ڕاگەیەندراوێک لە ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە…
وەک ئاگادارن مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە (١٠) ساڵە بەهۆی بڕیار و سیاسەتی هەڵەی دەسەڵاتدارانی تاڵانچی هەرێم، لە دۆخێکی دارایی و ئابووریی سەختدا دەژین، بەڵام دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی و ڕێککەوتنی نەوتیی نێوان هەرێم و بەغدا؛ ئومێدێک هەبوو کێشەکان بەرەوچارەسەر بچن. بەداخەوە بەهۆی بێباکی و خەمساردی دەسەڵاتدارانی شکستخواردوو و تاڵانچیی هەرێم؛ کێشەکانی دواکەوتن و دابەشنەکردنی مووچە، نەک درێژەیان هەیە و تا ئێستا چارەنەکراون، بگرە زیاتر و قووڵتر بوونەتەوە.
ئێمە ئومێدەواربووین دوای ئەو کۆدەنگییە نەتەوەییەی بۆ پرسی ڕۆژئاوا دروستبوو؛ پاش ئەوەی گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان و تاراوگە، ئەرکی نەتەوەیی خۆیان زۆر بەباشی جێبەجێکرد، دەسەڵاتدارانی هەرێم، بە خۆیاندا بچنەوە و ئاوی حەیای دڵسۆزی و قوربانیدانی ئەم میللەتە بەشمەینەتە، ئیستێک بە بێمۆراڵی و بەدکارییان بکات؛ بە جۆرێک لەئاست شکۆ و قووتی مووچەخۆراندا، وەخۆ بکەون و کارژی بێباکی و تەماعکارییان فڕێبدەن؛ بەڵام وەک دەبینین دەسەڵاتدارانی بەکرێگیراو و قومارکەر بە چارەنووسی گەل، تا بێت بێباکتر و ملهوڕتر دەبن و لە ئەفراندن و دابەستەکردنی تەواوی قەیران و کێشەکان و نەدان و دزینی مووچەدا، خەنیی و شاگەشکەن، کە هیچ جەلادێک لە مێژوو و ئێستادا ناتوانێت شان لە شانیان بدات…
بۆیه ئێمە لە ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی بە پێویستی دەزانین هەڵوێستی خۆمان لە چەند خاڵێکدا بخەینە ڕوو: یەکەم: پشتیوانی هەموو هەڵوێستێکی مامۆستایان دەکەین؛ لەپێناو ڕەتکردنەوەی سیاسەتی برسیکردن و دواکەوتن و دابەشنەکردنی مووچە. دووەم: پێویستە بەزووترین کات، بڕیاری بەناو وەزارەتی دارایی هەرێم، بۆ ڕاگرتنی مووچەی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی (هەژماری من)ی دەسەڵاتدارانیان پڕنەکردووەتەوە هەڵبووەشێتەوە. سێیەم: پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی شارستانیی دەستپێبکاتەوە؛ کە بە نایاسایی و نائەخلاقیی چەندین ساڵە ڕاگیراوە. چوارەم: چارەنووسی مووچەی مانگەکانی (١١ و ١٢) ساڵی ڕابردوو یەکلایی بکرێتەوە، کە دەسەڵاتی ماوەبەسەرچوو تاوانباری یەکەمە لە دیزەبەدەرخۆنەکردنی. پێنجەم: بەهەمیشەییکردنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە تەواوی دامودەزگا حکومییەکاندا…
لە کۆتاییدا، داواکارین مامۆستایان و فەرمانبەران و هاووڵاتییان، لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەی داواکارییەکانمان؛ ساز و ئامادەبن بۆ هەڵویستی تووند و سەرتاسەریی دژی دواکەوتن و دزینی مووچەکانمان. دڵنیابن چۆن لە ئاستی (کەزی-بڕین) بێدەنگ نەبووین؛ لەئاست مووچەبڕینیش بێدەنگ نابین…
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەران ناڕازیی ٣/ ٢/ ٢٠٢٦