ڕۆڵی تورکیا لەدژایەتی ڕۆژئاوای کوردستاندا… نووسینی: دیار بەرزنجی
دەوڵەتی فاشیستی تورکیا لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانی سوریا لەساڵ 2011 دا، دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی لەسوریا دەستپێکرد، وێڕای ناڕەزاییەکانی ڕژێمی ئەسەدو ئیدانەکردنی دەستێوەردانەکان، تەنانەت نوێنەری سوریا لەئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان (بەشارجەعفەری) چەندجارێک لەکۆبوونەوەکانی ئەو ئەنجومەنەدا، بەزمانێکی زبر ڕەخنەی لەدەوڵەتی تورکیا دەگرت، بەڵام تورکیا بەردەوام بوو لەدەستێوەردانەکانی لەسوریاو بگرە ئاستی دەستێوەردانەکانی هەتاپاڵپشتی کردنی میلیشیاکانی( سوپای سوریای ئازاد) (جیش سوری الحر)بەرزکردەوە! تورکیا پاڵپشتی ماددی و لۆجستی کردن و لەهەنگاوێکی مەترسیداردا، چەند فەوجێکی لەتورکمانەکانی سوریاو چەکدارانی بیانی توندڕەوی تورک نەژادی وەکو ئیغۆری و ئۆزبەکی دروست کرد، ئامانجی تورکیا لەدروستکردنی ئەم هێزە تورک نەژادانە، بۆدژایەتی و شەڕکردن بو لەگەڵ کوردەکانی سوریا، کەچەند ناوچەیەکیان کۆنتڕۆڵ کردبوو، تورکیا ناوبەناو لەڕێی ئەم چەکدارە تورک نەژادانەوە پەلاماری ناوچە کوردیەکانیدا، بەڵام زۆرجار شکستیان ئەخواردو زیانی زۆریان لێ ئەکەوت، بۆیە تورکیاش ناوبەناو فەرماندەکانی ئەم میلیشیایانەی دەگۆڕی! ئامانجی تورکیا لاوازکردنی توانای سەربازی و سیاسی کوردەکان بوو، تورکیا لۆبی لەدژی کوردەکان دەستپێکرد لەوڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا، بەڵام ئەوکات هاوکێشەکان لەبەرژەوەندی کوردەکان بوون، بۆیە گوێ لەتورکیا نەدەگیرا ! ساڵی 2018 سوپای ئەسەد بەهاوکاری ڕوسیاو ئێران، هێرشێکی پێچەوانەی بۆسەر (چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن) دەستپێکردو دەیان شاروشارۆچکەی کۆنتڕۆڵ کردەوە، لەوانە شاری دەرعاو غوتەی ڕۆژهەڵات وباشوری سوریا. چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن تەنها شاری ئیدلیب یان بەدەستەوە مابوو، تورکیا سودی لەم بارودۆخە بینی و توانی کۆنتڕۆڵی تەواوبکات بەسەر ئەو چەکدارانەدا، لەناوخۆی تورکیا مەشقی پێکردن و هاوکاری زۆری کردن، شاری ئیدلیب بەتەواوی لەسوریا دابڕیندرابوو، لەئۆردوگایەکی تورکیا دەچوو! بەهۆکاری ئاوارەبوونی خەڵکی سوریا بۆتورکیا، تورکیا منداڵ و هەرزەکارانی سوری لەسەر دژایەتی کوردو خۆشوویستنی دەوڵەتی تورکیا ڕاهێنا، ئەوەی ئێستا لەسوریا دەیبینین لەو ڕق و توڕەییە زۆرە لەدژی کورد، بەشێکی ئەنجامی ئەم سیاسەتەیە! گرنگترین هێزە سەربازیەکانی سوریای سەربە تورکیا ئەمانەن… 1فیرقەی عەمشات،، ئەم فیرقەیە، لەلایەن کەسێک بەناوی (ئەبوعەمشە) سەرکردایەتی دەکرێت، کەسێکی سەربەدەوڵەتی تورکیایەو تۆمەتبارە بەدەیان تاوان لەدژی کوردو دیلەکانی سوپای سوریای بەشار ئەسەدو جینۆسایدی عەلەوی دروزو کوردەکان لەپاش ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد. 2(فیرقەی حەمزات) ئەم فیرقەیە لە10لیوا پێکهاتووە، لەلایەن کەسێک بەناوی (ئەبویاسر شێخ) سەرپەرشتی ئەکرێت، ئەم فیرقەیە لەلایەن ئەمریکاو تورکیاوە مەشقیان پێکراوە، تۆمەتبارن بەدەیان تاوانی قێزەون و تەنانەت لەدژی ئەرمینیا لەبەرژەوەندی ئازەربایجان شەڕیان کردووە، لەسەر داوای تورکیا. ئەمانیش جێنۆسایدی کوردو دروزو عەلەویەکانیان کردووە! چەند لیواو فەوجێکی دیکەی سەربەتورکیاش بوونیان هەیە، لەوانە لیوای سوڵتان موراد و لیوای نورەدین زەنگی ئامانجی تورکیا لەدروست کردن و پشتیوانی ئەم میلیشیاو چەکدارانە، دەستگرتنی بوو بەسەر ئۆپۆزسیۆنی سوریاو لێدان بوو لەپێگەی کوردەکان، مەترسی تورکیا دروست بوونی کیانێکی دیکەی کوردی بوو لەسوریا، لەدوای هەرێمی کوردستانی عێراق، تورکیا بەپاساوی لێدان لەپەکەکە هێرشی دەکردەسەر کوردەکانی سوریا، هەتا ئەوەی کوردەکان بۆنەهێشتنی بیانووی تورکیا، لەچوارچێوەی هەسەدە دا کەساڵی 2015 دامەزرابوو، چەندین هێز بۆعەرەب وئاشوریەکانیش لەچوارچێوەی هەسەدە و بەئامانجی شەڕی داعش و خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیک دامەزرا، بەڵام تورکیا بەردەوام بوو لەلێدانی کوردەکانی ڕۆژئاواو بە لقی سوریای پەکەکە ناوی دەهێنان! چەند جوڵەیەکی دیپلۆماتی بەئامانجی نزیکبوونەوەی تورکیاو هەسەدە لەڕابردودا ڕویاندا، مەرجی تورکیا بۆقبوڵ کردن و مامەڵە لەگەڵ کوردەکانی ڕۆژئاوا، دورکەوتنەوە بوو لەپەکەکەو کارکردن بوو بۆدەوڵەتی تورکیا، کوردەکان ئەم دوو داواکاریەی تورکیایان ڕەتکردەوەو شەڕدەستی پێکردەوە، هەتا ئەوەی لە ئاڵوگۆڕێکی هەرێمی و ناوچەییدا، ڕوسیا لەشاری عەفرین کشایەوەو تورکیا کۆنتڕۆڵی کردو لەئێستادا دەیان خێزانی فەلەستینی لەماڵ و حاڵی کوردە ئاوارەبووەکانی عەفرین نیشتەجێکراون و ساڵانە لەبەرهەمی زەیتونی عەفرین، تورکیا دەیان ملیۆن دۆلاری دەست ئەکەوێت! ترسێکی دیکەی تورکیا لەکوردەکانی ڕۆژئاوا، بیرە نەوتەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدەیە، تورکیا چەندین جار داوای کردووە بیرەنەوتەکان لەلایەن حکومەتی سوریاوە وەربگیرێتەوە، بەڵام چونکە ئەوکاتانە شەڕی داعش بوو، ئەمریکا چاوپۆشی لەم پرسە ئەکرد! بەڵام پاش ڕوخانی ڕژێمی ئەسەدو هاتنە سەرکاری ئەبومحەمەد جۆلانی (ئەحمەدشەرع) هاوکێشەکان زۆربەخێرایی گۆڕان، ئەمریکاو ئیسڕائیل و ئەحمەدشەرع چوونە ژێرچەتری بەرژەوەندی هاوبەشەوەو ترەمپ بەڵێنی هاتنە نێو هاوپەیمانی ئیبراهیمی و قبوڵکردنی سەروەریی ئیسرائیل بەسەر جۆلان و جەبەل شێخ و چەند ناوچەیەکی دیکەی سوریا، ئەمەش بووە هۆی نەمانی گرنگی هەسەدە لای ئەمریکاو گڵۆپی سەوزی بۆشەرع هەڵکرد، بۆسەپاندنی سەروەریی دەوڵەتەکەی، سڵ لەکوشتاری کوردو دروزو عەلەویەکان نەکاتەوە! هەسەدە 15000شەڕڤانی لەشەڕی داعشدا لەدەستدا، دەیان شاروشارۆچکەی کوردی وعەرەبی وێران بوون، سەدان هەزارئاوارەی کوردو عەرەب ناچاربوون لەترسی هێرشی داعش ماڵ و حاڵیان جێبێڵن! بەڵام ئەمریکا بەتایبەت ئەمریکای ترەمپ، دەوڵەتێکی پڕاگماتیستی بێ مۆڕاڵی بازرگانە، هاوبەشەکوردەکانی دوێنێی شەڕی داعشی گۆڕیەوە بە خودی ئەو داعشەی کە سوریای کردە قوربانی لەپێناویداو هەزاران مرۆڤی بێتاوان بوونەقوربانی بازاڕسازیی ئەمریکا لەسوریا!