پاساو و ئامانجەکانی جەنگ و کاریگەرییەکانی!…نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

0

جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئیران و لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، پێی ناوەتە هەفتەی سێهەمەوە و ئاسایشی تەواوی ناوچەکەی شێواندووە، کاریگەریی و لێکەوتەکانی ئەم جەنگە تەنها ئیران و رۆژهەڵاتی ناوەراست نییە، بەڵکو سەرجەم کۆمەڵگەی ئینسانی و بەتایبەتیش بۆسەر چینی کرێکار و جەماوەری نەدارە.

جەنگی ئەمریکاو  ئیسرائیل، جەنگە لە پێناو بەرگری لە باڵادەستی و لەپێناو ریگریکردنە لە رەوتی بەرەو هەڵکشانی خێرای قوتبی چین و روسی لە ئاستی جیهانی ئەم سەردەمەدا.

ئەمریکا، لەگەڵ ئەزمەیەکی قوڵی ئابوری بەرەو ڕووەو دەریچەیەکی دەربازبوونی نییە. لە مەیدانی سیاسیدا، روو لە ناکامییەکی ئاشکراو و مایەپوچە. لە ئاستی دیبلۆماسی و پەیوەندیەکانی لەگەڵ دنیاو هاوپەیمانە مێژووییەکانی، تووشی پاشەکشە بووەو پێویستی بە دوبارە ئارایشدانەوەی پەیوەندیەکانی و دیبلۆماسیەتە. لەزەمینەی جەنگ و جەنگ خوازییدا، لە ئاستی دنیادا ناکامە و پێویستی بە تەکانی لێرەو لەوێیە، تا رەوەندی تێکڕمانی باڵانس لەبەرامبەر نەیارە جیهانییەکانی، بە قازانجی خۆی رابگرێت.

ترەمپیزم، کە دەرهاویشتەی دۆخی ئێستای سەرمایەو ئەمریکایە، لەهەلومەرجێکی نا سەقامگیر و شلۆقی دنیای شکستی هەوڵەکانی بۆ بوون بە ژاندارمی بێ رکەباری دنیا، ناچارە ئابدەیتی سیاسەت و نەخشەکانی، پەیوەندیەکان و ریزبەستنەکان، دیبلۆماسیەت و دەستێوەردانەکانی، لە ئاستی دنیاو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بکات.

ناکامی ئەمریکا لە گەیشتن بە ئامانجەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا و دنیای عەرەب و لە جەنگەکانی لە عێراق و ئەفغانستان، لە دەستێوەردانەکانی لە سوریا و لیبیا… هاوکات ناکامییەکان لە ئاستی جیهانیدا لە جەنگی ئابوری و بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ چین و رووبەرووبوونەوە لەگەڵ دوبارە سەربەرزکردنەوەی روسیا وەکو جەمسەرێکی بە‌هیزی سیاسی و سەربازی و بوونی پەیوەندی دوورمەوداو ستراتیجی لەگەڵ چیندا، ناچاربوونی ئەمریکا بۆ ژێرپێنانی زوربەی هەرەزۆری پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، پشت کردنە ئەو رێکخستن و چوارچیوەیەی لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لەگەڵ ئەوروپادا، هەیبوو، ئەو ئاڵوگۆرە بناغەییە حاشاهەڵنەگرەیە، کە تەنها دەتوانرێت بە قەوارەدان بە ئارایشێکی تری جیهانی تەواو بێت. ئاڵوگۆڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا مەیدانێکی سەرەکی ئەو ئامانجەیە.

جەنگی ئیستای ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئیران و لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراست و بەدیاریکراوی خولی دووەمی جەنگی لەگەڵ ئێران، تەنها دەتوانرێت بەخوێندنەوەیەکی هەمەلایەنە بۆ دۆخی ئیستای جیهان و ئەو ئاڵوگۆرانەی لەو چەند دەهەی رابردوودا پێکهاتوون نیشان بدرێت.

راستە مەیدانی جەنگی ئێستا، ئیران و رۆژهەڵاتی ناوەراستە، بەڵام ریشەی ئەم جەنگە و پەیامەکانی سەراسەری تر و جیهانین. جەنگ لە ئیران و رۆژهەڵاتی ناوەراستەو پەیام رووی لە نەیار و جەمسەرە جیهانیەکانە. چین و روسیا و پاکستان، کۆریای باشور و ئیران، ئەو بلۆک و جەمسەرەیە، کە ئەمریکا رووبەروویەتی و ناچارە بە هێنانەوەی پاساوی جیهانی و مەترسی لەسەر ئاسایشی دنیا، برگەیەکی تر لە ململانێی خۆی لەئاستی جیهانیدا، بخاتە ڕوو. لە روانگەی ئەمریکا و ترمپەوە، کەیسی رژێمی ئیران نیعمەتیكی گران بەهایە بۆ بە مەترسی  نیشاندانی بەدنیا.   

مەترسی دەستراگەیشتنی ئیران بە چەکی ئەتۆمی لەسەر ئاسایشی ناوچەکەو جیهان، مەترسی چەکی بالیستی دوورمەودا کە دەتوانێت ئەمریکا!! بپێکێ، مەترسی هیزە نیابەتی “پرۆکسیەکانی” ئیران لە ناوچەکە و پشتیوانی لە تیرۆر، دیکتاتۆریەت و سەرکوتکەری خەڵکی ئێران بەدەستی ئاخوندە توندرەوەکان… ئەو پاساوانەن کە ئەمریکا بۆ رەوایەتی دان بە جەنگ و بو راکیشانی پشتیوانی ناوخۆی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ئەم جەنگە بەدەستیەوە گرتووە.

ئەو پاساوانە کە ئەمریکا بەدەستیەوە گرتووە، لە روانگەی بەشێکی زۆری بەرپرسانی ئەمریکا و ئەو هاوپەیمانە لەرزۆکەکانی ماویەتی، زۆر لاواز و لەوەش زیاتر بێ بنەمان و توانای ئامادەکردنی رای گشتی و فریودانی زۆر سنوردارە. هیشتا ناپیویست بوون و نایاسایی بوونی ئەم جەنگە دیدگای زاڵی رای فەرمی و شەقامی ئەمریکی و دنیاییە. ئەگەر لە جەنگی کەنداودا لە دژی عێراق، ئەمریکا توانی رای گشتی ناوخۆی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە کۆمەڵێک پاساو لەدەوری سیاسەتە جەنگییەکەی رێکبخات و بیانکاتە زەخیرەی جەنگ بۆ ئامانجی سیاسی و باڵادەستی بەسەر دنیای دوای شکستی بلۆکی شەرق و جیهانی دووجەمسەری. لەوانە بوونی چەکی کۆکۆژ و کیمیایی و هاوکاری لەگەڵ قاعێدە…. ئەوا لە هەڵخراندنی رای گشتی و هاوپەیمانە نیگەرانەکانی لە دنیای ئیستادا، بە پاساوەکانی بۆ رەوایەتی بەخشین بە جەنگ لە دژی ئیران، ناکامە. چ لە ئاستی ناوخۆی ئەمریکا زوربەی خەڵکی دژی جەنگن و چ لە ئاستی نێودەوڵەتی فەرمیدا، توانای کۆکردنەوەو پیکهێنانی هاوپەیمانیەتیەکی بەهێزی لەدەستداوە.

 جەنگخوازی بەردەوامی ئەمریکا و گرتنە بەری ڕێگای گوشارو کەڵک وەرگرتنی لە هیزو توانای سەربازی بۆ یەکلایی کردنەوەی ململانێکانی، لەلایەکەوە متمانەی جەماوەری لەناوخۆی ئەمریکادا بۆ دەوڵەت لاواز کردووە و لە ئاستی هاوپەیمانەکانیشیدا لە ئاستی جیهانیدا، توانای راکیشانیانی بۆ پشتیوانی لە نەخشەو سیاسەتەکانی لە بەین بردووە. جیا لەوانە پوچ دەرچوونی پاساوەکانی ئەمریکا بۆ جەنگ لە دژی عێراق و ئەفغانستان، دەستێوەردانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، متمانە بە سیاسەت و نەخشە و هۆکار وپاساوەکانی، لە ئاستی رای گشتیدا بەسەریەکدا رماندووە.           

لە عێراقدا، چەکی کیمیایی نە لەسەردەمی سەدام حسێن و نەدوای سەدام حسێن نەدۆزرایەوە، عێراق بە پاساوێکی پوچ و نەبوو کرایە مەیدان و سەنتیزی جەنگێک بۆ ئامانجی گەورەتری جیهانی و رێگایەک بۆ دروستکردنی هاوپەیمانیەتێکی جەنگی فراوان و وێرانکردنی عێراق و سەرئەنجام لە جێگای سەدام حسێنێکی دیکتاتۆر، هێنانی سەدان سەدام حسێنی قەومی و دینی و تایفی و داسەپاندنی دەسەڵاتێکی کۆنەپەرستی بێ وێنەو بەسەرکەوتن گەیاندنی ئیران بەسەر عێراقدا. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەجەنگ عێراقیان روخاند و لە مەیدانی سیاسیدا لە عیراق دۆران و بەکردەوە ئیرانیان کردە براوەی جەنگ، بەکردەوە عیراق بووە گۆرەپانێکی جەنگی لە دژی ئەمریکا و دواتریش لەسوریا و سەرئەنجام ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە جیگای تامی سەرکەوتن، تامی تاڵی شکسیان چەشت.

لە ئەفغانستان بە هەمان شیوە دەسەڵاتی قاعیدەو تاڵیبانیان لەجەنگدا روخاند و دوای ٢٠ساڵ و وێرانکردنی ئەفغانستان، لەسەر سینیەکی زێرین دەسەلاتیان رادەستی تاڵیبان کردەوە. لە سوریا پسولەی دیموکراسیان دا لە یەخەی ئەحمەد شەرعی تیرۆریست و پشتیوانی دیموکراسیان بۆی بەرز!! نرخاند.

لە فەنزەویلا بە پاساوی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر، دەستیان دایە هیرش و ئامادەکاری بۆ جەنگ وەڕیخستن، کاتێک سەرۆکی ئەو وڵاتەیان لە کردەوەیەکی تیرۆریستی ئینسان رفاندندا، رفاند، و گریبەستی نەوت و وزەیان لەگەڵ ئەو رژێمەی “بازرگانی کردن بە مادەی هۆشبەر” وە دەکرد و دنیای لەبەردەم مەترسی “بێ هۆشکردن” و “ئالودەبوون” دانابوو، باسێک لەسەر بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە نەماو ئامانجەکەیان ئاشکرا بوو، کە جەنگیان بۆ دەستبەرسەراگرتنی نەوت و وزە بوو.

ئەو پاساوانەی ئەمجارە ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ رەوایەتی دان بە جەنگ لەدژی ئیران چنیان، پوچتر لە پاساوەکانی جەنگ لە دژی عێراق و ئەفغانستان و فەنزویلان.

لەشەری ١٢ رۆژەدا ترمپ و گەورە بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل شانازی و مژدەی سەرکەوتنی جەنگیان بە لەبەین بردنی بنکەکانی چەکی ئەتۆمی راگەیاند و وتیان ڕیگەمان لەوە گرتووە کە ئیران بتوانێت دەستی بەچەکی ئەتۆم بگات. کەچی بۆ رەوایەتی دان بەجەنگی ئەمجارە و بۆ فریودانی رای گشتی و دنیا دوبارە پاساوی مەترسی چەکی ئەتۆمی ئیرانیان بەدەستەوە گرتووە، ئەوە نیشانەی پوچی بانگەشەکان و ناکامیانە بۆ فریوکاری.

پاساوی دووەمیان چەکی بالیستی و ساروخی بالیستییە کەدەڵین دەگاتە ئەمریکا، ئەو پاساوە هێندە پوچە کە بەشیکی زۆر لە بەرپرسانی ئەمریکی بەدرۆیان خستەوە کە ئەوە لە توانای ئیراندا نییە، و رایان گەیاند ئیران مەترسی لەسەر ئەمریکا نییە.

بوونی هیزی پرۆکسی “بەوەکالەت” ی ئیران لە ئاستی ناوچەکە… دیارە ئەوە راستە کە ئیران خاوەنی هیزگەلێکی تایبەت بوو بە لەئاستی ناوچەکەدا کە شەری بەوەکالەتیان بۆ ئیران دەکرد و یان لە پشتیوانی ئیران بەهرەمەند بوون بۆ ئامانجەکانی خۆیان، بەڵام هەر خۆیان رایانگەیاند بە دوای شەری ٧ ئۆکتۆبەر… ئەو هیزە پرۆکسیانەیان کلک و گوێ کردووە و سەرانیان لەبەین بردووە مەترسیەکانیان نەهێشتووە، لەگەڵ حەماس وەکو هیزێکی سەرەکی لەئاگربەستدان. وە بەروخانی رژێمی بەشار ئەسەد رێرەوی هاوکاری ئەو هێزانە لەلایەن ئێرانەوە بەستووە و شانازی کوشتنی سەرانی حزب اللەو حەماس و حوسیەکانیان، راگەیاند و وتیان سەرکەوتین، کەچی بۆ رەوایەتی دانەوە بە جەنگ ئەو پاساوانەیان بەدەستەوە گرتۆتەوە.

دەلێن خەڵکی ئێران لەدەستی رژێمی ئاخوندەکان رزگار دەکەین… ئەو پاساوە لە هەموو بیانوەکانی تر پوچترە. چینی کریکار و خەڵکی بێبەشی ئیران زیاتر لە چوار دەهەیە لەدژی رژێم و هاری جمهوری ئیسلامی هاتوونەتە مەیدان و خەبات بۆ روخاندنی ئەم رژێمە سەنتیری بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بووە، ئەم بزوتنەوەیە لەچەندین تەکانی گەورەی کۆمەڵایەتیدا توانیویەتی هاوسەنگی هیز بە سودی بزوتنەوەی نارەزایەتی بگۆرێت. برگەی جوڵانەوەی” ژن، ژیان، ئازادی” و جوڵانەوەی کۆتایی ئەمسال و سەرەتای ساڵی نوێ، دوو برگەی بەرجەستەی ئەو راستیەن. هاوکات ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی خۆیان لەساڵی ١٩٧٨ دا لە کۆنفرانسی گوادلۆف لە فەرەنسا، خومەینی جەلادیان هینایەوە بۆسەرکوتی شۆرشی رەوای خەڵکی ئیران لە دژی دەسەڵاتی شاهانشایی و بەو کارەشیان وەکو چۆن مەدالیای دیموکراسیان دا لە بەرۆکی ئەحمەد شەرع لە سوریا، بۆسەرکوتی شۆرشی ئیرانیش خومەینیان کردە دیاری دەستیان، کە نزیک پینج دەهەیە کۆمەڵگەی ئیرانیان لە هاوڵاتیانی کردۆتە دۆزەخ. سەرکوت، بیمافی، جیاکاری، ئیعدام و سەنگسار و بێبەشیان کردۆتە بەشی خەڵکی بیبەشی ئیران و سەرچاوەی خیرو بەرەکەت بۆ سەرمایەداران و چینی دەسەڵاتداری کۆنەپەرستی ئیسلامی.

چ جەنگی ١٢ رۆژەو چ ئەم جەنگەی ئیستا، بوونەتە هۆکاری گورز وەشاندن لە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و پاشەکشەپێکردنی لە دژی دەسەڵاتی نەگریسی جمهوری ئیسلامی، لەوەش واوەتر جەنگ لە دژی ئیران دەستی سەرانی جمهوری ئیسلامی ئاوەڵا دەکات، و ئاوەڵاکردووە تا بەوپەرێ درندەییەوە هەموو جوڵانەوە و نارەزایەتیەکی جەماوەری سەرکوت بکەن و لەخوێنی هەڵبکێشن، بگرن و بکوژن و ئیعدام بکەن، تا کۆمەڵگە چاوترسێن بکەن. ئەوانەی کە لایان وایە جەنگ رێگایەکە بۆ هاتنەمەیدانی جەماوەری لە ناوخۆ فریوکارییەکی ئاشکرا دەکەن و دەبنە بەشێک لە سیاسەتی جەنگخوازی ئەمریکاو ئیسرائیل و لەپاڵ موشەک و بۆمبەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، خانە وێرانی دەکەن. بۆ هەموو کەسێکی هوشیار رۆشنە لە کاتی جەنگدا خەڵکی پاراستنی سەرو ماڵی بە کاری لەپێشینەی خۆی دەزانێت.  

ئەو هیزو لایەنە سیاسیانەی کە ئومیدی خۆیان بە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەڵدەواسن بۆ ئەوەی دەستیان لە دەسەڵات گیر بێت، ئەو هیزو لایەنانەن کە دیوێکی تر دەسەڵاتی نەنگینی جمهوری ئیسلامی پیک دەهێنن بەدژی چینی کرێکار و جەماوەری بێ بەشی ئیران. ئەوانە دەیانەوێت ئەزموونی تاڵ و سیناریۆی مەرگهێنی عیراق و سوریاو لیبیا بەسەر کۆمەڵگەی ئیراندا بسەپێنن لە نزیک سێ دەهەیە خەڵکی ناوچەکە دەست وپەنجەی لەگەڵ نەرم دەکەن و قوربانیانی بێ ئەژمارن.

جمهوری ئیسلامی ئیران لەلایەن چینی کریکار و خەڵکی بێبەشی ئیران و شۆرشگێری کوردستانەوە دەبێ بروات و لەگۆر بنرێت. ئەوە تەنها رێگایەکە کە دەتوانێت ئاییندەیەکی باشتر و ماف و ئازادی و شکۆ بۆ هاوڵاتیان بگێرێتەوە، نەک جەنگ و ملهوری ئەمریکا و هاوکارەکانی. هیزە پرۆکسیەکانی ئیران چەندە خزمەتیان بە ئیران و دەسەڵاتە نەنگینەکەی کردووە، ئەو هیزانەی کە ئومێدی گۆرانکاری باش و دەستراگەیشتن بەدەسەڵات بە جەنگی ملهورانەی ئەمریکا و ئیسرائلەوە دەبەستن هیز گەلی کریگرتەو دژ بە شۆرش و بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و پرۆکسی داماو و نۆکەر پیشەی ئەمریکا و ئیسرائیلن، لە دژی خەڵکی ئازادیخوازی ئیران بۆ رزگاری و ئاییندەکی باشتر.

بەشداری بەشیک لە هیز گەلی ناسیونالیزمی کورد و هەوڵدانیان بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە هیزی جەنگی و زەمینی لەپاڵ بۆمب و موشەكی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، نەک بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی خەڵکی کوردستان لە دژی ستەم و بیمافی جمهوری ئیسلامی پاشەکشە پێدەکەن و دەبنە کۆسپ لە بەردەم چارەسەری عادلانەو کارسازی پرسی کورد لە کوردستانی ئیران، بەڵکو دەستی خوێناوی دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی بۆسەر خەڵکی کوردستانی عیراقیش ئاواڵا دەکەن و دەروازە بۆ دەستوەردانی رژێمی ناسیونالیستی و ملهوری تورکیاش دەکەنەوە.

ئەم جەنگە نەگریسە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلە لە دژی خەڵکی ئیران و ناوچەکەو ئامانجەکەی واوەتر لە ئیران و وزە و دەست بەسەراگرتنی نەوتی ئیرانە، باڵادەستی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەراست و دوورخستنەوەی ئیران لە هاوپەیمانیەتی دورمەوداو ستراتیجی لە جەمسەری چین و روسیا، وە هەوڵێکە بۆ قەرەبووی ناکامیەکانی لە ناوچەکەو بەرگرتنە بەرەوتی روو لەخواری پیگەی ئەمریکا لە ئاستی دنیادا. کیشەی سەرەکی ئەمریکا لەگەڵ ئێران چەکی ئەتۆمی و بالیستیکی، هیزە پرۆکسیەکان، دڕندەیی جمهوری ئیسلامی… نییە، کێشەکە ئەوەیە ئێران لەدەرەوەی بازنەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکایە، ئەگەر ئێران ناچار بکەن بچیتە ناو بازنەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، کیشەیەکیان لەگەڵ ئیران و چەکی ئەتۆمی و بالیستی و هیزی پرۆکسی و درندەیی و رۆڵ بینینی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکەدا نییە. 

ئەمریکا و ئیسرائیل دەتوانن زۆرێک لە رژێمەکانی ئیستا لەوانەش ئێران، لە رێگای جەنگ و بۆمباباران و هیرشی سەربازییەوە بروخێنن و جەنگ ببنەوە، بەڵام ناتوانن سەرکەوتوبن. هەر وەکو لە عێراق جەنگیان لەڕیگای هیزی سەربازییەوە بردەوە، بەڵام سەرنەکەوتن، چونکە بە ئامانجەکانیان نەگەیشتن و ئیستاش باجی شکستیان دەدەن. سەرکەوتن لە جەنگدا، بەدەست راگەیشتن بە ئامانجەکانی دەبێت، نەک بە ڕوخاندنی رژێمەکان یان ئاڵوگۆڕی لەسەرەوی دەسەڵات.

ئەم جەنگە بەو ماهیەتە کۆنەپەرستانە و بەو ماشینە خوێناویەی وەگەری خستووەو بەو کاریگەری و لێکەوتانەی لەسەر ئاسایش و ژیان و گوزەرانی چینی کریکار و جەماوەری بەش مەینەتی ناوچەکەو جیهان هەیەتی، جەنگێکی کۆنەپەرستانەیەو دەبێ دەستبەجێ بوەستێنریت و تۆمەتبارانی بە وینەی تۆمەتباری جەنگ بخرینە بەردەم دادگا.       

Leave A Reply

Your email address will not be published.