەبەگایەتی، بەڵام بە بەرگێکی مۆدێرن و پۆلیسییەوە.
شەقھەڵدان لە مامۆستا—کە هێمای مەعریفەیە—و بێدەنگکردنی دەنگی ئازاد و ڕێنەدان بە خۆپێشاندانی مەدەنی، نیشانەی شکستی ئەخلاقیی دەسەڵاتە و جینۆسایدی شکۆی پەروەردە و تاکە. کاتێک کۆمەڵگە بە پۆلیسی دەکرێت و زەوی وزاری نیشتمان لە لایەن بەرپرسانەوە تاڵان دەکرێت، ئیتر نیشتمان مانای خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە کێڵگەیەکی تایبەت. لێرەدا کۆچکردن نابێتە بژاردە، بەڵکو دەبێتە ڕاکردن لە جەهەنەم بۆ دۆزینەوەی کەمێک شکۆ کە لە ناوخۆدا لێیان زەوت کردووین.
ئەنفال تەنیا مێژوو نییە، ئەنفال هەموو ئەو ساتانەیە کە تێیدا گەنجێک بەهۆی بێکارییەوە لە دەریاکاندا دەخنکێت، هەموو ئەو چرکەساتانەیە کە باوکێک لەبەردەم منداڵەکانیدا دەستەووەستان دەبێت، و هەموو ئەو دەنگە ئازادانەیە کە لە پشت دیوارە تاریکەکاندا دەخنکێنرێن.
وێرانکردنی داهاتووی خۆمان و نەوەکانمان لەم چەند دەیەی حوکمڕانی کوردیدا بۆ خۆی تاوان و جینۆسایدی سپیە کێ بەرپرسە لێی، ئەویش هەر بەغدا؟