ڕۆژانی تایبەتی شادییەکی ناتەواو بە بۆنەی کۆژرانی خامەنەئی و سەرانی تری کۆماری ئیسلامی… نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

خەڵکی ئێران بە کوژرانی سەرانی یەکێک لە تاوانبارترین ڕێژیمە بۆرژوازییەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، خۆشحاڵ بوون. بەڵام ئەمە خۆشحاڵی و شادییەکی ناتەواو و بریندارە؛ چونکە بەداخەوە خامەنەیی یەکێک لە سەرانی بزووتنەوەیەکی پیس و دڕندەی  ئایینی بوو کە لە دڵی شۆڕشێکدا —شۆڕشێک کە ئامانج و ئاواتی ڕزگاربوون لە ڕێژیمی پاشایەتی و دەستڕاگەیشتن بە ئازادی و ژیانێکی باشتر بوو— بۆ سەرکوتکردنی هەر ئەو شۆڕشە لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە کە بۆ ئەم ئەرکە هێنابوویانە سەر کار، کوژرا، نەک ئەوەی لە ڕێگەی شۆڕشێکی کرێکاری و جەماوەرییەوە بەرەو دادخوازییەکی مرۆیی و دادپەروەرانە کێش بکرێن.

ئەم شادییە کەمکوڕە لە ئاواتی قووڵی ئەم خەڵکە کرێکار و زەحمەتکێشە بۆ ڕزگاربوون لەم حکوومەتە قێزەونە ئایینی و سەدەی ناوەڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت. هەزاران هەزار ژن کە چەندین دەیەیە تەنانەت هەناسەی ژن بوونیان لێ کراوە بە عەیبە و شوورەیی، ئاواتەخوازن ڕۆژێک بە چاوی خۆیان ببینن کە سێبەری ئەم ڕەمزە کۆنەپەرستە ئایینییانە ون بێت و بنێژرێن؛ هەر باوکێک، هەر دایکێکی شەریف، هەر گەنجێکی چاو لە ژیان بڕاو، ئاواتیان ئەوەیە کە بۆ هەتاهەتایە لەم مۆتەکەی کوشتن و لەسێدارەدانە ئیسلامییە ڕزگاریان بێت و ژیانی خۆیان بە دەستی خۆیان بنیات بنێن؛ ئەو داهاتووە و ئەو کۆمەڵگەیەی کە بە شایستەی خۆیانی دەزانن دروست بکەن و بگەنە ئێرانێکی ئازاد، سێکۆلار و یەکسان. لەمانە گرنگتر، ئەمە ئاواتی قووڵی چینی کرێکارە کە ساڵانێکی زۆرە بە حوکمی بەندیخانە، تیرۆر و کوشتار، ڕابەرانی کۆمەڵکوژ و لەسێدارە دەدرێن، مافی ڕێکخراوەیی و ئازادیی هەڵسورانی جەماوەری و سیاسیان یان لێ زەوت کراوە و چەندین دەیەیە دۆزەخی ئابووریی “هێزی کاری هەرزان” بەسەر ئەم چینەدا دەسەپێنرێت.

ئەم شادییە لەو ئاواتە قووڵ و مرۆییەوە بۆ ئازادی و ژیانێکی ئازاد و ڕزگاربوون لەم مۆتەکە بۆرژوازییە ئیسلامییە وە سەرچاوە دەگرێ. بەڵام ئەمە شادییەکی ناتەواوە. ئاواتی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش و ژن و لاوی ئێران ئەوە بووە و ئەوەیە کە ئەم ڕێژیمە و سەرانی لە ڕاپەڕینێکی ڕادیکاڵ و جەماوەریدا بڕووخێن و بەرانبەر بە هەر تاوانێک کە دەرهەق بە مافی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش کردوویانە، بەرانبەر بە هەر بێڕێزییەک کە بە کەرامەتی مرۆیی ژنانیان کردووە، بەرانبەر هەر گیانێکی ئازیز کە لە سیاچاڵەکان و بە ئاشکرا و لە مەیدانی شارەکان فەوتاندوویانە، بەرانبەر هەر دزی و گەندەڵییەک کە کردوویانە و بەرانبەر ئەم ژیانەی کە چوار پێنج دەیەیە لە خەڵکیان زەوت کردووە، لەبەردەم دادخوازییەکی گەورە لە مێژووی جیهانی ئەمڕۆدا دانیشن. ئەم کارە هێشتا نەکراوە؛ ئەم تاوانبارانەی حکوومەتی ئیسلامی لەلایەن یەک یان دوو هێزی ئیمپریالیست و بۆرژوازییەوە (ئیسرائیل و ئەمریکا) کە تاوانەکانیان بەرانبەر بە مرۆڤایەتی کەمتر نییە لە هیی کۆماری ئیسلامی، لەناو دەبرێن.

بەڵام هێشتا مێژووی ئێران بە تەواوی کۆتایی نەهاتووە؛ خەباتی چینی کرێکار و خەڵک و ژنان و گەنجان و شارستانییەتی ئێران بۆ ئازادی، یەکسانی، ڕزگاری و ئێرانێکی ئازاد و سێکۆلار بەردەوامە. ئەمریکا و ئیسرائیل و پاشایەتیخوازەکان کە مژدەی گەڕانەوە و دامەزراندنی دیکتاتۆرییەکی تری بۆرژوازی دەدەن بە سپۆنسەری ئەمریکا و ئیسرائیل و فیدراڵیخوازە نەتەوەگەرایە جۆراوجۆرەکان، هەرچییەک بکەن، لەگەڵ کۆمەڵگەیەک و چینێکی کرێکار و هەزاران ڕابەر و کەسایەتیی سێکۆلار، سۆسیالیست و یەکسانیخواز ڕووبەڕوو دەبنەوە کە بەم سادەییە بە کەمتر لە ئێرانێکی ئازاد و یەکسان کە تێیدا ئازادی و یەکسانیی مرۆڤ وەک دەستووری وڵات ڕابگەیەنرێت، ڕازی نابن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.