تراژیدیای ئێران!…نووسینی: ئیبراهیم حسێن
جەنگ و میلیتاریزمی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، ڕاستییەک و کارەساتێکی گەورەی دیکەی مێژووە. مەبەست تەنیا ژمارەی مرۆڤەکان، لە منداڵ و خەڵکی مەدەنی نییە کە دەکوژرێن، یان ئەو خانوو و قوتابخانە و نەخۆشخانانەی کە وێران دەبن؛ بە کورتی، ژێرخانی ژیانێک کە وێران دەکرێت. هەرچەندە تا ئێستا بەو هۆکارەی کە ئێرانیان بە کردەوە کردووەتە وڵاتێکی دابڕاو لە جیهان، هێشتا ئامارێکی ورد لەم بارەیەوە لەبەردەستدا نییە. بەڵام ئەمانە تەنیا ئەنجامە دەستبەجێیەکانی ئەم شەڕ و بۆردومانە کوێرانە ئاسمانییەیە. هەر بەم هۆیانەشەوە بێت، ئەم شەڕ و میلیتاریزمە مۆتەکە و کارەساتێکی بەئازاری دیکەی مێژووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە.
بەڵام ئەمە هەموو چیرۆکی ئەم کارەساتە نییە؛ ئەمە هێشتا ئەو مەسەلەیە ڕوون ناکاتەوە کە بۆچی ئەمە کارەساتێکی دیکەیە لە مێژوودا. چونکە لەوانەیە بگوترێ ڕژێمێک بە تایبەتمەندیی کۆماری “لاتولووتە” ئیسلامییەکانی ئەمڕۆی ئێران کە بە کوشتن و خوێن هاتووەتە سەر کار و هەموو تەمەنی بە کوشتن و خوێن بەڕێ کردووە، بێ توندوتیژی و هێز و تەنانەت بێ خوێنێکی زۆر ناڕوات و قوربانی دەوێت.
لەوانەیە کەسێک ئەم ڕواڵەتەی مەسەلەکە بەهۆی دوژمنایەتیی خۆی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە هەر هۆکارێکەوە بێت قبووڵ بکات؛ هەر وەک چۆن ئەمە ئەو ڕواڵەتەیە کە دژە-ئازادیترین و ملهوڕترین هێزەکان لە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیدا نیشانی دەدەن.
بەڵام ئەو شتەی کە ئەم شەڕ و میلیتاریزمەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکاتە کارەساتێکی دیکەی مێژووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و مێژووی هەوڵی مرۆڤ بۆ ڕزگاری لانیکەم لە ئێراندا، ئەوەیە کە کۆمەڵگە و خەڵکێک کە لەوانەیە پاش شۆڕشی ئۆکتۆبەر و ئەوروپای سەردەمی مۆدێرنێتە، گەیشتبوونە شوێنێک کە بۆ وەرچەرخانێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریی ڕادیکاڵ ئامادە بن، لە دەرفەتی دەستبردن بۆ ئەم گۆڕانکارییە بێبەش دەکات.
لەو نێوەدا خەریکن دەرفەتی گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵ سەردەبڕن. شۆڕشی پێشووی ئێرانیان بە هێنانی ئەم “مۆتەکەیە” سەر بڕی، ئێستاش بە ناوی نەشتەرگەری و دەستکاریی ئەم مۆتەکەی خوێن و سێدارەیە، ئەویش بە نرخی ئەم وێرانکاری و کوشتار و لەناوبردنی ئەم شارستانییەتە لە ئێراندا، دەرفەتی وەرچەرخانی ڕادیکاڵ سەر دەبڕن؛ ئیرادە و تینوێتیی ئەم خەڵکە کرێکار و زەحمەتکێشە بۆ ڕزگاری و ژیانێکی باشتر سەر دەبڕن.
بەم مانایە، لە ڕوانگەی پرسی ئازادی و ڕزگارییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ڕادیکاڵەوە، لە ڕوانگەی پرس و دەرفەتی ڕزگاریی سۆسیالیستی لە داهاتووی ئێراندا و لە ڕوانگەی هەر وەرچەرخانێکی پێشکەوتنخوازانە بە قازانجی چینی کرێکار و ژنان و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش، ئەمە نەشتەرگەرییەکی کۆنەپەرستانەی دیکەیە لە مێژووی هاوچەرخدا. کودەتایەکی خوێناویی دیکەیە بۆ سەر بڕینی دەرفەتی وەرچەرخانێکی ڕادیکاڵ و سێکۆلار لە ئێران و جیهانی ئەمڕۆدا. لێدانی کۆماری ئیسلامی و خامنەیی و ئەم مۆتەکە ڕەشە، باشترین و لەوانەیە پەسەندترین پاساو بێت بۆ جێبەجێکردنی ئەم سەربڕینەی ئیرادە و ویست و دەرفەتی ئەم وەرچەرخانە سیاسی و کۆمەڵایەتییە ڕادیکاڵ و ئازادیخوازانەیەی کە ماوەیەک بوو بە کردەوە لە دەستوری ئەم نەوەیەی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێراندا بوو.