لەسەر لێواری هەڵدێر: کاتژمێری سفری گەڕانەوە بۆ سەردەمی بەرد!… نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

تڕامپ مۆڵەتی مۆڵەتی گەڕاندنەوە بۆ سەردەمی بەردی ڕاگەیاند. لەو چرکەو ساتەوە تا ساتی ڕودانی ئەم دیمەنە تۆقێنەر و تاریکە مرۆڤایەتی هەناسەی لە سینەدا تەنگ بووە و دەستی لەسەر دڵیەتی.

مێژووی مرۆڤایەتی، چەندین  لەو چرکەساتە هەناسەبڕ و گەورانەی ئەزمون کردوە کە برین قوڵ و گەورەیان لە مێژوو دا لە ویژدانی نەوەکانی مرۆڤایەتی کرێکار و زەحمەتکێشدا هەڵکۆڵیوە. هێرۆشیما و ناکازاکی و وێرانکردنی بەغدا و تەڕابلس و یوغسلافیا و دیمەشق و ئەفغانستان هتد…

 ئەمڕۆش جارێکی تر جیهان لەبەردەم یەکێک لە ترسناکترین تاقیکردنەوەکانی خۆیدایە؛ تەنیا چەند کاتژمێرێکمان ماوە بۆ ئەو مۆڵەتە شوومەی کە دەکرێت جوگرافیایەکی پان و بەرین بە ناوی ئێران، لە نەخشەی شارستانییەت پاک بکاتەوە و بیگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی بەرد. ئەمە تەنیا هەڕەشەیەکی سەربازی نییە، بەڵکوو مانیفێستی داڕمانی ئەخلاقیی ژاندارمی تاوانکاری دنیای ئەمڕۆیە کە ئامادەیە بە شانازیەوە نەک هەر ئەم گەفە بکات، بەڵکو پیشانی بدات کە لە توانایدایە کە گەف و هەڕەشەیە بە کردەوە پیادە بکات.

ئەوەی ئێستا لە ئارادایە، پێکدادانی لۆژیکی دوو لە تاوانکارترین هێز و ڕژێمی دنیای ئەمڕۆن کە تێیدا مرۆڤایەتی کراوەتە سووتەمەنی. لە لایەکەوە، دەوڵەتی ئەمریکا وەک ژاندارمی تاوانکاری جیهان کە دەیەوێت بە چەکی ئاگر و ئاسن لۆژیکی خۆی بسەپێنێت. لە لایەکی ترەوە، کۆماری ئیسلامییە؛ کە خۆی لە ماشێنێکی گەورەی کوشتار و وێرانی و ئیعدام زیاتر کە تەمەنی خۆی لە کوشتوبڕ، لەسێدارەدانی ملیۆنی، وێرانکاری و سەرکوتکردنی هەر دەنگێکی ئازاددا بەسەر بردووە.

دیاریکردن و کات کرتنەوە بۆ گەڕاندنەوەی ئێران  بۆ سەردەمی بەرد تەنیا خوازە و لێکچواندنێکی ئەدەبی ویپلۆماسی  نییە، بەڵکوو ڕاگەیاندنی جەنگێکی هەمەلایەنەیە دژی ژێرخانی ژیان، دژی زانست، دژی داهاتوو و دژی جەوهەری مرۆڤبوون لەو جوغرافیایەدا کە ناوی ئێرانە. ئەم لۆژیکە پڕە لە شەڕەنگێزی، مژدەی جیهانێک دەدات کە تێیدا تەنیا وێرانەیی و خۆڵەمێش و دواکەوتویی و کەڕاهیەت دەمێنێتەوە. ئاسەواری ئەم وێرانیە ساڵەهای بە لە ویژان و شعوری مرۆڤایەتیدا برینی گەورە و قوڵایی کەورە ترسناک بەجێدەهڵێ و هەر چرکەیەک کە لەم کاتژمێرە شوومە تێدەپەڕێت، وەک لێدانی چەکووشێکی قورس وایە بەسەر ویژدانی هەر مرۆڤێکی شەریفی ئەم دنیایە.

لە تارانی پڕ لە ژیانەوە تا ئەسفەهانی مێژوویی، لە ڕەشتی سەوزەوە تا کووچە و کۆڵانە کەنارکەوتووەکانی بەلووچستان و کوردستان؛ ملیۆنان مرۆڤ بە دڵەخورپەوە چاویان بڕیوەتە ئاسمانەکان. ئەوان تەنیا تەماشاکەری هەواڵەکان نین، بەڵکوو بارمتەی یارییەکی سیاسیی خوێناوین کە خۆیان هیچ دەورێکیان تێدا نەبووە. ئەو پیرەپیاوەی کە هەموو تەمەنی بۆ تیکە نانێک و سەقفێکی دڵنیا تەرخان کردووە، ئەو گەنجەی کە خەونەکانی لە لاپەڕەی کتێبەکانیدا دەگەڕێت، و ئەو منداڵەی کە جیهانەکەی تەنیا یارییەکانیەتی؛ هەموویان لە ژێر چەترێکی ڕەشی ترسدا کۆبوونەتەوە.

ئەمە تراژیدیایەکی مێژووییە؛ ئەو مرۆڤایەتییەی کە بە خوێن و ئارەقەی نەوەکان بنیات نراوە، ئێستا کراوەتە قوربانیی ویست و مەنتیقی دوو لە کۆنەپەرسترین و تاوانکارترین ڕژێمەکانی دنیا،  دوو ماشێنی گەورەی کوشتار. مرۆڤایەتی دنیای ئەمڕۆ ناکرێ بە بێدەنگی دانیشێ و شاهیدی ئەو تاوانکاریە ئاشکرا و بێ پەردە بێت کە خەریکە برینێکی تری گەورە هەڵدەکەنێ و بەرەوپاشگەڕانەوەیەکی گەورەی ئەخلاقی و مەعنەوی و وێراکاریەکی گەورەی دیکەی مێژویی دەخوڵقێنێ . ئەمە بانگ و هاوارێکی مرۆڤایەتیەکە کە نایەوێ ڕادەستی ئەم مەنتیقە کوێر و دوژمن بە مرۆڤایەیتیەی ئەم دوو ماشێنەی تاوانکاری و وێرانکاریە بێت. هاواری مرۆڤایەتییە دژی ئەم لۆژیکە وێرانکەرە؛ هاوارێک بۆ پاراستنی ژیان و گیان و کەرامەتی مرۆڤ و خواست و مافی ئەوە بۆ ژیانێکی ئازاد و خۆشبەخت لە بەرانبەر ئەو مەرگ و وێراکاریەی کە لە هەردولاوە موژدە دەدرێ. ئێران نەک تەنیا جوگرافیایەک، بەڵکوو تاقیکردنەوەی ویژدانی هەموو جیهانە لەم چرکەساتانە کە هەناسە لە سینەی هەموان دا قەتیس کردوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.