کۆدە جیۆپۆلیتیکییەکانی ترامپ: وێرانکاری، باجگیری و کاسبی… ئەحمەد هاشمی

0

پێشەکی

کۆدی جیۆپۆلیتیک ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک پێشگریمانی سیاسی-جوگرافیی وڵاتان کە ژێرخانی سیاسەتی دەرەوەیان پێکدەهێنێت و وەک نەخشەی ڕێگا لە دیاریکردنی جۆر و چۆنیەتی پەیوەندیی وڵاتان لەگەڵ یەکتر بە مەبەستی سوودوەرگرتن و گەیشتن بە ئامانج و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بەکاردێت.

لە بارودۆخی ئێستای ئەمریکادا، بەهۆی ڕۆڵی بێبایەخی کۆنگرێس، دەتوانرێت بوترێت کە کۆدە جیۆپۆلیتیکییەکان لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا تەنها لەلایەن ترامپەوە دیاری دەکرێن.

 

کۆدە جیۆپۆلیتیکییەکانی ترامپ

کۆدە جیۆپۆلیتیکییەکانی ترامپ لە سیاسەتی دەرەوەدا خاوەنی سێ تایبەتمەندی بێوێنەن:

 

کۆدی یەکەم: قۆرخکاری لە بڕیارداندا

ترامپ لەو بڕوایەدایە کە دەتوانێت بە تەنیا و بەبێ یارمەتی کەسانی دیکە کێشەکان چارەسەر بکات. بە واتایەکی تر، خوازیاری قۆرخکردنی بڕیاردان و وەلانانی کەسانی دیکەیە لە پرۆسەی چارەسەرکردنی قەیرانەکاندا.

سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ململانێی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، ترامپ وڵاتانی ئەورووپای بە تەواوی پشتگوێ خست. ئەو لە ئالاسکا بە شێوەیەکی تایبەت و بێ ڕاوێژکردن لەگەڵ ئەورووپییەکان لەگەڵ پوتین کۆبووەوە

 

کۆدی دووەم: بەدەستهێنانی زۆرترین بەرژەوەندی دارایی لە ڕێگەی باجگیرییەوە

ئەم باجگیرییە لە ڕێگەی گوشار خستنە سەر لایەنەکانی دیکە بەدەست دێت، بۆ نموونە:

  • لە ئەنجامی ڕۆڵی ترامپ لە بەڕێوەبردنی ململانێی نێوان ڕواندا و کۆنگۆ، کۆمپانیا ئەمریکییەکان سەرکەوتوو بوون لە بەدەستهێنانی ئیمتیازی دەستگەیشتن بەو کانزا دەگمەنانەی کە بۆ پیشەسازییە ئەلیکترۆنییە پێشکەوتووەکان پێویستن لە ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆ
  • لە بەڕێوەبردنی قەیرانی هیندستان و پاکستاندا، دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، ڕێگە بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان درا کە کێڵگە نەوتییە زەبەلاحەکانی پاکستان پەرە پێبدەن و نەوتی لێ دەربهێنن.
  • لە کاتی بەڕێوەبردنی قەیرانی نێوان تایلەند و کەمبۆدیا کە لە وڵاتی مالیزیا و بە ناوبژیوانی ئەو وڵاتە ڕێککەوتنی لەسەر واژۆ کرا، کۆمپانیا ئەمریکییەکان گرێبەستی بازرگانی گەورەیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا واژۆ کرد.
  • بە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ئاشتی لە نێوان سەرۆکانی هەردوو وڵاتی ئازەربایجان و ئەرمەنستان، “دالانی زەنگەزوور” ناوەکەی گۆڕدرا بۆ “دالانی ترامپ”. ئەرمەنستانیش ڕازی بوو کە ئەم ڕێگەیە بۆ ماوەی سەد ساڵ بە ئەمریکا بەکرێ بدات و بەمەش ئەم ڕێگەیە لەسەر ئێران، ڕووسیا و چین داخرا. ئیلهام عەلیێف لەم بارەیەوە دەڵێت: “ترامپ لە کەمتر لە شەش مانگدا موعجیزەی خولقاند”.
  • لە کاتی چارەسەرکردنی ململانێی ڕووسیا و ئۆکرانیادا، ئەمریکا ڕەزامەندی ئۆکرانیای وەرگرت بۆ وازھێنان لە نیوەی قازانجی دەرهێنانی کانزاکانی موادە دەگمەنەکان لە سەرتاسەری خاکی ئۆکرانیا بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان.

 

کۆدی سێیەم: وێرانکاری

لە جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران کە لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ دەستی پێکرد، سەرەڕای هەموو دژبەیەک قسەکردنەکانی ترامپ سەبارەت بە دانوستان، هەر لە سەرەتاوە یەک ئامانجی نەگۆڕ هەبوو ئەویش وێرانکردنی ئێران بوو.

لە میدیا ڕۆژئاواییەکاندا وێنەی ئەم جەنگە بە جۆرێک نیشان دەدرێت کە وەک بڵێی تەنها دامەزراوە سەربازییەکان دەکرێنە ئامانج. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەر لە سەرەتاوە بە بۆردوومان و مووشەکبارانکردنی ناوچە شارنشینە قەرەباڵغەکان، ناوچە نیشتەجێبوونەکان، یەکە بازرگانییەکان و نەخۆشخانە و قوتابخانەکانیش زیانیان بەرکەوتووە یان وێران کراون.

کوشندەترین هێرش لە ڕۆژی ٢٨ی شوبات لە شاری میناب لە پارێزگای هورمزگان ڕوویدا. لەم هێرشە مووشەکییەدا، بە وێرانکردنی قوتابخانەیەکی کچان، ١٨٠ کچە قوتابی گیانیان لەدەستدا.

ئەم جەنگە لە کاتێکدا دەستی پێکرد کە گەیشتن بە سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی بە ناوبژیوانی عومان لەبەردەستدا بوو. بەڵام ترامپ و نەتانیاهوو، لەناوبردنی ژێرخانەکان و جۆرەها پیشەسازی سەربازی و مەدەنییان لە پێشترەوە پلان بۆ داڕشتبوو.

لە هەفتەی سێیەمی ئەم جەنگە دەستدرێژکارانەیەدا، ترامپ و وەزیری جەنگەکەی، وەک “تاوانبارێکی جەنگ” دەڵێن: “هێرش یان جەنگ بۆ کەیف و چێژوەرگرتنە”.

لەم بارەیەوە دەتوانرێت بوترێت کە بۆردوومانکردنی کارگەکانی پۆڵا، دەرمانسازی، ژێرخانەکانی وزە، ئۆتۆبان و پردەکانی سەر ڕێگا، بوونەتە بابەتی کەیف و چێژ بۆ ترامپ و وەزیری جەنگەکەی.

لە هەفتەی پێنجەمی جەنگەکەدا، ترامپ لە وتارێکدا بە دەنگێکی بەرز وتی: “ئێران دەگەڕێنمەوە بۆ سەردەمی بەردین”.

 

کۆدی چوارەم: کاسبی لە ڕێگەی نائارامکردنی بازاڕی داراییەوە

جەنگەکان و بەتایبەت جەنگە فرەناوچەییەکان بەزۆری لەگەڵ هەڵبەز و دابەزی توند و زیادبوونی نادیاریدا دەبن، ئەنجامەکەشی نائارامییە لە بازاڕی داراییدا. بۆ نموونە، لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی جیهانی یەکەم، بازاڕی پشکەکان سێ لەسەدا دابەزی. بۆرسەی نیویۆرک بۆ ماوەیەک داخرا، بەڵام دوای کردنەوەی، پێوەرەی داو جۆنز (Dow Jones) لە ساڵی ١٩١٥دا زیاتر لە ٨٨٪ گەشەی کرد.

لە جەنگی جیهانی دووەمیشدا دوای هێرشی ژاپۆن بۆ سەر پێرل هاربەر، بازاڕی پشکەکانی ئەمریکا نزیکەی سێ لەسەدا دابەزی و لە کەمتر لە مانگێکدا نەک هەر هەموو زیانەکانی قەرەبوو کردەوە، بەڵکو قازانجێکی زۆریشی هەبوو.

لە جەنگی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا، پێوەرەی S&P 500 لە سەرەتادا زیاتر لە ٧٪ دابەزی. بەردەوامی جەنگ و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز، ئەم پێوەرەی بە خێرایی گەڕاندەوە بۆ ئاستێکی زۆر بەرزتر لە پێش دەستپێکردنی جەنگ.

 

کاریگەری جەنگ لەسەر بازاڕی دارایی لە ڕێگەی:

  • هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت و بە گشتی وزە
  • زیادبوونی گۆڕانکاری لە نرخی دراو و کاڵاکا
  • ڕاکردنی سەرمایە بەرەو دارایی و دراوە سەلامەتەکان
  • کاریگەری دەروونی لەسەر ڕەفتاری مامەڵەکاران لە بازاڕە داراییەکاندا.

 

ترامپ و ئەندامانی خێزانەکەی و ئەو گرووپە داراییانەی لە دەوروبەری ئەون، لە ئەنجامی بڕیارە گرنگەکانی ترامپ لە پرۆسەی جەنگی دوازدە ڕۆژە و جەنگی ئێستادا، سەدان ملیۆن دۆلار کاسبییان کردووە.

لە فارسییەوە کراوەتە کوردی

توانا محەمەد نوری

 

 

سەرچاوە:

akhbar-rooz.com

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.