شۆڕشی کرێکاری: کۆتاییهێنان بە پێش-مێژووی چەوسانەوە و دەستپێکی ئازادیی ڕاستەقینە…نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

شۆڕشی کرێکاری شۆڕشێکی تایبەتە و ئەم تایبەتمەندییەش لە خودی بارودۆخی ڕزگاریی چینی کرێکار و پێگەی ناوازەی ئەم چینە لە پڕۆسەی کار و شێوازی چەوسانەوەیدا سەرچاوە دەگرێت. زۆرێک لە شۆڕشەکانی مێژوو تەنیا شۆڕشی سیاسی بوون، واتە تەنیا ئامانجیان گۆڕینی دەسەڵاتی چینێک بۆ چینێکیتەر بووە، یان لە مانا مێژووییەکەیدا، گۆڕینی شێوازێکی چەوسانەوە بووە بۆ شێوازێکی تر.

شۆڕشەکان دەرەنجامی ئامانجی ئەو چینە هەڵکشاوانەی سەردەمی خۆیانن کە زادەی پێویستییە نوێیەکانی ناو گەشەی هێزە ماددییەکان و توانای بەرهەمهێنانی مرۆڤن. کاتێک هێزە ماددییەکانی کۆمەڵگەیەک دەگەنە ئاستێک کە لەگەڵ پێوەندییەکانی بەرهەمهێنانی ئەو سەردەمە دەکەونە دژایەتییەوە، چیتر ئەو پێوەندییانە دەبنە کۆسپ لەبەردەم پێشڕەویی زیاتری کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگیی مرۆڤدا. بەپێی تێڕوانینی مارکس، لێرەوە سەردەمێکی نوێ لە شۆڕشی کۆمەڵایەتی دەست پێدەکات. ئەگەر لەم ڕوانگە مێژوویی و ماتریالیستییەوە سەیری چەمکی شۆڕش بکەین، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە تەنیا شۆڕشی ڕاستەقینەی سەردەمی ئێمە ئەو شۆڕشەیە کە دەست بۆ بناغە ئابوورییەکەی کۆمەڵگە و پێوەندییەکانی بەرهەمهێنان دەبات. لە سەردەمی بۆرژوازیی ئەمڕۆدا، تەنیا شۆڕشی کرێکاری وەک شۆڕشێکی واقیعی مانای هەیە.

زۆرێک لە بزووتنەوەکان تەنیا پشتیان بە پیرۆزکردنی توندوتیژی بەستووە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری، بەڵام ئەگەر ئەو ئامرازە توندوتیژەیان لێ بسێنرێتەوە، لە ڕووی ئامانجەوە جگە لە کۆنەپەرستیی ڕەها هیچی تریان پێ نییە. شۆڕش تەنیا ڕاگەیاندنی نیازێک و تێکەڵکردنی لەگەڵ زەبروزەنگدا نییە. ئەگەرچی زەبروزەنگ بەپێی خەسڵەتی چینایەتیی کۆمەڵگە دیاردەیەکی ناچارییە، بەڵام ماهییەتی شۆڕش دیاری ناکات. ئەوەی جیهانی ئەمڕۆ پێویستییەتی، شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییە کە دەیەوێت سیستەمی کاری کرێگرتە وەک سەرچاوەی نائازادیی مرۆڤ هەڵبوەشێنێتەوە. لە شۆڕشی کرێکاریدا ئامانج تەنیا گۆڕینی حکوومەت نییە، بەڵکو تێکشکاندنی ماشێنی دەوڵەتی و گۆڕینی شێوازی بەرهەمهێنانە، چونکە ئەگەر کاری بەکرێ بمێنێتەوە، کۆمەڵگە هەر دەبێت پەیڕەوی لە لۆژیکی قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایە بکات.

کلیلی ڕزگاریی مرۆڤ لە هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێگرتەدایە. سیستەمی کاری کرێگرتە شێوازێکی تایبەتە کە تێیدا چەوسانەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە ڕێکدەخرێت. لەم سیستەمەدا کرێکار ناچارە هێزی کارەکەی وەک کاڵا بفرۆشێت، ئەمەش دەبێتە هۆی نامۆبوونی کرێکار بە بەرهەمی کارەکەی، بە پڕۆسەی بەرهەمهێنان و بە ناسنامەی مرۆیی خۆی. هەروەها دەبێتە هۆی چەوسانەوە، چونکە ئەو بەهایەی کرێکار بەرهەمی دەهێنێت زۆر زیاترە لەو کرێیەی وەریدەگرێت و ئەم بەهای زیادەیە دەبێتە سەرچاوەی دەوڵەمەندیی خاوەن سەرمایە. هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێگرتە بە واتای کۆتاییهێنان بە کاڵابوونی مرۆڤ و گۆڕینی کارە بۆ چالاکییەکی ئازاد و داهێنەرانە.

ڕەگی ئازادنەبوونی مرۆڤ لە خاوەندارێتی تایبەت بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێناندایە. کاتێک کارگە، زەوی و تەکنەلۆژیا لە دەستی کەمینەیەکدا بێت، زۆرینەی کۆمەڵگە دەبنە کۆیلەی ئەو کەمینەیە. شۆڕشی کرێکاری بە گۆڕینی خاوەندارێتی تایبەت بۆ خاوەندارێتی گشتی و کۆمەڵایەتی، بنەمای چینایەتی لەناو دەبات. ئەمەش نەک بە واتای خۆماڵیکردنی دەوڵەتی، بەڵکو بە واتای سپاردنی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بە ئەنجومەنە خۆبەڕێوەبەرییەکانی بەرهەمهێنەران.

لەلایەکی ترەوە، شۆڕشی کرێکاری بابەتێکی ئینتەرناسیۆنالیستی و فرەنەتەوەییە. سەرمایە سیستەمێکی جیهانییە و سنوور ناناسێت، بۆیە هەر شۆڕشێکی کرێکاریی ڕاستەقینە کاریگەرییەکانی لە سنووری وڵاتێکدا قەتیس نامێنێتەوە. کرێکاران لە سەرانسەری جیهاندا بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە کە لە سەرووی ڕەگەز، ئایین و نەتەوەوەیە. ئامانجی کۆتایی ئەم شۆڕشە پەڕینەوەیە لە قەڵەمڕەوی زەروورەتەوە بۆ قەڵەمڕەوی ئازادی. سۆشیالیزم دابەشکردنی هەژاری نییە، بەڵکو ڕێکخستنی عەقڵانیی بەرهەمهێنانە بۆ خۆشگوزەرانیی گشتی و وەڵامدانەوەی پێویستییەکانی مرۆڤ، نەک بۆ قازانج. لەگەڵ گەشەی تەکنەلۆژیا و نەهێشتنی بەفیڕۆدانی سەرچاوەکان، کاتژمێرەکانی کار کەم دەبنەوە و مرۆڤ دەرفەتی دەبێت بۆ گەشەپێدانی بەهرە هونەری، زانستی و تاکەکەسییەکانی خۆی.

چینی کرێکار تەنیا چینێکە لە مێژوودا کە بە ڕزگارکردنی خۆی، تەواوی مرۆڤایەتی ڕزگار دەکات، چونکە هیچ بەرژەوەندییەکی لە پاراستنی خاوەندارێتی تایبەتدا نییە. هەڵوەشانەوەی پێگەی چینایەتی کرێکار بە واتای کۆتاییهێنانە بە کۆمەڵگەی چینایەتی بە گشتی. ئەم شۆڕشە لە ڕاستیدا وەرگرتنەوەی جیهانە لەو هێزانەی کە بە دەستی مرۆڤ دروست کراون، بەڵام لە دژی مرۆڤ کار دەکەن. ئەمە کۆتاییهێنانە بە پێش-مێژووی مرۆڤایەتی و دەستپێکی مێژوویەکی ئاگایانە و ئازادە. شۆڕشی کرێکاری نەک تەنیا هەڵبژاردن، بەڵکو زەروورەتێکی ژیانییە بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆیی و بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێ ئەو خەللاقیاتانەی خۆی لە پێناو جۆراوجۆرکردنی بوارەکانی خۆشبەختی خۆی، بە کار بهێنێ و لە چەوسانەوە لەو بەخۆنامونەی ئێستا ڕزگاری بێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.