ئەمەریکا داگیرکەری وڵاتانە، نەک ئازادکەری وڵاتانە… نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە
سەرمایەداری لەسەرەتای گەشەکردنیدا لە قۆناخی مانیفاکتۆرەوە گەشەی کرد بۆپیشەسازی گەورە بەهۆی پێشکەوتنی ئامێرەکانی بەرهەمهێنان، بۆیە پێویستی بە بازاری گەورەتر بوو بۆ فرۆشتنی کاڵاکانی وە پێکهاتنی دەوڵەتە نەتەوەیەکان بۆ چینی سەرمایەدار بوو بە پێویستیەکی حەتمی، ئەمەش وای کرد، دەوڵەتە ئەوروپیەکان لەسەر بنەمای نەتەوەیی پێکهاتن. لەگەڵ گەشەی زیاتری پیشەسازی و تەکنۆلۆجیاو هێزەکانی بەرهەمهێنان، ئەم دەوڵەتانە پێویستیان بە بازاڕی گەورەتر بوو وەپێویستیان بە کەرەسەی خاوی زیاتر بوو بۆ ئەمەش دەستیان کرد بەداگیر کردنی وڵاتان و هەریەک لەو وڵاتە سەرمایەداریانە چەندین وڵاتی جیهانیان کەوتە ژێر دەست هەر لە کیشوەری ئەمەریکاوە بگرە تا کيشوەرکانی ئۆسترالیا و ئەفەریقاو ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ئاسیای دوور . هەرکات یەکێ لەو وڵاتە سەرمایەداریانە زیاتر گەشەی کردبێ پێویستی بە بازاڕی زیاتر بووە، بەڵام وڵاتانی تر ڕێگر بوون لەبەردەمیدا ئیتر قەیران ڕووی تێ کردووە، بۆیە پێویستی بە هەڵگیرسانی جەنگە لەگەڵ منافسەکانی خۆی کە ڕێگرن لەبەردەمیدا. ئەو سەردەمی داگیرکاریەی سەرمایەداری لەسەرەتاوە کە بەهێزی سەربازی ئەنجام دەدرا پێ ی دەوترا ( استعمار) وڵاتانی داگیر کراویش پێ یان دەووترا (مستەعمەرە) . لەگەڵ پەرەسەندنی زیاتری سەرمایەی پیشەسازی وسەرمایەی مالی ( ئۆلیگارشی مالی) ئیتر قۆناخی ئیمپریالیستی دروست بوو کە زیاتر لەسەرەتای سەدەی بیستدا دەرکەوت، ئەنجا داگیرکاری وڵاتان بە شێوەی ئابوری دەستی پێکرد بە شێوەی مۆنۆپۆڵی (ئیحتیکاری) لە ڕێگای کۆمپانیا گەورەکانەوە . ئیتر هەرووڵاتێکی سەرمایەداری زیاتر گەشەی بکردایە ئەگەر بازاڕێکی گەورەی جیهانی نەبوایە تووشی قەیران دەبوو. لە ئاکامدا جەنگ ڕوویدەدا بۆ بەدەستهێنانی سەهمی زیاتری بازاڕی جیهانی. جەنگی یەکەمی جیهانی یەکەم و دووەم بەهۆی ئەوەوە ڕووی دا کە ئەڵمانیا گەشەیەکی خێرای کرد لە ڕووی پیشەسازیەوە بۆیە داوای دابەشکردنەوەی جیهانی دەکرد، بەڵام منافسەکانی ڕازی نەبوون، ئیتر هیتلەر سەری هەڵدا لە ژێر ناوی ئەوەی گەلی ئەڵمانیا باشترین گەلی جیهانەوە دەبێ وڵاتانی تر ملکەچی بن وە ئەڵمانیا دەیەوێ گەلانی تر ئازاد بکات لەدەسەڵاتەکانی خۆیان. دیارە پێش جەنگە ئیمپریالیستیەکان هەموو وڵاتێکی ئیستعماری چووبێت هەرچی وڵاتێکی داگیر کردبێ بە ناوی ئازاد کردنیەوە بووە، نەک داگیرکردنی، ناپلیۆن میسری داگیر کرد وتی من بۆ ئازاد کردنی دەچمە خاکی میسرەوە، هیتلەر و هەر سەرکردەیەکی تر هەروای وتووە، بەڵام لەڕاستیدا بۆ داگیرکاری و فراوانکردنی بازار و بردنی کەرەسەی خاو و ئاسەواری مێژوویی بووە . ئەوەی ئەمڕۆش ڕوودەدات لەم جەنگەی ترامپ و ناتانیاهۆ بۆ هەمان ئامانجە، ئەمەریکا نەیتوانی لە ڕێگای ئابوریەوە بەر بە منافسەکانی (چین و روسیا) بگرێ بۆ بەدەستهێنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ئیتر ئەم جەنگەی ئەنجامدا بۆ دەست بەسەراگرتنی بازاڕێکی فراوانتر ودەست بەسەراگرتنی نەوت وکانزا بۆ ئەوەی ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕزگاریان بێت لە قەیرانە ئابوری و سیاسیەکانیان. ئەمانیش وەک ئیستعمارە کۆنەکان بە ناوی ئازادکردنی خەڵکی ئێرانەوە قسە دەکەن و پروپاگەندە دەکەن، ئەمە هۆکاری سەرەکی ئەم جەنگەی ئێستایە واتە هۆکاری ئابوری و قەیرانەکانیان، ئیتر نە بۆ ئازاد کردنە و نەجەنگی دینی و قەومیە. زۆر جێی داخە هێشتا کەسان و لایەن هەن خۆشباوەرن و وەهمی ئەوە بڵاو دەکەنەوە کە ئەمەریکا وئیسرائیل بۆ ئازادکردنی خەڵکی ئێران پەلاماری ئێران و ناوچەکە دەدەن .کە لە ڕاستیدا ئەم جەنگە ڕێگری دەکات لەوەی خەڵک ئازاد بێ . بە شۆڕش وڕاپەرین خەڵکی ئێران ڕزگاری دەبێت، جەنگ ڕێگا دەگرێ لەوەی خەڵک بێتە سەرجادە، کرێکاران مانبگرن و ئابوری وڵات بخەنە مەترسیەوە. ڕژێمی ئیسلامی بە بیانووی جەنگەوە دەستی ئاوەڵا دەبێ بۆ سەرکوت وسەرهەڵدانی هەر نارەزایەتییەک بۆیە ئەم جەنگە کۆمەک دەکات بە ڕژێم، وەستانی جەنگ لە بەرژوەندی خەلکی ئێران و ناوچەکەیە تەنانەت بۆ ڕزگاربوونیان لەستەم و چەوسانەوەی جمهوری ئیسلامی و هەموو باندە تیرۆریستە ئیسلامیەکان لە ناوچەکەدا. بەڵگەی ڕاست وڕەوان ئەوەیە پاش جەنگی دوانزە ڕۆژە خەلک بە شێوەی زۆر فراوانتر دەستیان دایە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان، بەڵام ئەو کوشتارە زۆرەش جمهوری ئیسلامی کردی هەر بەبیانووی جاسوسانی ئەمەریکاو ئیسرائیلەوە بوو، واتە جەنگە دوانزە ڕۆژیەکەی ئەمەریکاو ئیسرائیل و هۆکار بوو بۆ ئەوەی جمهوری ئسلامی دەستی ئاوەڵا بێ بۆ کوشت وکوشتار، پشتیوانی کردن لە هەر لایەنێکی جەنگ هیچ کۆمەک ناکا بەخەڵکی ستەملێکراو. ئەگەر پشتیوانی لە ئەمەریکا ئیسرائیل بکەی ئەوا کۆمەک دەکات پێ یان تا ملهوڕی زیاتر بکەن و خەلکی ئێران و شاروقوتابخانەو نەخۆشخانەو شوێنی ژیانی خەلک زیاتر بەرەونابودی وێران بڕوات و وەزیاتر دەست درێژی بکەن بۆ وڵاتانی تر و نابودو وێرانیان بکەن وە ئەگەر پشتیوانی لەجمهوری ئیسلامی بکەی ئەوا ئەم ڕژێمە فاشیستە دەستی زیاتر ئاوەڵا دەبێ و زیاتر هارو دڕەندە دەبێ بۆیە نا بۆ جەنگی ئەمەریکاو وئیسرائیل لەدژی ئێران وەستانی جەنگ باشترین خواستێکە کەهێزی خەڵک داوای بکات.
٢٠٢٦/٣/١٦