شکستی ئەخلاقی و ئایدیۆلۆژیی ئیسلامی سیاسی!…نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

ڕەهەندە دەستبەجێیەکانی دڕندەیی کۆنترا ئیسلامییەکان لە سووریا دژی خەڵکی کوردزمان، پێشڕەوییە سەربازییەکان دژی هێزەکانی قەسەدە و خەڵکی کۆبانی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، ڕەنگە وێنەیەکی ساختەی لە سەرکەوتنێکی تا ڕادەیەک ئاسان بۆ ئەم کۆنترا ئیسلامییانە لە مێشکی ڕای گشتیدا کێشابێت. ئەمە ئەو شتەیە کە تەنانەت ترەمپ و تۆم باڕاک، وەک دەڵاڵ و ئەندازیارانی ئەم سیناریۆ تاریکە، وا لێ کردووە وا بزانن کە دواجار ئەم کۆنترا ئیسلامییە توانیویەتی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و سەرەنجام مامەڵەی ئەوان بۆ دەستبەسەرداگرتنی چارەنووسی خەڵکی ناوچەکە بووەتە ڕاستییەکی پەسەندکراو؛ و ئیتر مرۆڤایەتیی ناوچەکە لەدایکبوونی قیامەتێکی ئیسلامی بە پیرۆزبایی ڕۆژئاوا، ئەگەر ئاهەنگیشی بۆ نەگێڕن، هەروا بە ئاسانی قبوڵی دەکەن.

بەڵام وا دیارە ئەمانە لەو لە خۆڕادیویەیان دا هەڵە بوون؛ مرۆڤایەتی قبوڵی نەکرد، تەسلیمی ئەم بەربەریەتە سپۆنسەرکراوە نەبوو، لە ئاستێکی جیهانیدا دژی ئەم دڕندەییەی ئیسلامییەکان و پیلانگێڕیی ڕۆژئاوا و ئەمریکای دیموکرات هاتە مەیدان. سۆشیاڵ میدیا پڕ بوو لە ڕق و کینە بەرامبەر بەم بەربەریەتەی کۆنترا ئیسلامییەکان و سیاسەتە شەرمەزارەکان و مامەڵە قێزەونەکانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا لەگەڵیان.

سیمبۆلیکترین شکستی ئایدیۆلۆژی و ئەخلاقیی کۆنترا ئیسلامییەکان لەم کارزارەدا، بڕینی کەزییەکانی کچێکی خۆڕاگر بوو، کە دواتر جووڵانەوەیەکی ملیۆنی بۆ چنینی کەزییەکانی کچە جوانەکانی ئەم جیهانە دەستی پێکرد. هەزاران باوک و دایک دەستیان کرد بە هۆنینەوەی کەزی کچەکانیان، سەدان برا ئەو کارەیان کرد. ئەمە سەرکەوتن و دەرکەوتنێکی گەورەی ئەو هەست و خولیا و شەڕافەتە ڕەسەنە مرۆڤانەیە بوو کە لە قوڵایی وجودی ئەو مرۆڤایەیەتیدا، دەرهەق بە جوانیەکانی ژیان ڕەگی داکوتاوە. نیشانیدا کە مرۆڤ چیدی ئەو دڕندە چنگ بە خوێنە دەمارگیرە نییە کە ئەم لە ئایدیلۆژیای ئەم بەربەریزمەدا وێنا دەکرێت.  ئەو مەوجودە دەمبەستراوە بێچارەیە نییە کە (تۆم باراک)ی دەڵاڵی سیاسی پارە و سەروەت و سەرمایە وێنای دەکات. نیشانیدا کە مرۆڤایەتی لەوە زیندوترە کە بکرێ تاسەر و وا بە ئاسانی دەفن بکرێ.

ئەمە بە تەنێ دۆڕانێکی ئەخلاقی و ئیدیئۆلۆژیکی کۆنترای ئیسلامی نەبوو، بەڵکو بە پلەی یەکەم دۆڕانێکی ئەخلاقی و ئایدیۆلۆژیی پشتیوان و ڕاسپێردەرانیان بوو.

تۆم باراک لە چاوپێکەوتنەکەی ئەم دواییانەیدا وتبوی ئیتر فایدەی نییە دنیا تەنیا مەیدانی مەنتیقی هێز و ملکەچیە، و ئاشتی خەیاڵە و سەرەنحام ئەوەی هێزی نییە دەبێ ملکەچ بکات و ڕادەست بێت.

ئەمە ئیهانەکردنی موقدەراتی مرۆڤی ئەمڕۆیە وڕێک و ڕاست تف کردنە چاوی مرۆڤایەتی و مەدەنیەتی مرۆڤی دنیای ئەمڕۆیە و سەرچاوەگرتوی مەنتیقی کەڵەگایی و ملهوڕیەکی ئاشکرا و دوا بزمارە لە تابوتی هەر وەهمێک دەدرێ کە پێی وابێ دەکرێ هیچ ئاستێکی حورمەت و شکۆی مرۆڤ و هیچ ئاستێکی ئازادی و مەدەنیەتی مرۆڤی ئەمڕۆ لە سایەی ئەم بەربەریزمە ئاشکرایەی سەرمایەداری ئەم سەردەمە، پارێزراو بێت.

بەڵام دیمەنەکانی ڕاچڵەکینی گەورەی خەڵک لەم ماوەیەدا نیشانیدا کە مێژوو تەنیا پێڕەوی لە مەنتیقی زۆر و ملکەچی ناکا، بەڵکو مێژوو دینامیزمێکی تریشی هەیە کە ئەویش ململانێی مرۆڤە لە پێناو ژیان و چارەنوسێکی باشتر.

بەشێکی گرنگی مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی ڕەتکردنەوەی ملکەچی و چەوسانەوە بووە و هەیە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.