ئەنجامی پشت بەستن بەدەوڵەتە ملهوڕیەکانی سەرمایەداری ٫٫شکستە… نووسینی: عوسمان محەمەد
“لەمێژوودا نموونە زۆرە کە هەر هێزێکی سیاسی یا سەربازی کە لە هەوڵی ئەوەدابێ ڕزگاری و ئازادی بەدەس بێنێ لەژێر چەتر و سیاسەتی دەوڵەتە زلهێزەکانی سەرمایەدا، ئەوا تووشی دەیان کارەسات و دەردەسەری و نەهامەتی بووە، چونکە ئەو وڵاتانە لەپێناو خواست و بەرژەوەندییەکانی خۆیدا، بەکاریان ئەهێنێ. هەرکاتێ بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری لەگەڵیا کۆتایی هات ئەوە لە لووتکەی دەربڕینی خۆشەویستی بێ بۆت، ئەوە بەتەنیا جێتئەهێڵێ و پشتت تێ ئەکا، ڕەنگە بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسیەکەی وابخوازێ لەگەڵ هێزی دوژمن بکەوێتە شەڕێکی خوێناوی لەگەڵتا ئاشبەتاڵت پێ بکا، ئەم جۆرە پانۆرامایە چەندین جار ڕوویداوە لەمێژوودا. کاتێک سەیری مێژووی سیاسی و چەکداری کورد ئەکەی کەلەماوەی دووسەد ساڵ لە هەوڵ و تەقەلا، دەستکەوتێکی وا بەدی ناکەی کەشایانی ئەو هەموو قوربانیە بێت کەلەپێناویا دراوە، لەبەر ئەوەی بەردەوام پشتیان بەلایەنی سێیەم یان دەوڵەتە زلهێزەکان بەستووە، ئەوانیش هەرکاتێک بەرژەوەندییان لەگەڵیا کۆتایی هاتووە بەدەست بەستراوی تەسلیم بەدوژمنیان کردوون. ئێستا بەرژەوەندی ئەمریکا لەگەڵ “احمد جۆلانی” گرنگترە وەک لەگەڵ مەزڵوم عەبدی و هەسەدە بۆیە ئەمریکا پشتی ئەوانی چۆڵکردو ڕێگەی بە احمد جۆلانی و هێزەکەی دا کە ئەو کارەساتەیان دروست کرد لە کوردستانی ڕۆژئاوا. هێرشی ئەمجارەی احمد جۆلانی و چەتەکانی بۆ چەند هۆیەک ئەگەڕێتەوە کەئەم خاڵانەن. یەکەم/پشتگوێ خستنی داواکارییەکی ئەمریکا بۆلێدان لەجەیشی شەعبی لە عێراق بەهاوبەشی لەگەڵ جەیشی سووری، بەڵام ئەم داوایە لەلایەن هەسەدەو مەزڵوم عەبدیەوە ڕەتکرایەوە. دووەم/وڵاتانی خەلیج بەتایبەت سعودیەو قطر،بەڵێنیان دا بە ئەمریکا لە هەسەدە زیاتر نەوت و ئیمکاناتی مالی بۆ ئەمریکا بنێرن بەمەرجێ پشت لەهەسەدە بکات و ڕێگە بە احمد جۆلانی و جەندرمەکانی بدات کە بەشێک لەوخاکەی کە هەسەدە دەسەڵاتدارە تێیدا بگەڕێتەوە بۆ سوریا. سێیەم/ڕادەستکردنی بەشێک لەخاکی سوریا بە وڵاتی دڕندەی اسرائیل کە دەسەڵاتەکەی احمد جۆلانی بەڵێنی پێ داوە. ئەوەیە سیاسەتی ئەمریکاو ناسیونالیزمی عەرەبی و ئیسلامی سیاسی کە ئامادەن ملکەچی دوژمنی مێژووی خۆیان بن، بەڵام ئامادە نین لەگەڵ خەڵکانێک ڕێککەون کە سەدان ساڵە لەوخاکەدا ڕەگیان هەیە. زیاتر لە هەشتاو پێنج ساڵە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی عەرەب بەکوشت ئەدەن، بەناوی ئەوەی کە ئیسرائیل بەشێک لەخاکی عەرەبی زەوتکردووە، کەچی ئێستا لەبەر بەرژەوەندی خۆیان و زاڵکردنی کۆنەپەرستی لەناوچەکەدا ئامادەن دووژمنی مێژووی خۆیان وەکو دۆستی دێرین تەماشا بکەن. هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانەکانییەوە ڕووداوێکی سیاسی بەڕێکەوت نییە کەچەند ڕۆژێک ئەخایەنێ و گوزەر ئەکات ئەمە سیاسەتێکی ستراتیژی دەوڵەتە گەورەکانە لەم هەلومەرجەی ئەزمەی سەرمایەدا کە ئەیانەوێ بەسەر هەموو دونیادا بیسەپێنن، درێژەی ئەو سیاسەتەیە کەلە ئەفغانستان و سوریا سەپاندیان، گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی لە دەسەڵاتێکی دڕندەوە بۆ دەسەڵاتێکی دڕندەتر، بەڵام ملکەچی سیاسەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بێ. نیازی ترەمپ و ئیسرائیل و احمد جۆلانی ئەوەبووە کە ئاشبەتاڵ بەهێزی هەسەدە بکات، لەبەر ئەوەی باس لەئازادی و یەکسانی ئەکەن، ئەمریکا ئەیەوێ هێزێکی کۆنەپەرست و هەوشاری کورد هەبێ بۆئەوەی بتوانێ سیاسەتی دژی ئینسانی و وەحشیگەرییەکانی جێبەجێ بکات کە وەک احمد جۆلانی و، ئوسامە بن لادن، ابو مسعب زەرقاوی، ئامانجی ئەمەریکا لەم سیاسەتەی ئەوەیە کە بۆگەنترین و دواکەوتووترین دەسەڵات بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بسەپێنێت بۆ لێدان و سەرکوتکردنی هەموو دەنگێکی ناڕازی لەکۆمەڵگە. بەڵام پێداگری هەسەدە لەسەر درێژەدان بەخەبات و ناڕەزایەتی توندی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و جیهان ئەو خرۆشانە گرنگە وای کرد کە ڕیسەکەیان بکاتەوە بە خوری و برێک بگرن، بۆیە پشت بەستن بەهێزی جەماوەری خەڵکی ئازادیخواز ئەتوانێ شکست بە خەونە سیاسیەکانی ئەوان بهێنێ.