ئامانج لە هێرش بۆسەر ئەزموون و دەسەڵاتی رۆژئاواو ئاییندەکەی!… عەبدوڵا مەحمود
سوپای سوریا بە پاڵپشتی و هاوکاری رژێمی تورکیا و بە هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و سەر لەقاندنی بەشیک لە وڵاتانی ئەوروپا، دەستیان داوەتە هیرش بۆسەرناوچە کورد نشینەکانی سوریا و هیزەکانی هەسەدە.
هێرشی رژێمی سوریا و هاوکارەکانی، بەهەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا، هاوبەشەکانی، پیشبینیکراو بوو. دۆخی سیاسی سوریا دوای هاتنە سەرکاری محەمەد جۆلانی و پشتیوانی ئەمریکا و غەرب و پێشوازی کردن لەو گەورە تیرۆریستە کە خەڵاتی ١٠ ملیۆنی دۆلاری بۆ تەرخان کرابوو، نەدەکرا وەکو خۆی بمێنێتەوە.
شێواوی دۆخی سیاسی و ئەمنی سوریا، لە “بەهاری عەرەبی” دا، کە راستەوخۆ بەرهەمی دەستێوەردانی ئەمریکا و غەرب بوو، بۆ بەرگرتن بە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و ڕیگری کردن بوو لە روخاندنی بەشار ئەسەد، بەوێنەی رژێمەکانی تونس و میسر و …. تاد، ئاڵوگۆڕیکی گەورەی لە دۆخی سوریادا پێکهێنا. ئەم دۆخە لە لایەکەوە دەسەڵاتی رژێمی سوریای بەشار ئەسەدی لاواز کرد و لەلایەکی تریشەوە بۆشایی سیاسی و ئیداری دروست کرد. قۆستنەوەی بۆشایی سیاسی و ئیداری لەلایەن هیزەکانی بۆرژوازی کوردەوە، لەسەر بنەمای ستەم و هەڵاواردنی میژوویی نەتەوەیی، دەروازەی کردەوە تا ئەو هێزانە قەڵەمرەوی دەسەڵاتیان بەسەر رۆژئاوای سوریادا بەدەستەوە بگرن… بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە ناوچە کوردنشیەکانی سوریا “باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا” کە بە بزوتنەوەی “رۆژئاوا” ناسرا لەلایەن هەسەدە و دامەزراندنی دەسەڵاتی خۆسەری لە دۆخی سوریادا، کەڵک وەرگرتن و پیشرەوی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد بوو، لە هەلومەرجێکی دیاریکراودا.
دەسەڵاتی بزوتنەوەی بۆرژوازی کورد بەسەر رۆژئاوایی سوریادا، بەرهەمی شۆڕش و راپەرێن و خەباتی لە پێشتری خەڵکی کوردستان نەبوو، بەڵکو پڕکردنەوەی بۆشاییەکی سیاسی و ئیداری بوو کە بەهۆی روداوەکانی بەهاری عەرەبییەوە، لە کۆنترۆڵی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەرچوو بوو، دیارە هاوئاهەنگییش لە نیوان دەسەڵاتی ناوەندی و هیزەکانی هەسەدەدا هەبوو.
هاتنی داعش و شکستدانی لەلایەن هێزەکانی هەسەدە و ژنان و پیاوانی، بەتایبەتی لە کۆبانێدا، خاڵی وەرچەرخانی بزوتنەوەی بۆرژوازی کورد بوو لە جوڵانەوەیەکی سنوردار و لاوەکییەوە لە سوریادا بۆ بوونی بە هیزێکی کاریگەر و ناسراو و خاوەن پشتیوانی ناوچەیی و جیهانی.
جیا لە تێکشکاندنی داعش وەکو هیزێکی تیرۆریستی ئیسلامی و نامۆ بە ئینسانیەتەی ئەم سەردەمە، ئەزموونی خۆ بەڕیوەبردن، سەرباری هەر کەموکوڕی و لاوازییەک، بە بەرگری لەمافی مناڵان تا پەروەردەی مۆدێرن، لە بەرگری لە یەکسانی ژن و پیاوەوە، تا مافی هاوڵاتی بوون و وەستانەوە بەرووی ئیسلامی سیاسی و کۆنەپەرستی… توانی ئەلگۆیەکی جیاواز لە فۆرمی باوی دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی کورد نیشانی دنیا بدات… بەرگری ژنان و پیاوانی کۆبانی و وەستانەوە بەرووی داعش و تیکشکاندنی، ریشەی لە بەرگری لە بوونی ئەو ماف و ئازادی و شێوە خۆبەڕیوەبەرییە دابوو. پشتیوانی خەڵکی ناوچەکەو دنیاش لەم ئەزموونە، زادەی هەمان واقعیەت بوو.
روخاندنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، لە رێگای هەمان هیز گەلی تیرۆریستی شیوە داعشی بە پشتیوانی تورکیا و هینانە سەر کاری گەورە تیرۆریستێکی وەکو محەمد جۆلانی، ئاڵوگۆرێکی گەورەی بەسەر دۆخی سوریا، بەسەر هاوپەیمانیەتیەکان، بەسەر هاوسەنگی هێزەکاندا هێنا و ئەزموون و دەسەڵاتی خۆبەرێوەبەری خستە بەردەم ئەزموون و دەورەیەکی نوێ.
روخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، بەدوای شکست و لاوازبوونی هیزە نیابەتیەکانی جمهوری ئیسلامی لە ئاستی ناوچەکەدا، پرسی ئاشتی لە تورکیا، جێگەو رێگەی هیزەکان و رۆڵی کاراکتەرە ناوچەییەکان و ئارایشی ناوچەکەی گۆڕی. لەم ئاڵوگۆردا پیگەی جمهوری ئیسلامی لاواز و رۆڵی تورکیا بەهیز بوو… بەهێز بوونی تورکیا و تەنانەت باڵادەستی بەسەر حکومەت و دەوڵەتی سوریادا، بووە هەرەشەیەکی سەرەکی لەسەر جوڵانەوەی رۆژئاوا و دەسەڵاتی هەسەدە و ئەزموونی خۆ بەڕێوەبەری. لەو نێوەدا ئەمریکا و غەرب کە پێشتر لە ژێر ناوی جەنگ لەدژی داعشدا، وەکو هاوپەیمان یان لە کەنار هیزەکانی هەسەدا دەردەکەوتن، ئەمجارە بە روخاندی دەسەڵاتی ئەسەد و بە باڵادەستی تورکیا و بە پشتیوانیکردن لە ئەحمەد جۆلانی لەسەنگەری بەناو دژایەتی داعشەوە، چوونە سەنگەری داعشی بەیاساییکراو کە کاندیدیان بۆ ئەم ئەرکە تازەیە جۆلانی بوو. ئەم ئاڵوگۆرەش لە سیاسەتی ئەمریکا و غەربدا، چاوەروانکراو بوو.
لە نێوان ئەمریکا و هیزەکانی هەسەدەدا، هیچ رێکەوتنێکی فەرمی بوونی نەبوو، تا ئەمریکا لێ پاشگەزبووبێتەوە. غەرب بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەتی، لەسەراسەری دنیادا بەدوای بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسی و پیگەی خۆیانەوەن و لە ململانێی نێوان خۆشیاندا، جەمسەرە ناوچەییەکان، دەوڵەت و حکومەت و بکەرە نا دەوڵەتی و هیزە سیاسیەکان کەڵک لێوەردەگرن. هەسەدە بۆ برگەیەک ئەو مانایەی بۆ ئەمریکا هەبوو.
دیارە بێ لایەنی بۆ هیزێکی وەکو هەسەدە و دەسەلاتێکی خۆجێی و لە جغرافیایەکی پڕ گرێ و کیشمەکێشی ناوچەیی وجیهانیدا، زۆر قورسە و بوونی پەیوەندی و تەنانەت ڕیکەوتنی کاتی و تاکتیکی، لەچوارچیوەی بەرژەوەندی دیار و پێناسەکراودا، نەک رەتکراوە بەڵکو دەبێتە پێداویستی. ئەوەی سەخت و مەرگ بارە جوڵانەوەیەک، هیز و حزبی سیاسی، هەموو نەخشە و مایەی خۆی لەسەر پشتیوانی دەرەکی و خۆبەستنەوە بە سیاسەت و نەخشەی ئەوان بنیات بنێت.
بەرژەوەندی ئەمریکا و غەرب، تورکیا و سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە… سوریایەکی یەکپارچە و یەکگرتووە، بۆیە گێرانەوەی هەژموونی دەسەڵاتی سوریای دوای ئەسەد بەسەر تەواوی سوریادا، ئامانجی هاوبەشیانە و بێ گوێدانە ناوەرۆکی ئەو دەسەڵاتە، هیرشی سوپای سوریا و هاوکاری تورکیا و هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و غەرب، لەو چوارچیوەیەدا دەچێتە پێشەوە.
ئامانجی ئیستای بۆرژوازی سوری و هاوکارەکانیان لە تورکیاوە بۆ ئەمریکا و غەرب، بنیاتنانەوەی دەوڵەتی سوریا و دامەزاراندنی دەسەڵاتێکی ئیسلامی و قەومی ناوەندی و تۆکمەیە، بۆ ئەم مەبەستە پێویستیان بە لابردنی کوسپەکانی بەردەمیانە. یەکێک لەو کۆسپانەش جوڵانەوەی رۆژئاواو دەسەڵاتی هەسەدە و هەموو جوڵانەوە ئازادیخواز و پیشکەوتنخوازەکانی سوریایە.
مل نەدانی جولانەوەی رۆژئاوا و دەسەڵاتی هەسەدە بەم جۆرە لە دەوڵەت و حکومەتیک بەو ناوەرۆکە کۆنەپەرستانەو ناسیونالیستی شۆڤینییە، “نا” وتن بە سیاسەتی ئەمریکا و رادەست نەبوون بە ویستەکانی، رەتکردنەوەی بەکارهێنانیان لەچوارچیوەی بەرژەوەندیەکانی سوریا نوێ، راوەستانی لەسەر پێی خۆی دوای ئەوەی ئەمریکا و غەرب، ئاراستەی سیاسەتیان بەپێی بەرژەوەندیەکانیان گۆڕیووە بۆ بەرگری لە دەسەڵات و حکومەتی سوری، هەنگاوێکی بوێرانەو تیپەراندنی ئەو ئەلگۆ و فۆرمە ناسیونالیستییە نەرتیییەیە، کە هەر کات ئەمریکا و غەرب یان وڵاتێکی ناوچەیی پشتییوانی لێیان بڕیبێت، ئاشبەتاڵیان کردووە کاریان کۆتایی هاتووە.
پشت بەستن بە توانا و ئیرادەی جەماوەری، بەرگریکردن لەو ئەزموون و دەستکەوتانەی کە تاڕادەیەکی باش ژیانێکی باشتر و ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە، ڕیگا دروستەکەیە… ئەو ڕیگایە سەخت و ئاینندەی پڕ مەترسییە، لەوانەشە کۆتایی بەم ئەزموونە بهێنێت، بەڵام بەبەراورد بە خۆرادەستکردن و مل دان بە دەسەڵاتی قەومی و دینی و داعشی و سیاسەتی ئەمریکا و غەرب، سەرکەوتوانەیەو قابیلی پشتیوانییە.
پشتیوانی بەرفراوانی جەماوەری لە ئاستی ناوچەکە و هاوسۆزی جیهانی بۆ جوڵانەوەی رۆژئاوا، تەنها پشتیوانی لە مانەوەی ئەلگۆ و فۆرمێکی دەسەڵات و ئەزموونێکی جیاواز نییە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، تەنها پشتیوانی ستایش بۆ جەنگی دژی داعش نییە، بەڵکو وەستانەوە و نەفرەتە بەرووی دەسەڵاتی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی داعشی و پشتیوانی ئەمریکا و غەرب لەو دەسەڵاتە دژی ئینسانییە.
ئەو ئاراستەیە، ئاراستەی پشت بەستن بە ئیرادەو بریاری سەربەخۆی سیاسی و جەماوەری و رێکخراو، لە بەردەوامی خۆیدا، دەتوانێت دەستکەوت نەک تەنها بۆ باکوری رۆژهەلاتی سوریا، بەڵکو بۆ تەواوی خەڵکی ئازادیخوازی سوریا بەدوای خۆیدا بهێنێت و چارەنووسی ئەو رژێمە لەرزۆکە یەکلایی بکاتەوە.