میلیتاریزم و جەنگی ئەمریکا و ئیسڕائیل؛ دەستپێشخەری لە دزین و تاڵانیەکی تر لە مێژوو دا!…نووسینی: ئیبراهیم حسێن
بەو شەڕ و میلیتاریزمەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەستیان پێکردووە، ئێران و ناوچەکە چوونەتە ناو وەرچەرخانێکی مەترسیدارەوە. کۆمەڵگەیەک کە تەنیا چەند هەنگاوێکی مابوو بۆ شۆڕشێکی ئازادیخواز و عەلمانی لە ناوچەکە و جیهاندا دژی مۆتەکەی حکومەتێکی ئایدیۆلۆژیی ئایینی و سەدەی ناوەڕاستی (کە توندوتیژ، خوێناوی و نامۆیە بە شارستانییەتی مرۆڤایەتی)، ئێستا بەرەو وێرانکارییەکی گەورە و لەناوچوونی شارستانییەت و سیناریۆیەکی ڕەشی ترسناک پاڵ پێوە دەنرێت.
لەم سیناریۆیەدا، لە لات و لوتە قەومی و نەتەوەییە فیدراڵخوازە کورد و ئازەرییەکان و هەر گروپێکی تری دژە-کۆمەڵگە کە ژیان و ئازادی و بەختەوەریی خەڵکیان بەلاوە گرنگ نییە، بگرە تا سەڵتەنەتخوازە لایەنگرەکانی ڕۆژئاوا کە خەون بە دیکتاتۆرییەکی ترەوە دەبینن بە سپۆنسەری ئەمریکا و لە ئێستاوە خۆیان بە پاشا و خەڵک بە ڕەعیەتی تاهەتایی خۆیان دەزانن و دژی مافی خەڵک و چینی کرێکار و ڕابەرە سۆسیالیستەکان ههڕهشه دهكهن، تا دەگاتە موجاهیدینی خەڵقی ڕەجەوی کە لە دوورەوە خۆیان وەک سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و ماموری دیاریکردنی چارەنووسی خەڵک دەبینن؛ هەموویان ڕادەکەن تا لە بەرەکەتی ئەم وێرانکارییە مێژووییە سوودمەند بن. ئەوان دەیانەوێت لەسەر شانی ئەم کایە کۆنەپەرستانەیەی کە ئەندازیارەکەی ئەمریکا و ڕۆژئاوا و ئیسرائیلن، بگەنە میوەی شیرینی دەسەڵات. دەیانەوێت لەمەودوا ببنە پاسەوانی کۆیلایەتیی کاری بەکرێ و چەوساندنەوە و بازاڕی کاری هەرزان لە ئێراندا و شەڕەفی سەرکوتکردنی چینی کرێکار و کپکردنی دەنگی ئازادی بۆ دەەیەکانی داهاتوو بەدەست بهێنن.
جگە لە هەموو ئەنجامە وێرانکەرەکانی تری ئەم شەڕە و زۆردارییەی میلیتاریزمی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەمەیان دزینێکی گەورەی تری مێژووی مرۆڤایەتییە؛ دزین و پێشوەختە ڕێگریکردنە لە ئەگەری گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵ و عەلمانی و ئازادیخوازانە بۆ ڕووخاندنی ڕژێمێکی گڵاوی بۆرژوازی بە دەستی چینی کرێکار و ملیۆنان ژن و پیاو و گەنجێک کە لە ڕاپەڕینەکانی ئەم دواییەی ئێراندا نیشانیاندا کە خوازیاری تهواوهتی ئهو گۆڕانكارییهن.
بەو مانایە، ئەم شەڕە دزینی دەرفەتی ڕوودانی گۆڕانکاریی ڕادیکاڵە لە ئێران. ئەمە پێشبڕکێیەکی ئاشکرای ئیمپریالیستی و بۆرژوازییە بۆ بێبەشکردنی چینی کرێکار و ئەو خەڵکەی کە لە پێناو ئازادی و بەختەوەریی خۆیاندا بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەن. مێژوو پڕە لە کودەتای خوێناوی و پیلانگێڕی چەپەڵ بۆ سەرکوتکردنی شۆڕش و بزووتنەوە کرێکارییەکان.
ئەم شەڕ و میلیتاریزمە، کودەتایەکی تر و پیلانگێڕییەکی تری مێژووییە، بەڵام لە ڕەهەندێکی تۆقێنەرتردا، بۆ کوێرکردنی ئاسۆی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بە دەستی چینی کرێکار و جەماوەری خەڵک و ڕێگریکردن لە هەر وەرچەرخانێکی ڕادیکاڵ و عەلمانی لە ئێران و ناوچەکەدا.