خوێندنەوەیەکی تر بۆ جەنگ و سیناریۆکانی ئەمریکا و ئیران لەم جەنگەدا… نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

0

جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئیران، زیاد لە مانگێکە بەردەوامە… ئەم شەڕە کە جەنگی سەربازی گۆشەیەکی سەرەکیەتی، بەچەندین سیناریۆدا گوزەری کردووە و دەکات. سیناریۆکانی ئەم جەنگە و سەرکەوتنی هەرکام لەو سیناریۆیانە، هەم بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل و هەم بۆ ئیران کاریگەریی سەرەکیان لەسەر ئاکامی شەڕەکەو ئامانجەکانی دەبێت.

سیناریۆکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە جەنگدا:

 ” گفتۆگۆ، جەنگ، گفتۆگۆ”  لەگەڵ بەردەوامی شەڕ، سیناریۆی سەرەکی ئەمریکایە بۆ سەرکەوتن لەشەر و ڕێگایەکی سەرەکییە لە راستای گەیشتن بە ئامانجەکانیان.

لە جەرگەی گفتۆگۆکان و بانگەشەی بەرەپێشەوە چوونی دانوستاندنەکاندا، ئەمریکاو ئیسرائیل چ لە شەری ١٢ رۆژەو چ لەم شەرەدا هیرشی سەربازی گەورەیان کردە سەر بەرپرسانی باڵای جمهوری ئیسلامی و ژمارەیەک زۆر لە سەرانی بەرجەستەو بریاردەری رژێمی ئیرانیان، کوشت.

کەڵک وەرگرتن لەم سیناریۆیە و غافڵگیرکردنی ئیران بە گفتوگۆو و دەستبردن بۆ بەکار‌هێنانی گورزی سەربازی لە سەرانی ئیران، بە ئامانجی ئەوە بوو کە تێچووی شەر کەم بکاتەوە و کاتی شەڕیش هێندەی بکرێت کورت بێتەوە.

لەم سیناریۆیەدا سەرانی ئەمریکاو ئیسرائیل مایەیان لەسەر ئەو پێشبینیانەی خوارەوە دانابوو:

١/ بە کوشتنی خامەنەیی و سەرانی رژێمی ئیران، باڵادەستی ئیران بەسەر یەکدا دەڕمێت و توانای کۆنترۆڵیان بەسەر ئیران و هیزەکانیاندا نامێنێ.

٢/ بە لەناوبردنی زوربەی توانای رابەری ئیران، قڵشتی ناوخۆیی لە ریزەکانی باڵای ئیران و فۆنکسیۆنەکانی وەکو سوپاو ئەرتەش و هیزی قودس و ئەمنی، دەردەکەوێت و درزی ناوخۆیی لە ئاستی باڵای دەسەڵاتی ئیراندا روودەدات.

٣/ بە لێدان لە سەرانی پلەیەکی رژێمی ئیران و کوشتنیان، دەرفەت بۆ راپەرێنی خەڵکی تورەی ئیران لە دەسەڵاتی دڕندە و سەرکوتگەری ئیران، دەخوڵقێ و لە ئاستی ناوخۆدا، کۆتایی بە دەسەڵاتی رژێم یان زەمینەی ئاڵۆگۆر لە ئاستی باڵای ئیراندا پیك دێت.

٤/ کەڵک وەرگرتن لە هیز گەلی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی لە شاهانشایەکان و عەزمەت تەڵەب و ناسیونالیستەکان و ئیسلامیەکان و هیزی کوردیەکان… بەتایبەتی هەڵخراندنیان لە مەیدانی سەربازی ناوخۆییدا، و هاوکاری کردنیان بەوێنەی ئەزموونی عیراق، ڕیگەیەکی تر بوو.

٥/ راکێشانی پشتیوانی ناوخۆی ئەمریکا و لەئاستی شەقام و رەسمیدا بۆ جەنگ، هاوکات پێکهێنانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دابەشکردنی بەرپرسیاریەتی ئاکام و لێکەوتەکانی جەنگ بەسەریاندا.

٦/ ڕێگەگرتن لەوەی جەنگ فراوان بێتەوە و وڵاتانی ناوچەکە تێوەبگلێن…

٧/ زوو کۆتاییهێنان بە جەنگ تا کاریگەری لەسەر کەرتی وزە و کارەباو ژێرخانی ئابوری و بۆرسەو بازاڕی جیهانی دانەنێت یان زۆر سنوردار بێت.

ئەوانە بەشی سەرەکی سیناریۆکانی ئەمریکاو ئیسرائیل بوون بۆ ملدانی ئیران بە ویست و ئامانجەکانیان. تاکۆئێستاش سیناریۆی سەرەکی ئەمریکا هەر” گفتوگۆ، جەنگ، گفتوگۆی ە”… کەڵک وەرگرتن لە گفتوگۆ بۆ درێژەدان بەجەنگ و بەکارهێنانی هیزی سەربازی، بژاردەی سەرەکی ئەمریکایە بەمەبەستی گەیشتن بە ئامانجانە ستراتیجی و سیاسی و ئابورییەکانی.

سیناریۆکانی ئیران لە بەرامبەر بە سیناریۆکانی ئەمریکا و ئیسرائیل:

١/ ئامادەکاری پیش وەختەی ئیران بەدوای شەری ١٢ رۆژەدا، بۆ جەنگی داهاتوو، تاڕادەیەک سەرانی ئیرانی ناچارکردبوو کە ئامادەبن بۆ سینایۆی هاوشیوەی جەنگی ١٢ و زیاتریش. بەتایبەت غافڵگیری و گورزی سەربازی لەسەرانی بڕیار بەدەستیان… بۆیە بە دانانی جێگرەوە بۆ بەرپرسان و ڕێگە نەدان بە بۆشایی و کەلێنی گەورە لە ئاستی رابەریدا، یەکێک لە هەنگاوەکانیان بوو بۆ بەرگری لە لێکترازانی ناوخۆیی.

٢/ کاردانەوەی خێرا بە گورزەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل، بەمەبەستی خستنەرووی توانایی و نیشاندانی ئامادەیی بۆ جەنگ و هەڵخراندن و ختوکەدانی هەستی ناسیونالیزمی ئێرانی و ترساندنی هەر جوڵەو نارەزایەتیەکی ناوخۆیی.

٣/ کارکردن بۆ فراوانکردنەوەی جەنگ لە ڕیگای زەربەدان لە بەرژەوەندی و بنکەو پیگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، بەمەبەستی سەرقاڵکردنی ئەمریکاو ئیسرائیل بە زیاد لەچەند بەرەیەکی جەنگدا، لەچەند وڵاتێکدا کە ئەمریکا لەگەڵیان گڕیبەست و ڕیکەوتنی ئەمنی و ئابوری هەیە. هاوکات جوڵاندنی هیزە پرۆکسیەکان و توانایەکانیان و بەکار‌هێنانیان لەدژی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.

٤/ گۆڕینی جەنگ لە مەیدانی سەربازیدا بۆ جەنگی ئابوری و وزە کە دەتوانێت ناسەقامگیری بەدوای خۆیدا بهێنێت و کاریگەری لەسەر بۆرسەو وزەی جیهانی هەبێت.

٥/ هەرەشەکردن لە هیزە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە هاوکاری کردنی ئەمریکا بەتایبەتی لەو هێزانەی چەک بەدەستن و توانای دزەکردن و بەکار‌هێنانی هیزی زەمینیان هەیە.

٦/ هەرەشەی داخستنی گەروەکان لەوانە دەروی هۆرمز، باب مەندەل… کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بۆرسەو وزەی جیهانی هەیە.

هەموو ئەو سیناریۆیانەی ئیران، بە مەبەستی رووبەروو بوونەوە بە سیناریۆکانی جەنگی ئەمریکا و بۆ مانەوەی خۆیان بەدەستەوە گرت.

لەنیوان سیناریۆی هەردوولادا، لەم جەنگەدا، بەکردەوە رێرەوی جەنگ و ئامانجی جەنگ و حسابات و پیشبینیەکان ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هات.

  سیناریۆکانی ئەمریکا، کەڵک وەرگرتنی لە گفتوگۆ و کردنی بە چەترێک بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی بۆسەر ئیران، لە دۆخێکدا کە باڵادەستی سەربازی و چەک و تەکنۆلۆلۆژی جەنگ، لەبەرامبەر بە ئیراندا قابیلی بەراوردکردن نییە، بۆیە توانیویەتی گورزێکی سەربازی کاریگەر لەسەر لە سەران و سوپاو ژێرخانی رژێمی ئێران بدات، بەڵام هیشتا ئەوە دوورە لە سەرکەوتنی سیاسی و ناچارکردنی ئیران بە رادەستبوون و مل دان بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا.

هەروەها ئەمریکا لە ڕێگای کەڵک وەرگرتن و دانوستاندن و بەردەوام دوبارەکردنەوەی لە ئارادا بوونی گفتوگۆ، تاڕادەیەک توانیویەتی بەر بە رەوتی روو لە هەڵكشان و خێرای داڕمانی وزە بگرێت و تا رادەیەک سەقامگیری بازار و بۆرسە لە ئاستی جیهانیدا، ئیدارە بکات، بەڵام ناکامی ئەمریکا بە ملدانی ئێران، ئەمریکا ناچاردەکات دەست پارێزی نەکات و تەڕو وشک بەیەکەوە بسوتێنێ.

بەڵام سیناریۆکانی تری شکستیان خواردووە، گورز وەشاندن لە سەرانی بەرجەستەو بریار بەدەستی جمهوری ئیسلامی کاریگەری زۆری هەبووە، بەڵام نەیتوانی هەردوو ئامانجی داڕمانی دەسەڵاتی ئیران و درز خستنە ناوریزەکانی باڵای رژێم، بەجێگایەک بگەیەنێت… هاوکات پوچی ئەو خوێندنەوەیەی دەرخست کە بە لێدانی سەربازی و کوشتنی سەرانی ئیران، راپەرینی ناوخۆی لە دژی رژێمی ئیران دەست پێبکات. ئەم خوێندنەوە هەڵەیە، کاریگەری لەسەر ئاکام و ئامانجی جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل دانا.

هاوکات هاندانی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی و ئامادە لەدژی رژێم، زۆر زوو لە بەرامبەر لێکدانەوەی دورمەودای نەیارەکانی لە ناوچەکەدا بەجێگایەک نەگەیشت و کاردانەوەی تورکیا و لە بەرامبەریدا و مەترسی لەسەر یەکپارچەیی خاکی ئیران، ئەو تاکتیکەی زوو ناشت.

خوێندنەوەیەکی تر بۆ توانایی هیزی ساروخی و درۆنی چەکی بالیستیکی ئێران و توانای بەرگری ئەمریکا و ئیسرائیل و بنکەو بەرژەوەندیەکانیان لە وڵاتانی کەنداو نیشانیدا کە هەم ئیران و هەم هێزە نیابەتیەکانی هێشتا توانای بەرگریان هەیە، هاوکات توانایی هیزی بەرگری ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئاستی پێویستدا نییەو درۆن و موشەکەکانی ئیران دەتوانن ئەو هیزە بەرگرییە ببەزێنن. زیاد لەوە دەتوانن بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بپێکن و وڵاتانی کەنداو ئەو ئارامیەی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا هەیانە، بگۆڕن بە ناسەقامگیری و داڕمانی ئارامی.

جیا لەهەموو ئەوانە ئیران لەڕیگای گورز وەشاندن لە پاڵاوگەکانی نەوت و غاز و وزە لەوڵاتانی کەنداو توانی جیاکاری جەنگی سەربازی و وزە دابڕمێنێت و لەپاڵ جەنگی سەربازییدا، جەنگی وزە و نەوت بکاتە لایەنێکی تری جەنگ کە سەقامگیری بازار و بۆرسەی جیهانی تێک بدات.

داخستنی دەروی هۆرمز، وەکو چەکێکی کاریگەری ئیران لەم جەنگەدا، توانی کاریگەری راستەوخۆ بکاتە سەر بازاری جیهانی و وزە و بەیەکدادانی بەرژەوەندییە فراوانترەکانی وڵاتانی دنیا. کە ئەم چەکە هەم سەرەتای گۆرانی شیوازی جەنگ و هەم سەکۆیەکی ناچارییە بۆ گفتوگۆ لە چوارچیوەیەکی تردا…

وە ئەمریکا تاکو ئێستا شکستی خواردووە لە راکێشانی پشتیوانی ناوخۆی جەماوەری و رەسمی بۆ جەنگ و پێکهێنانی هاوپەیمانیەتی نێو دەوڵەتی و بە پێچەوانەوە دابەش بوونی نێودەوڵەتی قوڵکردۆتەوە و قڵشتی نیوان ئەوروپاو ئەمریکای بەرینتر کردۆتەوە، هاوکات شەپۆلی دژە جەنگی لە ئەمریکادا گەیاندۆتە ئاستی دەیان ملیۆنی.

تا ئێرە کە ئەمریکا بریاری داوە هیرش بۆسەر کارەباو وزەو ژێرخانی ئابوری ئیران!! بۆ ماوەێ چەند رۆژێک رابگرێت، و دەنگۆی گفتوگۆی نیوان ئەمریکاو ئیران هەیە، لە پاڵ ئامادەکاری ناردنی هیزە سەربازی و مارێنزی ئەمریکی بۆ ناوچەکە، چەق بەستوویەک لە ئارادایە… چەق بەستویەک کە لەلایەکەوە ئەمریکا دەیەوێت بە کەڵک وەرگرتن لە رۆپۆشی گفتوگۆ هیرشی سەربازی و تر بۆ چەند ئامانجێک دەست پێبکات و لەلایەکی تریش هاوسەنگی بازار و وزە لە دارمانی زۆرتر بپارێزێت، گۆرانی بەسەردا بێت. بۆ ئیرانیش بۆ تێپەراندنی ئەم چەق بەستوویە، لەلایەکەوە ئامادەکاری بۆ رووبەرووبونەوەی ئەمریکا و پلانەکانی بۆ لیدان لە ئامانجە سەربازیەکانی ئیران لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە بە کردنەوەی بەرەی جەنگی تر تێپەرێنێت.

هەرکام لەو سیناریۆکانی ئەمریکاو ئیران، لە دۆخی چەق بەستوی ئیستادا، لە لایەکیدا ئەمریکای لە گەیشتن بە ئامانجەکانی دوورخستۆتەوە، و لەلایەکی تریش مانەوەی رژێمی ئیران و ئاڵۆگۆر لەسەرەوەی بەبێ خۆرادەستکردن، هیشتۆتەوە. ئامانجی ئەمریکا بەپێی بانگەشەکانی خۆیان کۆتایی هاتووە، چونکە دەڵێن توانای “بەرگری و موشەکی و ئەتۆمی ئیرانیان” کۆتایی پیهێناوە. بەڵام راستی ئەوەیە کە ئامانجی جەنگی ئەمریکا، بە تیکشکاندنی توانای “بەرگری و موشەکی و ئەتۆمی” بەجێگایەک ناگات و تەنها بەوانەش نەبەستراوەتەوە. ئامانجی جەنگی ئەمریکا لە دژی ئیران، بەجیا لە باڵادەستی رەها بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەراوێز خستنی رۆڵی چین و روسیا، هەوڵە بۆ گواستنەوەی ئیران بۆ ناو بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

پیشبینی دەکرێت دوای کۆتاییهاتنی ماوەی راگرتنی هیرشی ئەمریکا بۆسەر ژێرخان و وزەی ئیران، ئەمریکا چەند ئۆپەراسیۆنێک لەناوخۆی ئێران و بۆسەر چەند دورگەیەک لەوانە، خارگ و دەست پێبکات، لە حاڵەتی کاردانەوەی ئیران و سەرنەکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکان، بەدوور نازانرێت ئەمریکا چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت.     

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.