وانەیەک لە شکستەوە: بۆچی نابێت ئاڵای خۆمان بدەینە دەست خەڵکی تر؟ خوێندنەوەیەک بۆ هەڵسەنگاندنە ڕەخنەگرانەکەی ڕێبوار ئەحمەد بۆ تاکتیکی حیزب… نووسینی: توانا محمەد نوری
ئەو باسەی کە لەژێر ناونیشانی ‘هەڵسەنگاندنی تاکتیکی بەشداری حزب لە هەڵبژاردنی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥’ لەلایەن هاوڕێ ڕێبوار ئەحمەدەوە پێشکەشی پلینۆمی ٣٢ی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان کرا و بڕیاری بڵاوکردنەوەی درا و لە بڵاوکراوەی ئۆکتۆبەری ژمارە ١٢٧دا بڵاوکرایەوە، تەنها ڕاپۆرتێکی ئیداری نییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی سیاسیی چارەنووسسازە. گرنگیی ئەم دەقە لەوەدایە کە ڕێبوار ئەحمەد لێرەدا نوێنەرایەتیی دیدێکی ڕەخنەگرانە دەکات بەرامبەر بەو تاکتیک و سیاسەتەی کە حیزب لە قۆناغی ڕابردوودا پەیڕەوی کردووە؛ هەوڵێکە بۆ پاکتاوکردنی حسابات لەگەڵ دوو جەمسەری لادەر لە خەباتی چینایەتیدا: جەمسەری یەکەم بریتییە لە نەریتی ‘چەپی پەراوێزنشین و سوننەتی’ کە بایکۆتی کردووەتە ئایین و پاسیڤبوونی خۆی دەشارێتەوە، لە کاتێکدا جەمسەری دووەم بریتییە لە ‘ڕاستڕەویی پەرلەمانتاریست’ کە ئاسۆی سیاسیی خۆی لە چوارچێوەی کورسی و سازشدا قەتیس کردووە. ئەم بەڵگەنامەیە لە ڕێگای هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانەی ئەزموونی خودی حیزبەوە، هەوڵ دەدات ڕێگای سێیەم، کە ڕێگای ‘دەخالەتگەریی شۆڕشگێڕانە’یە، نیشان بدات؛ ڕێگایەک کە نە تەسلیمی وەهمی پەرلەمان دەبێت و نە دەگەڕێتەوە بۆ گۆشەگیریی ماڵەوە. لەم چوارچێوەیەدا، خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی ورد بۆ خاڵە بەهێزەکانی ئەم باسە و دەستنیشانکردنی ئەو کەلێنانەی کە پێویستیان بە پڕکردنەوە هەیە، دەخەمە ڕوو:
یەکێک لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی نووسینەکەی ڕێبوار ئەحمەد ئەوەیە کە زۆر بوێرانە پەلاماری ئەو عەقڵییەتە دەدات کە پێی وایە “دانیشتن لە ماڵەوە” و “بایکۆتکردن” لە هەموو بارودۆخێکدا تاکتیکێکی شۆڕشگێڕانەیە.
لە ڕوانگەی کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە، سیاسەت بریتییە لە دەستوەردان (دەخالەت). کاتێک شۆڕش لە ئارادا نییە و خەڵک ناڕژێنە سەر شەقام بۆ ڕووخاندنی دەسەڵات، بایکۆتکردن تەنها خۆپەراوێزخستنە. هاوڕێ ڕێبوار زۆر دروست دەستنیشانی کردووە کە: پەرلەمان دامەزراوەیەکی بۆرژوازییە، بەڵام ئێمە دەتوانین وەک “مینبەر” (تریبۆن) بەکاری بهێنین بۆ ئەوەی لەوێوە قسەی خۆمان بە گوێی کۆمەڵگادا بدەین. ئەم تێگەیشتنە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ دەرچوون لەو بازنە داخراوەی کە ساڵانێکە بەشێک لە چەپ تێیدا دەخولێتەوە.
بەشی هەرە گرنگ و وانەئامێزی ئەم دەقە، ئەو ڕەخنە بوێرانەییە کە هاوڕێ ڕێبوار ئەحمەد لە ئەزموونی حزبی خۆی دەگرێت. ئەو زۆر ڕاشکاوانە دەڵێت: پشتیوانیکردن لە کاندیدێکی سەربەخۆ یان کاندیدی حزبێکی تر (وەک شیوعی) تەنها لەبەر ئەوەی بەڵێنی داوە پلاتفۆرمی ئێمە جێبەجێ بکات، هەڵەیەکی گەورە بووە.
ئەمە جەوهەری سیاسەتی سەربەخۆی چینی کرێکارە. حزب نابێت ئاڵای خۆی بداتە دەست هیچ کەسێک کە لە ڕێکخستن و پەروەردەی کۆمۆنیستیدا گەورە نەبووبێت. چۆن دەکرێت چاوەڕێ بکەیت کاندیدێکی دەرەوەی حزب بچێتە پەرلەمان و بڵێت “ئەم پەرلەمانە هیچ نییە”؟ ئەو کاندیدە دەچێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی ببێتە پەرلەمانتار، نەک بۆ ئەوەی سیستەمەکە ڕیسوا بکات. ڕێبوار لێرەدا خاڵ لەسەر پیت دادەنێت: “ئەگەر کاندیدی خۆمان و ئاڵای خۆمان نەبێت، نابێت ببینە پاشکۆی هیچ کەس.”
لە نووسینەکەدا، ڕێبوار جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بەشداریی ئێمە بۆ ئەوە نییە بچین یاسا چاک بکەین، بەڵکو بۆ ئەوەیە بچین “ڕیسوای بکەین”. ئەمە تاکە پاساوی دروستە بۆ بەشداریی کۆمۆنیستەکان لە پەرلەماندا.
بەپێچەوانەی ڕیفۆرمیستەکان کە دەڵێن “دەچین خزمەت دەکەین”، ڕێبوار دەڵێت دەچین بۆ ئەوەی بە خەڵک بڵێین: “تەماشاکەن، ئەمە ئەو شوێنەیە کە مافەکانی ئێوەی تێدا پێشێل دەکرێت.” ئەم جۆرە لە بەشدارییە (“بەشداریی ئۆپۆزیسیۆنی شۆڕشگێڕ”) زۆر جیاوازە لە بەشداریی پەرلەمانتاریستیی ئاسایی.
دەرەنجامی کۆتایی ڕێبوار ئەحمەد زۆر واقعی و سیاسییە. ئەو دەڵێت: ئێمە بایکۆت ناکەینە ئایدیۆلۆژیا، بەڵام بە هەر نرخێکیش بەشداری ناکەین. ئەگەر کاندیدی بەهێز، میدیای بەهێز و توانای کەمپینی بەهێزمان نەبێت، باشترە بەشداری نەکەین وەک لەوەی بە لاوازی دەربکەوین.
ئەمە وانەیەکی گرنگە: کۆمۆنیزم دەبێت بە “هەیبەت”ـەوە بێتە مەیدان. ئەگەر ناتوانیت نوێنەرایەتییەکی بەهێزی بەرنامەکەت بکەیت، مەچۆ ناو یارییەکەوە کە تێیدا دەتوێیتەوە.
خاڵێکی ورد کە ڕێبوار ئاماژەی پێداوە و جێگای سەرنجە، ئەوەیە کە دەڵێت: “نابێت بانگەوازی خەڵک بکەین بۆ دەنگدان بە گشتی.” ئەمە سنووری نێوان ئێمە و بۆرژوازییە. بۆرژوازی دەڵێت: “گرنگ نییە دەنگ بە کێ دەدەیت، تەنها وەرە بۆ ئەوەی شەرعییەت بدەیت بە پڕۆسەکە.” بەڵام ڕێبوار دەڵێت: نەخێر، ئێمە دەمانەوێت خەڵک بە هۆشیارییەوە بێن، تەنها دەنگ بە ئێمە بدەن بۆ ئەوەی سیستەمەکە تێک بدەین.
لە کۆتاییدا، ئەم نووسینەی هاوڕێ ڕێبوار ئەحمەد هەوڵێکی جددییە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی تاکتیکی حزب. ئەوەی گرنگە لەم دەقەدا ئەوەیە کە دان بەوەدا دەنێت: “سیاسەتی نیوەچڵ و پشتیوانیکردن لە خەڵکی تر، کارێکی هەڵە بووە.”
وانەی سەرەکیی ئەم دەقە ئەوەیە: حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی، یان دەبێت بە هەموو قەبارەی خۆی و بە ناسنامەی سەربەخۆی خۆیەوە بێتە مەیدان بۆ تێکدانی یارییەکە، یان ئەگەر هێزی نییە، نابێت ببێتە دەنگی زیادە (کۆرس) بۆ حیزب و کاندیدەکانی تر. ئەمە گەڕانەوەیە بۆ شاڕێی سیاسەتی پرەنسیپدار و دەخالەتگەر.
٢٥/٢/٢٠٢٦