لە ولایەتی فقێوە بۆ حکومەتی سوپای پاسداران! کودەتای ئەمریکا و سوپای پاسداران!… نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

بەشی دووەم

لە بەشی یەکەمی ئەم باسە دا ئاژەمان پێدابوو کە  ڕاگەیاندن و دەربڕینەکانی تڕامپ و دەەڵەتەکەی لە بارەی سەرهەڵدانی نەوەیەکی عاقڵمەندتر و ژیرتر لە ئێران، هەورە بروسکە نین لە ئاسمانێکی بێ هەوردا، بەڵکو نیشانە و ئاماژەی سەرهەڵدانی ئاڵۆگۆڕێکی سیاسی تازەیە.

ئێمە گوتمان کە لە پشت ئەم شەڕ و میلیتاریزمەوە، پیلانێکی کودەتا بۆ جێبەجێکردنی جۆرە “ئیستیحالە” و گۆڕانکارییەک لە نێو خودی ڕژێمی ئیسلامیدا خەریکە دەچنرێت؛ سیناریۆی وەرچەرخان لە “ویلایەتی فەقێ”وە بۆ حکوومەتی نیزامیی سوپای پاسداران. ئیتر  لە کۆتاییدا خەریکە سوپای پاسداران دەبێتە کاتالیزۆری ئەو گۆڕانکارییەی کە پێشتر بڕیار بوو لە چوارچێوەی پڕۆژەکەی خاتەمی و ڕەفسەنجانیدا بە شێوازێکی دیکە پیادە بکرێت.

تێبینی بکەن، پاش لێدان و پاکتاوکردنی خامنەیی و کەسایەتییەکانی سەر بە “بەیت” و ویلایەت، موجتەبایەکی پەککەوتەی بێ بوونی مەرحەکانی مرشد و فەقێیان وەک جێگرەوە دەستنیشان کردووە تا بتوانن ئەم وەرچەرخانە لە ناو تەپوتۆز و بێدەنگیدا تێپەڕێنن.

قاڵیبافیان هێناوەتە پێشێ کە ناوکەپەتکی بە خودی سوپاوە بەستراوەتەوە و کوڕی سوپا و ناوەندی سەرسەختی قودرەتە  تا بتوانن  دواتر لە زمانی سوپاوە بیکەنە لایەنی مامەڵەی ئەمریکا. دەرکەوتە و نیشانەکان ئاماژەی ڕوونن کە هەڕەشەکانی تڕەمپ بە سڕینەوەی شارستانییەتی ئێران لە راستیدا زەمینەسازییەک بوو بۆ ئەوەی  ئەم بەندوبەستە لەگەڵ سوپا و ئەم وەرچەرخانە، وەک “دیپلۆماسی” بە خەڵکی ئێران و جیهان بفرۆشنەوە. هەر لەم چوارچێوەیەدا پاکستانیان ڕاسپارد و چوون قاڵیبافیان لە لایەن سوپاوە هێنا و دواتر (جەی دی ڤانس) جێگری سەرۆکی هەمان ئەو دەوڵەتەی کە هەڕەشەی سڕینەوەی شارستانیەتی ئێرانی دەکرد، بێدرەنگ سەفەری پاکستانی کرد تا ئەم سەودایە تەواو بکەن. ئێستا بە لەبەرچاوگرتنی تەواوی دیمەنەکە و واقعیاتی سیاسی تازە دەکرێ باشتر لەوە تێبگەین کە چ ڕووداوێک قەوماوە و ئەو پرۆسەیەی باسمان کرد چ مانایەکی هەیە.

حکوومەتی سوپای پاسداران تا کاتی سەرهەڵدانی بارودۆخێکی نوێ و هاوسەنگییەکی دیکەی هێز کە لە داهاتوودا دەردەکەوێت، “دیفاکتۆ”ی دەسەڵاتە لە ئێران و ناوچەکەدا. بێگومان ئەم بارودۆخە لەرزۆک و کاتییە؛ ئەوەی کە ئەم گواستنەوە و وەرچەرخانە لە ویلایەتی فەقێوە بۆ حکوومەتی سوپا ودەستەبژێرێکی سەربازی و سەردارانی سوپا و هەندێک موکەللای نەرمتر تا چەند بەردەوام دەبێت و تا چەند دەتوانێت ببێتە دیاردەیەکی سیاسیی ڕاوەستاو لە گیژاوی ئاڵوگۆڕە سیاسیە ناچاریەکانی دوای ئەم قۆناغە، جگە لە گەلێک فاکتەری دیکە، بەوەشەوە بەستراوەتەوە کە ئایا ئەم پێکهاتە و بژاردەیە (ئیلیت) توانست و ئارەزووی سیاسیی بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی ئەم وەرچەرخانە هەیە و تا چەند ئامادەیە تێچووەکانی ئەم گۆڕانکارییە بدات. بەڵام شتێک هیچ  گومانێک هەڵناگرێ ئەوەیە کە بە لەخۆنیشاندانی کەمترین ئامادەیی و ئیرادەی سیاسی لە ناو ئەم دەستەبژێرەدا، لە هاوکارییەکانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا بە هەر شێوەیەک بێت، بەهرەمەند دەبن.

شکستی ساڵانێکی زۆری سیاسەتی گفتوگۆ، گوشار، مهارکردن و گەمارۆدان، و ساڵانێک ئومێدبەستن بە پڕۆژە نەرمترەکانی وەک ئەوەی خاتەمی و ڕەفسەنجانی، بە کردەوە ڕۆژئاوا و ئەمریکای بەو سەرەنجامە گەیاند کە ولایەتی فەقێ و خەسڵەتی سیاسی ئەو دەسەڵاتە دینیە لەوە قایمتر و وشکترە کە ئەو وەرچەرخانە پێویستی بە  بوومەلەرزەیەکی گەورەی سیاسی و ستراتیژیک هەیە و کە ئەگەر بیانەوێت بە ئەنجامێکی واقیعی و بەرجەستە لە ڕێڕەوی ئەم وەرچەرخانەدا بگەن، دەبێت ڕوو بکەنە هەمان ئەو هێزەی کە لە ڕژێمێکی بە  تایبەتمەندییەکانی کۆماری ئیسلامیدا، توانای تێکدان یان بەسەرئەجام گەیاندنی هەر وەرچەرخانێکی پێویستی هەبێت، ئەو هێزە ڕاستەقینەیەش سوپای پاسدارانە. ئەمە فرسەتێکی تاقانە و دانسقەی ترە هەڵکەوتوە بۆ ئەو (استیحالە)وەرچەرخانە و ئەوەی کە سوپای پاسداران و ئێلێتی سوپا و تەکنۆکراتتر ئەو فرسەتە بە تەواوی دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی ئەو دەورەبگێڕن یان چارەنوسی  ئەو دەرفەتەش بە مەرەدی هەمان چارەنوسی ڕەفسنجانی و خاتەمی دەچێ پرسیارێکە و ڕەوتی داهاتوی ئاڵوگۆڕەکان و ڕاددەی ئامادەیی ئەو ئێلیتە بۆ ئەو وەرچەرخانە وەڵامی دەداتەوە.

هەر چۆنێک بێ  ئەمە پەردەی یەکەمی ئەو گۆڕانکاریانەی داهاتوە کە بە خێراییەکی زۆرەوە خەریکن ڕوودەدەن و لە هەر بارێکدا چینی کرێکار و کۆمەڵگەی ئێران و ئازادیخوازی ئێران لە کەمیندان و پرسی پێویستی ئاڵۆگۆڕێکی سیاسی ڕادیکاڵ و ڕزگاریەکی متمدنانە، سکولار و سۆسیالیستی هەروا وەکو خۆی لەسەر مێزی ئەو مرۆڤایەتیەیە کە چاوی بڕیوەتە ئێرانێکی ئازاد و خۆشبەخت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.