لە حکوومەتی ویلایەتی فەقێوە تا حکوومەتی سوپای پاسداران!…نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

لە لێدوانەکانی ترەمپ و کاربەدەستانی دەسەڵاتداری ئەمڕۆی ئەمریکا دوای هێرشەکانی ئەم دواییە و کوژرانی سەرانی پەیوەندیدار بە بەیتی ڕابەری ــ کە دەڵێن ڕژێم لە ئێستادا گۆڕاوە و ئێستا ئەوان لە ئێراندا لەگەڵ کەسانێکی ژیرتر و خاوەن ئەقڵتر ڕووبەڕوون ــ وا دیارە جۆرێک لە هیواداری بەو گۆڕانکارییەی کە بۆ وەرچەرخانێکی سیاسی پێویست بەرەو لای ڕۆژئاوا لە نێو ڕێژیمدا دروست بووبێت.

 بە مانایەک، ئەوەی کە ڕۆژئاوا و ئەمریکا پێشتر لە ڕێگەی شوێنکەوتنی سیاسەتی گوشاری ئابووری و مانۆڕ و کۆنترۆڵکردنەوە بەدوای دۆزینەوەی باڵێک یان کەسان و لایەنەگەلێکدا دەگەڕان کە توانا و ئیمکان و ئیرادەی سیاسی ئەم وەرچەرخانەیان لە ویلایەتی فەقێوە بۆ حکوومەتێکی لایەنگرتری ڕۆژئاوا  یان لانیکەم بێدەردی سەرتر بۆ ئەمریکا و ڕۆژئاوا هەبێت، ئێستا خەریکە ڕوو دەدات. چارەنوسی ئەزمونەکانی ڕابردوی هەوڵ و پڕۆژەکانی تری باڵەکانی تری کۆماری ئیسلامی بۆ پیادەکردنی ئەو ئیستیحالەیە سەلماندی کە  پێداویستیەکانی ئەم (ئیستیحالە)یە پێویستی بە هێز و کەسانێک هەیە کە ئەگەر بیەوێ بە کردەوە دەرەقەتی ئەرک و پێداویستیە سیاسیەکانی پڕۆسەی ئەم ئیستیحالەیە بێت.

نوسخەکانی ڕەفسنجانی بۆ ئازادکردی درا و لیبڕالیزەکردنی ئابوری ئێران و نوسخەی خاتەمی بۆ جۆرێک گۆماری ئیسلامی کەمێک نەرمتر لە ژێر تایتڵی دیالۆگی شارستانیەکان و سەوزەکان کە هەموویان تەقەلای بەشێکی ناو خودی کۆماری ئیسلامی بوون، بێ سەرەنجام مانەوە و شکستیان هێنا لەوەی کە کۆماری ئیسلامی لەو قەیرانە وجوددیانەی دەرباز بکەن و بیگۆڕن بە ڕژێم و دەوڵەت و سەرخانێکی ئاسایی وا کە بتوانێ پێداویستیەکانی گەشەیەکی سەرمایەدارانە لە ئێران وەڵام بداتەوە. 

 هەرچەندە واقیعەکان و پێویستییەکانی ئەم وەرچەرخانە زۆر ئاڵۆزتر و بەئازارترن لەوەی کە دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەمریکا وێنای دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا واقیعێکی بەرجەستەی ئەم شەڕە ئەوەیە کە بە کردەیی حکوومەت کەوتووەتە دەست سوپای پاسداران و سەرکردە سەربازییەکانی سوپا، و ڕێژیمی ئیسلامی ئەو جێگیری و شێوازەی پێشووی خۆی لەدەست داوە. بە مانایەک، ئەو چەسپە ناوخۆییە ئایدیۆلۆژییەی کە تەواوی ئەم ئامێرەی لە هەر ئاستێکدا بووبێت پێکەوە گرێ دەدا و جۆرێک لە یەکپارچەیی ناوخۆیی پێ دەبەخشی، لەناو چووە.

ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا لە ئێستاوە تا ئەم وەرچەرخانە چەندی ماوە؟ تا ئەو کاتەی کە وەرچەرخانێک لە حکوومەتێکی ویلایەتییەوە بەرەو جۆرە حکوومەتێکی سەربازیی کەمتر ئایدیۆلۆژیک و زیاتر واقیعبین بۆ دروستکردنی زەمینەی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی بەو شێوەیەی تا ئێستا هەبووە، ببینین؟

وەڵامی بڕاوە بۆ ئەم پرسیارە، واقیعەکانی داهاتوو و ڕەوتی گۆڕانکارییەکان کە لە ئەنجامی ئەم دۆخە نوێیەدا حەتمین، دەیدەنەوە. بەڵام شتێک کە لێرەدا ڕوونە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی چیتر نابێتەوە بەو کۆماری ئیسلامییەی پێش ئەم ڕووداو و گۆڕانکارییانە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو تەنانەت خودی ئێرانیش نابێتەوە بەو ئێرانەی پێش ئەم بەسەرهاتانە. له

هاتنەسەرکاری ریزێک کارەکتەری سەربازی  کەمتر ئایدیۆلۆژیکەکان ڕەنگە وەک هەنگاوی یەکەمی گۆڕانکارییەک بێت کە بۆ بونیادنانەوەیەکی جیددیتر و ستراتیژیکتری حکوومەت و دەسەڵات لە ئێراندا، لە بەرژەوەندیی گۆڕینی ئێران بۆ بنکەیەکی دیکەی ڕۆژئاوا لە ناوچەکەدا و تێکەڵکردنی لەگەڵ بازاڕ و ئابووری و سیاسەتی جیهانیدا، حەتمی و چارەهەڵنەگر بێت؛ بێ ئەوەی پای بزووتنەوە ڕادیکاڵە کرێکاری و سۆسیالیستی و چەپەکان بێتە مەیدانەکەوە.

بەڵام پرسێکی گرنگ لە هەر وەرچەرخان و گۆڕانکارییەک لە ئێراندا ئەوەیە کە ئێران خۆی ئاوسە بە گۆڕانکاری، ئاوسە بە خواستێکی گەورە بۆ گۆڕان و دەستڕاگەیشتن بە ئازادی و ژیانێکی ئازاد. نەوە لە دوای نەوەی چینی کرێکار و ژنان و نەوەی گەنج لەم کۆمەڵگایەدا قوربانی زۆریان بۆ داوە. بەم هۆیەشەوە، هەر خاوبوونەوەیەک لە خەفەقانی سیاسی و ئایینیدا، پێی ئەم مرۆڤایەتییە دەکێشێتە ناو مەیدانی ململانێ بۆ داواکردن و دیکتەکردنی ئەو خواست و ئازادییەی کە بە مافی خۆی دەزانێت. هیچ کۆنەپەرستییەک بە بەڵێنی نیوە وناچڵ گۆڕانکاری نیوداس و ئەو نوسخانەی کە لەگەڵ چاوەڕوانییەکانی ئەم خەڵکە بۆ ژیان و ئازادی ناگونجێن، بەم سادەییە پەسەند ناکرێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.