ڕزگارییەک بە مەرجی گەڕاندنەوەی  ئێران بۆ؛ سەردەمی بەردین!… نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

پەیامی ترەمپ لە وتارەکەیدا بۆ گەلی ئەمریکا ڕوون بوو؛ ئەگەر کۆماری ئیسلامی تەسلیمی مەرج و داواکارییەکانی ئەمریکا نەبێت، ئەوا ڕێگەیەکی تر نییە جگە لەوەی ئێران بگەڕێنینەوە بۆ سەردەمی بەردین.

ئەوەی کە سەرۆکی دەوڵەتێک بەم ڕاشکاوییە و بێباکییە، کۆمەڵگەیەک بخاتە بەردەم دیدگای گەڕانەوە بۆ سەردەمی بەردین، تەنیا ڕیتۆریک و ڕەوانبێژیەکی تاکتیکی و هەڵەیەکی سادە یان زیادەڕەوییەکی کاتی نییە، بەڵکو دەربڕینی ڕاستەقینەی پێویستییەکی ستراتیژییە کە ئەم دەوڵەت و هێزە ملهوڕە بۆ کێشانی وێنەی داهاتووی ئێران و مرۆڤایەتی هەیەتی؛ لانیکەم لەم سنوورەدا کە تیایدا خەریکی جێبەجێکردنی قۆناغە سەرەتاییەکانی ئەم دیدگا تاریکەن.

ئەمە ئەو ڕزگارییەیە کە بەڵێنی پێ دەدەن؛ گەڕانەوە بۆ سەردەمی بەردین و هێنانی (مەکلا) کڵاوبەسەر و جەنەڕاڵی  ڕۆژئاوایی و ئەمریکا-پەسەند، تا بۆ دەیان ساڵی داهاتوو، سەردەمی بەردینی بازاڕی کارێکی هەرزان و چەوسانەوەی هێزی کار بە بەرگی ڕۆژئاواییەوە بەڕێوە ببەن. ئەم کڵاو مێزەر بەسەرە ڕۆژئاواییانە ڕەنگە یەکێک یان تێکەڵەیەک بن لە هەمان ئەو کەسانەی کە ساڵانێکە لەناو بەسیج و سوپا و بەیتی ڕابەریدا، گەنجان و کرێکاران و ژنان و مرۆڤی ئەم وڵاتەیان لەسەر داواکردنی مافی ژیانێکی ئازاد و تەنانەت نیوە-ئازاد لەسێدارە داوە، یان کەسانێک لە دەرەوەی ڕژێمی ئێستا بن  کە بڕیارە هەمان فەرمانی سەرکوت و لەسێدارەدان جێبەجێ بکەن بۆ بەڕێوەبردنی ئابووریی کارێکی هەرزان و چەوسانەوە، بە ناو و بەرگی ڕۆژئاوایی و دۆستایەتی ڕۆژئاوا و بازاڕی ئازاد، لەژێر ئاڵای پاشایەتی یان کۆماریخوازی و ئێران-تەوەریی ڕۆژئاواییدا.

٤٧ ساڵە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی یەکێک لە زیندووترین ناوەندەکانی ژیانی مرۆڤایەتی کە ئێرانە، خراوەتە ژێر دەسەڵاتی کۆنەپەرستییەکی خوێناوی تیۆکراسی و مەزهەبی؛ بزووتنەوەیەکی سیاسیی تیۆکراتی چەپەڵیان بەسەردا سەپاندوون تا ببێتە بەربەست لەبەردەم هەر هەناسەیەکی ڕادیکاڵ و ئازادیخواز و مرۆیی لەم ناوچە هەستیارەی جیهاندا. ئێستاش کە ئەم “مۆتەکە” کۆنەپەرستە ئایینییە خەریکە پەککەوتەتر دەبێت لەوەی بتوانێت ئەم ئەرکە درێژە پێ بدات، دەیانەوێت بە بیانووی لێدانی ئەم مۆتەکەیە و بە بەهانەی ناچارکردنی بە هەندێک لە مەرجەکانی خۆیان، بەڵێنی پانکردنەوەی ئەم مرۆڤایەتییە و لەوەش زیاتر گەڕاندنەوەیان بۆ سەردەمی بەردین بە ناوی ئازادییەوە بدەن.

ئەمە لۆژیکێکی نەخۆش و ئاسۆ و داهاتویەکی نەنگین و تاریکە. ئەرکی سۆسیالیزمی کرێکاریی سەردەم و هەر ئازادیخوازێکی ڕاستەقینە ئەوەیە کە نەهێڵێت ئەم لێکدانەوە و ئەم وێنەیە لە جۆری ژیان و لە ئازادی و ئەو گۆڕانکارییەی کە مرۆڤی ئەمڕۆ دەیەوێت، ویژدان و ئاگایی ڕەسەنی مرۆڤی ئەمڕۆ بشێوێنێت. خەڵکی ئێران، چینی کرێکاری ئێران، ئازادییان دەوێت؛ ڕزگاربوون لە مۆتەکەی کۆماری ئیسلامی و ڕزگاربوون لە چەوسانەوەی کار و دەستەبەرکردنی ئێرانێکی ئازاد و یەکسانیان دەوێت، نەک (مەکلا) مێزەر بەسەری  ڕۆژئاوایی و بەڕێوەبەرانی داهاتووی سەرکوت و چەوسانەوە لە هەر قاڵبێک و لەژێر هەر ئاڵا و بانگەشەیەکدا، ئەویش بە نرخی گەڕاندنەوەیان بۆ سەردەمی بەردین.

 

نەخێر زۆر سوپاس، چینی کرێکار و خەڵک لەم وڵاتەدا ئەوەندە لە مێژوو جێ نەماون کە ئەم بەڵێنەی بەربەریەت و گەڕانەوە بۆ سەردەمی بەردین و بەڵێنی هێنانەسەرکاری ڕاسپیێرداوە کڵاو و مێزەربەسەرە ڕۆژئاواییەکان  (چ ئیسلامی و چ غەیرە ئیسلامی) وەک ئازادی و ڕزگاری خۆیان قبوڵ بکەن.

ئەگەرچی دەبێت ئەم جەنگە بەهۆی ئەو هەڕەشەیەی کە بۆ گەڕاندنەوەی کۆمەڵگەی ئێران بۆ سەردەمی بەردین دەیکات (بەو شێوەیەی ترامپ بەڵێنی پێ دەدات) مەحکووم بکرێت و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی بکرێت، بەڵام تەنانەت ئەگەر ئەم جەنگە بەردەوامیش بێت و ببێتە هۆی تەسلیمبوونی مۆرەکانی کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران بە مەرجەکانی ئەمریکا، دەبێ ئەوە بزانرێت کە ئەم کۆمەڵگەیە و ئەم چینی کرێکارە و ئەم خەڵکە ئەزموونی دوو بۆ سێ شۆڕشیان لە پشتە. تەنانەت ئەگەر بە هەر سەرکوت و کودەتا و تەڵەکەبازی و پیلانێکی خوێناویش [دەسەڵاتێکی تر] بهێنرێتە سەر کار، چینی کرێکار و ئەو ئازادیخوازییەی کە هەر ئێستا کۆماری خوێن و لەسێدارەدانی دینیی لەگەڵ پرسی مان و نەمان ڕووبەڕوو کردووەتەوە، وا بە ئاسانی سەر بۆ ڕاسپێردراوانی داهاتووی سەرکوت و چەوسانەوە دانانەوێنن. تەنانە لەو کاتەشدا و لەو هەلومەرجانەشدا چینی کرێکار و سۆسیالیزم و کۆمەڵگەیەک دەبینین کە بۆ  ئاوات و ئامانجەکانی خۆی بۆ ژیانێکی ئازاد و خۆشبەخت و کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بۆ ڕزگاریەکی سیاسی و ئابوری ڕادیکاڵ، دێنێتە مەیدانی نەبەردەکانی ئەو کات.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.